Thursday 2 June 2011

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەکو بەرگریکەر لە ئازادی ستەمکردن

لە ھەر شوێنێک درۆ بەھەشتی خۆی دۆزییەوە، ئەو وڵاتە دەبێت بە جەھەنەمی ھەقیقەت. کوردستان خەریکە ببێت بە بەھەشتی درۆکردنی سیاسییەکان و ھەڵگێڕانەوەی ھەقیقەتەکان لەلایەن میدیاکانیانەوە. لەم ساتەوەختەدا، پاش ئەو ھەموو تاوانە سیاسی و پێشێلکارییە یاساییانەی دژ بە خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان کرا و دەکرێت، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ھەڵدەستێت بە وەرگرتنی ڕۆڵی پاسەوانی تاوانبارەکان و پاساوکەری تاوانەکانیان

ھەقیقەتەکان ھیچ کاتێک دژایەتی یەکتر ناکەن. راستی و دروستی ئەو ڕاپۆرتەی(ھیومەن رایتس ۆچ) لەسەر بناغەی ھەقیقەتی ستەمی سیاسی و بریندارکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا دارێژراوە. چەندە ھەقیقەتەکان دژایەتی یەکتری ناکەن ئاوھاش دەشێت درۆکان دۆستی یەکتربن. درۆکانی دەسەڵات و ڕاگەیاندەکەی سەندیکاش بەھەمان شێوە تەواوکەری یەکترن. سەندیکایەکی لەم جۆرە نە دەتوانێت چاودێریکەری ھەقیقەتەکانی کۆمەڵگا بێت و نە دەشتوانێت ببێت بە ئاشکراکەری تاوانە سیاسییەکان، ھەر ئەمەشە وادەکات کە نەتوانێت ببێت بە بەرگریکەر لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان

ئەو پرسیارانەی لێرەدا ڕوبەڕومان دەبنەوە ئەمانەن: بۆچی بەیاننامەکەی سەندیکا بەو شێوەیە دژایەتی ئەو ھەقیقەتانە دەکات کە لە راپۆرتەکی (هیومەن رایتس ۆچ) و راپۆرتەکانی پێش ئەوییشدا ھاتوون؟ ئایا ئەو تیرۆرە سیاسی و سایکۆلۆژییەی دژ بە ئەحمەد میرە و ھاوپیشەکانی پیادەدەکرێت، ھەقیقەتێکی ھەڵبەستراوە؟ ئایا بەڕاست ڕفاندنی ئیسماعیلی وتاربێژی سەرای ئازادی و ئەشکەنجەدانی وەحشییانەی ئەو و دەیان چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی تری کۆمەڵگای ئێمە درۆی ھەڵبەستراوی ناو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانن؟ ئایا بەڕاست ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەزانن چ پیشەن و بەرگریی لە چ بەھایەکی گەردوونی و ئێتیکێکی پیشەیی دەکەن؟

دەزگای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وەکو زۆرینەی دەزگا حیزبییەکانی تری ئەم وڵاتەی ئێمە، لەمڕۆدا یەک وەزیفەیان بۆ ماوەتەوە، ئەویش بوونێتی بە پارێزەری ئەخلاقیی ئەم سیستەمە حیزبییەو شاردنەوەی درۆ و ستەمە سیاسییەکانی. دەمێکە ئەو ڕاستییە دەزانین کە کێشەی درۆکردن تەنھا کێشەی سیاسییەکانمان نییە، بەڵکو کێشەی ئەو خوێندەوار و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانەیە کە پایەوپلە و گیرفانیان لە ھەقیقەت پێ گرنگترە. ھەر کەسێک قەڵەمی بەدەستەوەگرت و نەیتوانی بەرگریی لە هەق بکات، نەدەتوانێت نووسەر بێت و نە ڕۆژنامەنووس. لەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو کەسە ناتوانێت ببێت بە بەرگریکەر لە پیشەکەی خۆی. بۆیە کەسانی ناو ئەم سەندیکایە پیشەیان بووە بە پێشێلکردنی ئێتیکی خودی پیشەکانی خۆیان

پشتئەستوور بە قسەکەی بێرناردشۆ دەبێت بڵێم: جەزای ئەم پیاوە درۆزنانە لە وڵاتی ئێمەدا ئەوە نییە کە چیدی کەس باوەڕیان پێناکات، بەڵکو خۆشیان باوەڕیان بە کەس نەماوە. سیاسییەکانمان بۆئەوەی ئەم کێشەی بێباوەڕی و بێمتمانەییە چارەسەربکەن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەزگایانەی کە درۆیان بۆ بەرھەمدەھێنن و درۆکانیان بۆ ڕێکدەخەن و ھەقیقەتەکان دەشارنەوە. کێشە لەوەدایە کە ئەم دەزگایانە و بەتایبەت دەزگای سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ھەموو شتێکیان پێبکرێت یەک شت ھەیە ناتوانن بیکەن، ئەویش ڕاستکردنەوەی درۆکانە، چونکی درۆ ڕاستناکرێتەوە بەڵکو دەشاردرێتەوە. بۆیە دەبێت ئەو ڕاستییەیان بە بیربیھێنینەوە کە بەشێکی سەرەکی پیشەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کوشتنی درۆیە لەڕێگای دۆزینەوە و نیشاندانی ڕاستییەکانەوە و گەیاندنیان بە ڕای گشتی نەتەوەیی و جیھانی

لەڕاستیدا (هیومەن رایتس ۆچ) تاکە دەزگایەک بوو کە هەقیقەتی تاوانە سیاسیەکانی رژێمی بەعسیزمی بەرامبەر بە کورد بەئەرشیف و بەدۆکیونت کرد. گەر چاوەڕوانی دەزگاحیزبییەکانمان بووینایە ئەم کارە بکەن، کە تاوەکو ئەمڕۆ بۆیان نەکراوە، ئەوە گومانم نییە کە بێلایەنانە و زانسییانە ئەو کارەیان نەدەکرد. بۆیە لەئێستاشدا تاوانبارکردنی دەزگایەکی گرنگی لەم جۆرە بە هەڵبەستی ناڕاستی، دەچێتە خانەی تاوانێکی ئەخلاقییەوە.
نەبینینی ھەقیقەتەکان گەمژەییە، بەڵام بینینیان و بێدەنگبوون بەرامبەریان تاوانە. کارەسات لەوەدایە کاتێک ھەقیقەتەکان ئاشکرادەکرێن کەچی لەلایەن دەزگایەکەوە کە دەبێت پارێزەری ڕاستییەکانی ناو کۆمەڵگا بێت بە ناڕاست لەقەڵەمدەدرێت، ئەمەش دەبێت بە تاوانی گەمژەکان

کاتێک شۆڕش منداڵەکانی خۆی دەخوات

ژمارەی ئەو نووسینانەی لەسەر کوشتنی منداڵ بەدەستی باوک هەیە، گەلێک زۆرە. ئەم بابەتە بووە بە هه‌وێنی گەلێک مشتومڕی سیاسی‌و سایکۆلۆژی‌و ئەنترۆپۆلۆژی‌و بەرهه‌می ھونەریی. ئەوانەی شارەزای بواری ھونەرن‌و بەتایبەت کارەکانی «فرانسیسکۆ دی گۆیا»، لەگەڵ بیستنی بابەتی کوشتنی منداڵ بەدەست باوکدا، ڕاستەوخۆ تابلۆی «ساتورن»یان بیردەکەوێتەوە. لەم تابلۆیەدا «ساتورن» قەپاڵ بە سەری کوڕەکەیدا دەکات‌و بێبەزەییانە خەریکی خواردن‌و لووشدانێتی. بەپێی ئەو باسەی دەربارەی ئەم بابەتە ئەفسانەییە هه‌یە، «ساتورن» خودای کشوکاڵ بووە. یەکێک لە ڕاڤەکردنەکان باس لەوە دەکات کە «ساتورن» کوڕی خودای زەوی دایک «تیلوس»و خودای ئاسمانی باوک «کایلوس» بووە. بەپێی ئەو چیرۆکە «ساتورن» لەڕێگای خەساندنی باوکییەوە دەگاتە دەسەڵات‌و دەبێت بە سیمبۆلی سەدەی زێڕینی سەردەمی خۆی. پاش ئەوەی پێشبینی ئەوە دەکرێت کە خۆشی هه‌مان چارەنووسی باوکی دەبێت‌و بەدەستی یەکێک لە کوڕەکانی لە دەسەڵات لادەبردرێت، هه‌ڵدەستێت بە کوشتنی منداڵەکانی خۆی لەڕێگای خواردنیانەوە. لەو ڕۆژەوە «ساتورن» دەبێت بە سیمبۆڵی ئەو باوکە ئەژدیھایەی کە منداڵەکانی خۆی دەخوات‌و نموونەیەک بۆ بێبەزەیی‌و دڕندەیی دەسەڵاتێکی ستەمگەر.

دیارە کاری ھونەریی لەسەر ئەم ئەفسانەیە زۆرە، بۆ نموونە «پیتەر پاولۆس رۆبینس» لە سەردەمی بارۆکدا تابلۆی «ساتورن»مان بۆ دەکێشێت کە چۆن قەپ لە سنگی منداڵەکەی خۆی دەدات‌و خەرکی خواردنێتی؛ بەڵام بەناوبانگترین کار لە مێژووی ھونەردا تابلۆکەی «گۆیا»یە کە وێنەیەکی ترسناکی ئەو ڕووداوەمان بۆدەکێشێت. لە تابلۆکەی گۆیادا «ساتورن» جەستەی مرۆڤێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەحشێکەو پەلەماری جەستەیەکی مرۆیی دەدات، چاوەکانی پڕن لە ڕق‌و بیبیلە دەرپۆقیوەکانیشی ھێمان بۆ هه‌ڵپەیەکی شێتانەی لووشدان‌و شێوازی بزاوتەکەشی وێنای حەزێکی قووڵە بۆ لەناوبردن. تابلۆکە پانۆرۆمای ترسە، وێنەی «ساتورن»مان نیشاندەدات لەکاتێکدا لەشی منداڵەکەی بەچنگیەوەیەتی‌و کەللەسەرە خوێناوییەکەیشی لەناو دەمە گەورەکەیدا نقومبووەو خەریکە لەجەستەی جودادەبێتەوە. ئەم چیرۆکە وەحشەتناکە سیناریۆی جەنگێکە لەنێوان کەسێک کە شەڕانگیزەو کەسێکی تر کە ھیچ بەرگرییەک بەرامبەر بە چارەنووسی خۆی نیشاننادات. هه‌موو بینەرێک هەستدەکات کە دوای قوربانییەکەی دەستی «ساتورن» نۆبەتی خۆشی دێت، هەستدەکات کە ئەم کردەیە پرۆسەیەکی تەواونەبووەو ھێشتاش کۆتایی پێنەھاتووە.
لە مێژووی میللەتاندا نموونەی گەلێک شۆڕش هه‌یە کە بەیانی ئەم ئەفسانەیەمان بۆ دەکات‌و پێماندەڵێت ئەم حیکایەتە کۆتایی پێنەھاتووەو ھێشتا زیندووە. گەلێک شۆڕشی سەرکەوتوو هه‌یە کە پاشان دەبێت بە نەفرەت بۆ منداڵەکانی نیشتیمان. نموونەی باوکە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ زۆرن کە دەکەونە گیانی منداڵەکانی ئەمڕۆی خۆیان. ئەم ئەزموونانە چیرۆکی ئەو ترسەمان بۆ دەگێڕنەوە کە ستەمکاران بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆیان هه‌یانە. ئەفسانەی ترس لە لەدەستدانی دەسەڵات لای ستەمگەران ناکۆتایە. ئەو ترسە، ترسی ئەبەدیی باوکە سیاسییەکانە لە منداڵەکانیان کە ڕۆژێک دابێت جێگایان بگرنەوە. جەنگی نێوان باوکان‌و منداڵەکانیان بەردەوامە، ئەم شەڕە تاوەکو ئەمڕۆش کۆتایی نەهاتووە. جیاوازییەکە لەگەڵ سەردەمی کۆندا ئەوەیە کە لەمڕۆدا مەرج نییە دەسەڵاتداران ترسیان لە خودی منداڵەکانی خۆیان هه‌بێت، بەڵام ترسێکی گەورەیان لەو منداڵانەی کۆمەڵگا هه‌یە کە خەونی تر دەبینن، ئەو منداڵانەی کە لە گۆشت‌و ئێسکی ئەوان نین، بەڵام بە زمانی ئەوان قسەدەکەن‌و لە سەر یەک خاک دەژین، هه‌مان ئاو دەخۆنەوەو هه‌مان هه‌واش هه‌ڵدەمژن. ئەم باوکە سیاسییانەی سەردەمی مۆدێرنەو قۆناغی «پاش شۆڕشگێڕێتی» لە منداڵەکانی خۆیان ناترسن، بەپێچەوانەوە، ئەوان کوڕو کچەکانی خۆیان لەهه‌موو ڕۆڵەکانی میللەتەکەیان خۆشتردەوێت. ئەوان منداڵەکانیان دەخەنە ناو بازنەی تەسکی دەسەڵاتەوە، هه‌موو دەسەڵاتێکی مادی‌و مەعنەوییان پێدەبەخشن‌و دەیانکەن بە تاکە پشتوپەناو پارێزەری خۆیان؛ هه‌موو هه‌وڵێک دەدەن تاوەکو کۆمەڵگا منداڵی وا بەرهەمنەهێنێت کە ترسی ئەوەیان هەبێت دەسەڵاتی خۆیان‌و خێزانەکانیان بخەنە مەترسییەوە. ئەم شۆڕشگێڕە دێرینانە «ساتورن»ی مۆدێرنی ئەم سەردەمەمانن، ئەو باوکە «پۆست شۆڕشگێڕانەن» کە منداڵەکانی کۆمەڵگای خۆیان دەخۆن، چونکی هه‌مان ئەو ترسە ئەبەدییەی «ساتورن»ی ناو ئەفسانەکەیان هه‌یە بەرامبەر بە لەدەستدانی دەسەڵات.
پەیوەندی نێوان ئەفسانەو دەسەڵات لە زۆر شوێن‌و زەمەندا ھاوشێوەن. چەندە ئەفسانەکان لە وێنەی حیکایەتێکی دێرین‌و ناواقیعی لێمانەوە دوورن، ھێندەش دەسەڵاتی ئەفسانەیی لە وێنەی توندوتیژیی‌و جەنگ لێمانەوە نزیکە. بەشێوەیەکی گشتی دەسەڵاتداران وێنایەکی ئەفسانەییان لەسەر دەسەڵاتی خۆیان هه‌یە، کەمن ئەو دەسەڵاتدارانەی کە واقیعییانە تەماشای دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. دەسەڵات کاتێک دەبێت بە مەترسیی کە خۆی بکات بە ئەفسانەو دۆخێکی پیرۆز‌و ئەبەدیی. ئەوەی دەسەڵاتدارانی ستەمگەر دەیبینن واقیع نییە، بەڵکو ئەو ئەفسانەیەیە کە لەسەر خۆیان دروستیدەکەن. بۆیە سیستەمی ستەمگەر هه‌میشە لە دۆخێکی بەدمەستیی ناو کایەی دەسەڵاتدا دەژی. بەدمەستیی دەسەڵات گەیشتنی دەسەڵاتە بە دۆخێکی ئەفسانەیی‌و حاڵەتێکی ناواقیعیی.
تابلۆکەی گۆیای ھونەرمەند بەدیوێکدا گێڕانەوەی حیکایەتی شۆڕشی کوردیشە لەگەڵ نەوەکانی خۆیدا. بێگومان لە یادەوەریی نەتەوەییماندا ئەفسانەی زوحاکمان هه‌یە کە دەشێت ھێمایەکی کوردییانە بێت بۆ پەیوەندی نێوان ستەمگەر‌و خواردنی منداڵ. بەڵام مێژووی ئەمڕۆی ئەم شۆڕشە نوێیەمان گێڕانەوەی حیکایەتی تەمێکردن‌و کوشتنی منداڵەکانی کوردە بەدەست باوکە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ؛ چیرۆکی بەئەفسانەییبوونی دەسەڵاتی کوردییە، ئەو دەسەڵاتەی کە لە دوای حەڤدەی مانگەوە دەستی کرد بە خواردنی منداڵەکانی خۆی. خواردنی منداڵەکانی کۆمەڵگا کاتێک دەستپێدەکات کە دەسەڵات ترسی کوشتنی باوکی تێدا دروستدەبێتەوە. ئەم ترسەی سوڵتانە کوردییەکانیش بەبەرجەستەکراوی لەکاتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی دوای حەڤدەی مانگەوە، مێژووی خۆی، وەکو مێژووی کوشتنی «ساتورن» لەگەڵ منداڵەکانی، دەنووسێتەوە. ئەمە دووبارەبوونەوەیەکی دراماتیکیی پەیوەندی نێوان باوک‌و منداڵە، دووبارەنووسینەوەی حیکایەتی دەسەڵات‌و ترسە‌و گەڕانەوەی ئەژدیھایە بۆ ناو سیاسەت.
لە جەوهه‌ردا پەیامی ئەمجارەی منداڵە ناڕەزاکانی کۆمەڵگای کوردستان بۆ باوکە سیاسییەکانیان بریتیبوو لەوەی کە ئەوان چیدی بەکەڵکی باوکایەتی نایەن، نەک لەبەرئەوەی پیرن‌و کەڵکی سەرکردایەتییان نەماوە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لەبەرئەوەی دادپەروەر نین‌و ستەمگەرن. ئەم باوکانە وەکو هه‌موو باوکە بەئەفسانەبووەکانی دەسەڵات هه‌ڵپەو پەلەیان بوو لە خواردنی مناڵەکانیاندا، ترسی ئەوەیان هه‌بوو پێشبینییەکانیان وەکو «ساتورن» ببێت بە واقیع‌و زارۆکەکانیان گەورەببن‌و مردنی خۆیان لەسەردەستیان ببینن. تایبەتمەندێتیی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردی ئەوەیە کە باوکە سیاسییەکانی کورد نە کوڕەکانی خۆیان دەکوژن‌و نە کچەکانی خۆشیان دەخۆن، بەڵکو منداڵانی کۆمەڵگا بێویژدانانە دەکوژن‌و دەخۆن. لەڕاستیدا منداڵەکانی کۆمەڵگای کوردستان نەگەشتبوونە ئەو قۆناغەی داوای کوشتنی باوکە ستەمگەرەکانیان بکەن، بەڵکو داوای دادپەروەری‌و وازھێنان لە زەبروزەنگ‌و کۆتاییھێنان بە کولتووری کوشتنیان دەکرد. بۆیە پێدەچێت کوشتن‌و دەسەڵات لە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردیشدا درێژکراوەی ئەفسانەی ترسی ساتوریینانەی دەسەڵاتداران بێت لە لەدەستدانی دەسەڵات. ستەمی زوحاک ئەفسانە بوو، بەڵام نەورۆزی ئەمساڵ هه‌قیقەتی ستەمگەرایی دەسەڵاتدارێتی بەئەفسانەبووی حیزبی کوردیی نیشانداین. هه‌قیقەتی ئەو شۆڕشەی کە مناڵەکانی خۆی دەخوات.

