Friday 25 February 2011

پەڕینەوە بەرەو کوشتن


ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع

سەرەتا

پاش گوللەبارانکردنی خۆپیشاندەران و دوای کوشتنی ھەرزەکارێک و ئەگەری مردنی یەکێکی تریش کە لە حاڵەتی کۆمادایە و بریندارکردنی زیاتر لە پەنجا گەنج، دەبێت بۆدواجار پرسیار لە میسداقییەتی سیاسی و ئەخلاقیی ئەو حیزبانە بکەین کە یەکدەنگن بەرامبەر بەم تاوانە و ئەوانەشی بێدەنگن بەرامبەر بە سەرھەڵدانی تیرۆری سیاسیی لەوڵاتی ئێمەدا. ئەوەی پارتی لە سلێمانیدا ئەنجامیدا، قۆناغێکی نوێییە لە تاوانی سیاسیی، قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگا بە چەک

ساڵانێکی درێژە ئەم دەسەڵاتدارێتییە نەک تەنھا ھەمووشتێکی ئەم وڵاتە، بەڵکو ئینسانەکانیش بە موڵکی شەخسی خۆی دەزانێت. ئەوان پێیانوایە نەک ھەر تەنھا خاوەنی دەسەڵات و ئابوری و شاخ و دۆڵ و شار و شەقامەکانی وڵاتن، بەڵکو خاوەنی ئەو ئینسانانەشن کە تیایدا دەژین. بۆیە ژیان و مردنی خەڵکیش ھەر بەدەستی ئەوانە. ئەوەتا بە ئاشکرا دەبینین ئەم دەسەڵاتدارێتییە سڵ لەوە ناکاتەوە "کوشتنی بەئەنقەست" بکاتە بەشێک لە میتۆدەکانی پیادەکردنی دەسەڵات. دەبینین چۆن تیرۆر بە ئاشکرا بووە بە مۆدێلێک بۆ فەرمانڕەوایەتی و ترسناندنیش بە کەرەسەیەک بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێی دەستەجەمعی. ئەم مۆدێلە سوڵتانییە لە دەسەڵاتدارێتی دووحیزبیی پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە لە مامەڵەیدا لەگەڵ کۆمەڵگا و ھێزە کۆمەڵایەتییەکان کە ئەویش قۆناغی پەلاماردانی سەربازییە

پێدەچێت ئەم دەسەڵاتدارێتییە پێویستی بە ریفۆرم نەمابێت، لەڕاستیشدا ڕیفۆرم تەنھا لەگەڵ عەقڵییەتێکدا دەکرێت کە بڕوای بەوە ھەبێت کە ھەڵەی گەورەی کردوە و ئامادەیە چارەسەریبکات، عەقڵییەتێک کە بڕوای بە ماڵئاواییکردن و سەرلەنوێ دروستبوونەوە ھەبێت. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارێتییە کوردییە نییەتی ئەوەی ھێناوە کە نەک تەنھا ئەبەدیی بێت و تا ھەتاھەتایە حوکمبکات، بەڵکو ئامادەش نییە ساکارترین پیاچونەوە بۆ ئەو مۆدێلی حوکمڕانیی و ئیدارییەدا بکات کە دونیای ئێمەی ھێناوەتە سەر لێواری نغرۆبوون

ڕووداوەکانی سلێمانی نیشانیداین دەسەڵاتدارێتی کوردیی چووەتە قۆناغی دەسەڵاتدارێتی تیرۆرەوە. ئێمە بۆیە دەڵێین تیرۆر، چونکە دەبینین نە پارتی کە بەرپرسی سەرەکیی ئەم کردەیە بوو و نە ھاوەڵی دەسەڵاتدارێتییەکەشی، یەکێتی، لە ھەموو بەیانەکانیاندا دانیان بە بچووکترین ھەڵەدا نەناوە. کەسیان تەقەکردنیان لە گەنجانی خۆپیشاندەر وەکو تاوان تەماشانەکردوە و لەبەرامبەر لێپرسینەوەش لە بەرپرسەکانیاندا بێدەنگن. ھاوکات پێشناچێت ئامادەی ئەوەبن داوای لێبوردن لە گەنجەکانی سلێمانی بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی بکەن و کۆتایی بە بەسەربازیکردنی ژیانی مەدەنیی لە کوردستاندا بھێنن

ئەوەی بۆ ئێمە جێگای سەرنج و ڕەخنەیە بێدەنگیی ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی و بزووتنەوەی گۆڕان بوو بەتایبەت بەرامبەر بەو کارەساتەی کە لە شاری سلێمانی کەوتەوە. ئەوەی بۆ ئێمە شایستەی سەرسوڕمانە ئەو بێدەنگییەی ئۆپۆزیسۆن بوو بەرامبەر بە ھەموو ئەو گوللەباران و جووڵە سەربازییە ترسناکەی کە دەسەڵات لە شارەکەدا دروستیکرد. ئۆپۆزیسۆن بۆئەوە نییە ڕووداوەکان وەکو دەزگایەکی ڕاگەیاندن بگوازێتەوە، یاخود خۆی لێگێلبکات و بڵێت ئەمە ھی ئێمە نییە، لە ھەمووشی خراپتر ئەوەیە کە بە زمانی ڕاگەیاندنی دەسەڵات بدوێت و ئەو دەستەواژانە بەکاربھێنێت کە دەسەڵات بۆ ئەم گەنجانەی داھێنابوو. ئۆپۆزیسیۆن بۆئەوەیە ببێت بەو سەکۆ مەدەنییەی کە بەفیزیی و دڕندەیی دەسەڵات دەربخات و فەزایەکی شارستانیی بۆ گفتوگۆی ئەو دەنگە ناڕەزایانەی ئەم کۆمەڵگایە فەراھەمبکات. فەزایەک دوور لە ڕق و کینە و توندڕەوێتی، دوور لە تەخوین و تەکفیر بێت.

حیزب وەکو دەزگایەکی بێگوێ

دەسەڵاتی کوردی دوو سیفەتی زۆر خراپی ھەیە: نە گوێدەگرێت و نە تێدەگات. گوێناگرێت، نەک لەبەرئەوەی بەھۆی سەرقاڵبوونیەوە بە ئەرکە نەتەوەییەکانەوە کاتی بۆ گوێگرتن نییە، بەڵکو لەبەرئەوەیە وەکو زۆرینەی حوکمڕانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر کورسی دەسەڵات کەڕوویان ھێناوە، جگە لە دەنگی خۆیان گوێیان لە ھیچ دەنگێکی تر نییە. ئەو مۆدێلە دیموکراسییە شانۆگەرییەش کە دایانھێناوە، لەوێنەی سازدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ کەسان و گروپ و ڕێکخراوەکان، بۆئەوە نییە کە گوێ لە خواستەکانی خەڵک بگرن بەڵکو بۆئەوەیە تەنھا نیشانیبدەن کە ئەوان دەبیستین. بیستنیش مانای گوێگرتن نییە، چونکی گوێگرتن پابەندە بە تێگەشتنەوە. دەسەڵاتی کوردیی گەر گوێشبگرێت، بەمەرجی ئەوەیە کە بە قسەی کەس نەکات و کەسیش قسە لەقسەی ئەودا نەکات. بێگومان ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەوە تێگەیشتوە کە ناتوانێت ڕێ لە دروستبوونی دەنگ بگرێت و ناتوانێت ھەموو شتەکان سانسۆربکات. ئەوەی لە ھەولێر سانسۆر دەکرێت لە سلێمانی بڵاودەبێتەوە و ئەوەی ناھێڵن لەناو میدیاکاندا ڕووبدات، لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاودەبێتەوە. ئەم دۆخە وایکردوە ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەباتی بێدەنگکردنی خەڵک سیاسەتی بێنرخکردنی دەنگی کردۆتە ستراتیژیەتی خۆی

ئەم ئەزموونە سیاسییەی وڵاتی ئێمە نەخواستی ئەوە بووە و نە ویستووشیەتی بزانێت ڕای گشتی چۆن بیردەکاتەوە و شەقامەکان چیدەڵێن. تەنانەت گوێشی لەو باڵ و کەسایەتییانەی ناو حیزبەکەی خۆی نەگرتووە کە ڕایەکیان ھەیە جیاواز لە ڕا و بۆچوونەکانی ئەو نوخبە ئۆلیگارشییەی کە حیزب ئاراستەدەکات. تاکە خواستێک سیاسەتمەدارانی کورد ھەیانبێت، بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خەڵک نەک ناسینی خەڵک. لەم مۆدێلەی حوکمڕانیدا ئەرکی حیزب و ئەندامەکانی گوێگرتن و چاودێریکردنی بیرکردنەوە و جووڵەی خەڵکە نەک کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خەمەکانی خەڵک و ناسین و زانینی خواستەکانیان. لێرەدا نزیکیی و دۆستایەتییەکی گەورە لە نێوان سیاسەتی دیکتاتۆریی و سیستەمی ئیستیخباراتیدا دەردەکەوێت. ئاشکرایە سیستەمە دیکتاتۆرەکان زۆر نزیکن لە خەڵک، زۆر تێکەڵاوی خەڵک دەبن، زۆریش گوێبیستیان دەبن، بەڵام نەک بەو مانایەی کە لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا دەیبینین. لە سیستەمی دیموکراسیدا بارۆمەتری سیاسی ھەیە، دەزگای تایبەت ھەیە ھەموو ھەفتەیەک ڕای گشتی دەپێوێت و لە دەزگاکانی چاپ و ڕاگەیاندنیشدا دەرئەنجامی ئەو ڕاپرسییانە بۆ خەڵکی بەیاندەکرێت. ئەم ئەرکە لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا دەدرێتە دەست دەزگای ئاساییش و موخابەرات و ھەندێک شانە و خانەی حیزبیی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕای خەڵکی و چەشنی بیر و بۆچوون و چێژی سیاسییان. ئاشکرایە زانیاری مەرجی تێگەشتنە لە کۆمەڵگا، بەڵام ئەم تێگەیشتنەی دەسەڵاتدارێتی کوردیی تێگەشتنێکی ئیستیخباراتییانەیە، واتە کۆکردنەوەی زانیاری بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی داخوزییە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵکو بە مەبەستی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی کۆمەڵگایە. مەسافەی نزیکیی دەسەڵات لە خەڵکەوە بەقەد نزیکیی لوولەی تفەنگەکانیانە لە سنگی ناڕەزایانەوە. ئێمە دەتوانین دیموکراسییەتی سیستەمێک تەنھا لەو جۆرە چرکەساتانەدا بپێوین کە دەسەڵات ترسی لادورستدەبێت. گەر کوشتن و ڕاوکردن بوو بە بەشێک لە سیناریۆی دەسەڵات، ئەوا دەبێت لەوە بترسین کە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات دەبێت بە پەیوەندی نێوان نێچیر و ڕاوکەر. دەسەڵاتداران وەک ڕاوکەرێکی بێویژدان و دڵڕەق و کۆمەڵگاش وەک نێچیرێکی بێپەنا. ئەم ڕاستییەشمان لە کوشتنی منداڵێکی وەکو (ڕێژوان)دا بینی. ڕێژوان نموونەی یەکێکە لەو منداڵە نائومێدانەی کە دەسەڵات نە ویستی گوێیلێبگیرێت و نە ویستی بزانێت چیدەوێت، بەڵام ئامادەبوو کە ھاتە گۆ و قسەیکرد فیشەکی پێوەبنێ. ئەوەی پارتی لە سلێمانی کردی نیشانیداین کە حیزب تا ئێستاش چەند بێنرخانە تەماشای ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە دەکات، چۆن ھەمیشە ئامادەیە بە زمان و کەرەسەکانی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ ھەموو دەنگێکی نەیار بەخۆی
دەدوێت

