Thursday, 24 February 2011

بەرەو دروستکردنی دونیایەکی بێ ڕق و بێ تۆڵە و بێ توندوتیژی

21 February 2011

دەقی ئەو نامەیەی من و کاک مەریوان وریا قانیع و کاک بەختیار عەلی کە ئاراستەی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی و شارەکانی تری کوردستانمان کرد و لەلایەن ھاوڕێی بەڕێزمان ئاسۆس ھەردییەوە خوێندرایەوە.
ئاراس فەتاح


ھاوڕێیان، سڵاوی مەریوان و ئاراس و بەختیار لە گەنجانی کوردستان

شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی لە ھەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا بەڕێوەیە. ئەم ناڕەزاییانە لەدایکبووی ئەم ساتەوەختەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو مێژوویەکی درێژی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و بێباکیی سیاسی و بێدادیی کۆمەڵایەتی لەپشتەوەیە. ئەم ناڕەزاییانە مۆدێلێک لە حوکمڕانیی دروستیکردوە کە لە ھەموو شوێنێکی دونیادا لە قەیرانێکی قوڵ و فرەلایەندایە. ئەم شەپۆلە تازەیە ھەم ھاوزەمانە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە و گرنگ لە ناوچەکەدا و ھەم ھاوڕێیە بە گەورەبوونی بڕو ڕادەی نائومێدیی کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی ھوشیاریی ئینسانی ئێمە بە مافە سەرەتاییەکانی خۆی. بزوێنەری ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەش نەوەیەکی گەنجە کە خاوەنی توڕەییەکی بێوێنەیە لە مێژووی ئێمەدا. ناوکی ئەم شەپۆلە نەوەیەکە لەو دونیا پڕکێشە و ناشرینەدا لەدایک و گەورەبووە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە دروستیانکردوە.
 
