Thursday 2 June 2011

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەکو بەرگریکەر لە ئازادی ستەمکردن

لە ھەر شوێنێک درۆ بەھەشتی خۆی دۆزییەوە، ئەو وڵاتە دەبێت بە جەھەنەمی ھەقیقەت. کوردستان خەریکە ببێت بە بەھەشتی درۆکردنی سیاسییەکان و ھەڵگێڕانەوەی ھەقیقەتەکان لەلایەن میدیاکانیانەوە. لەم ساتەوەختەدا، پاش ئەو ھەموو تاوانە سیاسی و پێشێلکارییە یاساییانەی دژ بە خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان کرا و دەکرێت، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ھەڵدەستێت بە وەرگرتنی ڕۆڵی پاسەوانی تاوانبارەکان و پاساوکەری تاوانەکانیان

ھەقیقەتەکان ھیچ کاتێک دژایەتی یەکتر ناکەن. راستی و دروستی ئەو ڕاپۆرتەی(ھیومەن رایتس ۆچ) لەسەر بناغەی ھەقیقەتی ستەمی سیاسی و بریندارکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا دارێژراوە. چەندە ھەقیقەتەکان دژایەتی یەکتری ناکەن ئاوھاش دەشێت درۆکان دۆستی یەکتربن. درۆکانی دەسەڵات و ڕاگەیاندەکەی سەندیکاش بەھەمان شێوە تەواوکەری یەکترن. سەندیکایەکی لەم جۆرە نە دەتوانێت چاودێریکەری ھەقیقەتەکانی کۆمەڵگا بێت و نە دەشتوانێت ببێت بە ئاشکراکەری تاوانە سیاسییەکان، ھەر ئەمەشە وادەکات کە نەتوانێت ببێت بە بەرگریکەر لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان

ئەو پرسیارانەی لێرەدا ڕوبەڕومان دەبنەوە ئەمانەن: بۆچی بەیاننامەکەی سەندیکا بەو شێوەیە دژایەتی ئەو ھەقیقەتانە دەکات کە لە راپۆرتەکی (هیومەن رایتس ۆچ) و راپۆرتەکانی پێش ئەوییشدا ھاتوون؟ ئایا ئەو تیرۆرە سیاسی و سایکۆلۆژییەی دژ بە ئەحمەد میرە و ھاوپیشەکانی پیادەدەکرێت، ھەقیقەتێکی ھەڵبەستراوە؟ ئایا بەڕاست ڕفاندنی ئیسماعیلی وتاربێژی سەرای ئازادی و ئەشکەنجەدانی وەحشییانەی ئەو و دەیان چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی تری کۆمەڵگای ئێمە درۆی ھەڵبەستراوی ناو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانن؟ ئایا بەڕاست ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەزانن چ پیشەن و بەرگریی لە چ بەھایەکی گەردوونی و ئێتیکێکی پیشەیی دەکەن؟

دەزگای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وەکو زۆرینەی دەزگا حیزبییەکانی تری ئەم وڵاتەی ئێمە، لەمڕۆدا یەک وەزیفەیان بۆ ماوەتەوە، ئەویش بوونێتی بە پارێزەری ئەخلاقیی ئەم سیستەمە حیزبییەو شاردنەوەی درۆ و ستەمە سیاسییەکانی. دەمێکە ئەو ڕاستییە دەزانین کە کێشەی درۆکردن تەنھا کێشەی سیاسییەکانمان نییە، بەڵکو کێشەی ئەو خوێندەوار و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانەیە کە پایەوپلە و گیرفانیان لە ھەقیقەت پێ گرنگترە. ھەر کەسێک قەڵەمی بەدەستەوەگرت و نەیتوانی بەرگریی لە هەق بکات، نەدەتوانێت نووسەر بێت و نە ڕۆژنامەنووس. لەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو کەسە ناتوانێت ببێت بە بەرگریکەر لە پیشەکەی خۆی. بۆیە کەسانی ناو ئەم سەندیکایە پیشەیان بووە بە پێشێلکردنی ئێتیکی خودی پیشەکانی خۆیان

پشتئەستوور بە قسەکەی بێرناردشۆ دەبێت بڵێم: جەزای ئەم پیاوە درۆزنانە لە وڵاتی ئێمەدا ئەوە نییە کە چیدی کەس باوەڕیان پێناکات، بەڵکو خۆشیان باوەڕیان بە کەس نەماوە. سیاسییەکانمان بۆئەوەی ئەم کێشەی بێباوەڕی و بێمتمانەییە چارەسەربکەن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەزگایانەی کە درۆیان بۆ بەرھەمدەھێنن و درۆکانیان بۆ ڕێکدەخەن و ھەقیقەتەکان دەشارنەوە. کێشە لەوەدایە کە ئەم دەزگایانە و بەتایبەت دەزگای سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ھەموو شتێکیان پێبکرێت یەک شت ھەیە ناتوانن بیکەن، ئەویش ڕاستکردنەوەی درۆکانە، چونکی درۆ ڕاستناکرێتەوە بەڵکو دەشاردرێتەوە. بۆیە دەبێت ئەو ڕاستییەیان بە بیربیھێنینەوە کە بەشێکی سەرەکی پیشەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کوشتنی درۆیە لەڕێگای دۆزینەوە و نیشاندانی ڕاستییەکانەوە و گەیاندنیان بە ڕای گشتی نەتەوەیی و جیھانی

لەڕاستیدا (هیومەن رایتس ۆچ) تاکە دەزگایەک بوو کە هەقیقەتی تاوانە سیاسیەکانی رژێمی بەعسیزمی بەرامبەر بە کورد بەئەرشیف و بەدۆکیونت کرد. گەر چاوەڕوانی دەزگاحیزبییەکانمان بووینایە ئەم کارە بکەن، کە تاوەکو ئەمڕۆ بۆیان نەکراوە، ئەوە گومانم نییە کە بێلایەنانە و زانسییانە ئەو کارەیان نەدەکرد. بۆیە لەئێستاشدا تاوانبارکردنی دەزگایەکی گرنگی لەم جۆرە بە هەڵبەستی ناڕاستی، دەچێتە خانەی تاوانێکی ئەخلاقییەوە.
نەبینینی ھەقیقەتەکان گەمژەییە، بەڵام بینینیان و بێدەنگبوون بەرامبەریان تاوانە. کارەسات لەوەدایە کاتێک ھەقیقەتەکان ئاشکرادەکرێن کەچی لەلایەن دەزگایەکەوە کە دەبێت پارێزەری ڕاستییەکانی ناو کۆمەڵگا بێت بە ناڕاست لەقەڵەمدەدرێت، ئەمەش دەبێت بە تاوانی گەمژەکان