Friday 13 May 2011

زمان و سیاسەت

زمان لە سیاسەتدا دەسەڵاتە. بۆئەوەی لەم دەسەڵاتەش تێبگەین، دەبێت لە ڕێزمانی ئەو زمانە بگەین کە دەسەڵاتداران قسەی پێدەکەن. مەبەستم لە ڕێزمان تەنھا ئەو ڕێسایانە نییە کە ھەر زمانێک ھەڵگرێتی و دەبێت قسەکەر ڕەچاوی بکات بۆئەوەی مەبەستەکانی بە گوێگر بگات، بەڵکو مەبەستم لە لایەنە ئێتیکییەکانی زمانی سیاسیشە. لێرەدا قسەم لەوە نییە کە زۆر دەگمەنن ئەو سیاسییە کوردانەی دەتوانن بە کوردییەکی باش قسەبکەن. ئەو زمانەی بڕێکی زۆری سیاسەتمەدارانی کورد پێیدەدوێن تەنھا لەڕووی گراماتیکەوە شەرمێکی گەورە نییە بۆ زمانی کوردی، بەڵکو نەنگییەکی بێھاوتایە بۆ زمانی سیاسی و بێحورمەتییەکی گەورەشە بەرامبەر بە خودی کردەی سیاسەت. سیاسەت بوارێک نییە خاڵی بێت لە ئەخلاق، بەڵکو کایەیەکە پڕ لە مشومڕ و گفتوگۆ لەسەر ئێتیک و ئەخلاق. زمانیش ئەو ڕووبەرەیە کە سیاسەتمەداران تیایدا بە خەڵک دەگەن و خەڵکیش پێیان دەگات.

لە ماوەی ڕابردوودا زمان بوو بەو ڕووبەرەی کە تیایدا خەڵک و سیاسەتمەدارەکانمان بە فۆرم و ناوەڕۆکێکی ترەوە بەیەکگەشتن. لەم بەیەکگەیشتنەدا بەریەککەوتنێکی ترسناک دروستبوو، کە سیاسەت چ لە زمان و چ لە پراکسیسدا جڵەوی خۆی لەدەستدا و ڕۆچووە ناو زەلکاوێک لە بێڕێزی و زەبروزەنگ. لەم شەڕەدا ھیچ مەسافەیەک لەنێوان جەلاد و سیاسەتمەداردا نەما، چونکی زمانی سیاسەت بوو بە زمانی جەلاد و ئەو ڕووبەرەی کە پاساو بۆ ھەموو تاوانێک دەھێنێتەوە. زمانی ئاخاوتنی سیاسیمان بوو بەبارمتە لەنێوان خوێن و تەخویندا. ھاوڵاتیان لەم زمانی ڕاگەیاندنی سیاسیەدا تەنھا ھەڵاوێردی ھەڵبژاردنیان لەنێوان درۆ و توندوتیژیدا پێدرابوو. زمانی کوردی لەژێر ئەم دەسەڵاتدارێتییەدا وەکو کاڵایەکی ھرزانفرۆش لە ئابووری ڕاگەیاندندا ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا کرا. چەندە نەوتی کوردی لە بازاڕی ناوچەییدا ھەرزانفرۆشدەکرێت، ئاوھاش سیاسەتمەدارانی ئەم دوو حیزبە زمانی سیاسییان لە بازاڕی نەتەوەییدا ھەرزانگۆ کرد. وەزیر و بەرپرسە حیزبییەکان تەنھا ڕووە دزێوەکانی خۆیان لە سیاسەتکردندا دەرنەخست، بەڵکو لەگەڵ ئەویشدا زمانێکیان داھێنا کە لە مێژووی زمانی کوردیدا کەموێنەیە و لە مێژووی زمانی سیاسیشدا دانسقەیە. ئەم دەسەڵاتدارێتییە تەنھا نەبووەتە ئەزموونکردنی زمانێکی بازاڕییانە، بەڵکو ئەوەی ترسناکە وونبوونی ھەموو ڕەھەندە ئێتیکییەکانی خودی سیاسەتە لە زمانی ئەم سیاسەتمەدارانە و گەیشتنێتی بە داوەشانێکی ئەخلاقیی سیاسیی گەورە. 

ئەم وڵاتەی ئێمە بازاڕێکی گەورەی بێسەروبەرە کە نە گراماتیکی ئیداری ھەیە و نە سیاسی و نە ئەخلاقیش. ئەم وڵاتە لەڕووی زمانیشەوە بووە بە بازاڕێکی گەورەی شکاندن و جنێوفرۆشتن کە تیایدا جێگای سەرەتاییترین ئەخلاقی زمانی سیاسیی نەماوەتەوە. لە زمانی سیاسیی کوردیدا کاتێک سیاسەتمەدارەکان دەڵێن "ئەمەمان قبوڵ نییە"، لە جەوھەردا پێماندەڵێن: ئەوەی بە چەشنێکی تر بیردەکاتەوە "ھینی خوارد". یان کاتێک سیاسەتمەدارێک پێماندەڵێت "دەستی ئەوانە دەبڕینەوە کە پەلامارماندەدەن"، مەبەستی ئەوەیە پێمان بڵێت: ئەم وڵاتە جگە لە ئێمە "پیاو"ی تری تێدا نییە، ھەر کەسێکیش جورئەرتی نیشاندا، "حەسیرمەیدانێکی باشی دەکەین"، کاتێکیش ھاوڵاتیان ئەشکەنجەدران، پێیان وتین "ئەمانە کێشەی شەخسین". ھەر کە سیاسەتمەدارێکی بیانییش دەبینن، دەبن بە دیموکراتترین ئەکتەری سیاسی و حیزبەکەشیان دەکەن بە فریشتەی شەرعیی ناو ڕووبەری سیاسەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئاشکرایە کە زمانی سیستەمە دیکتاتۆرەکان بەرامبەر بە نەیارە سیاسییەکان یەک ڕێزمانی ھەیە، ئەویش بەپیرۆزکردنی زەبروزەنگ و پیادەکردنی بێچەندوچوونی فرمانە. عەلی حەسەن مەجید لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٧دا فرمانێکی بۆ ھێزەکانی ئەمن و ئیستیخبارات دەرکرد، تیایدا ھاتبوو ھەر کەسێکیان لەناوچە قەدەغەکراوەکاندا دەستگیرکرد، "دەستی لێنەپارێزن" و "تەقەی لێبکەن". لە مانگی ١٢ی ١٩٨٧دا ھەندێ لایەن لەسەر ئەم فرمانە پرسیاریان لێکردبوو، ئەویش لەوەڵامدا جەغتیکردبووەوە کە "پێویست ناکات سەرمان بەم پرسیارانەوە قاڵبکەن... وشەکان خۆیان ئاشکران و پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوەی دەسەڵاتێکی باڵاتر نییە". ٢٢ ساڵ پاش ئەنفال لە گراماتیکی سیاسی کوردیشدا ھەمان لۆژیک دەبینیەوەو "وەزیری پێشمەرگە" بەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە پێماندەڵێت کە ئەو بە ھێزە چەکدارەکانی ووتووە دەسەڵاتی تەقەکردن و کوشتنی ھەر کەسێکیان ھەیە سەرپێچیبکات. ئەوەشی لەم لەشکرکێشی و گەمارۆ سەربازییەش دەترسێت "دەک زراوی چێت"! دێواندنی دوژمن یەکێکە لە ھونەرەکانی تری درۆ و توندوتیژی لە زماندا، بۆیە ناونانی ھێزێکی سیاسی بە "تێکدەر و ناشارستانی" سەرەتای پرۆژەی لەناوبردنە. لەڕاستیدا من ھیچ چاوەروانییەکم لە سیاسییەکانی ئەم سیستەمە حیزبییە نییە، چونکە ساڵۆنەکەیان پڕێتی لەم شێوە سیاسەتمەدارانە کە زمانیان بۆنی بێباکی و جەنگی لێدێت، بەڵکو دڵم بەو مناڵە خۆش بوو کە پاش درۆگەورەکەی وەزیر لەسەر مەسەلەی دەبابەکان لەسەر کاغەزێک دروشمێکی لە سەرا بەرزکردبووە: "وەڵلا دەبابە بوو، وەڵلا دەبابە بوو!"

کەم نین ژمارەی ئەو سیاسییانەی کە دیبلۆماسییەت بە درۆزانیی تێگەشتوون. بەڵام کێشەی سیاسەتکردن لە وڵاتی ئێمەدا بەوە نەماوەتەوە کە سیاسەت بووە بە درۆزانیی، بەڵکو لەڕاستیدا کێشەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ سیاسەت بووە بە درۆکردنێکی ڕووت و گۆڕینی بۆ ڕاستی. دەشێت یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرنەکەوتنی پڕۆژەی دروسکردنی حکومەتی یەکگرتووی کوردی بریتی بێت لە درۆ، چونکی ئەم دووحیزبە باڵادەستە لە شەڕی سیاسی و چەکداریی ساڵانەی دژ بەیەکتر، ھێندە درۆیان لەگەڵ یەکدی کرد تا بڕوایان بەیەکتر نەما. ئەمڕۆش لەم شەڕەیاندا دژ بە کۆمەڵگا کەس بڕوا و متمانەی پێیان نەماوە. درۆ جگە لە ھەڵگێڕانەوەی ڕاستییەکان شتێکی تر نییە. بێگومان ئینسان بۆئەوەی ڕاستییەکانی لێ ووننەبێت، پێویستی بە دەستنیشانکردنی درۆ ھەیە، بەڵام درۆ لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا بۆ ئەوە نییە ڕاستییەکان وونبکات، بەڵکو بۆئەوەیە لەبری ھەقیقەت ئیشبکات. درۆھەڵبەستنی نازییەکان لەسەر جوولەکە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان نەبوو، بەڵکو بۆ بەیانکردنی ھەقیقەتی سیاسەتی لەناوبردنی جووەکان بوو

ھونەری سیاسەتکردن لە وڵاتی ئێمەدا چیدی درۆزانیی دیپلوماسیی نییە، بەڵکو درۆزنیی و زمانپیسییە. کوردستان لەڕووی سیاسییەوە یەکێکە لە وڵاتە ناشرینەکانی ئەم دونیایە، چونکی درۆکردن وەکو بابەتی گەندەڵیی بووە بە دۆخێکی ئاسایی و ھیچ یاسایەک لێیانناپرسێتەوە و ھیچ سیاسەتمەدارێکیش لەسەریان دادگاییناکرێت

ئەم جەنگەی کۆمەڵگای ئێمە، جەنگی نێوان ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و درۆ سیاسییەکانە. جەنگی نوخبەیەکە کە سیستەمێکی سیاسیی لەسەر بناغەی درۆ و ساختە دروستکردووە و بە زەبری ھێز و توندوتیژیی دەیەوێت ئەو ھەقیقەتە ناشیرینانەی خۆی بشارێتەوە. ئەم شەڕە، شەڕی نوخبەی دوو حیزبە دژ بەو ھێزە کۆمەڵایەتییانەی کوردستان کە کۆمەڵگایەکی سیاسیی مەدەنییان دەوێت. لە ڕاستیدا ئەم شەڕەی ئەمڕۆ، شەڕێکی ناوخۆیی بەخستنەبرییە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری ئەوەی لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا ڕووبدات، لەسەر پشتی خەڵکە مەدەنییە ناڕازییەکەی کوردستاندا پیادەدەکرێت. لەم جەنگەدا دەسەڵات بەکۆی ھێزە سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆنەکان دەڵێت: ئێوە زمان و شەقامتان ھەیە، ئێمەش شەق و چەک و جنێو، گەر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێوەش ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان نیشاندەدەن ئەوا ئێمە درۆ سیاسییەکان دەکەین بە ھەقیقەت.