حیزب وەکو دەزگایەکی داوەریی
 
پارتی دەیەوێت پێمان بڵێت جیاوازی نێوان بکوژ و کوژراو تەنھا لەوەدایە کە بکوژ زووتر دێتەدەست. بەم مۆدێل و تێگەشتنە عەسابانەیە لە سیاسەت دەیەوێت قەناعەتمان پێبکات کە تاکە تاوانی بکوژەکانی لقی چوار ئەوەیە کە دەستوبردانە ئەو گەنجە گێرەشێوێنانەیان کوشت و ڕاونا، ئەگینا ئەگەری ئەوە ھەبوو کە ئەوان ئەمەیان بە ئەندامەکانی پارتی بکردایە. ئەم لۆژیکە لە ڕاڤەکردن تەنھا یەک شتمان پێدەڵێت ئەویش ئەوەیە کە حیزب لە کوردستاندا لەسەرووی یاساوە ماف بە ئەندامەکانی خۆی دەدات بەئارەزووی خۆیان تەفسیری چەمکی ”بەرگری لەخۆکردن“ بکەن و لەوێشەوە شەرعییەت بە ھەموو کردەیەکی مافیایی بدەن. با ئەو کردەیەش دژ بە کەسانی مەدەنی بێت، دژ بە گەنجانێک بێت کە ھێشتا تەمەنی یاسایی ئەوەیان نییە تونای حوکمی عەقڵانیان ھەبێت و بتوانن دەرئەنجامی کردەکانیان ھەڵسەنگێنن. بەشێوەیەکی گشتیی چەمکی یاسایی "کوشتنی بەئەنقەست" لە فەرھەنگی سیاسیی حیزبیی کوردیدا غائیبە، چونکە دەسەڵاتداران پێیانوایە حیزب و ئەندامەکانی شایستەی ھەڵە نین و موقەدەسن. ئەمەش مانای ئەوەی ھەموو ھێرشێک بۆسەر بارەگای حیزب ھێرشە بۆسەر پیرۆزیی حیزب و ھەموو بەرگرییەک لە ڕەمزییەت و ئەندامانی حیزب و موڵک و سامانەکانی، بەرگرییە لە یاسا. یەکسانکردنی حیزب بە یاسا و یەکسانکردنی بەرپرسانی حیزب بە داوەر گاڵتەکردنێکی گەورەیە بە سەرجەمی ئەو یاسایانەش کە دەسەڵاتداران خۆیان لە وڵاتەکەدا دروستیدەکەن. بۆیە ئێمە چیدی بەلامانەوە سەیر نییە ھێزێکی پڕچەکی سیاسیی، کە ھەموو دەزگاکانی ئاساییش و پۆلیس و یاسا و مروری بەدەستەوەیە، دژ بە چەندسەد گەنجێک کە بەردەبارانی بارەگاکانیان دەکەن جگە لە زمانی فیشەک زمانێکی تری نییە بۆ دوواندن و گفتوگۆکردن. بەلامانەوە سەیر نییە، چونکی ئەم ھێزە بووە بە دێناسۆرێکی ترسناک کە بە زمانی مردن قسەدەکات

سەرکردایەتی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کۆبوونەوە و بەھەردووکیان بەیانێک دەرکرد. کۆی ناوەڕۆکی ئەم بەیانەش بریتی بوو لەو ڕستەیەی کە لەڕاستیدا ھێندە سواوە، کەس تاقەتی گوێگرتنی نەماوە: "یاسا دەبێت سەروەر بێت". ھەردوو حیزبەکە داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن "لێكۆڵینه‌وه‌ی وردو جدی له‌م بابه‌ته‌ بكات و ئه‌وانه‌ی پیلانیان داڕشتووه‌و ئه‌وانه‌ی بۆنه‌ته‌ ئالییه‌تی ئه‌و پیلانانه‌و ئه‌م ئاژاوه‌یان له‌شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی دروستكردو بوونه‌ هۆی ناڕه‌حه‌تی و دڵه‌ڕاوكێی جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ری شاره‌كه‌ راده‌ستی یاسا بكات و سزا بدرێن". پرسی ئێمە ئەوەیە ئەو ئەدرەسەی ئەم پەیامەی ئاراستەکراوە لە کوێیە؟ لە ھەولێرە یان سلێمانی؟ حکومەت ھی کێیە؟ حکومەتێک کە ھی خۆتانە و ئێوە داوا لە خۆتان دەکەن کە بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێت؟ ئەمە لە چ وڵاتێکی دیموکراسیدا ئەم چەشنە گاڵتەکردنە بە عەقڵی خەڵک دەکرێت؟ ئەرێ بەڕاست ئەو کۆمەڵە گەنجە بوون بە ھۆی ناڕه‌حه‌تی وبێزاری و دڵه‌ڕاوكێی ‌خەڵکی‌‌ شاره‌كه، کاتێک بەردەبارانی بارەگای پارتییان کرد، یان ئەوانەی کە فیشەکبارانی ئەم گەنجانەیان کرد و پاشان ھێزی تایبەتی حیزبیی گەورەیان لە پایتەختەوە ڕەوانەی "شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی" کرد. کامیان ھۆکاری پشێوی و ناڕەحەتییە، ئەو کۆمەڵە گەنجە بەردبەدەستە یاخود ئەو چەکدارانەی کە کەی بیانەوێت تەقە لەو کەسانە دەکەن کە حیزب بۆیان دەستنیشاندەکات. ئەمە چ لۆژیکێکی سیاسی ترسناکە سەرۆکی وڵاتێک ھێزێکی تایبەت بەخۆی لە پایتەختەوە ڕەوانەی شارێکی تر بکات بۆئەوەی بارەگایەکی حیزب بپارێزرێت

ئێمە وایدەبینین کە چەندین فۆرمی جیاواز لە کردەی کوشتن ھەیە؛ کوشتن ھەیە دەچێتە خانەی قەتڵەوە و کوشتنیش ھەیە شایستەی لێخۆشبوونە و ھەندێکی تریشیان دەبێت بە ھۆکاری ناوبانگ پەیداکردن. ئەم کوشتنەی ڕێژوان، کوشتنێکی سیاسییە، قەتڵە بەمانا تەعەمودییەکەی، ناشەرعییە بەمانا ئێتیکییەکەی، شایستەی لێخۆشبوون نییە و تاکە ناوبانگێکیش بۆ مێژووی ئەم حیزب و دەسەڵاتەی دروستبکات بریتییە لە ناوبانگی وەحشیگەریی.

حیزب وەکو ھێزی سەرووی یاسا

لە دونیای دەوڵەتی یاسادا زاراوەیەک ھەیە کە گرنگیی تایبەتی خۆی ھەیە، ئەویش پرنسیپی(Proportionality) واتە بەکارھێنانی ھێزی گونجاو بە قەبارەی ئەو کێشەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیاریکراو. واتە بۆ نموونە نابێت دەبابە بەکاربھێنرێت بۆ بەگژاچوونەوەی لایەنگرانی توندوتیژی تیپێکی دوگۆڵیی، یاخود تەور بەکاربھێنرێت بۆ بڕینی لقی گوڵێک. ئەم پرنسیپە تەنھا پرنسیپی دەوڵەتە نەتەوەییەکان نییە کە دیموکراسییەتیان کردووە بە فۆرمی حوکمڕانی، بەڵکو بووە بە بەشێک لە پرنسیپی پەیوەندی نێوەنەتەوەییەکان و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە گرنگێتی گەورەی پێدەدرێت. بۆ نموونە کاتێک ھێزێکی گەورە دژ بە ھێزێکی بچووک دەجەنگێ و چەکی ھێندە قورس بەکاردەھێنێت کە لەو جەنگەدا ھیچ پاساوێکی بەکارھێنانیان نییە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە ناڕەوا دەبینرێت. یاخود کاتێک پۆلیس لە وەڵامی خۆپیشاندەراندا زیادەڕەویی دەکات و بە شێوەیەکی نایاسایی توندوتیژی بەکاردەھێنێت. ئەمانە دیارە ھەموو شەڕی یاسایین، ئێمەش لێرەدا مەبەستمان نییە درێژەی پێبدەین، ئەوەی گرنگە ئەو پرنسیپەی سەرەوەیە کە دەسەڵاتی دیموکراسی کاری پێدەکات و ڕێزیدەگرێت. وەڵامی ھێزەکانی پارتی، وەکو دەسەڵاتێکی زەبەلاح، وەڵامێکی کوێرانە و دڵڕەقانەی ھێزێکی پڕ چەک بوو دژ بە ھێزێکی مەدەنی کە تەنھا بەردی پێبوو. جارێ سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوونبکەینەوە کە چەک و حیزبی مەدەنییان نەگوتوە، بارەگای حیزبی چەکدار و دەوڵەتی یاسایان نەگوتوە، حیزب و تەمێکردنی خۆپیشاندەرانیان نەگوتوە. سەرجەمی ئەم ئەرکانە ئەرکی پۆلیسن، کەچی لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە وەزیفەی حیزب و دەزگای پاراستن و ئاساییشەکانی. ئەمە تەنھا لە فەرھەنگی سوڵتانییەتی سیاسیی حوکمڕانی کوردیدا دەتوانین جێگای بکەینەوە. بەبێ کۆتاییھێنانیش بەم مۆدێلە لە حیزبایەتی و لە دابەشکردنی ڕۆڵ و کار نابێت چاوەڕوانی ئەوەبین کە کۆمەڵگای ئێمە لە کارەساتەوە بەرەوە کارەساتی تر و خراپتر نەڕوات. ئەم مۆدێلە لە حیزبایەتیی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو ھەموو کێشەیەی لە کوردستاندا ھەیە.