کاتێک شۆڕش منداڵەکانی خۆی دەخوات

ژمارەی ئەو نووسینانەی لەسەر کوشتنی منداڵ بەدەستی باوک هەیە، گەلێک زۆرە. ئەم بابەتە بووە بە هه‌وێنی گەلێک مشتومڕی سیاسی‌و سایکۆلۆژی‌و ئەنترۆپۆلۆژی‌و بەرهه‌می ھونەریی. ئەوانەی شارەزای بواری ھونەرن‌و بەتایبەت کارەکانی «فرانسیسکۆ دی گۆیا»، لەگەڵ بیستنی بابەتی کوشتنی منداڵ بەدەست باوکدا، ڕاستەوخۆ تابلۆی «ساتورن»یان بیردەکەوێتەوە. لەم تابلۆیەدا «ساتورن» قەپاڵ بە سەری کوڕەکەیدا دەکات‌و بێبەزەییانە خەریکی خواردن‌و لووشدانێتی. بەپێی ئەو باسەی دەربارەی ئەم بابەتە ئەفسانەییە هه‌یە، «ساتورن» خودای کشوکاڵ بووە. یەکێک لە ڕاڤەکردنەکان باس لەوە دەکات کە «ساتورن» کوڕی خودای زەوی دایک «تیلوس»و خودای ئاسمانی باوک «کایلوس» بووە. بەپێی ئەو چیرۆکە «ساتورن» لەڕێگای خەساندنی باوکییەوە دەگاتە دەسەڵات‌و دەبێت بە سیمبۆلی سەدەی زێڕینی سەردەمی خۆی. پاش ئەوەی پێشبینی ئەوە دەکرێت کە خۆشی هه‌مان چارەنووسی باوکی دەبێت‌و بەدەستی یەکێک لە کوڕەکانی لە دەسەڵات لادەبردرێت، هه‌ڵدەستێت بە کوشتنی منداڵەکانی خۆی لەڕێگای خواردنیانەوە. لەو ڕۆژەوە «ساتورن» دەبێت بە سیمبۆڵی ئەو باوکە ئەژدیھایەی کە منداڵەکانی خۆی دەخوات‌و نموونەیەک بۆ بێبەزەیی‌و دڕندەیی دەسەڵاتێکی ستەمگەر.

دیارە کاری ھونەریی لەسەر ئەم ئەفسانەیە زۆرە، بۆ نموونە «پیتەر پاولۆس رۆبینس» لە سەردەمی بارۆکدا تابلۆی «ساتورن»مان بۆ دەکێشێت کە چۆن قەپ لە سنگی منداڵەکەی خۆی دەدات‌و خەرکی خواردنێتی؛ بەڵام بەناوبانگترین کار لە مێژووی ھونەردا تابلۆکەی «گۆیا»یە کە وێنەیەکی ترسناکی ئەو ڕووداوەمان بۆدەکێشێت. لە تابلۆکەی گۆیادا «ساتورن» جەستەی مرۆڤێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەحشێکەو پەلەماری جەستەیەکی مرۆیی دەدات، چاوەکانی پڕن لە ڕق‌و بیبیلە دەرپۆقیوەکانیشی ھێمان بۆ هه‌ڵپەیەکی شێتانەی لووشدان‌و شێوازی بزاوتەکەشی وێنای حەزێکی قووڵە بۆ لەناوبردن. تابلۆکە پانۆرۆمای ترسە، وێنەی «ساتورن»مان نیشاندەدات لەکاتێکدا لەشی منداڵەکەی بەچنگیەوەیەتی‌و کەللەسەرە خوێناوییەکەیشی لەناو دەمە گەورەکەیدا نقومبووەو خەریکە لەجەستەی جودادەبێتەوە. ئەم چیرۆکە وەحشەتناکە سیناریۆی جەنگێکە لەنێوان کەسێک کە شەڕانگیزەو کەسێکی تر کە ھیچ بەرگرییەک بەرامبەر بە چارەنووسی خۆی نیشاننادات. هه‌موو بینەرێک هەستدەکات کە دوای قوربانییەکەی دەستی «ساتورن» نۆبەتی خۆشی دێت، هەستدەکات کە ئەم کردەیە پرۆسەیەکی تەواونەبووەو ھێشتاش کۆتایی پێنەھاتووە.
لە مێژووی میللەتاندا نموونەی گەلێک شۆڕش هه‌یە کە بەیانی ئەم ئەفسانەیەمان بۆ دەکات‌و پێماندەڵێت ئەم حیکایەتە کۆتایی پێنەھاتووەو ھێشتا زیندووە. گەلێک شۆڕشی سەرکەوتوو هه‌یە کە پاشان دەبێت بە نەفرەت بۆ منداڵەکانی نیشتیمان. نموونەی باوکە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ زۆرن کە دەکەونە گیانی منداڵەکانی ئەمڕۆی خۆیان. ئەم ئەزموونانە چیرۆکی ئەو ترسەمان بۆ دەگێڕنەوە کە ستەمکاران بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆیان هه‌یانە. ئەفسانەی ترس لە لەدەستدانی دەسەڵات لای ستەمگەران ناکۆتایە. ئەو ترسە، ترسی ئەبەدیی باوکە سیاسییەکانە لە منداڵەکانیان کە ڕۆژێک دابێت جێگایان بگرنەوە. جەنگی نێوان باوکان‌و منداڵەکانیان بەردەوامە، ئەم شەڕە تاوەکو ئەمڕۆش کۆتایی نەهاتووە. جیاوازییەکە لەگەڵ سەردەمی کۆندا ئەوەیە کە لەمڕۆدا مەرج نییە دەسەڵاتداران ترسیان لە خودی منداڵەکانی خۆیان هه‌بێت، بەڵام ترسێکی گەورەیان لەو منداڵانەی کۆمەڵگا هه‌یە کە خەونی تر دەبینن، ئەو منداڵانەی کە لە گۆشت‌و ئێسکی ئەوان نین، بەڵام بە زمانی ئەوان قسەدەکەن‌و لە سەر یەک خاک دەژین، هه‌مان ئاو دەخۆنەوەو هه‌مان هه‌واش هه‌ڵدەمژن. ئەم باوکە سیاسییانەی سەردەمی مۆدێرنەو قۆناغی «پاش شۆڕشگێڕێتی» لە منداڵەکانی خۆیان ناترسن، بەپێچەوانەوە، ئەوان کوڕو کچەکانی خۆیان لەهه‌موو ڕۆڵەکانی میللەتەکەیان خۆشتردەوێت. ئەوان منداڵەکانیان دەخەنە ناو بازنەی تەسکی دەسەڵاتەوە، هه‌موو دەسەڵاتێکی مادی‌و مەعنەوییان پێدەبەخشن‌و دەیانکەن بە تاکە پشتوپەناو پارێزەری خۆیان؛ هه‌موو هه‌وڵێک دەدەن تاوەکو کۆمەڵگا منداڵی وا بەرهەمنەهێنێت کە ترسی ئەوەیان هەبێت دەسەڵاتی خۆیان‌و خێزانەکانیان بخەنە مەترسییەوە. ئەم شۆڕشگێڕە دێرینانە «ساتورن»ی مۆدێرنی ئەم سەردەمەمانن، ئەو باوکە «پۆست شۆڕشگێڕانەن» کە منداڵەکانی کۆمەڵگای خۆیان دەخۆن، چونکی هه‌مان ئەو ترسە ئەبەدییەی «ساتورن»ی ناو ئەفسانەکەیان هه‌یە بەرامبەر بە لەدەستدانی دەسەڵات.
پەیوەندی نێوان ئەفسانەو دەسەڵات لە زۆر شوێن‌و زەمەندا ھاوشێوەن. چەندە ئەفسانەکان لە وێنەی حیکایەتێکی دێرین‌و ناواقیعی لێمانەوە دوورن، ھێندەش دەسەڵاتی ئەفسانەیی لە وێنەی توندوتیژیی‌و جەنگ لێمانەوە نزیکە. بەشێوەیەکی گشتی دەسەڵاتداران وێنایەکی ئەفسانەییان لەسەر دەسەڵاتی خۆیان هه‌یە، کەمن ئەو دەسەڵاتدارانەی کە واقیعییانە تەماشای دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. دەسەڵات کاتێک دەبێت بە مەترسیی کە خۆی بکات بە ئەفسانەو دۆخێکی پیرۆز‌و ئەبەدیی. ئەوەی دەسەڵاتدارانی ستەمگەر دەیبینن واقیع نییە، بەڵکو ئەو ئەفسانەیەیە کە لەسەر خۆیان دروستیدەکەن. بۆیە سیستەمی ستەمگەر هه‌میشە لە دۆخێکی بەدمەستیی ناو کایەی دەسەڵاتدا دەژی. بەدمەستیی دەسەڵات گەیشتنی دەسەڵاتە بە دۆخێکی ئەفسانەیی‌و حاڵەتێکی ناواقیعیی.
تابلۆکەی گۆیای ھونەرمەند بەدیوێکدا گێڕانەوەی حیکایەتی شۆڕشی کوردیشە لەگەڵ نەوەکانی خۆیدا. بێگومان لە یادەوەریی نەتەوەییماندا ئەفسانەی زوحاکمان هه‌یە کە دەشێت ھێمایەکی کوردییانە بێت بۆ پەیوەندی نێوان ستەمگەر‌و خواردنی منداڵ. بەڵام مێژووی ئەمڕۆی ئەم شۆڕشە نوێیەمان گێڕانەوەی حیکایەتی تەمێکردن‌و کوشتنی منداڵەکانی کوردە بەدەست باوکە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ؛ چیرۆکی بەئەفسانەییبوونی دەسەڵاتی کوردییە، ئەو دەسەڵاتەی کە لە دوای حەڤدەی مانگەوە دەستی کرد بە خواردنی منداڵەکانی خۆی. خواردنی منداڵەکانی کۆمەڵگا کاتێک دەستپێدەکات کە دەسەڵات ترسی کوشتنی باوکی تێدا دروستدەبێتەوە. ئەم ترسەی سوڵتانە کوردییەکانیش بەبەرجەستەکراوی لەکاتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی دوای حەڤدەی مانگەوە، مێژووی خۆی، وەکو مێژووی کوشتنی «ساتورن» لەگەڵ منداڵەکانی، دەنووسێتەوە. ئەمە دووبارەبوونەوەیەکی دراماتیکیی پەیوەندی نێوان باوک‌و منداڵە، دووبارەنووسینەوەی حیکایەتی دەسەڵات‌و ترسە‌و گەڕانەوەی ئەژدیھایە بۆ ناو سیاسەت.
لە جەوهه‌ردا پەیامی ئەمجارەی منداڵە ناڕەزاکانی کۆمەڵگای کوردستان بۆ باوکە سیاسییەکانیان بریتیبوو لەوەی کە ئەوان چیدی بەکەڵکی باوکایەتی نایەن، نەک لەبەرئەوەی پیرن‌و کەڵکی سەرکردایەتییان نەماوە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لەبەرئەوەی دادپەروەر نین‌و ستەمگەرن. ئەم باوکانە وەکو هه‌موو باوکە بەئەفسانەبووەکانی دەسەڵات هه‌ڵپەو پەلەیان بوو لە خواردنی مناڵەکانیاندا، ترسی ئەوەیان هه‌بوو پێشبینییەکانیان وەکو «ساتورن» ببێت بە واقیع‌و زارۆکەکانیان گەورەببن‌و مردنی خۆیان لەسەردەستیان ببینن. تایبەتمەندێتیی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردی ئەوەیە کە باوکە سیاسییەکانی کورد نە کوڕەکانی خۆیان دەکوژن‌و نە کچەکانی خۆشیان دەخۆن، بەڵکو منداڵانی کۆمەڵگا بێویژدانانە دەکوژن‌و دەخۆن. لەڕاستیدا منداڵەکانی کۆمەڵگای کوردستان نەگەشتبوونە ئەو قۆناغەی داوای کوشتنی باوکە ستەمگەرەکانیان بکەن، بەڵکو داوای دادپەروەری‌و وازھێنان لە زەبروزەنگ‌و کۆتاییھێنان بە کولتووری کوشتنیان دەکرد. بۆیە پێدەچێت کوشتن‌و دەسەڵات لە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردیشدا درێژکراوەی ئەفسانەی ترسی ساتوریینانەی دەسەڵاتداران بێت لە لەدەستدانی دەسەڵات. ستەمی زوحاک ئەفسانە بوو، بەڵام نەورۆزی ئەمساڵ هه‌قیقەتی ستەمگەرایی دەسەڵاتدارێتی بەئەفسانەبووی حیزبی کوردیی نیشانداین. هه‌قیقەتی ئەو شۆڕشەی کە مناڵەکانی خۆی دەخوات.