Saturday 30 April 2011

چی ماوەتەوە بەرگریی لێبکەین؟

ئاراس فەتاح


یەکێک له‌دەرهاویشتە بنەڕەتییەکانی دیاردەی دیکتاتۆرییەت، بریتییە له‌گۆڕینی وەزیفەی چاودێریی. دیکتاتۆرییەت دەستکاریکردنێکی قووڵی ئەم وەزیفە سیاسییەیە‌و هەڵگێڕانەوەی وەزیفەی چاودێریکردنی کۆمەڵگایە بۆ سیاسەت‌و کردنێتی بە چاودێریکردنی سیاسەت بۆ کۆمەڵگا. واتە چیدی کۆمەڵگا له‌سیاسەت ناپرسێتەوە، بەڵکو تەنها سیاسەت له‌کۆمەڵگا دەپرسێتەوە. ئەمە گەورەترین دەستکاریکردنی وەزیفەی سیاسەتە له‌لایەن دیکتاتۆرەکانەوە، دوائامانجیشیان له‌م کارەدا بریتییە له‌گۆڕینی پەیوەندی نێوان هاونیشتیمانیان‌و دەسەڵات کە یاسا رێکیدەخات بۆ پەیوەندی نێوان سەرباز‌و ژەنەڕاڵ کە تەنها فەرمان‌و گوێڕایەڵیی دیسیپلینی دەکات. دیکتاتۆرییەت بە داڕشتنەوەیەکی هەڕەمییانەی وەزیفەی فەرماندەرکردن‌و فەرمانوەرگرتن دەستپێدەکات. ئەم سیستەمە سەرەتای ونبوونی هەموو رەهەندێکی ئینسانیی پەیوەندی نێوان دەسەڵات‌و ئینسانە، ئاساییبوونی کردەی ئەشکەنجەدان‌و سووتاندن‌و کوشتنە، وەرگرتنی فەرمان‌و جێبەجێکردنە وەکو وەزیفەیەک دوور له‌هەموو بەرپرسیارێتییەک‌و دابڕاو له‌هەموو لێپرسینەوەیەکی ویژدانیی. بیرمان نەچێت فاشیزم‌و بەعسیزم له‌ونبوونی رەهەندی ئەخلاق‌و وێژدانەوە دەستپێدەکات له‌دووتوێی کردە کۆمەڵایەتیی‌و سزادانە سیاسییەکاندا؛ له‌بێدەنگبوونی رۆشنبیران‌و سیاسەتمەدارانەوە دەستپێدەکات بەرامبەر بە سیاسەتی کولتووری سووتاندن‌و توندوتیژیی رووت؛ له‌نەمانی هیچ کێشەیەکی ویژدانیەوە دەستپێدەکات بەرامبەر بە کردەی ئەشکەنجەدان‌و سوکایەتیکردن بە کەرامەتی ئینسان. کاتێک ئەشکەنجەدان دەبێت بە چێژ‌و سوکایەتیپێکردن دەبێت بە کردەیەک کە جەلاد بە بزەوە پیادەیبکات، ئەوسا دەبێت باس له‌سەرهەڵدانی قۆناغی بەتیرۆربوونی سیاسەت بکەین، دەبێت باس له‌لاچوونی دەمامکەکانی فاشیزم بکەین له‌سەر وێنەی سیاسەتمەداران‌و دەبێت باس له‌کۆتایی خودی پڕۆژەی سیاسەت بکەین.
له‌ڕاستیدا هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکان له‌کوشتنی شتی بچووکەوە دەستپێدەکەن، له‌داگیرکردنی بەکاوەخۆی رووبەرە بچووکەکانی ئازادییەکانمانەوە دەستپێدەکەن. ئەم پرۆسەیەش له‌پاشاندا دەبێت بە پرۆسەیەکی ترسناکتر کە له‌کوشتن‌و داگیرکردنی رووبەری ئازادیی کۆی کۆمەڵگا‌و جەستەی تاک‌و گروپەکاندا بەرجەستەدەبێت. دیکتاتۆرەکان له‌پاڵ کولتووری داگیرکردندا کولتووری سووتاندن بەرهەمدەهێنن. ئەم کردەی سووتاندنە، هەندێجار سووتاندنی کتێبەکانە، هەندێجاری تریش له‌سووتاندنی دەزگای راگەیاندنەکانەوە دەستپێدەکات‌و له‌هەموو حاڵەتەکانیشدا بە سووتاندنی ماڵ‌و خودی ئینسانەکان کۆتاییپێدێت. ئەمانە بەتەنها گێڕانەوەی حیکایەت‌و قسە نین، بەڵکو ئەزمونی ئینسانیانەی ئێمەن له‌گەڵ فاشیزمدا. زۆر سەیرە کە ئەزموونی سەرهەڵدانی فاشیزم له‌زۆرینەی وڵاتاندا بە کردەی سووتاندن دەستپێدەکات. هەروەها بڕێکی زۆری ئەزموونی کۆتاییهاتن بە دیکتاتۆرەکانیش هەر بە سووتاندن کۆتاییپێدێت. دیکتاتۆرەکان زۆر کەڕەت سووتاندن دەکەن بە خاڵی وەرچەرخان له‌سیاسەتی خۆیاندا. له‌ئەزموونی(نێرۆ)ی قەیسەری رۆمانییەوە کولتووری سوتاندن دەبێت بە سەرهەڵدانی قۆناغی تیرۆر له‌سیاسەتدا. دیکتاتۆرەکان له‌کاتی هێزدا حەزیان له‌سووتاندنە‌و له‌کاتی بێهێزیشدا رقیان لێیەتی.
سووتاندنی سەکۆی ئازادیی بەر دەرکی سەرا، سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێیە له‌سیاسەتی تیرۆر‌و رۆچوونی سیاسەتمەدارانی ئێمە بۆ ناو کولتووری سووتاندن له‌سیاسەتدا. ئەم قۆناغە قۆناغێکی نوێیە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی سووتاندنی سەکۆی ئازادی، سووتاندنی رەمزییانەی خواستی ئازادیی‌و ئیرادەی گۆڕانە، بەڵکو له‌بەرئەوەی له‌دوای ئەم سووتاندنەوە، کولتووری تیرۆری سیاسیی‌و تیرۆرکردنی ماف‌و بەها رەمزییەکانی ئینسانی ئێمە دەستپێدەکات‌و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسانەکان پێدەنێتە قۆناغێکی ترسناکەوە. ئەم قۆناغەش قۆناغی مردنی سیاسەت‌و جێگرتنەوەیەتی له‌لایەن توندوتیژیی رووتەوە. بۆیە رەهەندێکی گرنگی تری سەرهەڵدانی دیکتاتۆری بریتییە له‌مردنی سیاسەت. مەبەست له‌مردنی سیاسەت بریتییە له‌گۆڕینی وەزیفەی سیاسەت له‌کردەیەکی مەدەنییەوە بۆ کردەیەکی سەربازییانەی رووت. ئەمەی ئێستاش ئێمە له‌کوردستاندا دەیبینین، هەمان پرۆسەی گۆڕینی سیاسەتە له‌پڕۆژەیەکی مەدەنییەوە بۆ پرۆژەیەکی سەربازیی. ئەم کردەیە له‌جەوهەردا چ بۆ ئەو حیزبەی بەم کردەیەی هەڵدەستێت‌و چ بۆ ئەو دەسەڵاتدارێتییەی کە بینایکردووە، خۆکوژییەکی سیاسیی گەورەیە. دیکتاتۆرییەت هەمیشە بە خۆکوژیی حیزبێک له‌دامەزراوەیەکی سیاسییەوە بۆ مەعەسکەرێکی سیاسیی دەستپێدەکات.
کەوتنی سیستەمی فاشیزم، سیاسەتی فێری چەندین پرنسیپی گرنگ کرد‌و وای له‌و کۆمەڵگایانەش کرد دەستوورگەلێک بۆ دەوڵەتەکانیان دابنێن کە رێگریی له‌دووبارە سەرهەڵدانەوەی فاشیزم بکات. کەوتنی فاشیزم فێریکردین کە سیاسەت مانای بێڕێزی نییە بەرامبەر بە ئینسانەکان‌و بڕیاری یەک کەس‌و یەک حیزب نییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەک. بۆ نموونە له‌دەستووری فیدراڵیی ئەڵمانیادا کەرامەتی ئینسان پارێزراوە، چونکه‌ ئەزموونی سیستەمی نازیزم، وەکو ترسناکترین سیستەمی تۆتالیتاری، ئەزموونی بێڕێزییەکی بێهاوتا بوو بەرامبەر بە ئینسانەکان. ئەم بێڕێزییە بەتەنها له‌بەر رای جیاواز‌و ئینتیمای سیاسیی جیاواز نەبوو، بەڵکو درێژیشدەبێتەوە بۆ ناو هەموو جومگەکانی تری ژیان. لێرەوە چەمکی رێز یەکێکە له‌گرنگترین پرنسیپەکانی دیموکراسییەت. چەندە دیکتاتۆرییەت بێڕێزیکردنی بەردەوامی سیاسەتە بەرامبەر بە ئینسانەکان، ئاوهاش دیموکراسیەت پاراستن‌و چاودێریکردنی دەسەڵاتە بۆئەوەی بێڕێزیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان نەکات.
ئێمە دەزانین سیستەمی بەعسیزم سیستەمی بێڕێزییەکی گەورە بوو بەرامبەر بە ئینسانەکان‌و سەندنەوەی هەموو مافێک بوو له‌تاکەکان. بەعسیزم ئەوکاتە توانی دەست بە ئەنفال بکات کە "چەمکی ماف"ی له‌ئینسانی کورد داماڵیی. سیستەمی سیاسی له‌کوردستان دوای کەوتنی بەعسیزم، نەیتوانی هیچ پرنسیپێکی سیاسیی دابنێت تاوەکو ئەم کولتوورەی بەعسیزم تێپەڕێنێت‌و رێگریی له‌دووبارەبوونەوەی بکات. ئەم سیستەمە کوردییە بەهیچ جۆرێک مەبەستی نەبووە ئیش له‌سەر ئەم چەمکی رێزە بکات، نەک له‌بەرئەوەی ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتیان گرتەدەست ئەم راستییەیان له‌بەرچاو نەبووبێت یان سیاسییەکانی کورد خۆیان بێڕێزییان بەرامبەر نەکرابێت، بەڵکو له‌بەرئەوەی له‌جەوهەردا تێگەشتن‌و مامەڵەکردنی سیاسییەکانی ئێمە بۆ چەمکی یاسا درێژکراوەی ئەو کولتوورەیە کە بەعس بۆی بەجێهێشتن. بە مانایەکی تر یاسا له‌جەوهەردا تەنها بۆ شەرعییەتدانە بە کولتووری بێدەنگکردن، ئەشکەنجەدان‌و کوشتن.
دوای سووتاندنی سەرای ئازادی، پرۆژەی سیاسەت له‌کوردستاندا کەوت‌و سەرەتایەکی زۆر ترسناک سەریهەڵدا کە پڕۆژەی تیرۆری سیاسیی‌و داگیرکردنی سەربازییانەی کۆی کۆمەڵگای ئێمەیە. بۆیە ئێمە دەبێت کولتووری بەرگرییکردن گەورەبکەین‌و خەبات بکەین بۆ چەسپاندنی رێز له‌ژیان‌و گێڕانەوەی رێزیش بۆ سیاسەت. ئەمە گرنگە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی سیاسەت بێڕێزیکردن نییە بەرامبەر بە ئینسان، بەڵکو له‌بەرئەوەی هەر ئەم سیاسەتی بێڕێزیکردنەیە بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسان کە سەرەنجام زۆرینەی دیکتاتۆرەکان دەباتە بەردەم دادگاکان‌و له‌کۆتاییشدا بە سزای راستەقینەی یاسایی خۆیان دەگەن. ئەو شتانەی کە دەبێت بەرگرییان لێبکەین زۆرن، بەڵام گرنگترینیان بریتییە له‌گێڕانەی رێز بۆ سیاسەت‌و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
پێش چەند رۆژێک حوسنی موبارەک بە بێڕێزیی سیستەماتیکیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان تاوانبارکرا. له‌کوردستانی ئەمڕۆشدا تیرۆر له‌بری سیاسەت کاردەکات، ئەو خاڵانەی کە دەشێت تاوانباران‌و بەرپرسانی کوردی له‌سەر بدرێن بەدادگا، هەمان ئەو خاڵانەن کە دیکتاتۆرەکانی تری له‌سەر دەدرێن بە دادگا. دەشێت کوردستان له‌میسر نەچێت، بەڵام تاوان‌و چارەنووسی دیکتاتۆرەکان له‌یەکدەچن.

Tuesday 19 April 2011

ئازادی بۆ رێبین ھەردی

وەک لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەزانین ئەم بەیانییە، ڕێکەوتی ١٩ی ئەپریلی ٢٠١١، ڕێبین ھەردی نووسەر، کە یەکێکە لە ڕۆشنبیرە گەورە و بەھەڵوێستەکانی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی، لەلایەن ھێزێکی چەکداری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە لە شاری سلێمانی ڕفێنرا. بێسەروشوێنکردنی ئەم نووسەرە، بەبێ ھیچ پاساو و داوایەکی یاسایی، سەلماندنی ئەو دڕندەیی و وێنە ناشیرینەیە کە لەمڕۆدا دەسەڵاتدارێتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا بە ڕای گشتی جیھانی نیشاندەدات.
سەرنگونکردنی ڕێبین ھەردی ناچارمان دەکات ھەموو دەزگا نێودەوڵەتی و ناوەندکانی مافی مرۆڤ و نووسەران و ھونەرمەندان لە جیھاندا بەرامبەر بەم بەربەرییەتەی دەسەڵاتدارانی کوردستان، ئاگاداربکەینەوە. ئێمە سەلامەتی ژیان و تەندروستی جەستەیی و دەروونیی ڕێبین ھەردی ھاوڕێمان، ڕاستەوخۆ دەخەینە سەر شانی جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆک کۆماری عێراق و پیاوی یەکەمی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم و بەرھەم ساڵح وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێم. لەم ڕێگایەشەوە داوای ئازادکردنی بێ قەید و شەرتی ڕێبین ھەردی دەکەین.

ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع
بەختیار عەلی

زیندانەکانتان پڕکەن لە ئاشتی

پاش سووتاندنی سەکۆی ئازادی لە سەرا و دوای داگیرکردنی سەربازییانەی شاری سلێمانی و شارۆچکەکانی دەوروبەری و پاش ڕەشبگیرکردن و بریندارکردنی دەیان کەسی تری مەدەنی و لەکۆتاییشدا دوای گرتنی ڕێبین ھەردی ھاوڕێمان و دەیان خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی تر، دەبێت بڵێین: ھەر کاتێک ناھەقیی جێگای ھەقی گرتەوە، ئەوکاتە بەرگریکردن لە ئازادی دەبێت بە وەزیفەی ئینسانیی ھەموومان، ھەر کاتێکیش توندوتیژیی جێگای بە ئاشتی چۆڵکرد، بەرگریکردن لە ژیان دەبێت بە ئەرکی ئەخلاقیی ھەموومان. کاکە ڕێبین و ھاوڕێکانی، کە ڕۆژانێک بە شانازییەوە لە سەرای ئازادی ھاوخەباتیان بووم، زمانی ئاشتییان فێری دەسەڵات دەکرد، زمانی دیالۆگیان فێری سیاسەت دەکرد و بەرگرییان لە پلورالیزمی سیاسیی کۆمەڵگاکەی ئێمە دەکرد. ئەمڕۆ ئەم دەنگانە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، خنکێنران، ئەوەشی خنکاندنی ئەو سیاسییە گەمژانە بوون کە یەکەمجار ئەو دەنگانەیان فەرامۆش کرد، پاشان بوختانیان بۆکردن، دواجاریش تەخوینیان کردن. دوێنێ و ئەمڕۆش لەوە زیاتر خۆیان بۆ نەگیراو جڵەویان لەدەستدا و کەوتنە سوتاندن و ڕاونانیان و ئەشکەنجەدان و گرتنیان

سەرەڕای ھەموو ئەم دڕندەییانە، ئێمە دەبێت وەکو ئەوان نەبین. ئێمە نابێت لەوان بچین. نەک تەنھا لەبەرئەوەی پەیامی رێبین و ھاوڕێکانی، پەیامی ئاشتی و ئازادییە بۆ کۆمەڵگاکەمان، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان لە ئاشتی دەترسن، بە ئازادی ھەراسان دەبن، بۆیە دەیانەوێت بەزۆر کولتوورەکەی خۆیان بکەن بە ھی ئێمە و ھەموو کۆمەڵگا. بەڵێ، ئەوان ئاشتییەکیان دەوێت کە بازرگانیی نەوتفرۆشییان لێتێکنەدات و پاسەوان و چەکدارەکانیان لێنەسەنێتەوە و ئاھەنگەکانیان نەشێوێنێت و ژمارەی گۆرانیبێژ و ڕۆشنبیرە درۆزن و ترسنۆکەکانیان بۆ زیادبکات. ئەوان ئاشتییەکیان بۆ کۆمەڵگای ئێمە دەوێت کە ھاوتابێت بە ئاشتی گوڕستان، ھاونیشتیمانییەکیان دەوێت کە ھەموو ئیرادەیەکی گۆڕانی تێدا بکوژن و بیکەن بە کۆیلە، ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرێکیشیان دەوێت گەر پاساوی کوشتارەکانیان بۆ نەکات، ئەوا ھیچ نەبێت بەرامبەر بە دڕەندایەتی و ناھەقییەکانیان بێدەنگبێت

ئێمە ئامادەنەبووین قسەیان لەگەڵدا بکەین، نەک لەبەرئەوەی بڕوامان بە دیالۆگ نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان گەر جاران درۆزان بووبن، ئەوا لە ئێستادا درۆزنن. ئەوان کاڵفامترین و گەمژەترین سیاسەتمەدارن کە دونیای سیاسەت بەرھەمیھێنابن. ئێمە ئامادەنەبووین بچین بۆ لایان، نەک لەبەرئەوەی ئەوان میواندۆست نیین، بەڵکو لەبەرئەوەی بەڕای ئێمە ئەوان میوانن و میللەتیش خاوەن ماڵ. ئێمە نەمانویست کەمینەیەک ببینین کە چاوی بە زۆرینە ھەڵنایەت. ئێمە بە نووسین و پەیامەکانمان پێمان گوتن لەوە زیاتر خۆتان ناشیرین مەکەن، لەوە زیاتر کۆمەڵگاکەمان تووشی پشێوی مەکەن، لەوەش زیاتر بۆگەن مەبن، بەڵام ئەوان تەنھا چەند ڕۆژێک گوێیانگرت و چەند ھەفتەیەکیش خۆیانگرت. لەمڕۆشەوە پێتان دەڵێم: ئێمە چیدی ئێوەمان ناوێت، نەک لەبەرئەوەی قینمان لێتانە و بۆھەمیشە لەبەرچاومان کەوتوون، بەڵکو لەبەرئەوەی ئێوە شایستەی ئەوە نین ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرن. ئێوە شایستەی ئەوە نین سەرکردایەتی ئەم نەوە پڕخەون و زیندوە بکەن و لەدوای ئەم دڕندەییەشتانەوە چیدی شایستەی دەسەڵات نین. لەڕاستیدا دەسەڵات شتێکی نێگەتیڤ نییە بەڵکو پۆزەتیڤە. بۆیە من بڕوام بەوەیە کە ئەم نوخبەیەی ئەمڕۆ لە کوردستانە خاوەن دەسەڵات نین، بەڵکو چەند گەمژەیەکی خاوەن چەکدار و بەرژەوەندی ئابوورین. ئەمانە خودی چەمکی دەسەڵات ناشیریندەکەن، چونکی دەسەڵات زەبروزەنگ و توندوتیژیی نییە، بەڵکو بیناکردن و بەرھەمھێنانە. ئەمانە دونیایەکیان دەوێت پڕ لە فەوزا و توندوتیژیی و سیستەمێکیان دەوێت کە تەنھا خۆیان سەری لێدەربکەن و تەنھا خۆیان بتوانن بەڕێوەیبەرن، سیستەمێک کە جگە لە خۆیان یەک ھاونیشتیمانی تری بۆ ناپارێزرێت