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم ھێزە گەنجە ناڕەزایەی دونیای ئێمە ئیرادەیەکی گەورە و بەھێزی نیشانداوە بۆ بەرگریکردن لە داواکاری و گەیشتن بە دابینکردنی خواستەکانی. ئەوەی بۆ ئێمە جێگای تێڕامانە پەیامەکانی ئەم شەپۆلە ناڕەزاییەیە. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەم ناڕەزاییانە داواکارییە ئەخلاقییەکانی دونیای ئێمەیان ھەڵگرتوە و بەم ھۆیەشەوە بڕوا و متمانەی زیاد لە ھێزێکی کۆمەڵایەتی تری بردۆتەوە و دەباتەوە. لەلایەک ئەوەی شوێنی خەمی ئێمەیە ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوە گەورەیە بزووتنەوەیەک نەبێت کە تەنھا شوێنی چەند داواکارییەکی تێدابێتەوە کە بە دانیشتنێکی پەرلەمان چەند پەیمانێکی سەرۆکەکان جێبەجێبکرێت. لەلایەکی تریشەوە ئەوەی شوێنی خەمی ئێمەیە ئەوەیە ئەم ناڕەزاییانە بە ئاراستە و ئاقاری توندوتیژییدا ببرێت و ئەو وزە سیاسییە گەورەیەی کە دروستبووە لە ململانێ و کێبەرکێی لاوەکیدا سەرفبکرێت و دواجار لەو نێوەندەدا خەڵکانێک سوار ملی شەپۆلەکەی بن کە دوژمنی دیموکراسییەتن. ئێمە زۆرمان پێ گرنگە ئەم ناڕەزاییە بەجۆرێکی ئاشتیخوازانە بەردەوامبێت، نەک لەبەرئەوەی کۆمەڵگای ئێمە حەزی بەو دۆخە ھەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارێتی کوردی ساڵانێکە ھەر پەیماندەدات و جێبەجێیناکات، ساڵانێکە بە کردەوە دەرکەوتوە گەر ئەم دەسەڵاتدارێتییە فشاری مەدەنیی بەردەوامی لەسەرنەبێت ئامادە نییە لانی ھەرە کەمی چاکسازی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاسایی و فەرھەنگی ئەنجامبدات.
داڕشتنی داوا سەرەکییەکان و قەتیسنەدانی لە ھەندێ داواکاری کە ڕووداوەکانی دوای ١٧ی مانگ دروستیان کرد، یەکێکە لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئەم بزوتنەوەیە. ئەم بزوتنەوەیە موڵکی کەس نییە، مۆڵەتی سیاسی لە ھیچ ڕێکخراوێک وەرنەگرتووە، تەنانەت پێویستی بە مۆڵەتی یاساییش نییە لە وەزارەتی ناوخۆیی یان ئاساییش، چونکی یەکێک لە داخوازییەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەبێت لابردنی ئەو کۆت و بەندە یاساییانە بێت کە لەسەر ئازادی تەعبیر و لەسەر بیروڕا دانراون. بۆیە لەپاڵ پێداگرتن لەسەر ئەو داواکارییانەی کە پاش کارەساتەکانی ڕۆژانی دوای ١٧.-٢ دروستبوون، ھاوکات پێویستی بە دووبارەزیندوکردنەوەی ھەموو ئەو داواکارییە بنەڕەتییانەیە کە بەر لە ڕووداوەکانی ١٧.-٢ دروستبووبوون. بۆ نموونە چەسپاندنی دیموکراسییەتی ڕاستەقینە، بەگژاچونەوەی گەندەڵی، نەھێشتنی بە حیزبیکردنی ژیانی گشتی و فەزای ئیداری و بواری ئابووری و دونیای سیاسی بەو شێوەیەی لە نۆزدە ساڵی ڕابردوودا بینیومانە. پێداگرتنی دەستبەجێ لەسەر سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەیەکی ڕیشەیی و تازەی ھێزە چەکدارەکان لە کوردستاندا و تووڕدانی ھەموو چەکەکان لە شارەکانی کوردستان. وەکو دەبینین ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی نیشانیداین چۆن ئامادەگی ئەو مۆدێلە لە ڕێکخستنی ھێزە چەکدارەکان لە کوردستاندا ھەمیشە و ھەردەم کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆدا دادەنێت. چۆن ئەگەری بە عەسکەرتارێتی ژیانی مەدەنیمان ھەمیشە ئەگەرێکی گەورەیە.

ئێمە وایدەبینین کە گۆڕینی ئاکاری دەربڕینی ناڕەزاییەکان یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکان. ئەوەی لە ئێستادا تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان بە ڕۆحێکی توڕەوە ئەنجامئەدرێن و زۆربەی جاریش بە بەریەکەوتن و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس و ھێزەکانی ئاسایشدا کۆتاییان پێدێت. ئەمە نەک تەنھا بەفیڕۆدانی وزەی سیاسی ئەم بزوتنەوەیەیە، بەڵکو مەترسی گەورەشی لەسەر بە توندوتیژبوونی تەواوی بزوتنەوەکە و تۆرانی ھێزە کۆمەڵایەتییەکانی تر لە بزوتنەوەکە، لێدەکەوێتەوە. بۆ ڕێگرتن لەم دۆخە و بۆ بەخشینی ئاکارێکی دیکە بە بزوتنەوەکە ئێمە بەگرنگی دەبینین چالاکییەکان لەداھاتوودا شێوازی عەقلانی و مەدەنییانەی ھێمن وەربگرن و لەباتی تەعبیرکردن لە توڕەبوونێکی بێھیوا، تەعبیر لە ئیرادەی ژیان و لەدایکبوونی دونیایەکی نوێ بکات و بەهانەش نەداتە دەست پۆلیس و ئاسایش پەنجە بۆ گەنجانەکان بەرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە گۆڕەپانەکان تەنھا نەبن بە شوێنی ناڕەزایی و ھوتافی سیاسی، بەڵکو ببن بە شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن و چالاکیی کولتووری و بکرێن بە جێگایەک کاراکتەری ئەم بزوتنەوەیە تێیدا گەورەبێت و گەشەبکات.