Friday 13 May 2011

زمان و سیاسەت

زمان لە سیاسەتدا دەسەڵاتە. بۆئەوەی لەم دەسەڵاتەش تێبگەین، دەبێت لە ڕێزمانی ئەو زمانە بگەین کە دەسەڵاتداران قسەی پێدەکەن. مەبەستم لە ڕێزمان تەنھا ئەو ڕێسایانە نییە کە ھەر زمانێک ھەڵگرێتی و دەبێت قسەکەر ڕەچاوی بکات بۆئەوەی مەبەستەکانی بە گوێگر بگات، بەڵکو مەبەستم لە لایەنە ئێتیکییەکانی زمانی سیاسیشە. لێرەدا قسەم لەوە نییە کە زۆر دەگمەنن ئەو سیاسییە کوردانەی دەتوانن بە کوردییەکی باش قسەبکەن. ئەو زمانەی بڕێکی زۆری سیاسەتمەدارانی کورد پێیدەدوێن تەنھا لەڕووی گراماتیکەوە شەرمێکی گەورە نییە بۆ زمانی کوردی، بەڵکو نەنگییەکی بێھاوتایە بۆ زمانی سیاسی و بێحورمەتییەکی گەورەشە بەرامبەر بە خودی کردەی سیاسەت. سیاسەت بوارێک نییە خاڵی بێت لە ئەخلاق، بەڵکو کایەیەکە پڕ لە مشومڕ و گفتوگۆ لەسەر ئێتیک و ئەخلاق. زمانیش ئەو ڕووبەرەیە کە سیاسەتمەداران تیایدا بە خەڵک دەگەن و خەڵکیش پێیان دەگات.