لە دوێنێوە ئێوە دەستمان لێناپارێزن! ئێمەش لەمڕۆوە دەستتان لێناپارێزین. ئێوە دەتوانن تەقەبکەن، بمانسووتێنن، ماڵی ھاوڵاتییان وێرانکەن و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی مەدەنی ڕەشبگیر و زیندانی بکەن، ئێمەش دەتوانین ڕادەستی مێژووتان بکەین، چونکی دیکتاتۆرەکان ماڵئاوایی لەکەس ناکەن. دیکتاتۆرەکانیش ئەدرەسی ھەمیشەییان نادیارە، وەکو ئەو زیندانییانەی کە دەیانڕفێنن، وەکو ئەو زیندانە نھێنییانەی دروستی دەکەن. دیکتاتۆرەکان فریای ماڵئاوایی ناکەون، دیکتاتۆرەکان یان ھەڵدێن، یان دەکوژرێن. بەڵێ، تاوەکو دوێنێ شتێک ھەبوو، ھیوایەکی بچووک مابوو بۆئەوەی کۆمەڵگا قسەتان لەگەڵدا بکات، ئەمڕۆ ئەو پەتەشتان پچڕاند. تاوەکو دوێنێ ھەندێ دەنگ لەناو حیزبەکانتاندا بوو کە ھەستی بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مێژوو دەکرد و ڕێگەی موغامەرەی سەربازیی پێدەگرتن، ئەمڕۆ ئەوانیش بڕوای خۆیان لەدەستدا. تاوەکو دوێنێ دۆخی سیاسیی لە وڵاتی ئێمەدا نە جەنگ بوو و نە ئاشتی، ئەمڕۆش جەنگی ئێوە دژ بە کۆمەڵگا دەستی پێکرد، جەنگێکی دزێو و ناتەبا. ئێوە دەتانەوێت کۆمەڵگای ئێمە بکەن بە زیندانێکی گەورە و نیشتیمانمان بکەن بە گۆڕەپانێک بۆ جەنگەکانی داھاتووتان. ئێوە بەرپرسی یەکەم و کۆتایین لە ھەموو دەرئەنجامە چاوەروانکرا و چاوەرواننەکراوەکانی ئەم جەنگەی کە بەسەر کۆمەڵگاکەی ئێمەدا سەپاندووتانە. مێژوو ماڵئاوایی لە زۆر کەسی لە ئێوە دڕندەتر کردوە. ئەو تێڕوانینە عەسکەرتارییەی ئێوە کە بۆ چارەسەریی ململانێکان ھەتانە، ئاکامەکانی تەنھا خۆتان لێی بەرپرسیارن، چونکی بە سووتاندنی سەرای ئازادی خواستی ھاونیشتیمانیانتان بۆ ئازادیی زیاتر گڕدا. ھەموو ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ پاسیڤانە بەشداربوون لەم ناڕەزاییەدا لە سبەینێوە دەبن بە کەسانی چالاک و دەیان سەرای ترتان بۆ دروستدەکەن و دەیان ڕێبین و دەیان دلێر و دەیان چنوری ترتان بۆ بەرھەمدێت. ئەم جەنگەی ئێوە جەنگێکی دۆڕاوە. گەرچی ئەم شەڕەی ئێوە وەکو گەمەی مناڵان دێتە پێشچاو، ئاساییشەکانتان بە دارلاستیکەوە ئاساییشی وڵات دەپارێزن و ڕۆژنامەنووسەکانتان بە بەردھاویشتن ڕوماڵی ڕووداوەکان دەکەن، بەڵام لەدوێنێوە ئەم جەنگەتان کرد بە ڕاستیی و لەدوای خۆشتان ڕاستییەکان بۆ مێژوو بەجێدەھێڵن. ئەوەی ئێمە لەم شەڕەدا تێیناگەن، ئەوەیە کە چۆن ئەم نوخبە بچووکە توندوتیژخواز و بەدفیزەی ئەم دوو حیزبە ھەموو ھێز و جەبەرووتی سەربازیی خۆی خستۆتە ناو شارێکەوە کە نە پێش ئەوان و نە دوای ئەوانیش کەس نەیتوانیوە و ناتوانێت بێدەنگی بکات

پاش ئەو ھەموو پەیامانەی کە لە رابردوودا ئاراستەمان کردن بۆئەوەی نەبن بە کەسانێک دوای مردنتان کەس پرسەتان بۆ دانەنێت، حەزدەکەم دوا پەیاممتان بۆ بنێرم، بەڵام ئەم پەیامەم ڕووی لە ئێوە نییە، بەڵکو ڕووی لە ھاوڕێ و دۆستەکانمە، کە لەگەڵیاندا بەرگریی لە ئازادی و ئاشتی ڕاستەقینە دەکەین: ئازیزانم ئەم دۆخەی کوردستان ھیچ نەسەلمێنێت، ڕاستێتی ئەو بۆچوونەی گاندی دەسەلمێنێت لەسەر دەسەڵاتدارانی توندوتیژ و دژ بە کەسانی مەدەنی، کاتێک دەڵێت: "سەرەتا فەرامۆشت دەکەن، دوایی گاڵتەجاڕیت پێدەکەن، پاشان دژایەتیت دەکەن، لە کۆتاییشدا تۆ دەیبەیتەوە

Saturday 16 April 2011

جەماوەر‌و شۆڕش

ئاراس فەتاح


ئەزموونی دەسەڵات بەتەنها ئەزموون نییە له‌گەڵ هێزدا، بەڵکو ئەزموونیشە له‌گەڵ بێهێزیی. له‌ڕاستیدا دەکرێت دەسەڵات ئەزموونی دوو حاڵەتی مەترسیدار بکات. یەکەمیان بێهێزیی سەربازییە‌و دووەمیشیان بێهێزیی شەرعییەتی سیاسییە. ترسناکترین دۆخ بۆ هەموو دەسەڵاتێک بریتییە له‌بێهێزیی‌و نەمانی شەرعییەتە سیاسییەکەی لای زۆرینەی خەڵک. پرسی شەرعییەت لای هەموو دەسەڵاتێک له‌و کاتەوە دەستپێدەکات کە له‌پرۆسەی ململانێی له‌گەڵ "خەڵک"دا شتێکی تر دروستدەبێت کە رەهەندێکی سیاسی وەردەگرێت، ئەویش "جەماوەر"ە. جەماوەر خەڵکێکی توڕەی ناو رووبەری گشتین‌و کۆمەڵێکی بێئومێد‌و بێئامانن له‌ڕووی سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەوە. جەماوەر پێکهاتێکی نوێی کۆمەڵایەتی‌و سیاسییە کە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە‌و دەیەوێت پێیبگات. کەرەسەی گەیشتن بەم ئامانجەش دەشێت بە رێگای ئاشتییانە بێت یانیش له‌ڕێگای شۆڕشەوە بێت. له‌ئێستای کوردستاندا ئامانجەکان ئەو رێگایەن کە خەڵک پیایدا دەڕۆن، ئەم ئامانجانەش کاتێک بوون بە خواستێکی جەماوەریی، مانا‌و رەهەندێکی سیاسیی وەردەگرن.

هەموو دەسەڵاتێک ئەزموونی جەماوەر دەکات، چ دەسەڵاتی دیکتاتۆری بێت یان دیموکراسی. هەموو ئەزموونێکی دەسەڵاتی دیکتاتۆری له‌گەڵ جەماوەری دژ بە دەسەڵاتدا ئەزموونێکی توندوتیژانەیە. ئەزموونی دەسەڵاتێکە کە جگە له‌خۆی کەسی تر بە نوێنەری جەماوەر نازانێت. له‌ڕاستیدا جەماوەر بۆ ئەو جگە له‌وەی کە خۆی وێنایدەکات، شتێکی تر نییە. ئەو دەتوانێت جەماوەر دروستبکات، چەپڵەی پێلێبدات‌و بیگرێنێت‌و وایلێبکات هەڵپەڕێ‌و پێبکەنێ‌و کەی ویستیشی بینێرێت بۆ جەنگ‌و کەی ترسیشی لێبوو هاوسۆزی له‌گەڵدا نیشانبدات. له‌جەوهەردا جەماوەر پێکهاتێکی بێدەسەڵات نییە بەدەست دەسەڵاتەوە، بەڵکو دەشتوانێت ببێت بە خاوەنی هێز‌و خودی دەسەڵات بێهێز بکات یان له‌هێزی بخات. بۆنموونە له‌کاتی شۆڕشدا، جەماوەر بەهێزترین وێنەی خۆی نماییشدەکات. "جەماوەر"یش وەکو تەنێکی سیاسی‌و وەکو هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تر دەبێت لێیتێبگەین.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین جەماوەر پێکهاتێکی ناستروکتورییە. بەمانایەکی تر پێکهاتێکی ناشێلگیرە، واتە تەنێکە نە فۆڕمێکی چەسپاو‌و نە ناوکێکی بەردەوام‌و دیاریکراوی هەیە. ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە له‌ڕووە فینۆمینۆلۆژییەکەیەوە وەکو شله‌مەنییەکی گەرم وایە، کە دروستدەبێت، نە بە ئاسانی سارد دەکرێتەوە‌و نە بە ئاسانیش کریستاڵیزە دەبێت. جەماوەر کەرەسەیەکی نابلورییە(Amorph)‌و بەئاسانی له‌قاڵبنادرێت‌و بە ئاسانیش رێچکەکەی دیاریناکرێت. هەر کاتێکیش جەماوەر رێچکەیەکی گرت، دەتوانێت هەموو ئەو شتانەی له‌بەردەمیدایە بەلێشاو له‌گەڵ خۆیدا بیبات‌و له‌کۆتاییدا له‌شوێنێکدا کۆبێتەوە‌و وەکو بورکان قوڵپ بدات. هەردوو ماڵی پارتی‌و یەکێتی له‌ناو ئەزموونی دەسەڵاتدارێتییەکەیاندا، شله‌مەنییەکی گەرمیان دروستکرد کە چیدی نە بۆیان له‌قاڵبدەدرێت‌و نەدەشتوانن ساردیبکەنەوە. ئەم جەماوەرە شله‌یەکی گەرمە، نە بە ئاگر کۆنترۆڵ دەکرێت‌و نە بە تەقە سارددەکرێتەوە. ئەم جەماوەرە بۆیە پێکهاتێکی نابلورییە، چونکی گەر گڕی تێبەردەیت کڵپەی زیاتر دەگرێت‌و گەر ئاویشی پێداکەیت دەبێت بە هەڵم. جەماوەر کۆنترۆڵ ناکرێت، نەک له‌بەرئەوەی ئامادەنییە گوێبگرێت، بەڵکو له‌بەرئەوەی ماندووبووە له‌گوێگرتن، ماندووبووە له‌قسەکردن‌و له‌گوێنەبیستی.

ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەی کوردستانیش ماوەی هەشت هەفتەیە، رۆژ له‌دوای رۆژ فۆرمی جەماوەرییبوون له‌خۆیدەگرێت. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە، رادیکاڵە، هەموو ئەگەرەکانی شۆڕشی تێدایە، بەڵام هێشتا نەبووە بە شۆڕش. داواکارییەکانی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە، داواکاریی شۆڕشگێڕانەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دەیەوێت بە فۆڕمێکی ناتوندوتیژانە پێیبگات. له‌ڕاستیدا ئەم بزوتنەوەیە له‌م چرکەساتەدا له‌نێوان بەشۆڕشنەبوون‌و نەڕوخانی دەسەڵاتدا قەتیس ماوە. ئەم بزوتنەوەیە له‌نێوان ململانێی ئاشتییانە‌و داواکاری شۆڕشگێڕانەدا چەقیبەستووە‌و له‌نێوان دژایەتیی دەسەڵاتێکی توندوتیژ‌و لایەنگریی ئۆپۆزیسیۆنێکی ریفۆرمخوازدا هامووشۆدەکات.

ئەم بزوتنەوە نوێیە تا ئەو چرکەساتەی کە بە بزوتنەوەیەکی لۆکاڵیی دەمێنێتەوە، بزوتنەوەیەکی ریفۆرمخوازە. بەم فۆرمە ریفۆرمخوازە رادیکاڵەش دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی له‌ناوچەی سلێمانیدا قەتیسبمێنێت، چونکی هێزی گۆڕانکاریی رادیکالانەی له‌ئاستی کوردستاندا پێنییە‌و ناتوانێت ببێت بە شۆڕشێکی سەرتاسەریی، بەڵام کە ئەم بزوتنەوەیە کەوتە هەولێر‌و ناوچەکانی ترەوە، ئەوکات کاراکتەری شۆڕش وەردەگرێت‌و چیدی له‌ئاستی ریفۆرمدا نامێنێتەوە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی کە هێزی جەماوەریی چەندین جار گەورەتر دەبێت‌و هێزی دەسەڵاتیش چەند قات بچووکتر، بەڵکو له‌بەرئەوەی دەسەڵات خۆی توندوتیژانەتر دەبێت‌و ئاراستەی ئەم بزوتنەوەیە بەو ئاقارەدا دەبات. ئەم بزوتنەوەیە هێشتا شۆڕش نییە، چونکی شۆڕش گۆڕانی لۆکاڵیی نییە له‌ڕووبەری ژیانی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگیماندا، بەڵکو گۆڕانێکە دەچێتە زەمەنی هەموو تاکێک‌و رۆدەچێتە هەموو جێگایەکەوە. شۆڕش دروستکردنی "شوێنکات"ێکی نوێیە بۆ مرۆڤەکان. بەمانایەکی تر گەر باس له‌شۆڕش بکەین، دەبێت باس له‌هەڵگێڕانەوەی کۆی پەیوەندییەکانی زەمەن‌و شوێن‌و پەیوەندییەکانی ناو خودی دەسەڵات بکەین له‌کوردستاندا. ئەم دەسەڵاتدارێتییەش فاشیله‌، بەڵام جورئەتی داننانی بەو فەشاله‌تە پێنییە، فەشاله‌ت بەمانای کۆکردنەوەی جانتاکانیان‌و ماڵئاواییکردنیان له‌و ماڵانەی کە بەناوی گەله‌وە قسەی لێوە دەکەن. بۆیە من وایدەبینم کە ئەم بزوتنەوەیە له‌ئێستادا لۆکاڵییە، بەڵام ئامانجی لۆکاڵییانەی نییە. ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت ببێت بە بزوتنەوەیەکی جەماوەری له‌ئاستی هەموو کوردستاندا، بەڵام هێزی ئەوەی پێنییە. بۆیە گرنگترین کردەی رادیکاڵانە کە تاوەکو ئەم چرکەساتە له‌وڵاتی ئێمەدا پیادەکراوە، بریتییە له‌و فشارە مەدەنییانەیەی کە دەخرێتە سەر دەسەڵات، فشارێک تا ئەو کاتەی ئەم دەسەڵاتە هێزی تەقەکردنی نامێنێت ئامادەبکرێت بۆ ماڵئاواییکردن. چەندە ئەمە شایستەی پیادەکردنە، روون نییە، بەڵام ئەوەش دەزانین کە له‌مێژوودا هیچ نەشیاوێک نییە. وەک پێشتر وتوومە جەوهەری ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانگەرایە، بەڵام سوڵتان چیدەکات کاتێک بەرامبەر بە جەماوەر بە رووتی وەستابێت‌و هەموو هەقیقەتەکانی له‌بەرچاوی میلله‌تدا بێت. من له‌و بڕوایەدا نیم کە سوڵتانەکانی وڵاتی ئێمە بتوانن جارێکی تر خۆیان پەردەپۆشکەنەوە.
ئەوەی راستییە، هەقیقەتەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بەڕووتی له‌بەردەم جەماوەردا وەستاون‌و دەسەڵاتیش خۆی بە رووتیی نابینێت. شۆڕش دۆخێکە کە جەماوەر چیدی توانای بینینی ئەو هەموو هەقیقەتە ناشیرینانەی دەسەڵاتی نامێنێت، له‌کاتێکدا دەسەڵات هەمیشە باس له‌شەرعییەتی شۆڕشگێڕێتی‌و دەستووری‌و پەرله‌مانیی خۆی دەکات.