زۆر گرنگە ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەیەکی بێکولتوور نەبێت. ئەو وێنایە نەبەخشێت کە تەنھا شەڕی چەند گەنجێکی بێکار و توڕەیە، بەڵکو پێویستە خەسڵەتە سەرەکییەکانی خۆی وەربگرێت، کە خەباتە لە پێناوی دیموکراسییەتی زۆرتر و باشترکردنی ژیاندا، ململانێیە لەنێوان قەڵەم و گوللەدا، ناکۆکییە لەنێوان دەسەڵاتێکی دزێو و نەوەیەکی نائومێددا. ئەم کولتورەش نابێت کولتورێکی پیاوانەبێت، بەشداربوونی ژنان لە دروستکردنی ئەم کولتورە نوێیەدا بەشدارییەکی گرنگە، ڕێگردەبێت لە بونیادنانەوەی دونیای ئێمە بەھەمان ئەو بەھایانەوە کە ژیانی ئافرەتی ئێمەی گۆڕیوە بۆ ژیانێکی پڕ کۆسپ و تەگەرە و ئازار. ھیچ بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی نییە بەبێ کولتوورێکی تایبەت بە خۆی. سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیش لەوەدایە کە کولتوورێکی نوێ بەرھەمبھێنێت کە حیزبەکانمان لە ململانێی سیاسی خۆیاندا بەرھەمیان نەھێنا و پیادەیان نەکرد. ئەم نەوە نوێیەی کۆمەڵگای ئێمە، بە کوڕ و کچییەوە، دەتوانێت ببێت بە ھەوێنی دامەزراندنی کولتوورێکی نوێ بۆ بەرگریکردن لە ژیان و دامەزراندنی ئازادی راستەقینە. با گۆڕەپانەکانی شار بگۆڕین بۆ مەیدانی قسەکردن لەسەر ئازادی و دیموکراسی و ڕۆشنگەری، نیشاندانی ھونەر و خوێندنەوەی شیعر و نمایشکردنی شانۆ و ژەنینی موزیک و گۆرانیگووتن. با مەیدانەکان بکرێن بەشوێنی ڕێزلێنان و یادکردنەوەی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکان.

ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دووبارەگەڕانەوەی ڕێزە بۆ هەموو ئەو ئینسانانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێڕێزییان بەرامبەر کراوە. ئەم نەوە تازەیەی ئێمە دەبێت بەزمانێکی شارستانی قسەبکات و بە دەنگێکی ڕوون و بەرز بیر لە پاشەڕۆژبکاتەوە. خۆی لە هەموو توندوتیژییەک بپارێزێت و کولتوورێک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت کە بە ڕووکارە ئاشتیخوازانەکەی هەموو ئەوانە شەرمەندەبکات کە توندوتیژی بەکاردەهێنن. سروشتی ئاشتیخوازانە مەرجە بۆئەوەی کارێکبکات سۆزی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر بۆخۆی ڕابکێشێت و هەم خۆی لە خۆی تێبگات و هەم دونیاش لێی تێبگات. دەبێت ئەوە دەربکەوێت کێ خوازیاری ئاشتییە و کێ دژی فەوزایە؛ ئێوە یان دەسەڵاتداران، دەبێت ئەوە دەربکەوێت کێ خوازیاری سەروەری یاسایە؛ ئێوە یان حیزبەکان... ئێوە لێرە نین بۆئەوەی تۆڵەبکەنەوە، ئێوە لێرەن بۆئەوەی دونیا بگۆڕن و پاشەڕۆژ دروستبکەن و ئازادییەکی ڕاستەقینە دابمەزرێنن. ئێوە با نوێنەری نەوەیەک بن کە جۆرە ئەخلاقێک دادەڕێژێت خاڵییە لە توندوتیژی، باسەرەتای مێژووییەکی نوێ بن، نەوەک درێژکراوەی دوێنێ. مێژوویەک کە بەتۆڵە دەست پێناکات، بەڵکو بە خۆشەویستی و لێبوردن و بە گەڕانەوەی ڕێز بۆ مرۆڤەکان دەستپێدەکات.

No comments:

Post a Comment