لە ماوەی ڕابردوودا زمان بوو بەو ڕووبەرەی کە تیایدا خەڵک و سیاسەتمەدارەکانمان بە فۆرم و ناوەڕۆکێکی ترەوە بەیەکگەشتن. لەم بەیەکگەیشتنەدا بەریەککەوتنێکی ترسناک دروستبوو، کە سیاسەت چ لە زمان و چ لە پراکسیسدا جڵەوی خۆی لەدەستدا و ڕۆچووە ناو زەلکاوێک لە بێڕێزی و زەبروزەنگ. لەم شەڕەدا ھیچ مەسافەیەک لەنێوان جەلاد و سیاسەتمەداردا نەما، چونکی زمانی سیاسەت بوو بە زمانی جەلاد و ئەو ڕووبەرەی کە پاساو بۆ ھەموو تاوانێک دەھێنێتەوە. زمانی ئاخاوتنی سیاسیمان بوو بەبارمتە لەنێوان خوێن و تەخویندا. ھاوڵاتیان لەم زمانی ڕاگەیاندنی سیاسیەدا تەنھا ھەڵاوێردی ھەڵبژاردنیان لەنێوان درۆ و توندوتیژیدا پێدرابوو. زمانی کوردی لەژێر ئەم دەسەڵاتدارێتییەدا وەکو کاڵایەکی ھرزانفرۆش لە ئابووری ڕاگەیاندندا ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا کرا. چەندە نەوتی کوردی لە بازاڕی ناوچەییدا ھەرزانفرۆشدەکرێت، ئاوھاش سیاسەتمەدارانی ئەم دوو حیزبە زمانی سیاسییان لە بازاڕی نەتەوەییدا ھەرزانگۆ کرد. وەزیر و بەرپرسە حیزبییەکان تەنھا ڕووە دزێوەکانی خۆیان لە سیاسەتکردندا دەرنەخست، بەڵکو لەگەڵ ئەویشدا زمانێکیان داھێنا کە لە مێژووی زمانی کوردیدا کەموێنەیە و لە مێژووی زمانی سیاسیشدا دانسقەیە. ئەم دەسەڵاتدارێتییە تەنھا نەبووەتە ئەزموونکردنی زمانێکی بازاڕییانە، بەڵکو ئەوەی ترسناکە وونبوونی ھەموو ڕەھەندە ئێتیکییەکانی خودی سیاسەتە لە زمانی ئەم سیاسەتمەدارانە و گەیشتنێتی بە داوەشانێکی ئەخلاقیی سیاسیی گەورە. 

ئەم وڵاتەی ئێمە بازاڕێکی گەورەی بێسەروبەرە کە نە گراماتیکی ئیداری ھەیە و نە سیاسی و نە ئەخلاقیش. ئەم وڵاتە لەڕووی زمانیشەوە بووە بە بازاڕێکی گەورەی شکاندن و جنێوفرۆشتن کە تیایدا جێگای سەرەتاییترین ئەخلاقی زمانی سیاسیی نەماوەتەوە. لە زمانی سیاسیی کوردیدا کاتێک سیاسەتمەدارەکان دەڵێن "ئەمەمان قبوڵ نییە"، لە جەوھەردا پێماندەڵێن: ئەوەی بە چەشنێکی تر بیردەکاتەوە "ھینی خوارد". یان کاتێک سیاسەتمەدارێک پێماندەڵێت "دەستی ئەوانە دەبڕینەوە کە پەلامارماندەدەن"، مەبەستی ئەوەیە پێمان بڵێت: ئەم وڵاتە جگە لە ئێمە "پیاو"ی تری تێدا نییە، ھەر کەسێکیش جورئەرتی نیشاندا، "حەسیرمەیدانێکی باشی دەکەین"، کاتێکیش ھاوڵاتیان ئەشکەنجەدران، پێیان وتین "ئەمانە کێشەی شەخسین". ھەر کە سیاسەتمەدارێکی بیانییش دەبینن، دەبن بە دیموکراتترین ئەکتەری سیاسی و حیزبەکەشیان دەکەن بە فریشتەی شەرعیی ناو ڕووبەری سیاسەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئاشکرایە کە زمانی سیستەمە دیکتاتۆرەکان بەرامبەر بە نەیارە سیاسییەکان یەک ڕێزمانی ھەیە، ئەویش بەپیرۆزکردنی زەبروزەنگ و پیادەکردنی بێچەندوچوونی فرمانە. عەلی حەسەن مەجید لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٧دا فرمانێکی بۆ ھێزەکانی ئەمن و ئیستیخبارات دەرکرد، تیایدا ھاتبوو ھەر کەسێکیان لەناوچە قەدەغەکراوەکاندا دەستگیرکرد، "دەستی لێنەپارێزن" و "تەقەی لێبکەن". لە مانگی ١٢ی ١٩٨٧دا ھەندێ لایەن لەسەر ئەم فرمانە پرسیاریان لێکردبوو، ئەویش لەوەڵامدا جەغتیکردبووەوە کە "پێویست ناکات سەرمان بەم پرسیارانەوە قاڵبکەن... وشەکان خۆیان ئاشکران و پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوەی دەسەڵاتێکی باڵاتر نییە". ٢٢ ساڵ پاش ئەنفال لە گراماتیکی سیاسی کوردیشدا ھەمان لۆژیک دەبینیەوەو "وەزیری پێشمەرگە" بەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە پێماندەڵێت کە ئەو بە ھێزە چەکدارەکانی ووتووە دەسەڵاتی تەقەکردن و کوشتنی ھەر کەسێکیان ھەیە سەرپێچیبکات. ئەوەشی لەم لەشکرکێشی و گەمارۆ سەربازییەش دەترسێت "دەک زراوی چێت"! دێواندنی دوژمن یەکێکە لە ھونەرەکانی تری درۆ و توندوتیژی لە زماندا، بۆیە ناونانی ھێزێکی سیاسی بە "تێکدەر و ناشارستانی" سەرەتای پرۆژەی لەناوبردنە. لەڕاستیدا من ھیچ چاوەروانییەکم لە سیاسییەکانی ئەم سیستەمە حیزبییە نییە، چونکە ساڵۆنەکەیان پڕێتی لەم شێوە سیاسەتمەدارانە کە زمانیان بۆنی بێباکی و جەنگی لێدێت، بەڵکو دڵم بەو مناڵە خۆش بوو کە پاش درۆگەورەکەی وەزیر لەسەر مەسەلەی دەبابەکان لەسەر کاغەزێک دروشمێکی لە سەرا بەرزکردبووە: "وەڵلا دەبابە بوو، وەڵلا دەبابە بوو!"