حیزب وەکو مەعەسکەر

بارەگاکانی حیزبی کوردی کاراکتەری مەعەسکەریان ھەیە، نەک تەنھا لەبەرئەوەی کە ئەندامەکانی چەکدارن و ھەمیشە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریی و ھێرشکردن، بەڵکو لەبەرئەوەی جەوھەری ئەم پێکھاتەیە لە ھەموو عەقڵییەتێکی مەدەنی داماڵراوە. چ حیزبێکی مەدەنی لە دونیادا جورئەتی ئەوەی ھەیە بە ڕایگشتی بڵێت ”ئەوەی پەلاماری بارەگاکانمان بدات، دەستی دەبڕینەوە“، ئەمە لە کاتێکیشدا کە ھەموو دەزگا بەناو شەرعییەکانی حکومەت لەژێر ڕکێفی خۆیدابێت. چ سیاسەتمەدارێکی دیموکرات دەدۆزیتەوە جورئەتی ئەوەی ھەبێت خۆی یاسا و ڕێسا بۆ شەرعییەتی تەقەکردن دابنێت و پێمان بڵێت: ئەی چەکدارەکانمان چیبکەن، چاوەرێبکەن تاوەکو خۆپیشاندەران دەیانکوژن! ئێمە نازانین ئەم درۆ گەورەیە تا کەی کە باس لە سەروەریی یاسا دەکات. ھەر حیزبێک بیەوێت دەستی خەڵک ببڕێتەوە لەوەدەکەوێت حیزبێکی سیاسی و مەدەنی بێت و دەبێتە ھێزێکی مافیایی بەربەریی. کاتێک دەسەڵاتدارێتییەک، بانگەشەی ئەوە دەکات شەرعییەتی سیاسی ھەیە چونکی لەڕێگای بەشێوەی دیموکراسی ھەڵبژێردراوە، بەڵام خۆی بخاتە ئاستی بکوژێک و بڕیاری تەقەکردن بە مەبەستی کوشتن دژ بە مناڵێکی شانزە ساڵان دەربکات، چ شەرعییەتێکی بۆ دەمێنێتەوە؟

حیزب وەکو ھەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی

دەسەڵاتدارانی ئەم دوو حیزبە ساڵانێک قەناعەتیان بە شەقامی کوردیی ھێنابوو کە مەترسیی گەورە لەسەر ”ئەزموونە ساواکەیان“ ھەیە، لە ھەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە و چواردەوریان بە دوژمن تەنراوە، بۆیە خەڵکی دەبێت دەستبەرداری رەخنەگرتن و چاوەڕوانی چاکسازیی بن و سیاسەتی ئەم دەسەڵاتدارێتییە "حیزبزادە"یە نەخەنە ژێر پرسیارەوە. دوای نۆزدە ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەم ئەزموونەدا، گفتوگۆی ناو ڕایگشتی ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت ئەوەی مەترسی لەسەر ئاساییشی کوردستان دروستکردووە خودی سیاسەت و کارکردن و بیرکردنەوەی ئەم دوو پارتەن، نەک خواستی گروپە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەورەکردنی سنوورەکانی ئازادی و دادپەروەیی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی. پارتی و یەکێتی ساڵانێکە لە ھەوڵی ئەوەدان ھەموو دەنگێکی ئازاد بە پاساوی ئەوەی مەترسییەکان لەسەر ئەزموونی کوردیی گەورەن، بخنکێنن. ڕاستییەک ھەیە کە دەبێت باسی بکەین، ئەویش ئەوەیە کە ھۆشمەندیی و بەرپرسیارێتی تاکی ئێمە بەرامبەر ئەم مێژووە و ئەم ئەزموونەی کە ھەموو بەشدارن لە دروستکردنیدا، وایکردووە ھۆشمەندانە دەستبەرداری بڕێکی زۆر لە ڕەخنە ڕیشەییەکانی بێت و بۆ چەندین ساڵ لە کەموکورتییەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە حیزبییە چاوبپۆشێت. بەڵام تێپەڕبوونی نۆزدە ساڵ و گەیشتن بەم قۆناغە پڕتەنگەژەیە ئەو ھەستەی لای گەنجان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردوە کە ئینسانی کوردی خەریکە لەپێناوی ئەم چەمکی ئاساییشەدا ئازادییەکانیشی لەدەستدەدات. ئەم مەسەلەی ئاسایشە بووە بە ئامرازێک بۆ درێژەدان بەو سیاسەت و ئاکارانەی دونیای ئێمەیان لێوانلێوکردوە لە بێدادیی و گەندەڵیی و ڕق. ئەم دۆخەش ھەستێکی دەستەجەمعیی لای خەڵک دروستکردوە کە مەسەلەکە پەیوەندی بە پرۆسەی بەگەمژەکردنێکی بەئەنقەستی خەڵکەوە ھەیە. چونکە ناڕەوایە تۆ باسی سەروەریی یاسا و پاراستنی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن و دیالۆگ بکەیت، بەڵام لەسەر شەقامەکانی سلێمانی بەبەرچاوی پۆلیسی شارەکە و ڕاگەیاندنی کوردیی و ناوچەیی و جیھانییەوە گوللەبارانی خۆپیشاندەران بکەیت. دوای ئەوەش ئەو پاساو و بەیاننامانە دەربکەیت کە دۆخەکە ئاڵۆزتر و کێشەکان گەورەتر و سەختتر دەکەنەوە

پارتی و یەکێتی دونیایەکیان دروستکردوە تییایدا چەمکی ”ئاساییشی نەتەوەیی“ بۆتە گەورەترین درۆی سیاسیی خۆماڵیی کە ئەم دوو حیزبە بۆ دەمکوتکردنی ھەموو ڕەخنەیەکی جیدی و دڵسۆزانە دایانھێناوە. ئەم ئەفسانەیە کاتێک دەبێت بە نوکتەیەکی سیاسی کە پاش دەرچوونی بەیاننامەیەک لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە دەسەڵات دەکەوێتە ھەلەکەسەمای سەربازیی و ڕووی لوولەی دەبابە و تۆپەکانی دەکاتە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن. قسەیەک ھەیە دەڵێت: ھەموو ھەڵەیەک کاتێک ئەوانی تر بیکەن گەلێک گەمژانە دێتە بەر چاو. دەسەڵات بەیاننامەیەکی ئۆپۆزیسیۆن بە ھەڵەیەکی سیاسی لەقەڵەمدەدا، تا ئێرە ھەقی خۆیەتی و دەتوانێت شەڕی ئەرگومێنێت بە ئەرگومێنت بکات، بەڵام کە لە شەڕی ئارگومێنتەوە بوو بە کردەی لەشکرکێشی و ڕۆچوونە ناو زمان و ڕێزمانی شەڕی ناوخۆەوە، کە بووە بە ئامرازێک بۆ ترساندنی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگای کوردی، ئیدی تەماشاکردنی ئەم کردەیەی دەسەڵات لە دیدێکی بێلایەنەوە دەبێت بە گەمژەییەکی سیاسی گەورە. گەمژەییەک کە شایانی لێبوردن نییە. ھەر ئەم نماییشە ھەڕەشەئامێزەش بوو کە لە کاتی خۆپیشاندانەکەی ١٧ی مانگدا بوو بە واقیع، کە لە کوشتن و بریندارکردنی گەنجان لە سلێمانی و سووتاندنی باره‌گاکانی گۆڕاندا لە ھەولێر و سۆران بەرجەستەبوو

بنیامین فرانکلین، ئابووریناس و سیاسەتمەداری ئەمریکی دەڵێت: ئەوەی لەپێناوی ئاساییشدا دەستبەرداری ئازادی بێت، لەکۆتاییدا ھەردووکیان لەدەستدەدا. ئەم دۆخەی ئێستای دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی بەرھەمیانھێناوە دەقاودەق بەرجەستەبوونی ئەم بۆچوونەیە
 
ئێمە لەمڕۆدا سەروکارمان لەگەڵ سیستەمێکی سیاسیدا ھەیە کە کێشەی گەورەی لەگەڵ خۆی و لەناو خۆیدا ھەیە. ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە کوردییە سوڵتانییەتێکی سیاسی بەرھەمھێناوە کە لە قۆناغەکانی سەرەتایدا بووبوو بە بار بەسەر کۆمەڵگاوە، لە قۆناغی ئێستاشدا بووە بە بار بەسەر خۆیەوە. ئەم سیستەمە، دەسەڵاتدارێتییەکی سیاسییە کە خۆی ڕێگرە لەبەر دەم ھەموو چاکسازییەکی خۆی و لە دوادەرئەنجامیشدا خۆی دەبێت بە چاڵھەڵکەنی گۆڕی خۆی. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی ناتوانێت بەبێ پەلاماردانی کۆمەڵگا بژی، چونکە ئەوەی دەیکات و دەیڵێت و بیریلێدەکاتەوە دژ بە قازانج و ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگایە. ئەمڕۆ مردنی ئەم مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییە لە ھەموو ناوچەکەدا دەبینین

Thursday 24 February 2011

سەرەتایەک بۆ قسەکردن لەسەر شۆڕش

 بەشی یەکەم

ئاراس فەتاح

شۆڕش بڕیار نییە. شۆڕش نە بڕیارێکی عەقلانییە و نە کردەیەکی ناعەقلانی. تێگەشتنێکی ھەڵەیە گەر ئێمە شۆڕش بە "بڕیار"ی كەسێک یان گروپێک یاخود حیزبێکی پێشرەو(ئەڤانگارد) تێبگەین. دیارە سەرچاوەی سەرھەڵدانی ئەم تێگەشتنەش دەربارەی شۆڕش، ئایدیۆلۆژیای مارکسیزمە. ھاوکات لەگەڵ سەرھەڵدانی خەباتی چەکداریی رزگاریخوازانە بە ڕابەرایەتی حیزبێکی پێشڕەو، مۆدێلی مارکسیزم دەبێت بە نموونەیەک بۆ بەرپاکردنی "شۆڕش". لە مێژوودا نموونەی ئەو کۆبوونەوانە زۆرن کە ھەندێک خەباتگێڕ لەشوێنێکی نھێنی، لە ناوچەی دووردەستی دەسەڵات بێت یان دەرەوەی وڵات، کۆدەبنەوە و بڕیاری ھەڵگیرسانی خەباتی چەکداریی دەدەن. ئەمەش لە مێژووی سەرھەڵدانی شەڕی پارتیزانیدا بەرجەستەدەبێت. ئەم چەشنە بڕیارە لەو تێگەیشتنە سیاسییەوە سەرچاوەدەگرێت کە پێی وایە شۆڕش دروستدەکرێت، چونکە دۆخەکە لەوە زیاتر تەحەمول ناکرێت. ئاشکرایە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمە و میللەتانی تردا ناوی ئەو مۆدێلە نراوە "شۆڕشی ڕزگاریخوازی چەکداریی". ئەم تێگەشتنە بۆ شۆڕش تێگەشتنێکی ناتەواو و پڕ کێشەیە 

من لێردەدا دەمەوێت بە کورتی لەسەر دوو ڕەھەندی شۆڕش بدوێم. یەکەم، شۆڕش داڕشتنی پلانێکی پێشوەخت نییە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دژ بە دەسەڵات. دووەمیش، شۆڕش لەلایەن ئەوانەوە دانامەزرێت کە پیشەیان شۆڕشکردنە. بە مانایەکی تر شۆڕش نە بڕیارە و نە پیشە 

سەرەتا دەمەوێت بڵێم شۆڕش بڕیارێکی عەقلانی یان ناعەقلانی نییە، بەڵکو کردەیەکی عەفەوی و خۆبەخۆیە و لە چرکەساتێکدا لەدایکدەبێت کە نە کات و نە شوێنێکی دیاریکراوی ھەیە. رۆزا لوکسمبورگ دەشێت یەکێک بێت لە یەکەمین ئەو بیریارە گرنگانەی کە پێناسەی دیاردەی شۆڕشی بەشێوەیەکی زانستییانە کردبێت. لوکسمبورگ دابڕاو لە مارکسییەکانی تری سەردەمی خۆی، شۆڕش بە ئەرکی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا(ئەڤانگارد) نابینێت کە پلانێک لەسەرەوەرا بۆ شۆڕش دادەڕێژن، بەڵکو وای دەبینێت کە شۆڕش کردەیەکە لە خوارەوەوە سەرھەڵدەدات و بە شێوەیەکی عەفەوییانەش لەدایکدەبێت. بکەرەکانی شۆڕشیش کەسانێک نین کە پیشەیان ئەم کارە بێت. واتە شۆڕشگێڕبوون پیشە نییە، بەڵکو کردەیەکە کە لە دووتوێی شۆڕشەوە فێری دەبن. لوکسمبورگ دەڵێت: "ھەر وەکو چۆن مەلەکردن لەناو ئاودا فێردەبین، ئاوھاش شۆڕشگێڕێتیی لە ناو شۆڕشدا فێردەبین". شۆڕش قسەکەر و چالاکوان و ھونەرمەندی خۆی بەرھەمدەھێنێت. بڕێکی زۆر لەو کەسایەتییانەی کە لەکاتی شۆڕشدا سەرھەڵدەدەن، کەسانێکن کە پێشر ناویان نەبووە و نەناسراون. زۆرینەی کاتەکان شۆڕش لەلایەن کەسە نەنەناسراوانەوەکانەوە دروستدەکرێت و پاشان ناسراوەکان دێنە پێشێ. شۆڕش تاکە ڕووبەرێکە کە تیایدا کەسە نەناسراوەکان کەسایەتییە ناسراوەکان بەجەماوەر نماییشدەکەن. ئەوە شۆڕشە کە ڕۆشنبیرە ڕیتۆرییەکانی یان خەتیبەکانی جارێکی تر لە ڕووبەری گشتی بە کۆمەڵگا دەناسێنێتەوە. سەیر نییە ھەموو کەسە کەمھەڵوێست و بێھەڵوێست و تەنانەت ئینتیھازییەکانیش دوای ڕووداوە سەرەکییەکانی شۆڕش و ڕەوینەوەی ترسەکان ھەڵپەی ئەوەیانە زۆرترین بڕی شۆڕشگێڕێتیی بە ڕووبەری گشتی نیشانبدەن و زۆرترین ڕادیکالییەت و توندترین ھەڵوێست بەرامبەر بە دەسەڵات نیشانبدەن 