شۆڕشی توندوتیژ له‌جەوهەردا گەیشتنی سیاسەتە بە بنبەستیی‌و تێنەگشتنی دەسەڵاتە له‌کۆمەڵگا، نەک بە پێچەوانەوە. کاتێک لێکتێگەشتن نەبێت‌و کەناڵێک نەبێت بۆ گفتوگۆکردن له‌گەڵ هێزەکانی ناو کۆمەڵگا، گرژی‌و توندوتیژیی‌و نائارامیی دەبن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ سیاسەت. من وایدەبینم کە پاش تێپەڕبوونی ٥٠ رۆژ بەسەر ململانێی خۆپیشاندەران له‌گەڵ دەسەڵاتدا، هێدی هێدی هیچ زمانێک نامێنێتەوە بۆ گفتوگۆ؛ کاتێکیش زمان نەمێنێت پراکسیس جێگای دەگرێتەوە. ج. ف. کێنەدی سەبارەت بە ململانێ له‌گەڵ دەسەڵاتدا دەڵێت: "ئەوانەی رێگا له‌شۆڕشی ئاشتیخوازانە دەگرن، دەبنە مایەی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی توندوتیژ." ئەم رستەیەی کێنەدی دەشێت له‌هەموو کاتێک زیاتر تەعبیر له‌واقیعی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان بکات. پارتی‌و یەکێتی شۆڕشیان ناوێت دژ بە دەسەڵاتدارێتییەکەیان، بەڵام ئەوەی کە بەم سیاسەتەیان بەرهەمیدەهێنن گۆڕینی ئەم بزوتنەوە ریفۆرمخوازە رادیکاڵه‌یە بۆ شۆڕشێکی توندوتیژ.

Thursday 14 April 2011

ئاراس فه‌تاح خه‌ون به‌ده‌ستكاریكردنی‌ ژیانی‌ گه‌نجانه‌وه‌ ده‌بینێت

ئایا بێ‌ توندوتیژی‌ گۆڕانكاری‌ ده‌كرێت؟
ئا: سات

ره‌نگه‌ تا ساڵانێكی‌ دوور "ئاراس فه‌تاح" وێنه‌ی‌ ئه‌و چركه‌ساته‌ پڕ له‌ئازاره‌ی‌ له‌هزردا كاڵ‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ منداڵێكی‌ بلووس سووری‌ بریندار‌و له‌پێ‌ كه‌وتووی‌ به‌ته‌نیا به‌جێماو، له‌سه‌ر شۆسته‌كه‌ی‌ به‌رده‌م لقی‌ 4‌و له‌نێو ته‌ق‌و تۆقی‌ ئه‌و ئێواره‌ دڵته‌نگه‌ی‌ 17ی‌ شوباتدا پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌كات. هاواری‌ ئه‌م منداڵه‌، ئاراسی‌ له‌پایته‌خته‌ دڵڕفێنه‌كه‌ی‌ باڤاریاوه‌ هێنایه‌وه‌ بۆ سه‌رای‌ ئازادی‌.
"بینینی‌ ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌، ساته‌وه‌ختێكی‌ قورسی‌ ویژدانی‌ له‌لام دروستكرد، كه‌ ئه‌و وێنانه‌م بینی‌، راسته‌وخۆ به‌چۆمانی‌ هاوسه‌رم وت: من ده‌مه‌وێ‌ بڕۆمه‌وه‌و به‌شداری‌ ئه‌م خۆپشاندانه‌ بكه‌م".
به‌لای‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ ته‌مه‌ن 48 ساڵه‌وه‌، كه‌ له‌كه‌ركوك له‌دایكبووه‌و له‌سلێمانی‌ ژیاوه‌و خوێندنی‌ زانكۆشی‌ له‌هه‌ولێر بووه‌، "هه‌رچی‌ ئێش‌و ئازاری‌ شه‌خسی‌‌و نه‌ته‌وه‌یمانه‌ له‌و چركه‌ساته‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ منداڵێك هاوارده‌كاو ده‌ڵێت یارمه‌تیم بده‌ن، كه‌چی‌ كه‌سێك ناچێت به‌هانایه‌وه‌و رزگاری‌ بكات".
7ی‌ ئازار، ئاراس فه‌تاح له‌گه‌ڵ‌ به‌ختیار عه‌لی‌ هاوڕێی‌ له‌ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌ره‌و سلێمانی‌ دێنه‌وه‌‌و بۆ رۆژی‌ دواتریش راسته‌وخۆ به‌شداری‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ ده‌كه‌ن، "بیركردنه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ جۆرێك له‌ڕادیكالیه‌تی‌ تیایه‌، ئه‌م له‌حزه‌یه‌ له‌حزه‌یه‌كی‌ گرنگه‌ كه‌ دروستبووه‌، گه‌ڕانه‌وه‌مان ئیلتیزامێكی‌ ئه‌خلاقی‌ بوو به‌رامبه‌ر به‌نوسینه‌كانمان، یشتیوانییه‌كی‌ ئه‌خلاقیش بوو بۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌".
ئه‌م نووسه‌ره‌ هێمن‌و رووخۆشه‌ كه‌ هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساتی‌ بینینه‌وه‌ قژه‌ ره‌شه‌كه‌ی‌ سه‌رنجی‌ به‌رامبه‌ر راده‌كێشێت، پێداگری‌ له‌سه‌ر گرنگیی‌ ئاماده‌بوونی‌ گه‌نجان‌و بایه‌خدان به‌داخوازییه‌كانیان له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا ده‌كات، ئه‌و پێیوایه‌ "یه‌كه‌مجار ئه‌وه‌ی‌ ده‌ماندی‌ ته‌نها گه‌نج بوو، ئه‌گه‌رچی‌ دواتر به‌گه‌وره‌بوون‌و به‌هاتنی‌ گروپی‌ جیاواز جیاوازتری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بۆ ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، جه‌سته‌ی گه‌نجه‌كان بچوكتر نه‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام داخوازییه‌كانی‌ ئه‌وان له‌ناو كۆی‌ پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌دا ون كرا".
ئاراس كه‌ له‌ڕۆژانی‌ ئاماده‌بوونیدا له‌سه‌رای‌ ئازادی‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن گه‌نجانی‌ شاره‌وه‌ ده‌وره‌ ده‌درا به‌مه‌به‌ستی‌ گفتوگۆ‌و وێنه‌گرتن، جه‌غت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی‌ رۆشنبیرانه‌ ئیش له‌سه‌ر چه‌مكی‌ گه‌نجبوونی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بكه‌ن‌و رێگه‌نه‌ده‌ن هه‌موو هه‌وڵی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ته‌نها له‌گۆڕانكاریی‌ سیاسیدا چڕ بكرێته‌وه‌، "ده‌بێت جارێكیتر تووشی‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ نه‌بینه‌وه‌ كه‌ به‌چاككردنی‌ دونیای‌ سیاسه‌تمان، هه‌موو دونیای‌ ئێمه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام كه‌ ئێمه‌ باس له‌گۆڕان ده‌كه‌ین، داڵغه‌مان بۆ سیاسه‌ت ده‌چێت، ئه‌مه‌ راست نییه‌، چونكه‌ له‌سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا گه‌نجه‌كانمان ته‌نها مه‌به‌ستیان ده‌ستكاریكردنی‌ دنیای سیاسه‌ت نه‌بوو له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌دا، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان ده‌ستكاریكردنی‌ ژیان بوو به‌هه‌موو ئاڕاسته‌كانیه‌وه‌".
ئاراس فه‌تاح كه‌ پێشتر به‌شداریی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ 1982‌و 1984ی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ دژ به‌ڕژێمی‌ به‌عس ئه‌زمون كردووه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ هاتنه‌وه‌یه‌وه‌ بۆ كوردستان، كۆمه‌ڵێك پرسیار سه‌باره‌ت به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌هزرو مێشكیدا ده‌ورژێت: "ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ چه‌ند گرنگه‌؟ چه‌ند گرنگه‌ ئێمه‌ وه‌ك رۆشنبیران پشتیوانی لێبكه‌ین؟ چه‌ند گرنگه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ توندوتیژ نه‌بێ؟ چه‌ند گرنگه‌ كلتوری تازه‌ی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ له‌وڵاتی‌ ئێمه‌دا دروستبكات؟ ئه‌و پرسیاره‌ش كه‌ هه‌میشه‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌: دونیای‌ ئێمه‌ چۆن چاك بكرێت؟ دونیای‌ ئێمه‌ چۆن ده‌ستكاری بكرێت؟ بۆچی‌ خه‌ڵكی‌ ئێمه‌ خواستێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ رایدیكاڵی‌ هه‌یه‌ كه‌ دونیای‌ ئێمه‌ به‌شۆڕش بگۆڕێت؟ ئایا ده‌شێت بێ‌ توندوتیژی‌ گۆڕانكاری‌ بكرێت؟ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئاشتی‌ له‌دونیای‌ پیاوه‌تی‌‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی‌ ئێمه‌دا زۆر ترسنۆكانه‌ دێته‌ پێشچاو، له‌به‌رئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ مانا راسته‌قینه‌كه‌ی‌ ئاشتی‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ژیان. یه‌كێك له‌گرفته‌كانی‌ ئێمه‌ نه‌بوونی‌ ئاشتییه‌، ده‌بێت ئیش له‌سه‌ر دروستكردنی‌ ئاشتی‌ بكه‌ین، چونكه‌ وا هه‌ستده‌كه‌م ده‌سه‌ڵات خۆی‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ توندوتیژ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌زووترین كات تێكیبشكێنێ‌".
ئاراس وتیشی‌ "ئێمه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ماندا بۆ كوردستان هه‌ندێك پرسیارمان ورژاند كه‌ به‌بڕوای‌ من بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ ئاڕاسته‌ فكرییه‌كانی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ گرنگی‌ خۆی‌ هه‌بوو".
كارێكی‌ گرنگی‌ دیكه‌ به‌لای‌ ئه‌م نووسه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 1985ه‌وه‌ په‌نای‌ بردووه‌ته‌ به‌ر ئه‌ڵمانیاو بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ری‌ له‌زانسته‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له‌وێ‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، كاركردنه‌ له‌سه‌ر به‌دیموكراسی‌ كردنی‌ فكریی‌ رۆشنبیران، "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌مه‌ نه‌كه‌ین ئه‌بین به‌بت، زۆر گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ چه‌ند كارمان له‌سه‌ر شكاندنی‌ بتێتی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانمان كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ش كار له‌سه‌ر شكاندنی‌ بتێتی‌ رۆشنبیره‌كانمان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌كرێن به‌بت‌و ئایكۆن، گه‌ر وا نه‌كه‌ین، دیسان ده‌كه‌وینه‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌وا ئێمه‌ به‌بێ‌ باوك هیچمان بۆ ناكرێ. من له‌یه‌كه‌م وتارمدا له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێموتن ئێمه‌ نه‌هاتووین بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیتان بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌مه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی خۆڕسكه‌، هی‌ كه‌سانێك نییه‌ كه‌ بڕیاریان دابێت هه‌ڵیبگیرسێنن، به‌ڵكو وه‌ك هه‌موو بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ دیكه‌، ئه‌میش سه‌ركرده‌ی‌ خۆی‌ دروستده‌كات كه‌ پێشتر ئێمه‌ نه‌مانناسیوه‌".
به‌ر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌سلێمانییه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا، ئاراس ئه‌وه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ كوردستان‌و له‌و زنجیره‌ كۆڕه‌ی‌ له‌هه‌فته‌كانی‌ پێشوودا سازیان كرد، ئه‌وو هاوڕێكانی‌ وه‌ك گروپ كاریان كردبێت، ئه‌و ئاماژه‌ به‌و راستیه‌ ده‌كات كه‌ تا ئه‌وان نه‌هاتنه‌وه‌ یه‌ك كۆڕ له‌سلێمانی‌ بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان ساز نه‌كرابوو، "خه‌تای‌ ئێمه‌ چییه‌ كه‌ پێش ئێمه‌و دوای‌ ئێمه‌ش رۆشنبیران ئه‌مه‌یان نه‌كردووه‌ به‌نه‌ریت؟ ئێمه‌ به‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو ره‌هه‌نده‌وه‌ هاتووین، به‌رده‌وام وه‌كو گروپ ته‌ماشا ده‌كرێین، به‌ڵام هه‌موو خوێنه‌رێكی‌ جدی‌‌و هه‌موو رۆشنبیرێكی‌ عه‌قڵانی‌ ده‌توانێ جیاكارییه‌كانی‌ فكریی‌ ئێمه‌‌و ته‌نانه‌ت ململانێكانیشمان بخوێنێته‌وه‌".
ئاماده‌بوون‌و به‌شداربوونی‌ ئاراس فه‌تاح له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ سه‌رای‌ ئازادیدا، كه‌ ده‌نگێكی‌ ره‌خنه‌گرو زیندووی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌یه‌، ئومێدێكی‌ زیاتری‌ به‌و گه‌نجه‌ خۆپیشانده‌رانه‌ به‌خشی‌ كه‌ خه‌ون به‌ده‌ستكاریكردنی‌ ژیان‌و به‌چاككردنی‌ دونیای‌ ئێمه‌وه‌ ده‌بیننن.

لە سایتی ئاوێنەوە
۱٤/٤/۲٠۱۱

ووتاری ئاراس فەتاح بۆ سەرای ئازادی ۲٠۱۱/٤/۳


ڤیدیۆ : سان سارەڤان 

دەقی وتارەکەی ئاراس فەتاح لە سەرای ئازادی

3/4/2011

ئێمە لە بەعسەوە زۆر شت فێربووین، ئەو شتانەشی کە فێری بووین، نامانەوێت بیرمانبچێتەوە
ئێمە لە دەسەڵاتدارێتی کوردیشەوە زۆر شت فێربووین، ئەو شتانەشی کە فێری بووین، نامانەوێت بیرمانچێتەوە

بەعس فێریکردین کە سیاسەت دەتوانێت لە جیاتی ئەوەی ژیان دروستبکات، مردن بەرھەمبھێنێت. بەعس فێریکردین لەکوێدا سیاسەتی ترساندن و کوشتن ھەبێت، لەوێدا ژیان ووندەبێت

بەعس فێریکردین کە ژیان دەکرێت بێمانابکرێت، کاتێک لەسەر شەقام و زانکۆ و قوتابخانە و کتێبخانە و کارگەکاندا لەبری ڕێزی ژیان بدۆزینەوە، بریندارکردنی بەردەوامی کەڕامەتی ئینسانەکانمان دەبینی

بەعس فێریکردین کە یاساش دەکرێت بێمانابکرێت، لەبری یاسا سەروەر بێت، بێڕێزی سەروەر بێت.
ئێمە لە بەعسەوە دوو شتی سەرەکی فێربووین: یەکەم کردنی کوشتن بە سیاسەت، دووەمیش بێماناکردنی ژیان لەڕێگای بێماناکردنی یاسا

پاش تێپەڕبوونی بیست ساڵ بەسەر ئەم ئەزموونە دەسەڵاتدارێتییە کوردییشەوە، زۆر بەڕوونی دەبینین کە سیاسەتی کوردییش ڕۆژ بەڕۆژ لە ھاوڕێتیی ئەو سیاسەتەی بەعس نزیکدەبێتەوە و دەبینین کە چۆن دۆستایەتییەک لە نێوان سیاسەت لە دوێنێ و سیاسەت لەمڕۆدا دروستبووە

بەڵێ، ئەم نەوە نوێیەش لە دەسەڵاتدارێتی کوردییەوە زۆر شت فێربوو، ئەو شتانەشی کە فێری بوو، بەعسمان بیردەھێنێتەوە

بەڕێزان، ئێمە خەونمان بە وڵاتێکەوە دەبینی کە تیایدا چیدی کوشتن نەبێت بە کولتووری سیاسەتکردن، گرتنی بێیاسایی نەبێت بە پیشەی حیزب و دەمامکبەسەرەکان، ژیان نەبێت بە جێگایەک بۆ تاقیکردنەوەی ناشرینییەکانی حکومەت و حیزبیش نەبێت بە موختەبەری وەلائەت و کۆیلایەتی بۆ سەرۆکەکان

ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمەدا چالاکوانانی مەدەنی، بە عیلمانی و دینییەوە دەستگیردەکرێن بێئەوەی بزانرێت بۆچی؟ ڕۆژنامەنووسانمان ڕۆژانە ھەڕەشەیانلێدەکرێت و بێسەروشوێندەکرێن، بێئەوەی بزانرێت تاوانیان چییە؟ یاسا لەم وڵاتەی ئێمەدا وەکو بینەرێکی کوێر لە پەنجەرەی دادگاکانەوە تەماشای ڕووداوەکانی سەر شەقامەکانی وڵات دەکات. تەماشای بریندارکردنی ڕۆژانەی مافەکانمان و ئازادییەکانمان و کەرامەتمان دەکات.
سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە جەنگێک دژ بە ژیان نەک بە شەڕکردن بۆ ژیان. ئەمڕۆ سیاسەتی حیزبی بووە بە سیناریۆیەکی ناشیرین بۆ شێواندنی وێنەی ئەوانەی کە دەیانەوێت سیاسەت بۆ مانا ڕاستەقینەکانی بگەڕێننەوە، ئەوانەی دەیانەوێت سیاسەت لە بەرھەمھێنانی کوشتنەوە بکەن بە بەرھەمھێنەری ژیان. ئێمە لە کوردستاندا سیاسەتێک دەبینین کە ناتوانێت تەماشای ئێمە بکات وەکو ھاونیشتیمانیانێک کە دەیانەوێت ژیان بەرھەمبھێنن، چونکی ئەوان جگە لە کوشتن و گرتن و بێڕێزیکردن و بێماناکردنی ژیان ھیچی تر نازانن

ئەوەی سیاسەتمەدارانی ئێمە خەریکە دروستی بکەن، بریتییە لە دروستکردنی ڕقێکی قووڵ لە خودی سیاسەت. ئەمەش بۆ داھاتووی کۆمەڵگاکەمان زۆر ترسناکە، بۆ تێگەشتنی نەوەی نوێ و مناڵەکانمان زۆر کارەساتئامێزە، چونکی ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو بێماناکردنی سیاسەتە، ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو توندوتیژییە، ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو گەمەیەکی ناشیرینە بە ژیان و مافەکانمان.