کەم نین ژمارەی ئەو سیاسییانەی کە دیبلۆماسییەت بە درۆزانیی تێگەشتوون. بەڵام کێشەی سیاسەتکردن لە وڵاتی ئێمەدا بەوە نەماوەتەوە کە سیاسەت بووە بە درۆزانیی، بەڵکو لەڕاستیدا کێشەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ سیاسەت بووە بە درۆکردنێکی ڕووت و گۆڕینی بۆ ڕاستی. دەشێت یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرنەکەوتنی پڕۆژەی دروسکردنی حکومەتی یەکگرتووی کوردی بریتی بێت لە درۆ، چونکی ئەم دووحیزبە باڵادەستە لە شەڕی سیاسی و چەکداریی ساڵانەی دژ بەیەکتر، ھێندە درۆیان لەگەڵ یەکدی کرد تا بڕوایان بەیەکتر نەما. ئەمڕۆش لەم شەڕەیاندا دژ بە کۆمەڵگا کەس بڕوا و متمانەی پێیان نەماوە. درۆ جگە لە ھەڵگێڕانەوەی ڕاستییەکان شتێکی تر نییە. بێگومان ئینسان بۆئەوەی ڕاستییەکانی لێ ووننەبێت، پێویستی بە دەستنیشانکردنی درۆ ھەیە، بەڵام درۆ لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا بۆ ئەوە نییە ڕاستییەکان وونبکات، بەڵکو بۆئەوەیە لەبری ھەقیقەت ئیشبکات. درۆھەڵبەستنی نازییەکان لەسەر جوولەکە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان نەبوو، بەڵکو بۆ بەیانکردنی ھەقیقەتی سیاسەتی لەناوبردنی جووەکان بوو

ھونەری سیاسەتکردن لە وڵاتی ئێمەدا چیدی درۆزانیی دیپلوماسیی نییە، بەڵکو درۆزنیی و زمانپیسییە. کوردستان لەڕووی سیاسییەوە یەکێکە لە وڵاتە ناشرینەکانی ئەم دونیایە، چونکی درۆکردن وەکو بابەتی گەندەڵیی بووە بە دۆخێکی ئاسایی و ھیچ یاسایەک لێیانناپرسێتەوە و ھیچ سیاسەتمەدارێکیش لەسەریان دادگاییناکرێت

ئەم جەنگەی کۆمەڵگای ئێمە، جەنگی نێوان ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و درۆ سیاسییەکانە. جەنگی نوخبەیەکە کە سیستەمێکی سیاسیی لەسەر بناغەی درۆ و ساختە دروستکردووە و بە زەبری ھێز و توندوتیژیی دەیەوێت ئەو ھەقیقەتە ناشیرینانەی خۆی بشارێتەوە. ئەم شەڕە، شەڕی نوخبەی دوو حیزبە دژ بەو ھێزە کۆمەڵایەتییانەی کوردستان کە کۆمەڵگایەکی سیاسیی مەدەنییان دەوێت. لە ڕاستیدا ئەم شەڕەی ئەمڕۆ، شەڕێکی ناوخۆیی بەخستنەبرییە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری ئەوەی لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا ڕووبدات، لەسەر پشتی خەڵکە مەدەنییە ناڕازییەکەی کوردستاندا پیادەدەکرێت. لەم جەنگەدا دەسەڵات بەکۆی ھێزە سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆنەکان دەڵێت: ئێوە زمان و شەقامتان ھەیە، ئێمەش شەق و چەک و جنێو، گەر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێوەش ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان نیشاندەدەن ئەوا ئێمە درۆ سیاسییەکان دەکەین بە ھەقیقەت.