کاتێک دەڵێین شۆڕش خۆڕسکە، مەبەست لەوەیە کە کەس ناتوانێت بۆمان ڕوونبکاتەوە بۆچی لە ساڵی ١٧٨٩ دا لە فەڕەنسا شۆڕش ڕوویدا و لە شوێن و کاتێکی تردا، کە ھەمان بارودۆخی ھەبوو، ڕوینەدا. یانیش بۆچی شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕوویدا و لە ساڵ و شوێنێکی تردا بەرپا نەبوو. بەھەمان شێوە ئەم خەسڵەتەی شۆڕش لە زۆرینەی شۆڕشەکانی تردا بەرجەستە دەبێت، وەکو لە ئەزموونی ھەردوو شۆڕشی تونسیی و میسریشدا بینیمان، کە دیارە دوا شۆڕش نابن ھەڵگری ئەم ڕەگەزە جەوھەرییانەن 

بەکورتی، کاتێک دەڵێم شۆڕش بێکات و بێشوێنە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە شۆڕش لەناو "بێزەمەنی"ی و "ناشوێنی"دا لەدایکدەبێت. شۆڕش بەمانا مۆدێرنەکەی، وەک لە شۆڕشی ئەمریکی و فەرەنسیدا دەیبینین، ھەڵگری چەند خەسڵەتێکە کە لە ھەموو شۆڕشەکانی دوای ئەم دوو شۆڕشەدا دەبینرێتەوە. گرنگترین خەسڵەتی شۆڕش "پێداویستیی مێژوویی" نییە، بەڵکو "دامەزراندنی ئازادی"یە. "دامەزراندنی ئازادی" ئەو تێزەیە کە ھانا ئارێنت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا، "دەربارەی شۆڕش"، تاووتوێیدەکات و دژ بە چەمکی مارکسیانەی "پێداویستی مێژوویی" دایدەنێت. ئەوە مارکسیزم بوو وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی ڕادیکاڵ ویستی کات و شوێن بۆ شۆڕش دیاریبکات و بیکات بە حەتمییەتێکی مێژوویی. مارکسیزم یەکەم ئایدیای شۆڕشگێڕیی بوو کە ستراتیژی ئەوە بوو شۆڕش زووتر لەکاتی خۆی بەرھەمینھێنێت و ئەو شوێنەش دیاریبکات کە دەیەوێت تیایدا بەرپایبکات. واتە بەشێوەیەک ھەڵسوکەوت لەگەڵ شۆڕشدا بکات وەک ئەوەی شتێکە کە دەکرێت دروستبکرێت. ڕەھەندێکی تری ئەم تێگەشتنە بۆ شۆڕش بریتییە لە چەمکی ھەناردەکردنی(Export) شۆڕش. واتە تەماشاکردن و ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ شۆڕشدا وەکو کەرەسەیەک کە شایانی ھەناردە بێت بۆ ھەر شوێنێک بویسترێت

زەمەنی شۆڕشی پرۆلیتاریی بۆ مارکسیزم بریتی بوو لە کاتی سەرھەڵدانی بۆرژوازی و شوێنەکەشی بریتی بوو لە وڵاتانی سەرمایەداریی. ئەم تێگەشتنە میکانیکییە دەربارەی شۆڕش بووە ھۆکاری سەرھەڵدانی بەرھەمھێنانی قەیسەرییانەی "ولادة قيصرية" شۆڕش و دروستکردنی گۆڕانکاریی لە سیستەمە سیاسییەکاندا. یەکێک لەو میتۆدانەش بۆ بەرھەمھێنانی ئەم مێژووە خوازراوە بریتی بوو لە خەمڵاندنی شۆڕش. واتە داھێنانی حیزبی پێشڕەو و دەستپێکردنی خەباتی پارتیزانیی لە گوندەکانەوە بۆ دروستکردنی دۆخی بابەتیی و مەوزوعیی لە شارەکاندا. بەم چەشنە ھەموو گروپێکی یاخیی یان ناڕازیی دەیتوانی چەک پەیدابکات و دەستبکات بە شەڕی پارتیزانی و ناوی خۆی بنێت "پێشڕەو" و "شۆڕشگێڕی ڕابەر" و لەدوادەرئەنجامدا بانگەشەی"شۆڕشی جەماوەری"یش بکات بێئەوەی جەماوەری لە پشتبێت 

بەڕای من مارکسیزم چەندە ئایدیایەکی شۆڕشگێڕییە، ھێندەش چەمکی "شۆڕش"ی لە مانا ڕاستەقینەکانی خۆی وەدەرھێنا، کاتێک شۆڕشی کرد بە کردەیەک کە دروستدەکرێت و شۆڕشگێڕێتیشی کرد بە پیشەیەک کە مومارەسەدەکرێت. پاشان ھەر ئەم تێگەیشتنە بوو بۆ شۆڕش کە لە ھەندێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی لە جیھانی سێدا ئەزموونکرا. ئەم ئەزموونە لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات دەیان کادیری حیزبیی ناکارامەی کرد بە فەرمانبەر و ئیداریی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا و چەندین سەرۆکی دیکتاتۆریشی بەرھەمھێنا، کە جگە لە ڕابردووە شۆڕشگێڕێتییەکەیان شتێکی تریان نەبوو پێشکەشی داھاتووی کۆمەڵگای بکەن. ئەم ڕابردوودوێتییە تەنھا پاپەندی ئەزموونەکان نەبوو، بەڵکو پتر لە ئاستی عەقڵ و زمان و کولتووردا بەرجەستەدەبوو. ھەر ئەم دوو ڕەھەندەی شۆڕش بوو، واتە کردنی شۆڕش بەشتێک کە دروستدەکرێت و بە کارێکیش کە مومارەسەدەکرێت، بەڵای گەورەیان لەو وڵاتانەدا بەرھەمھێنا کە دەسەڵاتدارێتی شۆڕشگێڕێتی تێدا بنیاتنرا. ئەم خودە شۆڕشگێڕانە کە دەسەڵات دەگرنە دەست، وێنایەکی ترسناکیان لەسەر خۆ بۆ دروستدەبێت و دەیان دەزگاش دروستدەکەن بۆئەوەی ئەم وێنایانە بکەن بە ڕاستیی مێژوویی و سیاسیی. ئەم شۆڕشگێڕانەی دوێنێ کولتووری لاساییکردنەوەی یەکتر دادەھێنن، بەچەشنێک زمان و عەقڵییەت و ستایلی جلوبەرگ و قسەکردنەکانیشیان ھاوچوونی یەک دەبێت، یان باشتر بڵێم ماشێنێکی کۆپیکردنی کەسایەتی دەخرێتەگەڕ کە بەچەشنێکی ترسناک ئیستنساخی سەرۆکەکان بۆخوارەوە بەرجەستەدەکات. زۆرینەی سەرکردە شۆڕشگێڕەکان لەبەرئەوەی ھێشتا توانای ئەم کۆپیکردنەی خۆیانیان نییە، منداڵ و خێزان و عەشرەت دەکەن بە کۆپییەکی شەرعیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی سیاسییان و تاپۆکردنی لەسەر خێزان و بنەماڵەکەیان 

وەکو گوتم شۆڕش لە جیھاندا "بێزەمەن" و "بێشوێن"ـە، بەڵام کە لەدایکدەبێت دەچێتە ناو زەمەن و شوێنی ئینسانەکانەوە و جارێکی تر مێژوو دەنووسێتەوە. ھەر کاتێک شۆڕش وەکو کردەیەکی عەفەویی دەستپێدەکات، شوێن و کاتی تایبەتیش بە خۆی بەرھەمدەھێنێت. بۆنموونە لە ھەموو وڵاتێکدا پایتەختەکان شوێنی کۆبوونەوە و چڕبوونەوە و بەرجەستەبوونی دەسەڵاتەکانن. لەناو ھەموو پایتەخت و شارێکیشدا شوێنە گشتییەکان، جێگا پڕ سیمبۆلەکان، زانکۆکان و مزگەوتەکان و شەقامە گەورەکان، بەگشتی ئەو شوێنانەی کە مانای گەورەیان لە ژیانی ڕۆژانە و سیاسی و کولتووری مرۆڤەکاندا ھەیە، دەکرێن بە شوێنی کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی جەماوەر. لە شۆڕشدا ھەندێ شوێنگە دەبن بە خاڵی یەکلاکەرەوەی ململانێ لەسەر دەسەڵات. بۆ نموونە ئیستگەکانی تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ، ھێڵی ئینتەرنێت و تەلەفۆن و کارەبا و فرۆکەخانە دەبن بە ئامانجی شۆڕش، لە ھەندێ کاتیشدا بە ئامانجی دەسەڵات. بۆ نموونە بڕینی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە ئەزموونی میسریدا یەکێک بوو لەو میتۆدانەی کە دەوڵەت بەکاریھێنا بۆ نەھێشتنی پەیوەندی. دواتریش نێوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە وێنەی کۆشکی سەرۆکایەتی، مەڵبەند و بارەگا حیزبییەکان و ھتد... دەبن بە خاڵی وەرچەرخان لە یەکلابوونەوەی ململانێکاندا 

بە ھەمان شێوەی رەھەندی "شوێن"، شۆڕش "کات"ی خۆشی بەرھەمدەھێنێت. لەڕاستیدا لەم سەردەمەی ئێستاماندا تەکنەلۆژیای نوێ لە وێنەی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی مۆبایل دوو کەسەرەی سەرەکیی کۆمۆنیکاسیۆنی ئینسانەکانن لەگەڵ یەکتر. دۆزینەوەی یەکتر و ڕێکخستنی کات و شوێنەکانی کۆبوونەوە لەڕێگای ئەم ئامێرە تازانەی پەیوەندیگرتنەوە بووەتە ھۆکاری خێراکردن و ئاسانکردن و مۆبیلکردنی پەیوەندییەکان و ڕێککەوتنی ئینسانەکان. سەرەتا مرۆڤەکان لەناو فەزای گشتی ڤیرتوئێللیدا کۆدەبنەوە و لەوێدا گفتوگۆدەکەن و لەسەر کات و شوێن و ئامانجەکان ڕێکدەکەون. پاشان ئەم ڕووبەرە ڤیرتوئێللییە دەگوازرێتەوە ناو ڕووبەری واقیعی کۆمەڵگا کە خۆی لە ڕووبەری گشتیدا بەرجەستە دەکات. بەھەمان شێوە، شۆڕش دەشێت ئەو کاتانەی کە مانای سیمبۆلییان ھەیە بیانکات بە بەشێک لە مێژووی خۆی بۆ گەیشتن بە کۆکردنەوەی زۆرترین کەس. بۆ نموونە ڕۆژانی پشوو یان یادە نیشتیمانییەکان یاخود میژووییەکان دەشێت چرکەساتی گونجاو بن بۆ کۆبوونەوەی جەماوەریی گەورە. ھەندێ جاریش چالاکینواندن لە کاتی شەواندا رەنگە کاریگەریی گەورەی ھەبێت تا خۆپیشاندەران بەئاسانی لەلایەن دەزگاکانی ئاساییشەوە دەستگیرنەکرێن... ھتد. بەشێوەیەکی گشتی شۆڕش کەشفکردنەوەیەکی نوێی ھەردوو کایەی(شوێن و زەمەنی) ئینسانەکانی کۆمەڵگایە 