دەسەڵاتی کوردی بەرپرسیاری یەکەمی ئەم کولتووری توندوتیژییەیە کە خەریکە ببێت بە تاکە کەرەسەیەک بۆ دیالۆگ و قسەکردن لە وڵاتی ئێمەدا. ئەوە گەنجەکان نین کە توندوتیژن بەڵکو سیاسەتە کە جگە لە توندوتیژی زمانێکی تری پێنییە لەگەڵ ئەو گەنجانەی وڵاتی ئێمەدا بدوێت. دەسەڵاتی کوردی بەرپرسیاری سەرەکییە لە خوڵقاندنی فەزای گرژیی و نائارامیی و نەبوونی ھیچ پلانێکی ڕوون بۆ چارەسەری ئەم دۆخە پشێوەی وڵاتی ئێمە. دەسەڵاتدارانی کوردی بەرپرسیاری یەکەم و ئاخیری ئەم ئابڵوقە حیزبیەن بەسەر زانکۆکان و ئەو گەمارۆدانە سەربازییانەن کە بەسەر شارەکانی کوردستانەوە دروستیانکردووە. دەسەڵاتداران بەرپرسیاری ئەو بنبەستییە سیاسییەن کە نیشتیمانی ئێمە چەقی تێدا بەستووە. ئەوان بەرپرسیاری سیاسی و ئەخلاقی ئەم دۆخەن کە دروستبووە

ئێمە ھەموو دەزانین، گەر ئەم مەنگییە سیاسییە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بۆگەن دەکات. ھەموو بۆگەنکردنێکیش مانای مردنی ھەموو ئەوانەیە کە تیای دەژین

ئێمە پێیاندەڵێین

گەر ئێوە دەتانەوێت ئێمەش لەم زەلکاوە مەلەبکەین، ئێمە نامانەوێت مەلەبکەین

گەر ئێوە دەتانەوێت ئاوی ئەم زەلکاوە بخۆینەوە، ئێمە نامانەوێت بیخۆینەوە

گەر ئێوە وامان پیشانبدەن کە جگە لەم گۆمەمەنگەی ئێوە شوێنێکی تر نییە بۆ ژیان، ئەوا ئێمەش پێتان دەڵێین ئەمە درۆیەکی گەورەیە

ئێمە دەمانەوێت وڵاتەکەمان ببێت بە دەریایەک جێگای ھەموومانی تێدابێتەوە، جێگای ھەموو جۆرە بیروبۆچون و جیاوازییەکی تیادابێتەوە، جێگای ھەموو دەنگوڕەنگێکی تیادابێتەوە

ئێوە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە جەنگاوەرترین کەس بۆ ژیان ئەوانەن کە نرخی ئاشتیی دەزانن، نەک شەڕ. شەڕی ئێمە بۆ ئاشتییەکی بەردەوامە لەم کۆمەڵگایەدا، ئاشتییەک کە ھیچ ھێزێکی سیاسی نەتوانێت بەتەنھا بۆمان ئیملابکات. ئێمە دەزانین کە ئێوە چەندە ئاشتی ترسناکتان دروستکرد، چەندە پەیمانتان داینێ کە جارێکی تر شەڕناکەنەوە. بەڵێ ئێوە چیدی شەڕ ناکەنەوە، لەگەڵ یەکتر شەڕ ناکەنەوە، چونکی ھیچ شتێک نەماوە شەڕی لەسەر بکەن، ھەموو شتێکتان لەنێوان خۆتاندا دابەشکرد، بەڵام ئەمڕۆ شەڕێکی ناشیرین و ناھاوتاتان دژ بە گەنجانی ئەم کۆمەڵگایە بەرپاکردووە، جەنگێکی ئاشکرانەکراوتان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ھەڵگیرساندووە

ئێوە شەڕمان پێدەفرۆشن و ئێمەش لێتان ناکڕین، چونکی ھەر ھاونیشتیمانییەکی ھوشیار بە تەنگ دواڕۆژی ئەم وڵاتەوە بێت، بیر لە جەنگ ناکاتەوە. ئەوە ئێوەن جەنگتان دەوێت، چونکی نە ئینسانەکانی ئەم وڵاتەتان خۆشدەوێت و نە لەخەمی دواڕۆژیشیدان

بەڕێزان، ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی کوردستان، ھیچی دروستنەکردبێت، کولتوورێکی نوێی ململانێی سیاسی و مەدەنی لە وڵاتی ئێمەدا دروستکردووە کە جێگای ستاییشە، چونکی تاوەکو ئەمڕۆ ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت بەڕێگای ناتوندوتیژیی گۆڕانکاریی لە سیستەمی فەرمانڕەوایی لە کوردستاندا دروستبکات، ئەمەش مافی شەرعی ھەموو تاکێکی ئەم نیشتیمانەیە کە خوازیاری دروستکردنی جیھانێکە دوور لە چەک و دوور لە زەبروزەنگ و کوشتن و ترساندن

ئێمە لە سەرای ئازادی ئەو مرۆڤە ئازادانەین کە دەمانەوێت کۆتایی بێت بەم کولتوورەی سیاسەت کە بەعس دروستیکرد و ئێوەش درێژەتان پێدا، دەمانەوێت ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ ماڵی یەک بە یەکەی ھاونیشتیمانیانی ئەم وڵاتە و مانا ڕاستەقینەکانی سیاسەت بگەڕێنینەوە بۆ فەرمانڕەوایەتی، کە بە پلەی یەکەم بریتییە لە بوونی ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و پلورالیزمێکی سیاسی ڕاستەقینە لە وڵاتی ئێمەدا. نەک ئەو جەنگە شاراوە و ئاشکرایانەی ئێوە کە ساڵانێکە وەکو ئاشتی بە خەڵکی دەفرۆشنەوە و نەک ئەو پلورالیزمە دووقۆڵییەی ئێوە کە لە دوو کەس زیاتر جێگای کەسی تری تێدا نابێتەوە

ئێمە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانین. ئەم ئۆپۆزیسیۆنەش ماڵی ھەموومانە، زمانحاڵی ھەموومانە و تەعبیرکەری ڕاستەقینەی خواستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی ھەموومانە. ھی گەنجان و ھی ژنان و مناڵ و پیر و کەمئەدامان. ھی ڕۆشنبیرانی عەلمانی و مامۆستایانی ئایینییە و ھی کۆمۆنیست و کوردپەروەرەکانە، ھی پێشمەرگەدێرینەکانتانە، ھی ھەموو ئەوانەیە کە لە سیاسەتی ئێوە ناڕازین

ئێمە لەم سەرای ئازادییەدا خۆمان بە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان دەزانین، چونکی چیدی نە پەرلەمانە کارتۆنییەکەتان بە دەسەڵاتی گەل دەزانین و نە حکومەتە حیزبییەکەشتان بە حکومەتی نیشتیمانی دەزانین و نە دیموکراسییەکەشتان بە دیموکراسیی لێدەکڕین و نە شەڕەکانیشتان بۆ مانەوە لە دەسەڵات وەکو ئاشتی تەماشادەکەین

ئەم سەرایەش ماڵی ھەموو ئەوانەیە کە دەیانەوێت سبەینێ ئەم وڵاتەی ئێمە لەلایەن پەرلەمانێکی ڕاستەقینە و حکومەتێکی ڕاستەقینەوە بەڕێوەببرێت

ئێمە لە ئێوە ناڕازین، دەشزانین کە ئێوەش لە ئێمە ناڕازین، بەڵام جیاوازییەکی جەوھەری لەنێوانماندا ھەیە، ئەویش ئەوەیە: ئێمە ئاشتیمان بۆ نیشتیمانەکەمان دەوێت، ئێوەش جەنگ. ئێمە ژیانمان خۆشدەوێت، ئێوەش مردن

Monday 4 April 2011

سادەکردنەوەی چەمکی تاوان‌و ماف

سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتی ههرێم، فوئاد حوسێن، ڕایگەیاند کە سهرۆكی ههرێمی كوردستان، مهسعود بارزانی، بەنیازە چهند بڕیارێك سهبارهت بهو ڕهوشهناجێگیرهی ههرێمی كوردستان دهربکات‌و تێیدا حكومهتی ههرێم رابسپێرێ، لهچوارچێوهی یاسادا، دهستوبرد بكات بۆ گرتنهبهری رێگهی یاسایی پێویست دژ بهههر كهسێك تاوانی بهسهردا ساغبێته‌وه. ئەوەی لەم بیرکردنەوە‌و ڕاسپاردەیەدا بەپلەی یەکەم جێگای دڵخۆشییە خاڵی دەستگیرکردنی تەقەکەران‌و ڕاپێچکردنیانە بۆ دادگا. ئەوەی جێگای نیگەرانییەکی گەورەشە، ئەو خاڵەیە، کە خوازیاری سزادانی ئەو کەسانەشە بهبێ مۆڵهتوهرگرتن خۆپێشاندانیان رێكخستووە  یان لەداھاتوودا رێكیدەخەن. من ئەم خاڵە بە ترسناکییەکی گەورە دەبینم، چونکی لە ھەناوی خۆیدا کۆتکردنی ئازادی‌و بەدادگاییکردنی مافەکانمانی ھەڵگرتووە؛ ئەو مافانەی کە نە شایستەی پاداشت‌و نە شایستەی سزان، بەڵکو مافی گەردوونین‌و بەشێکی دانەبڕاوی پرنسیپەکانی دیموکراسیین

ئەوەی من لەکۆی ئەم ڕاسپاردەیەدا دەیبینم، بوونی تەمومژییەکی گەورە‌و نەبوونی جیاکارییەکی ئەخلاقی ڕوونە لە نێوان ھەردووکایەی "تاوان"‌و "قوربانی" لەلایەک‌و لەنێوان ھەردووڕەھەندی "ماف"‌و "سزا"ش لەلایەکی تر. ئەو ڕەھەندە ئەخلاقییەی من لەو ڕاسپاردانەدا دەیخوێنمەوە، ھاوتاییکردنی تاوانی تەقەکەرانی حیزبە بە "تاوان"ی خۆپیشاندەران‌و تەماشاکردنی ھەردووکیانە وەکو تاوانکەر‌و لەیاسالادەر. لەڕاستیدا نەبوونی ھیچ جیاکارییەک لەنێوان تاوانەکانی حیزب‌و حکومەت لەلایەک‌و تاوانەکانی خۆپیشاندەرانی مەدەنی لەلایەکی تر، بێماناکردنی خودی کردەی تاوانە بە مانا یاسایی‌و بە مانا ئەخلاقییەکەی. ئەم بڕیارە کاتێک دێت کە زیاتر لە مانگێکە تاوانبارانی حیزب‌و حکومەت لەژێر ڕەحمەتی حیزبدا دەپارێزرێن، نە سەرۆک‌و نە حیزب‌و نە حکومەت بچووکترین ئامادەییان نیشاننەداوە کە ئەم پیاوانە وەکو تاوانبار تەماشابکرێن‌و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. کارەسات لەوەدایە کە تۆ مافی خۆپیشاندان‌و ڕادەربڕین، کە مافی ھەموو ھاونیشتیمانییەکە مومارەسەی بکات، بە ھەمان پێوەری "مافی کوشتن" تەماشایبکەیت‌و مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت، کە ماف نییە، بەڵکو تاوان. بە چ یاسایەک‌و لە چ وڵاتێکی دیموکراسیدا مافی کوژەران لەگەڵ مافی خۆپیشاندەران ھاوتادەکرێت‌و دەخرێتە ناو یەک ڕاسپاردەوە. ئەمەی ئێستا سیاسەتی کوردی دەیەوێت پیادەیبکات، لە جەوھەردا کردنی جەریمەیە بە ماف‌و تەماشاکردنی مافیشە وەکو جەریمە. نەبوونی جیاکارییەکی ڕوونە بۆ ھەردوو چەمکی ماف‌و سزا‌و نەبوونی جیاکارییەکی ئێتیکیی ڕوونە بۆ مافی قوربانیان‌و ھاونیشتیمانیانی مەدەنی لەلایەک‌و سزای تاوانباران‌و تەقەکەرانی حیزب لەلایەکی ترەوە. ئەوە چ لۆژیکێکە کە تاوانی بکەرانی حیزب‌و ھەڵەی کوشندەی حکومەت لەگەڵ ھەڵەی خۆپیشاندەرێکی مەدەنی ھاوتادەکات؟

گەر ئەم ڕاسپاردەیە تاوانی خۆپیشاندانی بێئجازە بە ھەمان پێوەر بپێوێت کە بکوژێک بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەیکات، ئەوە دەبێت لە چەمکی یاسا بترسین. ھەر کەسێکی بەویژدان، گەر لەنێوان "بێیاسایی خۆپیشاندان"ێکی مەدەنی‌و "بێگوێیی‌و لاموبالاتیی یاسا" لە کوردستاندا بەرامبەر بە تاوانبارانی حیزب، توانای ھەڵاوێردی ھەبێت، ئەوە بێچەندوچون خۆپیشاندانی بێمۆڵەت ھەڵدەبژێرێت. لەڕاستیدا ئەم خۆپیشاندانە مەدەنییانەی لە کوردستاندا، کە پتر لە مانگێکە دوور لە توندوتیژی بەردەوامە، یاسایەکی ناوێت چاکەو خراپەی دیاریبکات، بەڵام یاسا دەبێت بزانێت تەقەکردن چاکە نییە‌و کوشتنیش خراپەکارییە. یاسا دەبێت بزانێت کە خۆپیشاندانی مەدەنیی خراپەکاریی نییە، ئەوەی خراپەکارییە تەشویھکردنی مافی خۆپیشاندانە‌و خراپبەکارھێنانی ھێزە دژیان‌و بەئاساییکردنەوەی بەکارھێنانی توندوتیژییە بەرامبەریان. لە فەرھەنگی سیاسیی مۆدێرندا ناشیرینترین دەسەڵات ئەو دەسەڵاتەیە کە ھێز لە سنووری خۆیدا بەکارنەھێنێت‌و شەرعییەتی یاسایی‌و ئەخلاقیشی بۆ "بەکارھێنانی ناھاوتای ھێز"ی پێنەبێت. پیادەکردنی ھێز‌و زەبروزەنگی لەسنووربەدەر دژ بە خۆپیشاندەرانی مەدەنی مانای کوێربوونی دەسەڵاتێکە بەرامبەر بە ھێزێکی کۆمەڵایەتی ناتوندوتیژ کە جگە لە زمان ھیچ چەکێکی تری پێ نییە

لە دوای ١٧ی شوباتەوە نابەرپرسیارێتی لە سیاسەتی کوردیدا بەتەنھا بریتی نەبوو لەوەی کە کردویەتی، بەڵکو پتر ئەوەیە کە نەیکردووە. ئێستاش دەیەوێت مانایەکی تر‌و ڕاڤەکردنێکی تر بۆ بەرپرسیارێتی سیاسی‌و ئەخلاقی دابێھێنێت کە دووبارە دوورە لە ھەموو بەرپرسیارێتییەکی ئێتیکی بەرامبەر بەو ڕووداوە تراژیدییانەی ناو سیاسەت‌و کۆمەڵگای ئێمە، کە ئەویش بریتییە لە تێکەڵاوکردنی رەھەندی تاوان‌و بەرپرسیارێتی لەم کەیسەدا. ئەم پێناسە نوێیەی بەرپرسیارێتی مانای ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەرپرس تەنھا ئەوانە نین کە تاوان دەکەن، بەڵکو ئەوانەشن کە تاوانیان بەرامبەر کراوە. بەم پێناسەیەش بێت، دەبێت ڕێژوان‌و سورکێو‌و ھاوڕێکانیشی لە غیابدا دادگاییبکەین‌و تاوانی ئەوەیان بخەینە پاڵ کە بۆچی لە کاتێکی ناکاتدا لە شوێنێک بوون کە نەدەبایە لەوێ بوونایە، ھەڵەیەکیان کرد کە نەدەبایە بیانکردبایە. بەم پێوەرە نوێیە ئەوانیش بڕێک تاوانیان بەردەکەوێت، نەک تەنھا لەبەرئەوەی ھەندێکیان وەکو چۆن تەقەکەران تەقەیانکردووە، ئاوھاش ئەمان بەردیان ھاویشتووە، بەڵکو لەبەرئەوەی ھەڵەیەکی کوشندەیان کردووە‌و بۆیە باجەکەیان داوە، ھەڵەی ئەوەی لە خۆپیشاندانێکی بێمۆڵەتدا دژ بە دەسەڵات بەشدارییانکرد، ھەڵەی ئەوەی لە "شوێنکات"ێکدا بوون کە نەدەبایە لێی بن، داوایەکیان ھەبوو کە نەدەبایە ھەیانبێت