Saturday 30 April 2011

چی ماوەتەوە بەرگریی لێبکەین؟

ئاراس فەتاح


یەکێک له‌دەرهاویشتە بنەڕەتییەکانی دیاردەی دیکتاتۆرییەت، بریتییە له‌گۆڕینی وەزیفەی چاودێریی. دیکتاتۆرییەت دەستکاریکردنێکی قووڵی ئەم وەزیفە سیاسییەیە‌و هەڵگێڕانەوەی وەزیفەی چاودێریکردنی کۆمەڵگایە بۆ سیاسەت‌و کردنێتی بە چاودێریکردنی سیاسەت بۆ کۆمەڵگا. واتە چیدی کۆمەڵگا له‌سیاسەت ناپرسێتەوە، بەڵکو تەنها سیاسەت له‌کۆمەڵگا دەپرسێتەوە. ئەمە گەورەترین دەستکاریکردنی وەزیفەی سیاسەتە له‌لایەن دیکتاتۆرەکانەوە، دوائامانجیشیان له‌م کارەدا بریتییە له‌گۆڕینی پەیوەندی نێوان هاونیشتیمانیان‌و دەسەڵات کە یاسا رێکیدەخات بۆ پەیوەندی نێوان سەرباز‌و ژەنەڕاڵ کە تەنها فەرمان‌و گوێڕایەڵیی دیسیپلینی دەکات. دیکتاتۆرییەت بە داڕشتنەوەیەکی هەڕەمییانەی وەزیفەی فەرماندەرکردن‌و فەرمانوەرگرتن دەستپێدەکات. ئەم سیستەمە سەرەتای ونبوونی هەموو رەهەندێکی ئینسانیی پەیوەندی نێوان دەسەڵات‌و ئینسانە، ئاساییبوونی کردەی ئەشکەنجەدان‌و سووتاندن‌و کوشتنە، وەرگرتنی فەرمان‌و جێبەجێکردنە وەکو وەزیفەیەک دوور له‌هەموو بەرپرسیارێتییەک‌و دابڕاو له‌هەموو لێپرسینەوەیەکی ویژدانیی. بیرمان نەچێت فاشیزم‌و بەعسیزم له‌ونبوونی رەهەندی ئەخلاق‌و وێژدانەوە دەستپێدەکات له‌دووتوێی کردە کۆمەڵایەتیی‌و سزادانە سیاسییەکاندا؛ له‌بێدەنگبوونی رۆشنبیران‌و سیاسەتمەدارانەوە دەستپێدەکات بەرامبەر بە سیاسەتی کولتووری سووتاندن‌و توندوتیژیی رووت؛ له‌نەمانی هیچ کێشەیەکی ویژدانیەوە دەستپێدەکات بەرامبەر بە کردەی ئەشکەنجەدان‌و سوکایەتیکردن بە کەرامەتی ئینسان. کاتێک ئەشکەنجەدان دەبێت بە چێژ‌و سوکایەتیپێکردن دەبێت بە کردەیەک کە جەلاد بە بزەوە پیادەیبکات، ئەوسا دەبێت باس له‌سەرهەڵدانی قۆناغی بەتیرۆربوونی سیاسەت بکەین، دەبێت باس له‌لاچوونی دەمامکەکانی فاشیزم بکەین له‌سەر وێنەی سیاسەتمەداران‌و دەبێت باس له‌کۆتایی خودی پڕۆژەی سیاسەت بکەین.
له‌ڕاستیدا هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکان له‌کوشتنی شتی بچووکەوە دەستپێدەکەن، له‌داگیرکردنی بەکاوەخۆی رووبەرە بچووکەکانی ئازادییەکانمانەوە دەستپێدەکەن. ئەم پرۆسەیەش له‌پاشاندا دەبێت بە پرۆسەیەکی ترسناکتر کە له‌کوشتن‌و داگیرکردنی رووبەری ئازادیی کۆی کۆمەڵگا‌و جەستەی تاک‌و گروپەکاندا بەرجەستەدەبێت. دیکتاتۆرەکان له‌پاڵ کولتووری داگیرکردندا کولتووری سووتاندن بەرهەمدەهێنن. ئەم کردەی سووتاندنە، هەندێجار سووتاندنی کتێبەکانە، هەندێجاری تریش له‌سووتاندنی دەزگای راگەیاندنەکانەوە دەستپێدەکات‌و له‌هەموو حاڵەتەکانیشدا بە سووتاندنی ماڵ‌و خودی ئینسانەکان کۆتاییپێدێت. ئەمانە بەتەنها گێڕانەوەی حیکایەت‌و قسە نین، بەڵکو ئەزمونی ئینسانیانەی ئێمەن له‌گەڵ فاشیزمدا. زۆر سەیرە کە ئەزموونی سەرهەڵدانی فاشیزم له‌زۆرینەی وڵاتاندا بە کردەی سووتاندن دەستپێدەکات. هەروەها بڕێکی زۆری ئەزموونی کۆتاییهاتن بە دیکتاتۆرەکانیش هەر بە سووتاندن کۆتاییپێدێت. دیکتاتۆرەکان زۆر کەڕەت سووتاندن دەکەن بە خاڵی وەرچەرخان له‌سیاسەتی خۆیاندا. له‌ئەزموونی(نێرۆ)ی قەیسەری رۆمانییەوە کولتووری سوتاندن دەبێت بە سەرهەڵدانی قۆناغی تیرۆر له‌سیاسەتدا. دیکتاتۆرەکان له‌کاتی هێزدا حەزیان له‌سووتاندنە‌و له‌کاتی بێهێزیشدا رقیان لێیەتی.
سووتاندنی سەکۆی ئازادیی بەر دەرکی سەرا، سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێیە له‌سیاسەتی تیرۆر‌و رۆچوونی سیاسەتمەدارانی ئێمە بۆ ناو کولتووری سووتاندن له‌سیاسەتدا. ئەم قۆناغە قۆناغێکی نوێیە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی سووتاندنی سەکۆی ئازادی، سووتاندنی رەمزییانەی خواستی ئازادیی‌و ئیرادەی گۆڕانە، بەڵکو له‌بەرئەوەی له‌دوای ئەم سووتاندنەوە، کولتووری تیرۆری سیاسیی‌و تیرۆرکردنی ماف‌و بەها رەمزییەکانی ئینسانی ئێمە دەستپێدەکات‌و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسانەکان پێدەنێتە قۆناغێکی ترسناکەوە. ئەم قۆناغەش قۆناغی مردنی سیاسەت‌و جێگرتنەوەیەتی له‌لایەن توندوتیژیی رووتەوە. بۆیە رەهەندێکی گرنگی تری سەرهەڵدانی دیکتاتۆری بریتییە له‌مردنی سیاسەت. مەبەست له‌مردنی سیاسەت بریتییە له‌گۆڕینی وەزیفەی سیاسەت له‌کردەیەکی مەدەنییەوە بۆ کردەیەکی سەربازییانەی رووت. ئەمەی ئێستاش ئێمە له‌کوردستاندا دەیبینین، هەمان پرۆسەی گۆڕینی سیاسەتە له‌پڕۆژەیەکی مەدەنییەوە بۆ پرۆژەیەکی سەربازیی. ئەم کردەیە له‌جەوهەردا چ بۆ ئەو حیزبەی بەم کردەیەی هەڵدەستێت‌و چ بۆ ئەو دەسەڵاتدارێتییەی کە بینایکردووە، خۆکوژییەکی سیاسیی گەورەیە. دیکتاتۆرییەت هەمیشە بە خۆکوژیی حیزبێک له‌دامەزراوەیەکی سیاسییەوە بۆ مەعەسکەرێکی سیاسیی دەستپێدەکات.
کەوتنی سیستەمی فاشیزم، سیاسەتی فێری چەندین پرنسیپی گرنگ کرد‌و وای له‌و کۆمەڵگایانەش کرد دەستوورگەلێک بۆ دەوڵەتەکانیان دابنێن کە رێگریی له‌دووبارە سەرهەڵدانەوەی فاشیزم بکات. کەوتنی فاشیزم فێریکردین کە سیاسەت مانای بێڕێزی نییە بەرامبەر بە ئینسانەکان‌و بڕیاری یەک کەس‌و یەک حیزب نییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەک. بۆ نموونە له‌دەستووری فیدراڵیی ئەڵمانیادا کەرامەتی ئینسان پارێزراوە، چونکه‌ ئەزموونی سیستەمی نازیزم، وەکو ترسناکترین سیستەمی تۆتالیتاری، ئەزموونی بێڕێزییەکی بێهاوتا بوو بەرامبەر بە ئینسانەکان. ئەم بێڕێزییە بەتەنها له‌بەر رای جیاواز‌و ئینتیمای سیاسیی جیاواز نەبوو، بەڵکو درێژیشدەبێتەوە بۆ ناو هەموو جومگەکانی تری ژیان. لێرەوە چەمکی رێز یەکێکە له‌گرنگترین پرنسیپەکانی دیموکراسییەت. چەندە دیکتاتۆرییەت بێڕێزیکردنی بەردەوامی سیاسەتە بەرامبەر بە ئینسانەکان، ئاوهاش دیموکراسیەت پاراستن‌و چاودێریکردنی دەسەڵاتە بۆئەوەی بێڕێزیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان نەکات.
ئێمە دەزانین سیستەمی بەعسیزم سیستەمی بێڕێزییەکی گەورە بوو بەرامبەر بە ئینسانەکان‌و سەندنەوەی هەموو مافێک بوو له‌تاکەکان. بەعسیزم ئەوکاتە توانی دەست بە ئەنفال بکات کە "چەمکی ماف"ی له‌ئینسانی کورد داماڵیی. سیستەمی سیاسی له‌کوردستان دوای کەوتنی بەعسیزم، نەیتوانی هیچ پرنسیپێکی سیاسیی دابنێت تاوەکو ئەم کولتوورەی بەعسیزم تێپەڕێنێت‌و رێگریی له‌دووبارەبوونەوەی بکات. ئەم سیستەمە کوردییە بەهیچ جۆرێک مەبەستی نەبووە ئیش له‌سەر ئەم چەمکی رێزە بکات، نەک له‌بەرئەوەی ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتیان گرتەدەست ئەم راستییەیان له‌بەرچاو نەبووبێت یان سیاسییەکانی کورد خۆیان بێڕێزییان بەرامبەر نەکرابێت، بەڵکو له‌بەرئەوەی له‌جەوهەردا تێگەشتن‌و مامەڵەکردنی سیاسییەکانی ئێمە بۆ چەمکی یاسا درێژکراوەی ئەو کولتوورەیە کە بەعس بۆی بەجێهێشتن. بە مانایەکی تر یاسا له‌جەوهەردا تەنها بۆ شەرعییەتدانە بە کولتووری بێدەنگکردن، ئەشکەنجەدان‌و کوشتن.
دوای سووتاندنی سەرای ئازادی، پرۆژەی سیاسەت له‌کوردستاندا کەوت‌و سەرەتایەکی زۆر ترسناک سەریهەڵدا کە پڕۆژەی تیرۆری سیاسیی‌و داگیرکردنی سەربازییانەی کۆی کۆمەڵگای ئێمەیە. بۆیە ئێمە دەبێت کولتووری بەرگرییکردن گەورەبکەین‌و خەبات بکەین بۆ چەسپاندنی رێز له‌ژیان‌و گێڕانەوەی رێزیش بۆ سیاسەت. ئەمە گرنگە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی سیاسەت بێڕێزیکردن نییە بەرامبەر بە ئینسان، بەڵکو له‌بەرئەوەی هەر ئەم سیاسەتی بێڕێزیکردنەیە بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسان کە سەرەنجام زۆرینەی دیکتاتۆرەکان دەباتە بەردەم دادگاکان‌و له‌کۆتاییشدا بە سزای راستەقینەی یاسایی خۆیان دەگەن. ئەو شتانەی کە دەبێت بەرگرییان لێبکەین زۆرن، بەڵام گرنگترینیان بریتییە له‌گێڕانەی رێز بۆ سیاسەت‌و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
پێش چەند رۆژێک حوسنی موبارەک بە بێڕێزیی سیستەماتیکیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان تاوانبارکرا. له‌کوردستانی ئەمڕۆشدا تیرۆر له‌بری سیاسەت کاردەکات، ئەو خاڵانەی کە دەشێت تاوانباران‌و بەرپرسانی کوردی له‌سەر بدرێن بەدادگا، هەمان ئەو خاڵانەن کە دیکتاتۆرەکانی تری له‌سەر دەدرێن بە دادگا. دەشێت کوردستان له‌میسر نەچێت، بەڵام تاوان‌و چارەنووسی دیکتاتۆرەکان له‌یەکدەچن.