شۆڕش دووبارە یەکتردۆزینەوە و بەیەکترگەشتنەوەیەکی تری کەسەکانە لە زەمەن و شوێنێکی نوێدا. شۆڕش لەدایکبوونەوەیەکی تری زەمەن و شوێنی مرۆڤەکانە. ھەموو ئەو شوێنانەی کە دەبنە گۆڕەپانی شۆڕش جارێکی تر بە فۆرمێکی نوێ لەدایکدەبنەوە و مێژووی خۆیان دووبارە دەنووسنەوە. بە مانایەکی تر شۆڕش داھێنانی "شوێنکات"ێکە بۆ دووبارە ناسینەوەی کۆمەڵگا بۆ خۆی. شۆڕش بەیەکگەشتنی ئینسانەکانە لە شوێنکاتێکی تردا. ئەم بەیەکگەشتنەی خەڵک تەنھا کەرنەڤاڵێکی دەستەجەمعیی ڕادەربڕینی یەک چەشن لە ناڕەزایی نییە لەناو ڕووبەری ڕای گشتیدا، بەڵکو لە جەوھەردا نمایشکردنی جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵگایە. مومارەسەکردنی ئازادییە لە ڕێگای گفتوگۆی ئازادانەی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکانەوە. لە کاتی شۆڕشدا کۆی ئەو جیاوازییانەی ناو کۆمەڵگا کە ڕژێمەکان سڕیبویانەوە و ئەو شوناسانەی کە لە تاک و گروپەکان سەنرابووەوە، دوبارە کەشفدەکرێنەوە و گروپەکان شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان وەردەگرنەوە. شۆڕش دروستکردنی شوێنکاتە بۆ کردەی ئازادی 

گرنگترین "شوێن" و "زەمەن"ی شۆڕش خودی ڕووبەری گشتییە. بێ ڕووبەری گشتیی ناتوانین وێنای شۆڕش بکەین. شۆڕش لە جەوھەردا ڕۆچوونە بۆناو ڕووبەری گشتیی و قسەکردن و ڕاگۆڕینەوە و مومارەسەکردنی ئازادییە، لە دواییشدا دەبێت بە دروستکردنی فشار بەشێوەی جەماوەریی. ئەم جەماوەرە چەندە لەدەرەوەڕا یەکدەنگ و یەکڕەنگ دەبینرێت، ھێندە لەناوەوەڕا جیاواز و ناتەبایە. شۆڕش کۆکردنەوەی کۆی ئەو دەنگە جیاوازانەی ناو کۆمەڵگایە، بۆئەوەی ڕووبەرێک بدۆزنەوە تیایدا تەعبیر لە خۆیان بکەن. شۆڕش بەدەنگھاتنی ئەو دەنگانەیە، کە تا پێش ڕوودانی شۆڕش، ھیچ شوێن و زەمەنێکیان نەبوو قسەی تیابکەن و تیایدا چالاک بن و تەعبیر لە خۆیان بکەن. بەگشتی، شۆڕش گەڕانەوەی کردەی گفتوگۆی کۆییە بۆ ناو ڕووبەری گشتی و ئامادەبوونی ڕای گشتییە لەناو کردەی سیاسەتدا. بە مانایەکی تر شۆڕش دامەزراندنەوەی پلورالیزم و جیاوازییە لە ناو ڕووبەری گشتیدا. گەر رەھەندی یەکەم و سەرەکیی شۆڕش دامەزراندنی ئازادی بێت، ڕەھەندی دووەمی بریتییە لە دۆزینەوەی پلورالیزمی کۆمەڵگا. لە شۆڕشدا ئازادی بەمانا پلورالییەکەی دووبارە بەرھەمدەھێنرێتەوە، کۆمەڵگا خەسڵەتە جەوھەرییەکانی خۆی کە فرەدەنگیی و فرەڕەنگییە دووبارە دەدۆزێتەوە و ڕێزی لێدەگیرێت. شۆڕش دووبارە گەڕانەوەی ڕێزە بۆ ئەو تاک و گروپانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێڕێزییان بەرامبەر کراوە 

شۆڕش کردەیەکە کە خۆی پاساوی خۆی دەکات و پێویستی بە پاساوی کەس نییە و داوای مۆڵەت لە ھیچ کەس و دەزگایەک ناکات و پێویستی بە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆش نییە بۆئەوەی دەستپێبکات. شۆڕش خۆڕسکە، ھەر خەسڵەتی خۆڕسکییەکەشێتی کە نایەڵێت کەس بە ئاسانی سواری سەری بێت. بۆیە کاتێک شۆڕش بوو بە شۆڕش لەناو ڕای گشتیدا، ئەوا دەتوانین دڵمان بە سەرەتا گرنگەکانی دیموکراسی خۆش بێت، ئەویش گفتوگۆکردن و گوێگرتنە لەیەکتر و دوزینەوەی چارەسەرێکی بەکۆمەڵە بۆ کێشە بونیادییەکانی کۆمەڵگا. فۆرمی ئەم چارەسەرانەش فرەچەشنە، چونکی ھەر گروپ و ڕێکخراوێک تەعبیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکات. بۆیە شۆڕش لەدوادەرئەنجامدا بردنەوەی ئازادیی و پلورالیزمە، نەک دروستکردنەوەی ھێزێکی تر کە پرۆژەی کوشتنی ئەوی تری پێ بێت. شۆڕش ھێنانی پەرلەمانە بۆ ناو ڕووبەری گشتی، واتە پێکەوەژیان و قبووڵکردنی کۆی ئەو ڕاو بۆچوون و بەرژەوەندییە جیاوازانەیە کە کۆمەڵگایەک لەخۆی دەگرێت و دەسەڵات ڕێگرە لێی. کە دەڵێم شۆڕش ھێنانی پەرلەمانە بۆ ناو ڕووبەری گشتی مەبەستم لە کۆتاییھێنانە بە بڕیاری تاکڕەویی، ماڵئاواییکردنە لە تاریکیی و دروستکردنی شەفافییەتە لە کردەی سیاسیدا. بە مانایەکی تر بڕیاردانە بە شێوەیەکی کۆیی و لەسەر بناغەی قەناعەتپێھێنان و ڕێککەوتن، نەک تەنھا زۆرینەو و کەمینە. بەم چەشنە یەکەم پیادەکردنی دیموکراسییەت لە شۆڕشدا لەناو ڕووبەری گشتیدا بەرجەستەدەبێت. ھەر ئەمەشە وا لە یەکێکی ھانا ئارێنت بکات کە بڵێت: هەر کاتێک "دەسەڵات کەوتە دەست شەقامەکان" دەتوانین باس لە شۆڕش بکەین. بەمانایەکی تر هەر کاتێک شەقام دەسەڵاتی گرتە دەست، دەتوانین باس لە شۆڕش بکەین، چونکی لەکاتی شۆڕشدا نە پۆلیس و نە ئاساییش دەسەڵاتیان بەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکاندا نامێنێت. لەکاتی شۆڕشدا دەسەڵات ئاڕاستەکەر نییە، بەڵکو ئاراستەکراوە. لەکاتی شۆڕشدا دەسەڵات لەوەدەکەوێت کۆنترۆڵی شەقامبکات، بەڵکو شەقام دەسەڵات ئاراستەدەکات 

خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەموو مۆدێلەکانی دەسەڵاتدارێتی پێش مۆدێرنە و مۆدێرنەی تاقیکردەوە، تەنھا شتێک کە مابوو ئەزموونی بکات، مۆدێلی ھەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنیان بوو لە فۆرمی شۆڕشی جەماوەرییدا. گەرچی ئەم مۆدێلەش، مۆدێلی سەدەی ھەژدەھەمە لە ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێمە دواکەوتووین یان درەنگکەوتووین، بەڵکو مانای ئەوەیە کە گەڕان بەدوای ئازادیدا قەد کۆن نابێت، گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئازادیی ھیچ کاتێک درەنگ نییە. شۆڕش بە چەمکە مۆدێرنەکەی مانای گەڕانەوەی چەمکی ئازادییە بۆ ناو سیاسەت و دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و دەستاودەست پێکردنیانە لەڕێگای ھەڵبژاردنی ئازادەوە و بنیاتنانی عەدالەت و یەکسانیی کۆمەڵایەتیی و کردنی نرخی ئینسانە بە نێوەندی ھەموو پێوەرەکان. لەدوادەرئەنجامدا شۆڕش گێڕانەوەی ڕێز و پاراستنی مافەکانی ئینسانە لەڕێگای دامەزراندنی ئازادییەوە.
لە ڕاستیدا قسەکردن لەسەر شۆڕش بێ قسەکردن لە ئازادی وەکو قسەکردن لە گۆڕان وایە بێ گۆڕانخوازان.

بەشی دووھەم تایبەت دەبێت بە کورد و شۆڕش

پەیامی بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، مەریوان وریا بۆ خۆپیشاندەران لە سەرای ئازادی