کێ ھەڵە بەرامبەر بە حیزب بکات سزادەدرێت، کێش ھەڵە نەکات پاداشتدەکرێت. ئەمە ھەمان ئەو پرنسیپەیە کە سیاسەتی کوردی ساڵانێکە بەرامبەر بە نەیارانی خۆی پیادەیدەکات. بەرجەستەترینیان ھەڵەی دەنگدان بوو بە ئۆپۆزیسیۆن، ھەڵەیەک کە نەدەبایە کەس بیکات. ساڵانێکیش سزادانی ئەو خوێندکارانەی کە لەزانکۆکاندا نووسین‌و لێکۆڵینەوەی نووسەرگەلێکی ڕەخنەگریان بەکاردەھێنا کە نەدەبایە بەکاریبھێنن، چونکی زانستی حیزبییانەی زانکۆ ڕێگای بە زانستی سەربەخۆی دەرەوەی زانکۆ نەدەدا... ھتد. ئەمە ھەمان ئەو پرنسیپەیە کە لە زۆر شوێنی تریشدا بە سیاسەتی سوڵتانگەرا ناودێڕمکردووە، سیاسەتێک کە لەسەر پرنسیپی سزا‌و پاداشت بەندە. سیاسەتی کوردی بەم بیرکردنەوە نوێیەش دووبارە سەلماندییەوە کە خوازیاری سزادانی ھەموو ئەوانەیە کە ھەڵەیان کردووە، پاداشتی ئەوانەش دەدات کە لە داھاتوودا ھەڵە بەرامبەر بە دەسەڵات ناکەن. ئەم فۆرمە نوێیەی ئەمڕۆش لە پراکسیسی سزادان‌و پاداشت وەک لە ڕاسپاردەکاندا دەیبینین، سزادانێکی سیاسیی نوێیە کە درێژکراوەی کولتووری سزایە لە وڵاتی ئێمەدا‌و پەیامێکی پاداشتھەڵگریشە بۆ ئەوانەی کە لە داھاتوودا بێدەگدەبن‌و بە دۆخی باو ڕازی دەبن

پاش ١٧ی شوبات ھەموو ئەو ڕاستییە دەزانین کە یاسا لە وڵاتی ئێمەدا سەروەر نییە، ھەر کاتێکیش یاسا ویستی سەروەر بێت، ئەوا دووبارە بەو یاسایانە کاردەکات کە سەروەرێتی دەسەڵات دەپارێزێت. ئەگینا چ مانایەکی ھەیە، کاتێک پەرلەمان بە داخوازی خۆپیشاندەران ڕازی بووە کە یاسای خۆپیشاندان ھەمواربکرێتەوە، کەچی ئێستا پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو تاوانانەی لە وڵاتی ئێمەدا لەڕێگای حیزب‌و حکومەتەوە کراوە، دەسەڵات دووبارە بە ھەمان یاسا دەیەوێت سزای ئەوانە بدات کە بێ مۆڵەت خۆپیشاندانیان کردووە‌و خۆپیشاندان ڕێکدەخەن. ئەم ڕاسپاردانە دەچێتە ھەمان خانەی ستراتیژی سزادانێکی دەستەجەمعی نوێیەوە، لە فۆرمی ئەو سکاڵایاساییانەی بەرامبەر بە نووسەران‌و ڕۆژنامەنووسان بینیمان.
ئەوەی جێگای پرسە ئەوەیە: ئەرێ ئەم ماوە دوورودرێژە یاساکانی سزادانی تاوانی تەقەکردن‌و کوشتن لەکوێ بوون، بۆچی کاریانپێنەکرا تا ئەو کاتەی کە سزای خۆپیشاندەرانیشی نەگرتەوە. ئەم ڕاستییە دووبارە یەک شتمان بۆ دەسەلمێنێت، ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی کوردستان دەبێت چاوەڕێی کۆبوونەوەو بڕیارەکانی حیزب‌و سەرۆکەکان بێت تاوەکو ئەکتیڤ بێت لە دابەشکردنی سزا‌و پاداشت بەسەر ئەندامانی حیزب‌و خۆپیشاندەراندا، لە دیاریکردنی مانای خەتا بەسەر تاوانباران‌و بێتاواناندا‌و لە بەخشینی چەمکی ئەخلاقیش بەسەر تەقەکەران‌و قوربانیاندا. کەی لە کوردستاندا ئەم کولتووری سزا‌و پاداشتە حیزبییە کۆتاییھات، ئەوکات دەتوانین باس لە سەروەریی یاسا بکەین

لە جەوھەردا من وایدەبینم کە لە پشت ئەم ڕاسپاردەوە، تێڕوانین‌و خواستێکی ترسناک خۆی شاردۆتەوە کە نایەوێت دەموچاوی خۆیمان پیشانبدات، دووبارە بە دەمامکەوە خۆی بەیاندەکات، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانێکی شیرین‌و پڕ لە تەھەکوم پێماندەڵێت، بەڵێ ئێمە تەقەکەرانی تفەنگتان بۆدەستگیردەکەین، بەڵام ھەرکەسێکیش "تەقەی زمان"ی لە ئێمە کرد‌و خۆپیشاندانی بێمۆڵەتی ڕێکخست، ئەویش دەستگیردەکەین. پێمانناڵێت تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی مەدەنی حەرامە، دژ بە ھەموو پرنسیپە ئینسانی‌و یاساییەکانە، بەڵکو پێماندەڵێت تەقەکردن‌و بەردھاویشتن‌و خۆپیشاندانی بێموڵەت ھاوتای یەکترن لە قوڵایی تاوانکردن. لە کۆتاییشدا پێماندەڵێت: ئێمەی دەسەڵاتدار تەسلیم بووین، بەڵام دەبێت ئێوەش تەسلیم بن‌و کۆتایی بەو گلەیی‌و گازندانەتان لە دەسەڵات بھێنن‌و با ھەرکەسە بڕواتەوە بۆ ماڵی خۆی. پێماندەڵێت، چەندە ئێمە زەرەری مادی‌و مەعنەویمان کرد ھێندەش ئێوە زەرەری گیانیتان دا، چەندە ئێمە باجمان دا ھێندەش ئێوە، با لەوەش زیاتر کەس زەرەر نەکات! بۆیە باشتر وایە واز لە داواکارییەکانی ترتان بھێنن، با چیدی مەینەتی زیاتر دروستنەبێت‌و ماڵی کەسی تر وێران نەبێت، چ ماڵی تەقەکەرانی ئێمە‌و چ ماڵی قوربانییانی ئێوە!

رووداو‌و کۆمەڵگا


هیچ کۆمەڵگایەک نییە بێ رووداو بێت. له‌کوێدا مێژوو هەبێت، له‌وێدا رووداو هەیە. رووداو کاتێک دەبێت بە رووداوك کە ببێت بە بەشێک له‌مێژوو. هەموو کۆمەڵگایەک بە رووداوەکانییەوە مێژوو دروستدەکات. کۆمەڵگا هەیە پاش رووداوێک دەمرێت، هەشە له‌دوای رووداوێک زیندوو دەبێتەوە. کۆمەڵگا هەیە له‌گەڵ رووداوێکدا مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە، وەکو له‌نموونەی شۆڕشدا دەیبینین. جاری واش هەیە بەهۆی رووداوێکەوە کۆتایی بە مێژووی گروپێکی کۆمەڵایەتی له‌وڵاتێکدا دێت، وەکو له‌نموونەی جینۆسایدی جوو ‌و ئەرمەندا بینیمان. مەرج نییە هەموو رووداوێک له‌مێژوودا، رووداوی مرۆیی بێت. هەندێ رووداو هەیە دەشێت پێشهاتێکی سروشتیی بێت‌و کاریگەریی گەورە بەسەر پێکهاتی کۆمەڵگایەک بەجێبهێڵێت‌و کارەساتی مرۆیی گەورە له‌مێژوویاندا دروستبکات، وەکو بومەله‌رزە‌و زونامی‌و بورکان‌و هتد.

کاتێک له‌چەمکە فەلسەفییەکەیەوە رووداو تاووتوێدەکەین، مەبەست له‌دابڕانی گەورەی مێژووییە له‌پێکهاتی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فۆرمی پێکەوەژیانی ئینسانەکان‌و چەشنی بیرکردنەوەیان. واتە رووداو کاتێک دەبێت بە رووداو، کە دەستکاری کیمیای کۆمەڵگا بکات، چ له‌ئاستی سیاسی‌و چ له‌ئاستی ئابووری‌و کولتووری‌و کۆمەڵایەتی.

دیارە گەر له‌م دیدگایەوە تەماشای مێژووی کورد بکەین، دەبێت بڵێین کە گەورەترین رووداو له‌مێژووی کورددا سەرهەڵدانی مۆدێرنەیە. واتە هاتنی پرۆژەی مۆدێرنەیە بۆ ناو دونیای کورد. بەڕای من یەکەم رووداوی گەورە له‌مێژووی نوێماندا له‌سەردەمی "تەنزیمات"ـەوە دەستپێدەکات. تەنزیمات پرۆژەی هێنانی ریفۆرمی مۆدێرنیزەکردنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو. هەوڵی سەرەتایی هێنانی پرۆژەی مۆدێرنە بوو بۆ ناو جەستەی ئەم ئیمپراتۆرییەتە‌و له‌وێشەوە دەستکاریکردنی پێکهاتە لۆکاڵییە جیاجیاکانی ئەم جیهانە سیاسییە. یەکێک له‌قوربانییەکانی ئەم پرۆسەیەش، ئیمارەتە کوردییەکان بوو. بە مانایەکی تر، له‌گەڵ سەرەتاکانی پیادەکردنی ئەم پرۆژەیە، سەرەتای کۆتاییپێهێنانی دەسەڵاتدارێتییە لۆکاڵییەکانی کورد دەستپێدەکات. ئەم دەسەڵاتدارێتییانە وەکو چەند دورگەیەکی دەسەڵاتی لۆکاڵی له‌مێژووی ئێمەدا بوونیان هەبوو، بەڵام له‌گەڵ هاتنی پرۆژەی مۆدێرنە، کۆتایی بە بوونیان دێت.

رووداوی دووەم له‌مێژووی کوردستاندا بریتیبوو له‌هاتنی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیز‌و فەڕەنسی‌و کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی‌و دروستکردنی چەندین دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ ئەو گەلانەی کە درواسێی کورد بوون. پرۆژەی دووەمی مۆدێرنە، پرۆژەی دابڕانی کورد بوو له‌یەکتر‌و لکاندنی پارچەکانی بوو بە چەندین دەوڵەتی نەتەوەیی کە تیایدا کورد بوو بە کەمینە. له‌م چرکەساتەوە پرۆسەی مۆدێرنە کاریگەریی خۆی له‌سەر کۆمەڵگای ئێمەدا بەجێدەهێڵێت. دروستبوونی رۆژنامە‌و گۆڤار، قوتابخانە‌و زانکۆ، تەجنیدی ئیجباری‌و رۆچوونی توێژێکی کۆمەڵایەتی بۆ ناو سیستەمی له‌شکری نەتەوەیی، سەرهەڵدانی رێکخراوی مەدەنی‌و حیزبی سیاسی...هتد. ئەمانە‌و تادەگاتە سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی، هەمووی پێکڕا رووداوی گەورەن له‌مێژووی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و فەرهەنگی ئێمەدا.

کاتێک باس له‌مێژووی کورد له‌سەدەی بیستەم دەکەین، بە شێوەیەکی گشتیی رووداوەکان خۆکرد نەبوون. بە مانایەکی تر ئەو رووداوە گرنگە سیاسییانەی کە روویانداوە‌و کاریگەریی گەورەیان بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە بەجێهێشتووە، رووداوگەلێک بوون کە کورد تیایدا خۆی بکەری سەرەکیی نەبووە. زۆرینەی ئەو رووداوانەی کە مێژوویان دروستکردووە، کورد تیایدا بکەر نەبووە‌و خۆی بەرهەمینەهێناون، بەڵکو هۆکارە دەرەکییەکان بوونە بە بزاوتی راستەقینەیان‌و پاشان کورد هەڵسوکەوتی له‌گەڵدا کردوون. ئەو رووداوە دەرەکییانەی له‌مێژوودا کە کورد بکەری دروستکردنیان نەبووە‌و بوونە بە هۆکاری دروستبوونی مێژووی نوێ له‌کوردستاندا، دەکرێت له‌م چەند خاڵەی خوارەوە چڕیانبکەیەنەوە.

یەکەم رووداو بریتییە له‌جەنگی جیهانی یەکەم‌و ئەو پاشهاتانەی کە لێیکەوتەوە؛ بۆنموونە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەسەڵاتدارێتییەکی سیاسی له‌کوردستانی باشوور‌و پاشان لکاندنی ئەم هەرێمە بە عێراقەوەو دابەشکردنی تەواوەتی کوردستان.

دووەم: بریتییە له‌جەنگی جیهانی دووەم‌و دروستکردنی کۆماری کوردستان له‌ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و پاشان تێکشکانی.

سێهەم: روخانی سیستەمی پادشایی له‌عێراق‌و فەراهەمبوونی چالاکیی سیاسی ئاشکرای پارتی دیموکراتی کوردستان‌و پاشان سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی.

چوارەم: هەر سێ جەنگی بەناو جەنگی کەنداوی یەکەم‌و دووهەم‌و سێهەم‌و کاریگەریی جۆراوجۆریان بەسەر پێکهاتی کۆمەڵایەتی‌و پرۆسەی سیاسیی له‌کوردستاندا بەجێهێشتووە. له‌ئەنفاله‌وە تا دەگاتە راپەڕین‌و دانانی ناوچەی دژەفڕین بۆ بەشێکی جوگرافیای کوردستان، هەر هەموویان بەشێکی ئەو پرۆسانە بوون کە له‌سیاقی ململانێ دەرەکییەکانەوە له‌کوردستاندا، پیادەکران.

بەشێوەیەکی گشتی، ئەم رووداوانە کە کورد تیایدا بکەر نەبووە، کاریگەریی گەورەیان بەسەر کۆمەڵگای کوردستان‌و پێکهاتە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و کولتوورییەکەیدا بەجێهێشتووە. بێگومان من لێرەدا تەنها باس له‌و چرکەساتە گرنگانە دەکەم کە هۆکارە دەرەکییەکان بوونەتە مۆتۆڕی گۆڕانکاریی له‌پرۆسەی سیاسیی له‌کوردستاندا. دیارە بابەتی ئەنفال سەربەخۆیی خۆی هەیە‌و مەرج نییە تەنها له‌دووتوێی جەنگی عێراق‌و ئێراندا بەرهەمبهاتبایە، چونکه‌ پرۆژەی جینۆسایدی کورد له‌عێراق پابەندنەبوو بە جەنگەوە، بەڵکو پابەندبوو به‌ستراتیژی بەعسەوە بەرامبەر بە کورد، بەڵام جەنگ ئەو چرکەساتە بوو کە بەعس له‌ڕێگایەوە شەرعییەتی بەم کردەیە دا.
بێگومان تاکە رووداوێکی سیاسیی گرنگ له‌دوای راپەڕین، کە کورد خۆی تیایدا بکەری سەرەکی بوو، بریتی بوو له‌سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن. ئەم رووداوەش له‌پەرله‌مان‌و حکومەتی کوردستاندا کرا بە "نا-رووداو"، چونکه‌ نەیتوانی ببێت بە هێزێک کە دەستکاریی سیستەمی سیاسیمان بکات، چونکه‌ دەسەڵاتدارێتی هەردوو حیزبەکە رێگریی له‌هەموو پڕۆژەیەکی دەستکاریکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەکرد. دیارە ئەم وتارە شوێنی باسکردنی ئەو هۆکارانە نییە، بەڵام له‌مڕۆدا‌و بەتایبەت دوای ١٧ی شوبات، بۆ یەکەمینجار له‌مێژووی نوێماندا رووداوێک دروستدەبێت، بزوتنەوەیەک سەرهەڵدەدات کە دەیەوێت ببێت بە بکەری مێژوو. ئەم بزوتنەوەیە دەشێت وەکو تاکە رووداوێک تەماشای بکەین کە هەڵگری ئەگەری دابڕانی مێژووییە، چونکه‌ نەوەیەکی گەنج رابەڕایەتی دەکات‌و دەیەوێت خۆی ببێت بە بکەر له‌مێژووی خۆیدا. ئەم بە بکەربوونە مانای دروستکردنی مێژووە، مانای رووداوە بەمانا راستەقینەکەی، چونکه‌ له‌لایەکەوە مانای دابڕانی مێژووییە له‌گەڵ مێژووی دوێنێ‌و له‌لایەکی ترەوە مانای سەرەتایەکە بۆ دەسپێکێکی مێژوویی نوێ بۆ سبەینێ.