Tuesday 19 April 2011

ئازادی بۆ رێبین ھەردی

وەک لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەزانین ئەم بەیانییە، ڕێکەوتی ١٩ی ئەپریلی ٢٠١١، ڕێبین ھەردی نووسەر، کە یەکێکە لە ڕۆشنبیرە گەورە و بەھەڵوێستەکانی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی، لەلایەن ھێزێکی چەکداری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە لە شاری سلێمانی ڕفێنرا. بێسەروشوێنکردنی ئەم نووسەرە، بەبێ ھیچ پاساو و داوایەکی یاسایی، سەلماندنی ئەو دڕندەیی و وێنە ناشیرینەیە کە لەمڕۆدا دەسەڵاتدارێتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا بە ڕای گشتی جیھانی نیشاندەدات.
سەرنگونکردنی ڕێبین ھەردی ناچارمان دەکات ھەموو دەزگا نێودەوڵەتی و ناوەندکانی مافی مرۆڤ و نووسەران و ھونەرمەندان لە جیھاندا بەرامبەر بەم بەربەرییەتەی دەسەڵاتدارانی کوردستان، ئاگاداربکەینەوە. ئێمە سەلامەتی ژیان و تەندروستی جەستەیی و دەروونیی ڕێبین ھەردی ھاوڕێمان، ڕاستەوخۆ دەخەینە سەر شانی جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆک کۆماری عێراق و پیاوی یەکەمی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم و بەرھەم ساڵح وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێم. لەم ڕێگایەشەوە داوای ئازادکردنی بێ قەید و شەرتی ڕێبین ھەردی دەکەین.

ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع
بەختیار عەلی

زیندانەکانتان پڕکەن لە ئاشتی

پاش سووتاندنی سەکۆی ئازادی لە سەرا و دوای داگیرکردنی سەربازییانەی شاری سلێمانی و شارۆچکەکانی دەوروبەری و پاش ڕەشبگیرکردن و بریندارکردنی دەیان کەسی تری مەدەنی و لەکۆتاییشدا دوای گرتنی ڕێبین ھەردی ھاوڕێمان و دەیان خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی تر، دەبێت بڵێین: ھەر کاتێک ناھەقیی جێگای ھەقی گرتەوە، ئەوکاتە بەرگریکردن لە ئازادی دەبێت بە وەزیفەی ئینسانیی ھەموومان، ھەر کاتێکیش توندوتیژیی جێگای بە ئاشتی چۆڵکرد، بەرگریکردن لە ژیان دەبێت بە ئەرکی ئەخلاقیی ھەموومان. کاکە ڕێبین و ھاوڕێکانی، کە ڕۆژانێک بە شانازییەوە لە سەرای ئازادی ھاوخەباتیان بووم، زمانی ئاشتییان فێری دەسەڵات دەکرد، زمانی دیالۆگیان فێری سیاسەت دەکرد و بەرگرییان لە پلورالیزمی سیاسیی کۆمەڵگاکەی ئێمە دەکرد. ئەمڕۆ ئەم دەنگانە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، خنکێنران، ئەوەشی خنکاندنی ئەو سیاسییە گەمژانە بوون کە یەکەمجار ئەو دەنگانەیان فەرامۆش کرد، پاشان بوختانیان بۆکردن، دواجاریش تەخوینیان کردن. دوێنێ و ئەمڕۆش لەوە زیاتر خۆیان بۆ نەگیراو جڵەویان لەدەستدا و کەوتنە سوتاندن و ڕاونانیان و ئەشکەنجەدان و گرتنیان

سەرەڕای ھەموو ئەم دڕندەییانە، ئێمە دەبێت وەکو ئەوان نەبین. ئێمە نابێت لەوان بچین. نەک تەنھا لەبەرئەوەی پەیامی رێبین و ھاوڕێکانی، پەیامی ئاشتی و ئازادییە بۆ کۆمەڵگاکەمان، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان لە ئاشتی دەترسن، بە ئازادی ھەراسان دەبن، بۆیە دەیانەوێت بەزۆر کولتوورەکەی خۆیان بکەن بە ھی ئێمە و ھەموو کۆمەڵگا. بەڵێ، ئەوان ئاشتییەکیان دەوێت کە بازرگانیی نەوتفرۆشییان لێتێکنەدات و پاسەوان و چەکدارەکانیان لێنەسەنێتەوە و ئاھەنگەکانیان نەشێوێنێت و ژمارەی گۆرانیبێژ و ڕۆشنبیرە درۆزن و ترسنۆکەکانیان بۆ زیادبکات. ئەوان ئاشتییەکیان بۆ کۆمەڵگای ئێمە دەوێت کە ھاوتابێت بە ئاشتی گوڕستان، ھاونیشتیمانییەکیان دەوێت کە ھەموو ئیرادەیەکی گۆڕانی تێدا بکوژن و بیکەن بە کۆیلە، ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرێکیشیان دەوێت گەر پاساوی کوشتارەکانیان بۆ نەکات، ئەوا ھیچ نەبێت بەرامبەر بە دڕەندایەتی و ناھەقییەکانیان بێدەنگبێت