خۆشەویستان،

سەرەتا حەزدەکەین پێتان ڕابگەێنین، کە ئێمە هەموو شتێک دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین کە بەزووترین کات هەموومان بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و لە نزیکەوە لەگەڵتاندا بین و ھاوپشتتان بین. ئێمە وەک کۆمەڵێک نوسەر کە خۆمان بە هاوڕێتان دەزانین... دەزانین ئێوە چ ڕۆحێکی حەماسەتدارتان هەیە، دەزانین چەند خەونتان هەیە بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر، دەزانین گەلێک توڕەن لە ڕابوردووی خۆتان... بەڵام هەم حەماسەت و هەم خەون و هەم توڕەیی گەر هێمنی و لێبوردنی لەگەڵدا نەبێت، دەبنە چەکی ترسناک دژی خەونەکانتان و دژی پاشەڕۆژیش. ئێوە کە ئەمڕۆ لێرەدا کۆبوونەتەوە دەبێت بزانن کە بەر لە ئێوە زۆربەی نەوەکانی پێش خۆتان هەم شۆڕش و هەم ڕاپەڕینی کردوە... بەڵام دەرەنجامی هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە ئەوە بووە کە ئەمڕۆ دەیبینن، دونیایەک کە پڕە لە ناهەقی و کۆمەڵگایەک کە مایەی توڕەیی ئێوەیە. دەبێت هەر یەکێ لە ئێوە لە خۆتان بپرسێت: بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی تر بە نوشوست و ناشیرینی تەواو بوون. بەبڕوای ئێمە یەکێک لە هۆ هەرە گەورەکانی نەبوونی لێبوردن و قەبووڵ نەکردنی ئەوی ترە. ئەوەی لە ڕۆژی 17 ی شوباتدا تەقەی لە ئێوەکرد، کەسێکە فێرنەبووە ئەوی تر قەبووڵبکات، سەرکردەکانی فێری لێبوردەیی و خۆشەویستی و بەزەییان نەکردوە... ئەوانە لە ماناکانی ئازادیی تێناگەن... جا گەر ئێوەش وەک ئەوان خاوەنی لێبوردەیی و خۆشەویستی نەبن، ڕێز لە جیاوازیی و ئازادیی نەگرن، جیاوازییەک لە نێوان بکوژ و کوژراو و زوڵمکەر و زوڵم لێکراودا نامێنێتەوە... ئەوانەی ئەمڕۆ لێرەدا بە ناوی میللەتەوە پێڵاو دەگرنە خەڵک، دەشێت ئەو جۆرە لە شۆڕشگێڕ دروستبکەن کە لە پاشەڕۆژیشدا لە شوێنی دەسەڵاتەوە پێڵاودەگرنە میللەت... ئەو مرۆڤەی خەونی جوانیی هەیە، بە تەنیا خەون بۆ خۆی نابینێت، بەڵکو خەون بۆ نەیارەکانیشی دەبینێت... ئەوەی کە دەیەوێت دنیا باشبکات، دەبێت دونیا بۆ هەمووان باشبکات، ئەوانەی لە خۆی دەچن و ئەوانەی لە خۆی ناچن... ئەمڕۆ ئێوە پێویستیتان بە هاوپشتیی هەیە، پێویستە پەیامی خۆشەویستیتان بۆ هەموو ئینسانێک پێبێت، هەتا بۆ ئەوانەی لەگەڵتاندا نین، ئەوانەی پێڵاو دەگرنە خەڵک و جیاوازیی دەکوژن و ئازادی ڕادەربڕین پێشێلدەکەن، دۆستەکانتان لێدەکەن و دوژمنتان بۆ زۆردەکەن. ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی دوژمن نییە، بەڵکو بە زیادکردنی دۆست. ئێوە بۆیە لەم مەیدانەن بۆئەوەی کۆمەڵگایەک دروستبکەن هیچ ئینسانێک پێڵاو و گوللە نەگرێتە خوشک و برای خۆی، بۆئەوەی نەفرەت لە توندوتیژیی بکەن، بۆئەوەی کۆمەڵگایەک بونیادبنێن جیاوازی و ئازادی قەبووڵبکات... بۆئەوەی جیاوازیی نەبێت بە دوژمنایەتیی، بەڵکو ببێت بە هەمەڕەنگیی ... ئەوکاتە ئێوە گەورەن و هەموومان شانازیتان پێوەدەکەین کە باوەش بۆ ئازادی و لێبوردن و خۆشەویستی بکەنەوە. سلێمانی ئەوکاتە جوانە کە جێگای هەموو ڕەنگ و هەموو دەنگێکی تێدا ببێتەوە... کوشتنی ڕای تر و ڕق و کینە و بوغز و توندڕەوی کۆمەڵێک نەخۆشین وەکو گەندەڵی پیس و ناشیرینن. ڕق باوکی گەندەڵی و تۆڵە دایکێتی... سلێمانی دەبێت بە شارێکی ناشیرین گەر جێگای هەموو هەمەڕەنگییەکی سیاسی تێدا نەبێتەوە... دەبێت بە شارێکی ناشیرین هەتا گەر یەک ئینسانیش هەبێت هەستبکات کە لێرەدا جێگای نابێتەوە و هەستبکات دەرکراوە. سلێمانی دەبێت بەشارێکی تەنھا گەر ئێمە ھەر خۆمان قبوڵبێت. ئێوە بۆیە لێرەن، چونکە هەستدەکەن لەم کۆمەڵگایە دەرکراون، نەوەک بتانەوێت کەس لەم کۆمەڵگایە دەربکەن. ئێوە لێرەن چونکە دەستێکی بێڕەحم تۆڵەی لێکردونەتەوە و مافی بردون، نەوەک لە بەرئەوەی دەتانەوێت تۆڵەبکەنەوە و مافی کەسانی تر زەوتبکەن... ئەوکاتەش هەموو کوردێک و هەموو کۆمەڵگا دەبێت بە پشت و پەناتان کە نوێنەری هەموو ڕەنگێک بن و بتانەوێت ماف بۆ ئەوانە بگێڕنەوە کە تا ئێستا جێگایان نەبۆتەوە... داوای چاکسازی، داوای داماڵینی چەک، داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، داوای دیموکراسییەتێکی ڕاستەوخۆ، داوای مۆنۆپۆڵ نەکردنی دەسەڵات، داوای ئابوورییەکی شەفاف، داوای هەڕەشەنەکردن بە جەنگی ناوخۆیی، داوای دوورخستەنەوەی چەک و پارە لە سیاسەت، ئەوانەن ئامانجی ئێوەن... کە ئامانجی گەورەن و پێویستی بە کۆمەکی هەموو ئینسانێکی دڵسۆزی ئەم کۆمەڵگایە هەیە ... ئێوە دەبێت بە جۆرێکی ئاشتتیخوازانە هێز بۆ ئەم خەونە گەورەیە کۆبکەنەوە، نەوەک ڕق بڕوێنن... ئەم خەونە ئەوەندە گەورەیە کە پێویستی بە ووزەی هەموومان هەیە، لە قوتابییەکەوە تا مامۆستایەکی زانکۆ، لە کەیبانوویەکی بێئیشەوە تا پێشمەرگەیەک ... ئێوە دەبێت هەوڵبدەن هەموو ئینسانێک، جا بیرکردنەوەی سیاسی هەرچۆنێک بێت، لە پاڵتاندا بوەستێت، کەس هەست نەکات ئەم سەرایەی ئێوە، سەرای ئازادی ئەو نییە. ئێوە لێرەوە دەبێت بەوانە بڵێن کە تەقەیان لێکردن، وەرن و لێرەوە لێمانەوە فێربن و لەگەڵماندا لە گوناهتان پاکببنەوە. برایان لەدڵیشەوە داوادەکەین خوشک و خێزانەکانتان بابێنە ئەم مەیدانەو لەگەڵتاندا خەون ببین، ناکرێت مرۆڤ بیەوێت دونیا بگۆڕێت و خوشکەکەی خۆی لە ماڵەوە شاردبێتەوە، ئەم ڕاپەڕینە دەبێتە ڕاپەڕینێکی تەنھا و ناشیرین گەر نەتوانێت ژیان و شوێن و مانای ئافرەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا بگۆرێت... دەبێت بە نمایشێکی پیاوانەی ڕووت گەر نەتوانێت هەڵگری ئومێدی دایک و خوشک و کەیبانوو و خانمەکان بێت... شتێک نییە ناوی ئازادی بێت، بێئامادەبوونی ئافرەتانیش ...
 
با ئەم بزوتنەوەیەی ئێوە ناوبنێن، شۆڕشی ڕێز و خەون... ڕێزی هەموو جیاوازییەک و خەونی پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ گەنجان و منداڵەکانمان. ئێوە دەبێت ئەو هێزەبن کە جوانیی و خۆشەویستیی نیشتیمان بۆ ژیانی سیاسیی دەگێڕنەوە، نەوەک زمانی گوللە و مەنتیقی پێڵاو و وشەگەلێک کە کەرامەتی ئینسانەکان برینداردەکات، کۆمەڵگای ئێمە پرە لە مەنتیقی پێڵاو و گوللە، لەوە زیاتر پێڵاو و گوللەمان ناوێت، پێڵاوەکان لەدەست پێڵاوھاوێژەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە گوڵیان بدەنێ... تفەنگەکان لەدەست چەکدارەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە شیعر و گۆڕانییان بەنێ، کۆمەڵگای ئێمە پڕە لە توندوتیژیی، پڕە لە ڕق، لەوە زیاتر کینەمان ناوێت، دوژمنی گەورەی ئێوە ئەوانەن کە فێری توندڕەوی و ڕقتان دەکەن....
بزانن هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی، ھەر ڕاپەڕینێک، ھەر شۆڕشێک بە لێبوردن و قبوڵکردنی جیاوازیی دەستپێنەکات، بە کوشتنی ئازادیی و دیکتاتۆرییەت کۆتایی دێت...
جارێکی تر خۆشەویستی و پشتیوانیی ئێمە بۆ ئێوە.

لەگەڵ ڕێز و سڵاوی بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، مەریوان وریا بۆ ھەموو ئامادەبووانی سەرای ئازادی

ئەم پەیامە ئەمڕۆ، چوارشەممە، ٢٣ی فێبریوەری ٢٠١١ لە لایەن ھاوڕێی ئازیزمان ڕێبین ھەردییەوە خوێندرایەوە.

بەرەو دروستکردنی دونیایەکی بێ ڕق و بێ تۆڵە و بێ توندوتیژی

21 February 2011

دەقی ئەو نامەیەی من و کاک مەریوان وریا قانیع و کاک بەختیار عەلی کە ئاراستەی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی و شارەکانی تری کوردستانمان کرد و لەلایەن ھاوڕێی بەڕێزمان ئاسۆس ھەردییەوە خوێندرایەوە.
ئاراس فەتاح


ھاوڕێیان، سڵاوی مەریوان و ئاراس و بەختیار لە گەنجانی کوردستان

شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی لە ھەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا بەڕێوەیە. ئەم ناڕەزاییانە لەدایکبووی ئەم ساتەوەختەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو مێژوویەکی درێژی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و بێباکیی سیاسی و بێدادیی کۆمەڵایەتی لەپشتەوەیە. ئەم ناڕەزاییانە مۆدێلێک لە حوکمڕانیی دروستیکردوە کە لە ھەموو شوێنێکی دونیادا لە قەیرانێکی قوڵ و فرەلایەندایە. ئەم شەپۆلە تازەیە ھەم ھاوزەمانە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە و گرنگ لە ناوچەکەدا و ھەم ھاوڕێیە بە گەورەبوونی بڕو ڕادەی نائومێدیی کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی ھوشیاریی ئینسانی ئێمە بە مافە سەرەتاییەکانی خۆی. بزوێنەری ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەش نەوەیەکی گەنجە کە خاوەنی توڕەییەکی بێوێنەیە لە مێژووی ئێمەدا. ناوکی ئەم شەپۆلە نەوەیەکە لەو دونیا پڕکێشە و ناشرینەدا لەدایک و گەورەبووە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە دروستیانکردوە.
 
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم ھێزە گەنجە ناڕەزایەی دونیای ئێمە ئیرادەیەکی گەورە و بەھێزی نیشانداوە بۆ بەرگریکردن لە داواکاری و گەیشتن بە دابینکردنی خواستەکانی. ئەوەی بۆ ئێمە جێگای تێڕامانە پەیامەکانی ئەم شەپۆلە ناڕەزاییەیە. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەم ناڕەزاییانە داواکارییە ئەخلاقییەکانی دونیای ئێمەیان ھەڵگرتوە و بەم ھۆیەشەوە بڕوا و متمانەی زیاد لە ھێزێکی کۆمەڵایەتی تری بردۆتەوە و دەباتەوە. لەلایەک ئەوەی شوێنی خەمی ئێمەیە ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوە گەورەیە بزووتنەوەیەک نەبێت کە تەنھا شوێنی چەند داواکارییەکی تێدابێتەوە کە بە دانیشتنێکی پەرلەمان چەند پەیمانێکی سەرۆکەکان جێبەجێبکرێت. لەلایەکی تریشەوە ئەوەی شوێنی خەمی ئێمەیە ئەوەیە ئەم ناڕەزاییانە بە ئاراستە و ئاقاری توندوتیژییدا ببرێت و ئەو وزە سیاسییە گەورەیەی کە دروستبووە لە ململانێ و کێبەرکێی لاوەکیدا سەرفبکرێت و دواجار لەو نێوەندەدا خەڵکانێک سوار ملی شەپۆلەکەی بن کە دوژمنی دیموکراسییەتن. ئێمە زۆرمان پێ گرنگە ئەم ناڕەزاییە بەجۆرێکی ئاشتیخوازانە بەردەوامبێت، نەک لەبەرئەوەی کۆمەڵگای ئێمە حەزی بەو دۆخە ھەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارێتی کوردی ساڵانێکە ھەر پەیماندەدات و جێبەجێیناکات، ساڵانێکە بە کردەوە دەرکەوتوە گەر ئەم دەسەڵاتدارێتییە فشاری مەدەنیی بەردەوامی لەسەرنەبێت ئامادە نییە لانی ھەرە کەمی چاکسازی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاسایی و فەرھەنگی ئەنجامبدات.
داڕشتنی داوا سەرەکییەکان و قەتیسنەدانی لە ھەندێ داواکاری کە ڕووداوەکانی دوای ١٧ی مانگ دروستیان کرد، یەکێکە لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئەم بزوتنەوەیە. ئەم بزوتنەوەیە موڵکی کەس نییە، مۆڵەتی سیاسی لە ھیچ ڕێکخراوێک وەرنەگرتووە، تەنانەت پێویستی بە مۆڵەتی یاساییش نییە لە وەزارەتی ناوخۆیی یان ئاساییش، چونکی یەکێک لە داخوازییەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەبێت لابردنی ئەو کۆت و بەندە یاساییانە بێت کە لەسەر ئازادی تەعبیر و لەسەر بیروڕا دانراون. بۆیە لەپاڵ پێداگرتن لەسەر ئەو داواکارییانەی کە پاش کارەساتەکانی ڕۆژانی دوای ١٧.-٢ دروستبوون، ھاوکات پێویستی بە دووبارەزیندوکردنەوەی ھەموو ئەو داواکارییە بنەڕەتییانەیە کە بەر لە ڕووداوەکانی ١٧.-٢ دروستبووبوون. بۆ نموونە چەسپاندنی دیموکراسییەتی ڕاستەقینە، بەگژاچونەوەی گەندەڵی، نەھێشتنی بە حیزبیکردنی ژیانی گشتی و فەزای ئیداری و بواری ئابووری و دونیای سیاسی بەو شێوەیەی لە نۆزدە ساڵی ڕابردوودا بینیومانە. پێداگرتنی دەستبەجێ لەسەر سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەیەکی ڕیشەیی و تازەی ھێزە چەکدارەکان لە کوردستاندا و تووڕدانی ھەموو چەکەکان لە شارەکانی کوردستان. وەکو دەبینین ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی نیشانیداین چۆن ئامادەگی ئەو مۆدێلە لە ڕێکخستنی ھێزە چەکدارەکان لە کوردستاندا ھەمیشە و ھەردەم کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆدا دادەنێت. چۆن ئەگەری بە عەسکەرتارێتی ژیانی مەدەنیمان ھەمیشە ئەگەرێکی گەورەیە.

ئێمە وایدەبینین کە گۆڕینی ئاکاری دەربڕینی ناڕەزاییەکان یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکان. ئەوەی لە ئێستادا تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان بە ڕۆحێکی توڕەوە ئەنجامئەدرێن و زۆربەی جاریش بە بەریەکەوتن و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس و ھێزەکانی ئاسایشدا کۆتاییان پێدێت. ئەمە نەک تەنھا بەفیڕۆدانی وزەی سیاسی ئەم بزوتنەوەیەیە، بەڵکو مەترسی گەورەشی لەسەر بە توندوتیژبوونی تەواوی بزوتنەوەکە و تۆرانی ھێزە کۆمەڵایەتییەکانی تر لە بزوتنەوەکە، لێدەکەوێتەوە. بۆ ڕێگرتن لەم دۆخە و بۆ بەخشینی ئاکارێکی دیکە بە بزوتنەوەکە ئێمە بەگرنگی دەبینین چالاکییەکان لەداھاتوودا شێوازی عەقلانی و مەدەنییانەی ھێمن وەربگرن و لەباتی تەعبیرکردن لە توڕەبوونێکی بێھیوا، تەعبیر لە ئیرادەی ژیان و لەدایکبوونی دونیایەکی نوێ بکات و بەهانەش نەداتە دەست پۆلیس و ئاسایش پەنجە بۆ گەنجانەکان بەرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە گۆڕەپانەکان تەنھا نەبن بە شوێنی ناڕەزایی و ھوتافی سیاسی، بەڵکو ببن بە شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن و چالاکیی کولتووری و بکرێن بە جێگایەک کاراکتەری ئەم بزوتنەوەیە تێیدا گەورەبێت و گەشەبکات.

زۆر گرنگە ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەیەکی بێکولتوور نەبێت. ئەو وێنایە نەبەخشێت کە تەنھا شەڕی چەند گەنجێکی بێکار و توڕەیە، بەڵکو پێویستە خەسڵەتە سەرەکییەکانی خۆی وەربگرێت، کە خەباتە لە پێناوی دیموکراسییەتی زۆرتر و باشترکردنی ژیاندا، ململانێیە لەنێوان قەڵەم و گوللەدا، ناکۆکییە لەنێوان دەسەڵاتێکی دزێو و نەوەیەکی نائومێددا. ئەم کولتورەش نابێت کولتورێکی پیاوانەبێت، بەشداربوونی ژنان لە دروستکردنی ئەم کولتورە نوێیەدا بەشدارییەکی گرنگە، ڕێگردەبێت لە بونیادنانەوەی دونیای ئێمە بەھەمان ئەو بەھایانەوە کە ژیانی ئافرەتی ئێمەی گۆڕیوە بۆ ژیانێکی پڕ کۆسپ و تەگەرە و ئازار. ھیچ بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی نییە بەبێ کولتوورێکی تایبەت بە خۆی. سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیش لەوەدایە کە کولتوورێکی نوێ بەرھەمبھێنێت کە حیزبەکانمان لە ململانێی سیاسی خۆیاندا بەرھەمیان نەھێنا و پیادەیان نەکرد. ئەم نەوە نوێیەی کۆمەڵگای ئێمە، بە کوڕ و کچییەوە، دەتوانێت ببێت بە ھەوێنی دامەزراندنی کولتوورێکی نوێ بۆ بەرگریکردن لە ژیان و دامەزراندنی ئازادی راستەقینە. با گۆڕەپانەکانی شار بگۆڕین بۆ مەیدانی قسەکردن لەسەر ئازادی و دیموکراسی و ڕۆشنگەری، نیشاندانی ھونەر و خوێندنەوەی شیعر و نمایشکردنی شانۆ و ژەنینی موزیک و گۆرانیگووتن. با مەیدانەکان بکرێن بەشوێنی ڕێزلێنان و یادکردنەوەی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکان.

ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دووبارەگەڕانەوەی ڕێزە بۆ هەموو ئەو ئینسانانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێڕێزییان بەرامبەر کراوە. ئەم نەوە تازەیەی ئێمە دەبێت بەزمانێکی شارستانی قسەبکات و بە دەنگێکی ڕوون و بەرز بیر لە پاشەڕۆژبکاتەوە. خۆی لە هەموو توندوتیژییەک بپارێزێت و کولتوورێک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت کە بە ڕووکارە ئاشتیخوازانەکەی هەموو ئەوانە شەرمەندەبکات کە توندوتیژی بەکاردەهێنن. سروشتی ئاشتیخوازانە مەرجە بۆئەوەی کارێکبکات سۆزی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر بۆخۆی ڕابکێشێت و هەم خۆی لە خۆی تێبگات و هەم دونیاش لێی تێبگات. دەبێت ئەوە دەربکەوێت کێ خوازیاری ئاشتییە و کێ دژی فەوزایە؛ ئێوە یان دەسەڵاتداران، دەبێت ئەوە دەربکەوێت کێ خوازیاری سەروەری یاسایە؛ ئێوە یان حیزبەکان... ئێوە لێرە نین بۆئەوەی تۆڵەبکەنەوە، ئێوە لێرەن بۆئەوەی دونیا بگۆڕن و پاشەڕۆژ دروستبکەن و ئازادییەکی ڕاستەقینە دابمەزرێنن. ئێوە با نوێنەری نەوەیەک بن کە جۆرە ئەخلاقێک دادەڕێژێت خاڵییە لە توندوتیژی، باسەرەتای مێژووییەکی نوێ بن، نەوەک درێژکراوەی دوێنێ. مێژوویەک کە بەتۆڵە دەست پێناکات، بەڵکو بە خۆشەویستی و لێبوردن و بە گەڕانەوەی ڕێز بۆ مرۆڤەکان دەستپێدەکات.

شۆڕش و ئازادی

02 February 2011

ستونی رۆژی سێشەممەی ھەفتەنامەی ئاوێنە

ئامانجی ھەموو شۆڕشێک بریتییە لە بنیاتنانی جیھانێکی نوێ و دەستپێکردنی سەرەتایەکی تر بۆ پێکەوەژیانی ئازادانەی نەوە و گروپ و چینەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ یەکتر. یەکێک لە گەرانتییەکانی ئەم جیھانە نوێیەش بریتییە لە داھێنانی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نوێ کە نەک تەنھا دونیایەکی نوێ بۆ نەوەی تازە دروستبکات، بەڵکو کۆی پرسە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان دووبارە ڕێکبخاتەوە. گومانی تێدا نییە پرسە گرنگەکانی شۆڕش لە سەردەمی نوێدا، واتە دوای شۆڕشی فەرەنسی و ئەمریکی، بریتی بوون لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکترو سەروەرێتی یاساو جیاکردنەوەی کایەی شەخسی لەکایەی گشتی و چارەسەرکردنی پرسی ھەژاری و ھتد. مارکس لە دێرێکدا زۆر بە قووڵبینی ئەم پرسە گرنگانەی کۆکردۆتەوەو دەڵێت: پرسی سەرەکی شۆڕش بریتییە لە بەشداریی سیاسی و بەشھەبوونی ئابووری. کێشەی زۆرینەی ئەو شۆڕشانەی کە لەسەر چەشنی شۆڕشی فەرەنسی دەوڵەتی کۆمارییان دروستکرد، بریتیبوون لەجێبەجێکردنی زۆرینەی ئەم خاڵانەی سەرەوە، بەڵام بەجۆرێکی زۆر فۆرماڵ و بیرۆکراتی کە لەدوای شۆڕش چەمکی ئازادی تیایاندا فەرامۆشدەکرا. ھانا ئارێنت دەڵێت: "شۆڕش بریتییە لە دامەزراندنی ئازادی". ئەو ڕای وایە فەرامۆشکردنی چەمکی ئازادی و کردنی شۆڕش بە پرسێکی کۆمەڵایەتی ڕووت، یەکێکە لە داھێنانەکانی شۆڕشی فەرەنسی، کە تاوەکو ئەمڕۆ کێشەی گەورەی بۆ ئازادی دروستکردووە. بەپێچەوانەی شۆڕشی ئەمریکییەوە کە پرسی ئازادی تیایدا گەورەترین ڕووبەری داگیرکردووە.
 