ئێمە ئامادەنەبووین قسەیان لەگەڵدا بکەین، نەک لەبەرئەوەی بڕوامان بە دیالۆگ نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان گەر جاران درۆزان بووبن، ئەوا لە ئێستادا درۆزنن. ئەوان کاڵفامترین و گەمژەترین سیاسەتمەدارن کە دونیای سیاسەت بەرھەمیھێنابن. ئێمە ئامادەنەبووین بچین بۆ لایان، نەک لەبەرئەوەی ئەوان میواندۆست نیین، بەڵکو لەبەرئەوەی بەڕای ئێمە ئەوان میوانن و میللەتیش خاوەن ماڵ. ئێمە نەمانویست کەمینەیەک ببینین کە چاوی بە زۆرینە ھەڵنایەت. ئێمە بە نووسین و پەیامەکانمان پێمان گوتن لەوە زیاتر خۆتان ناشیرین مەکەن، لەوە زیاتر کۆمەڵگاکەمان تووشی پشێوی مەکەن، لەوەش زیاتر بۆگەن مەبن، بەڵام ئەوان تەنھا چەند ڕۆژێک گوێیانگرت و چەند ھەفتەیەکیش خۆیانگرت. لەمڕۆشەوە پێتان دەڵێم: ئێمە چیدی ئێوەمان ناوێت، نەک لەبەرئەوەی قینمان لێتانە و بۆھەمیشە لەبەرچاومان کەوتوون، بەڵکو لەبەرئەوەی ئێوە شایستەی ئەوە نین ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرن. ئێوە شایستەی ئەوە نین سەرکردایەتی ئەم نەوە پڕخەون و زیندوە بکەن و لەدوای ئەم دڕندەییەشتانەوە چیدی شایستەی دەسەڵات نین. لەڕاستیدا دەسەڵات شتێکی نێگەتیڤ نییە بەڵکو پۆزەتیڤە. بۆیە من بڕوام بەوەیە کە ئەم نوخبەیەی ئەمڕۆ لە کوردستانە خاوەن دەسەڵات نین، بەڵکو چەند گەمژەیەکی خاوەن چەکدار و بەرژەوەندی ئابوورین. ئەمانە خودی چەمکی دەسەڵات ناشیریندەکەن، چونکی دەسەڵات زەبروزەنگ و توندوتیژیی نییە، بەڵکو بیناکردن و بەرھەمھێنانە. ئەمانە دونیایەکیان دەوێت پڕ لە فەوزا و توندوتیژیی و سیستەمێکیان دەوێت کە تەنھا خۆیان سەری لێدەربکەن و تەنھا خۆیان بتوانن بەڕێوەیبەرن، سیستەمێک کە جگە لە خۆیان یەک ھاونیشتیمانی تری بۆ ناپارێزرێت

لە دوێنێوە ئێوە دەستمان لێناپارێزن! ئێمەش لەمڕۆوە دەستتان لێناپارێزین. ئێوە دەتوانن تەقەبکەن، بمانسووتێنن، ماڵی ھاوڵاتییان وێرانکەن و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی مەدەنی ڕەشبگیر و زیندانی بکەن، ئێمەش دەتوانین ڕادەستی مێژووتان بکەین، چونکی دیکتاتۆرەکان ماڵئاوایی لەکەس ناکەن. دیکتاتۆرەکانیش ئەدرەسی ھەمیشەییان نادیارە، وەکو ئەو زیندانییانەی کە دەیانڕفێنن، وەکو ئەو زیندانە نھێنییانەی دروستی دەکەن. دیکتاتۆرەکان فریای ماڵئاوایی ناکەون، دیکتاتۆرەکان یان ھەڵدێن، یان دەکوژرێن. بەڵێ، تاوەکو دوێنێ شتێک ھەبوو، ھیوایەکی بچووک مابوو بۆئەوەی کۆمەڵگا قسەتان لەگەڵدا بکات، ئەمڕۆ ئەو پەتەشتان پچڕاند. تاوەکو دوێنێ ھەندێ دەنگ لەناو حیزبەکانتاندا بوو کە ھەستی بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مێژوو دەکرد و ڕێگەی موغامەرەی سەربازیی پێدەگرتن، ئەمڕۆ ئەوانیش بڕوای خۆیان لەدەستدا. تاوەکو دوێنێ دۆخی سیاسیی لە وڵاتی ئێمەدا نە جەنگ بوو و نە ئاشتی، ئەمڕۆش جەنگی ئێوە دژ بە کۆمەڵگا دەستی پێکرد، جەنگێکی دزێو و ناتەبا. ئێوە دەتانەوێت کۆمەڵگای ئێمە بکەن بە زیندانێکی گەورە و نیشتیمانمان بکەن بە گۆڕەپانێک بۆ جەنگەکانی داھاتووتان. ئێوە بەرپرسی یەکەم و کۆتایین لە ھەموو دەرئەنجامە چاوەروانکرا و چاوەرواننەکراوەکانی ئەم جەنگەی کە بەسەر کۆمەڵگاکەی ئێمەدا سەپاندووتانە. مێژوو ماڵئاوایی لە زۆر کەسی لە ئێوە دڕندەتر کردوە. ئەو تێڕوانینە عەسکەرتارییەی ئێوە کە بۆ چارەسەریی ململانێکان ھەتانە، ئاکامەکانی تەنھا خۆتان لێی بەرپرسیارن، چونکی بە سووتاندنی سەرای ئازادی خواستی ھاونیشتیمانیانتان بۆ ئازادیی زیاتر گڕدا. ھەموو ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ پاسیڤانە بەشداربوون لەم ناڕەزاییەدا لە سبەینێوە دەبن بە کەسانی چالاک و دەیان سەرای ترتان بۆ دروستدەکەن و دەیان ڕێبین و دەیان دلێر و دەیان چنوری ترتان بۆ بەرھەمدێت. ئەم جەنگەی ئێوە جەنگێکی دۆڕاوە. گەرچی ئەم شەڕەی ئێوە وەکو گەمەی مناڵان دێتە پێشچاو، ئاساییشەکانتان بە دارلاستیکەوە ئاساییشی وڵات دەپارێزن و ڕۆژنامەنووسەکانتان بە بەردھاویشتن ڕوماڵی ڕووداوەکان دەکەن، بەڵام لەدوێنێوە ئەم جەنگەتان کرد بە ڕاستیی و لەدوای خۆشتان ڕاستییەکان بۆ مێژوو بەجێدەھێڵن. ئەوەی ئێمە لەم شەڕەدا تێیناگەن، ئەوەیە کە چۆن ئەم نوخبە بچووکە توندوتیژخواز و بەدفیزەی ئەم دوو حیزبە ھەموو ھێز و جەبەرووتی سەربازیی خۆی خستۆتە ناو شارێکەوە کە نە پێش ئەوان و نە دوای ئەوانیش کەس نەیتوانیوە و ناتوانێت بێدەنگی بکات

پاش ئەو ھەموو پەیامانەی کە لە رابردوودا ئاراستەمان کردن بۆئەوەی نەبن بە کەسانێک دوای مردنتان کەس پرسەتان بۆ دانەنێت، حەزدەکەم دوا پەیاممتان بۆ بنێرم، بەڵام ئەم پەیامەم ڕووی لە ئێوە نییە، بەڵکو ڕووی لە ھاوڕێ و دۆستەکانمە، کە لەگەڵیاندا بەرگریی لە ئازادی و ئاشتی ڕاستەقینە دەکەین: ئازیزانم ئەم دۆخەی کوردستان ھیچ نەسەلمێنێت، ڕاستێتی ئەو بۆچوونەی گاندی دەسەلمێنێت لەسەر دەسەڵاتدارانی توندوتیژ و دژ بە کەسانی مەدەنی، کاتێک دەڵێت: "سەرەتا فەرامۆشت دەکەن، دوایی گاڵتەجاڕیت پێدەکەن، پاشان دژایەتیت دەکەن، لە کۆتاییشدا تۆ دەیبەیتەوە