ئازادی بە پێچەوانەی ھەژارییەوە مەسەلەیەکی ئیداریی نییە، تاوەکو لە ڕێگای ھەندێک ھەنگاوی حکومەت و پەرلەمان و یاساوە چارەسەربکرێت. ئازادی مەسەلەیەکی جەوھەریی ژیانی مرۆڤەو خەسڵەتی سەرەکی شۆڕش پێکدەھێنێت. لەخۆڕا نییە لەدوای ھەموو شۆڕشێکەوە تەنھا دەموچاوەکان ناگۆڕێن، بەڵکو دەستووری دەوڵەتیش دەگۆڕدڕێت.
 
شۆڕش ھەڵگێڕانەوەی کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانەو گۆڕانە لە تێڕوانینماندا بۆ چەمکی ئازادی. تەنھا لەو شوێنەدا کە لەڕێگای گۆڕانەوە سەرەتایەکی نوێ ھاتبێتەکایەوە، دەتوانین باس لە شۆڕش بکەین. لەکوێدا وێناکانمان لەسەر چەمکی ئازادی ڕوون و قووڵ بوونەوە، لەوێدا مافی ئەوەمان ھەیە دەربارەی شۆڕش قسەبکەین. لەکوێدا فۆرمێکی نوێی دەوڵەت لەڕێگایەکی ڕادیکالانەوە بنیاتنراو جەستەیەکی سیاسی نوێ پێکھێنرا لەوێدا دەتوانین باس لە شۆڕش بکەین. لەکوێدا خەباتی ڕزگاریخوازیی بە ئازادییەوە گرێدرا، لەوێدا دەتوانین باس لە شۆڕشی ڕاستەقینە بکەین. ئەمە ئەو وێنایانەیە کە ھانا ئارێنت لە کتێبە گرنگەکەیدا بەناوی "دەربارەی شۆڕش" بۆمان دیاریدەکات. ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە بەکورتی لەسەری بووەستم بریتییە لە چەمکی ئازادی لە خەباتی ڕزگاریخوازی و شۆڕشدا. ئارێنت جیاکاری لەنێوان ھەردوو کایەی خەباتی ڕزگاریی و شۆڕشدا دەکات، چونکی وای دەبینێت کە جەوھەری شۆڕش بریتییە لە ئازادی، نەک سەربەخۆیی. لەوانەیە ھەندێک بپرسن چۆن دەبێت ئێمە باس لە سەربەخۆیی بکەین بێئەوەی باس لە ئازادی بکەین؟ لەڕاستیدا مەبەستی ھانا ئارێنت دابڕانی ئەم دوو کایەیە نیە لەیەکتر، بەڵکو جەغدکردنە لەسەر گرنگیی پەیوەندی نێوانیان. ئێمە ناتوانین باس لە خەباتی ڕزگاریخوازانە بکەین، گەر باس لە ئازادی نەکەین. ئەوەی بۆ ئارێنت گرنگە بریتییە لە دروستکردنی وێنەیەکی بەرجەستە بۆ شۆڕش و وێنایەک بۆ ئازادی. شۆڕش یاخیبوونی گروپێک نییە بۆ گەشتن بە خواستێکی دیاریکراوی گروپیی، بەڵکو بریتییە لە گۆڕانێکی دراماتیکیی و جەوھەریی لەکۆی پێکھاتی بیرکردنەوەماندا بۆ ئازادی و دەوڵەت و کۆمەڵگا. گەر ئەم ڕەگەزانە لە کردەی شۆڕشدا ئامادە نەبن، ئەوە دەبێت باس لە شتێکی تر بکەین، بۆ نموونە یاخیبوون.
 
کێشەی زۆرینەی ئەو گۆڕانە سیاسییانەی لە جیھانی سێدا ڕوودەدەن، بریتییە لە فەرامۆشکردنی چەمکی ئازادی و جەغدکردن لەسەر سەربەخۆیی نەتەوەیی و ھەژاری و گەشەی ئابووریی و ھتد. ڕاستیی ئەوەیە، ئێمە دەتوانین بەمانا کلاسیکییەکەی سەردەمی کۆلۆنیالیزم سەربەخۆیی وەدەستبھێنین، بەڵام مەرج نییە ئازادییە فەردی و گشتییەکانمان لە دەوڵەتی "پۆست کۆلۆنیال"دا پارێزراو بێت. لە کوردستانی خۆشماندا کێشەکە ھەمەلایەن و سەراپاگیرە، چونکی "شۆڕشی کوردی" گەشتە دەسەڵات، بەڵام نە توانی پرسی ئازادی و یاسا سەروەر بکات، نە کێشەی ھەژاریی چارەسەر بکات و نە ئابووریی کوردستان بنیاتبنێتەوەو نە عەدالەتی کۆمەڵایەتیش دابینبکات. کۆی ئەمانەش گەندەڵییەکی ترسناکی بەرھەمھێناوە کە شەرعییەتی دەسەڵاتدارێتی سیاسی کوردی نەک تەنھا خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو سەرجەمی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی حیزبییانەی خستۆتە بەر مەترسیی. دەسەڵاتدارانی کوردستان ھیچ بارۆمەترێکی(گەرمیپێو) سەربەخۆیان پێ نییە کە پلەی ناڕەزایی خەڵکی کوردستانیان بۆ بپێوێت.
 
بۆ روونکردنەوەی زیاتری ئەم تێزەی سەرەوە لە دونیای خۆماندا سێ نموونە باس دەکەم تا پیشانیبدەم کە سەربەخۆیی نەتەوەیی مانای گەشتن نییە بە بەھەشتی ئازادی. نموونەی یەکەم دانان و تێپەڕاندنی یاسای خۆپیشاندان بوو لە پەرلەمان و ئیمزاکردنی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە. ئەمە باشترین نموونەیە بۆ بەھەڵەتێگەشتنی ھێزە شۆڕشگێڕە چەکدارەکانی دوێنێی ئێمە بۆ ئازادی. نموونەیەکی تر بریتییە لە مامەڵەکردنی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ زاراوەی "جێندەر"دا و ناردنەوەی یاساکە بۆ پەرلەمان. ئەمەش لەبەرئەوەی کە کەمایەتیەک لە ھێزە کۆنزەرڤاتیڤ و دینییەکانی کۆمەڵگای ئێمە ناڕازیبوون لە بەکارھێنانی ئەم زاراوەیە. ئەم نموونەیە بۆمان دەردەخات کە "رێزگرتنی زۆرینە" لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە "ھەمیشەپاساو" نیە بۆ واژووکردنی یاسایەک وەک لە یاسای خۆپیشانداندا پێیانفرۆشتین. گرفت لەوەدایە گەر ئێمە واژوونەکردنی یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لەسەر وشەی جێندەر و داواکەی سەرۆکی ھەرێم بەجیدی وەربگرین، کە دەڵێت ئێمە دەبێت وشەیەکی خۆماڵی بۆ "جێندەر" دابنێین، ئەوا دەبێت حکومەت و پەرلەمان لەکاربخەین، چونکی چەندین زاراوە ھەیە کە نە ناوەرۆکیان خۆماڵییەو نە داھێنانی کوردیین، کەچی ئەمڕۆ کۆڵەکەی حکومەت و سیاسەتن. با لە زاراوەی "دیموکراسی" و "پەرلەمان" و "فراکسیۆن"ـەوە دەستپێبکەین تادەگاتە خودی وشەی "پارتی" کە حیزبەکەی سەرۆک پێیناسراوە، ئەمانەو دەیان زاراوەی تر کە ژیانی سیاسی و کولتووری ئێمەی لەسەر بەندە، نە وشەی کوردیین و نە بەرھەمی خۆماڵیشن. ئەی ئێستا بۆچی لەبەرخاتری چەند مەلایەک کە لە زاراوەی "جێندەر" تێناگەن، دەبێت یاسایەک بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرلەمان؟ کەچی خەمی دەیان ھەزار کەس کە لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای ھەموارکردنی یاسای خۆپیشاندان و پاراستنی ئازادییەکانمان دەکەن، وەکو ڕاو ویژدانی زیندووی کۆمەڵگاکەمان جێگای ڕێز نەبێت و بەھەند وەرنەگیرێت!
 
نموونەی سێھەم: مامەڵەی دەسەڵاتە لەگەڵ ئاییندا. ھیچ کاتێک ئایین ھێندەی ئەم ماوەیەی دەسەڵاتدارێتی کوردی دەستی نەخستۆتە ناو ژیانی فیکریی و ھونەریی کۆمەڵگای ئێمەوە. ھیچ کاتیکیش ڕۆشنبیرانمان ھێندەی ئەم ماوەیە بە بەیاننامە و پێشنیاری خراپەوە ڕووبەرووی ڕۆڵی خراپی ئایین و لەوێشەوە دەسەڵاتدارێتی کوردی نەبوونەتەوە. لەڕاستیدا لێرەدا نامەوێت باس لە ئیشکالییەتی ئەو پێشنیارانە بکەم کە بڕێک لە ڕۆشنبیران کردبوویان و من لەگەڵ زۆرینەی ئەو چارەسەر و تێگەیشتنانەدا نیم کە پێشنیاریان کردبوو، بەڵکو قسەم لە سەر چەمکی ئازادییە کە خەمی ھەموو لایەکمانە. چونکی چەمکی ئازادی ئەمڕۆ چ لەلایەن ھێزە کۆنزەرڤاتیڤەکان و چ لە لایەن پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکەکانەوە لەژێر فشار و مەترسیدایە. ھەرکاتێک ئایین ویستی دەسکاریی بیرکردنەوەمان بکات و دەوڵەت و حکومەتیش لێیبێدەنگ بوو، دەبێت لە ئازادییەکانمان بترسین. دەبێت بپرسین ئەرێ بەڕاست ئەمە شۆڕش بوو ئێمە کردمان؟ وەک لەسەرەوە باسم کرد ڕەگەزی ھەرە گرنگی شۆڕش دامەزراندنی ئازادییە، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت. لە وڵاتی ئێمەدا دەوڵەت و حکومەت لەپرسی ئازادیدا بە تەواوی غائیبن، ئایین بووە بە کۆڵەکەیەک بۆ دەسەڵات و کەرەسەیەک بۆ مامەڵەی سیاسیی؛ ھەرچی دابەشکردنی سێ دەسەڵاتەکەشە(تەشریعی و تەنفیزی و قانوونی) وەک دابەشکردنی پۆستەکانی لێھاتووە لەنێوان ئەندامانی سەرکردایەتی سیاسی حیزبەکانماندا. ئەوە دەوڵەت نییە، بەڵکو حیزبەکانن کە پەیوەندی نێوان ئایین و ئازادی، ڕۆشنبیران و مەلاکان، کۆمەڵگا و دەسەڵات، ئابووری و سیاسەت و ھتد بەپێی گراماتیکی سەرۆک و پێوەندەکانیان دیاریدەکەن. بەکورتی شۆڕش لە وڵاتی ئێمەدا بەو شێوەیەی کە پرسی سەرەکیی چەمکی ئازادیی بێت، ھێشتا لەدایکنەبووە.
 
ڕاستە کوردستان تونس نییەو سەرۆکە کوردەکانیش سەرۆکە عەرەبییەکان نین، بەڵام پرسی ئازادی لە تونس و لە میسر و لە کوردستان و ھەرجێگایەکی تر کە ئازادی تێدا بکوژرێت یان بەرتەسکبکرێتەوە و دەسەڵات تیادا خراپ بەکاربھێنرێت، یەک پرسە. شۆڕشیش شتێکی تر نییە جگە لە دووبارە دامەزراندنەوەی ئازادی بە کەرەسەی تر.