یەکەمجارە له‌مێژووی ئێمەدا هێزێک دروستدەبێت کە رووداو بەرهەمدەهێنێت، نەوەیەک کە ژیاندۆست بێت، هێزێک کە پرۆژەی دروستکردنی دوژمنی پێنییە‌و تا ئەمڕۆش ناتوندوتیژی کردووە بە هێزی دامەزراندنی ئازادی‌و کەرەسەیەک بۆ گۆڕانکاری له‌پەیوەندییەکانی دەسەڵات. ئەم نەوە نوێیە هیچی دروستنەکردبێت یەک رووداوی گەورەی دروستکردووە، ئەویش ئەوەیە کە دەیەوێت کۆتایی بە کولتووری دروستکردنی دوژمن بهێنێت‌و مێژوویەکی نوێ دروستبکات، کە تیایدا کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە زیادکردنی دوژمن نەبێت، بەڵکو بە زۆرکردنی دۆست. بۆیە هەموو تەماشاکردنێکی ئەم بزوتنەوە نوێیە وەکو دوژمنکارێک، دوژمنایەتی گەورەتر له‌ناو کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەکات، کە دەشێت ببێت بە کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە چەمکی دوفاقەیی دوژمن‌و دۆست لای دەسەڵات، کە کۆتایی خۆی دەگەیەنێت.

Wednesday 23 March 2011

قۆناغی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان هاتووەته کایەوه

تایبەت بە ڕۆژنامەی ڕۆژنامە
سازدانی: پشتیوان سەعدوڵڵا

رۆژنامە: پێتوایە، ئەم جوڵانەوەیە كە لە (١٧/٢)ەوە دەستیپێكردووە، دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە؟
ئاراس فەتاح: قۆناغێكی نوێیە، بەو مانایەی كە نەوەیەك دروستبووە خواستی دابڕانێكی سیاسییو كۆمەڵایەتیو ئەخلاقی لەگەڵ رابردوودا بە ئاشكرا بەیاندەكات، ئەم دەستپێكە درێژبووەوەی كۆی پرۆسەیەكی ئاڵۆزو گرنگە كە لە دونیای زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا پێیدەڵێن، گۆڕانی ململانێ لە ململانێی پەنهانەوە بۆ ململانێی بەیانكراو. ئەم ململانێیانەی دونیای ئێمە، ساڵانێكە بە چەشنی جیاواز تەعبیری لە خۆی كردووەو نەیتوانیوە بەم فۆرمەی ئەمڕۆ كە دەیبینین، خۆی رێكبخات. لەمڕۆشدا بەشێوەیەكی خۆڕسكانە تەقیوەتەوەو خۆی لەم چوارچێوەیەدا رێكخستووە، كە ئێستا لە شارەكانی كوردستاندا دەیبینین. دەستپێكێكی نوێیە، چونكە ئێمە نەوەیەك لەسەر شەقامەكان دەبینین كە تووڕەیە لە رابردووی خۆیو بێزارە لە لاموبالاتی دەسەڵاتو ناڕازییە لە بە بتبوونی سیاسەتو تەحنیتكردنی كۆمەڵگە لە رێگای حیزبەوە. ئەم نەوەیە دەیەوێت پەیامێكمان پێبگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە كە سیاسەتكردن لەم وڵاتەی ئێمەدا بەم فۆرمو بونیادەی كە ئێستا هەیە، فەشەلێكی گەورەی هێناوەو سیستمی سیاسیی لە كوردستاندا تەنیا نەبووە بە بار بەسەر كۆمەڵگەوه، بەڵكو ئەمڕۆ بووە بە بار بەسەر خۆشیدا

رۆژنامە: ئەم قۆناغە نوێیە چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؟
 ئاراس فەتاح: قۆناغی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانە، قۆناغی لەدایكبوونی منداڵێكە كە هێشتا هیچ ناوێكی بۆ دانەنراوە. خەڵك لەسەر شەقامەكان لە رێگای چەندین كەمپهینو داواكارییەوە، پەیامەكانی خۆیان گەیاندووەو كۆی ئەم خواستانەش هەموو پێماندەڵێن كە هەموو خوازیاری گۆڕانكارین لە پەیوەندییەكانی دەسەڵات لە وڵاتی ئێمەدا، خواستی دەستكاریكردنی كردەی سیاسەتیان هەیە. لە راستیدا، كورتكردنەوەی داواكانی خۆپیشاندەران بۆ هەندێك داوا كە لە رێگای پشتیوانیو ناردنی وەفدی ئەم سەرۆك، یان ئەو سەرۆك جێبەجێبكرێت، شتێكی تر نییە لە ستراتیژی گەمارۆدانی دیبلۆماسیی بۆ ئەم بزووتنەوەیە

ئەم بزووتنەوەیە بەشێكی ئەو داواكارییانەیە كە ئۆپۆزسیۆن داوای كردووە، بەشێكی ئەو داواكارییانەیە كە رۆشنبیرانو رۆژنامەنووسان ساڵانێكە لە رێگای شرۆڤەو راڤەكردنەكانیانەوە لەناو رای گشتیدا كاریان تێدا كردووە، بەشێكی پابەندی ئەو هەموو خەمە كۆمەڵایەتیو كهلتوورییو ئابوورییانەیە كە سیاسەت لە رێگای لاموبالاتییەكانیەوە فەرامۆشی كردووە...هتد. كێشە ئەوەیە تۆ وا تەسەوربكەیت كە بە دۆزینەوەی فرسەتی كار، ئەم بزووتنەوەیە هێوربكەیتەوە. ئەم تێگەیشتنە هەڵە ئابووریگەراییە هەوڵدانێكە بۆ بە ساكاركردنەوەی كێشەكانو داننانیش بە خراپی ئەدای حكومەتو بوونی گەندەڵییو...هتد. بەشێكیشی پەیوەندی بە خۆهێوركردنەوەی خودی دەسەڵاتەوە هەیە بەرامبەر بەم دۆخە قەیراناوییەی كە تێیدایە، نەك هێوركردنەوەی خۆپیشاندەران، ئەو قەیرانەی كە دروستیانكردووە. كێشەكە ئەوەیە، وەكو وتم، ئەم منداڵە ناونەنراوەو دەشێت ناوی شۆڕش لەخۆی بنێت، گەر هەروا لەوێدا فڕێی بدەیتو ئاوڕی لێنەدرێتەوە، دەشێت ببێت بە بزووتنەوەیەكی ریفۆرمیستانە بۆ دەستكاریكردنی پەیوەندییەكانی دەسەڵات، دەشێت ببێت بە هۆكارێك بۆ دروستبوونی دیالۆگێكی گەورە كە هەموو هێزەكان، واتە هێزە سیاسییو كۆمەڵایەتییەكان، كار لەوە بكەن سیستمی سیاسیی بە چەشنێكی تر لە كوردستاندا دابڕێژنەوە...هتد. فاكت ئەوەیە كە ئەم بزووتنەوەیە چیدی گوتارێكی خستە ناو رای گشتییەوە كە یەك پەیامی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە بەیانی نابێت لە دوێنێ بچێت. ئەم گوتارە نوێیەش دەستكەوتەكانی هەرچییەك بێت، گوتارێكی زۆر گرنگە لە دونیای ئێمەو بووە بە هێزێك كە پرسی گەورەی لە جیهانی سیاسییو كۆمەڵایەتیو رۆشنبیریمان دروستكردووەو دەستكاریی كۆی بیركردنەوەو هۆشمەندیی ناو كۆمەڵگەی كردووە

من، ئەمڕۆ گەنجانێك لەسەر شەقامەكان دەبینم كە دۆخی ئابوورییان لە هی من باشترە، بەڵام دۆخی سیاسییان بە دۆخی سیاسیی من لە ئەڵمانیا بەراوردناكرێت، واتە وێرانەیە. گەنجێكی زۆر لەسەر شەقامەكانن كە كێشەی ئابووریی پرسی ئەوان نییە، بەڵكو كهلتووری سیاسییو چەشنی رێكخستنی پەیوەندییەكانی دەسەڵات لە وڵاتی ئێمەدا پرسی ئەوانە، بۆیە بە هەندێك گفتی ئابووریی ئەم گەنجانە هێورناكرێنەوە. ئەوان بە ئاشكرا داوای دابڕان لە دوێنێ دەكەنو خوازیاری سبەینێیەكی ترن. ئەم گەنجانە پێماندەڵێن: ئێوە خەوتوونو ئێمەش خەون دەبینینو منیش بەگومانم ئەم دوو حاڵەتە ناتەباو ناكۆكە بتوانن لەیەك بگەن. هەموو خەبەربوونەوەیەكی دەسەڵاتیش بەرامبەر بەم دۆخە، سەرەتا تووشی شۆكی كردو جگە لە توندوتیژیی، زمانێكی تری نەبوو پێی بدوێت. دووەمیشیان كەوتنەناو دۆخێكەوە بوو كە جڵەوی عەقڵیان لە سیاسەتكردن لەدەستچوو و تەڕو وشكیان پێكەوە سووتاندو چەندین سیناریۆی ترسناكیان دروستكرد بۆ خەفەكردنی ئەم بزووتنەوەیە. سێیەمیشیانو پاش كەوتنی هەموو ئەو ستراتیژانەی كە سەری نەگرت بۆ گەمارۆدانی ئەم بزووتنەوەیە، ئێستا خەریكی دابەشكردنی مەدحو سەناو پشتیوانین بۆ منداڵە لاسارەكانی نیشتمانو پێیاندەڵێن: ئێمەش لەگەڵتانین، بەڵام وەكو تەماشاكەر، نەك وەكو بكەر

رۆژنامە: كەواتە، گۆڕانكاریی ریشەیی لە سیستمی حكومڕانیی هەرێمدا خواستی قۆناغەكەیە؟
 ئاراس فەتاح: ئەم قۆناغە قۆناغی گهڕاندنەوەی ماناكانی سیاسەتە بۆ ناو سیاسەت، ئەویش بە مانا هەرە سادەكەی دۆزینەوەی فۆڕمێكە بۆ رێكخستنو پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئینسانەكان، دانانی فۆڕمێكە بۆ بەشداریی سیاسییو بەشهەبوونی ئابووریی. ئەم بەشدارییە مانای ئەوەیە كە كۆمەڵگە لە پرۆسەی بیناسازیی سیاسییو كۆمەڵایەتی بەشدار بكرێتو بەشی هەبێت لە داهاتو ئابووریی وڵاتەكەی خۆی. گرنگترین پرس لە وڵاتی ئێمەدا، بریتییە لە دەستكارییكردنێكی قووڵ لە پەیوەندییەكانی دەسەڵاتو گۆڕانكاریی تێیدا. ئەم گۆڕانەش مانای دووبارە داڕشتنەوەی كۆی ئەو پەیوەندییانەیە كە سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا بەرهەمیهێناوەو كۆمەڵگەی پێ تەحنیت كردووەو پرۆسەی سیاسیی تێدا پەكخستووە. لێرەوە هەموو دەستكاریكردنێكی ئەم پەیوەندییە، مانای دەستكاریكردنی كردەی سیاسەتە لە وڵاتی ئێمەدا. ئەم دەستكارییەش یەكەم شت بە تێكشكانی هەموو ئەو رێككەوتنە ستراتیژییانە دەستپێدەكات كە هەردوو حیزبە حكومەتبەدەستەكە بینایان كردووە. تێزی رێككەوتنی ستراتیژیی شتێكی تر نییە لە كردەیەكی ستراتیژیی بۆ حوكمكردنێكی ئەبەدیی. ئەم رێككەوتنە مانای دروستكردنی سیستمێكە لە پەیوەندیی دەسەڵاتدارێتی، كە تێیدا سیاسەت بە ئارەزووی خۆی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ كۆمەڵگەو ئابووریی دادەڕێژێت، دەزگای ئەمنییو سەربازیی وەكو پاسەوانێك بۆخۆی دادەمەزرێنێتو لەسەر بنچینەی كەمینەو زۆرینە كۆمەڵگەی ئێمە ئاراستە دەكات

ئێمە ناتوانین باس لە كەمینەو زۆرینە بكەین، كاتێك خودی پرەنسیپی دیموكراسی لە كۆی دەزگا ئیدارییو یاساییەكانی وڵاتی ئێمەدا ئامادە نەبێت. زۆرینەی دەزگاكانی راگەیاندن بەدەست هەردوو حیزبەكەوەن، زۆرینەی داهات هی هەردووكیانە، زۆرینەی چەكداری ئەم وڵاتە فەرمانبەری نشتیمانیی ئەوانن، زۆرینەی خەڵك مووچەخۆری ئەوانن... هتد. چۆن دەتوانین باس لە دیموكراسی بكەین، كاتێك كۆمەڵگەی ئێمە خەریكە بۆ زۆرینەیەك دابەشبێت كە لەسەر شەقامەكان داوا لە كەمینەیەك دەكات، چیدی باس لە ئەفسانەی دیموكراسی مەكەن. پرەنسیپی زۆرینەو كەمینە كاتێك دەتوانێت بە دادپەروەرانە ئیش بكات، كە كۆی جومگەكانی كۆمەڵگەو پەیوەندییەكانی دەسەڵات لەسەر بناغەیەكی دیموكراسییانە دامەزرابێت

رۆژنامە: بێجورئەتییو كەمدەسەڵاتیی حكومەتەكەمان، چی دەسەلمێنێت؟
 ئاراس فەتاح: دووبارە سەلماندنەوەی ئەو راستییەیە كە حكومەتو حیزب بە چەشنێك بە یەكترەوە گرێدراون ئەگەر یەكێكیان لەوی تر جیابكەینەوە، بێگومان یەكێكیان دەمرێت. سەلماندنی ئەو راستییەیە كە لەحیمبوونی حیزبو حكومەت، قەدەری میللەتی ئێمە نییە. سەلماندنی ئەو راستییەیە كە مردنی حیزب، مانای مردنی نەتەوە نییە، یان مردنی حكومەت، مانای مردنی نەتەوە نییە

من لە دونیادا حكومەتم نەبینیوە ناوی دیموكراسی لەخۆی بنێتو هێندەی ئەم حكومەتەی ئێمە كەمدەسەڵاتو بێجورئەت بێت. پەیوەندیی نێوان حكومەتو حیزب لە وڵاتی ئێمەدا، وەكو پەیوەندیی نێوان حیزبە كۆمۆنیستەكانو مۆسكۆی لێهاتووە. ئەوسا ئەگەر حیزب لە مۆسكۆ بپژمیایە كۆمۆنیستەكان لە بیابان پاڵتۆیان لەبەردەكرد. ئەم فۆرمە لە حكومەتكردن، تەنیا لەو وڵاتانەدا هەیە كە دونیای سیاسەت دابەشبووبێت بەسەر دوو كایەی سزاو پاداشت، واتە سزادانی ئەوانەی ئۆپۆزسیۆننو پاداشتی ئەوانەی كە لە بەرەی دەسەڵاتن. ماقووڵ نییە كە حكومەتێكی بەناو هەڵبژێردراوی دیموكراسییانە پاش كارەساتی "١٧"ی شوبات، دەسەڵاتی دەستگیركردنی یەك تاوانباری نەبێت. ماقووڵ نییە پاش لەشكركێشی هێزی زێرەڤانی، بەبێ ئاگاداریی پەرلەمان بۆ ناوچەی سلێمانیو پاش سووتاندنی تەلەفیزیۆنو رادیۆی نالیاو خاپوركردنی رادیۆی دەنگو پاش داخستنی زانكۆی سەڵاحەدینو ناردنەوەی خوێندكارەكانی بە فهرمانی رێكخراوێكی قوتابییانی سەر پارتیو پاش دەرگا لەسەرداخستن لەسەر پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی پەرلەمانو رەزیلكردنیان...هتد، دوای ئەم هەموو سوكایەتیپێكردنەی حكومەتو پەرلەمان لەلایەن حیزبەوەو پاش سەلماندنی ئەم هەموو دەستەپاچەییە بەرامبەر بە حیزب، دەبوایە ئەم كابینەیە، راستەوخۆ دەستی لەكار بكێشایەوەو بەرپرسی ئەخلاقییانەی خۆی بەرامبەر بەو خەڵكەی كە هەڵیبژاردووە، نیشان بدابایە. دوای ئەم هەموو فەشالەتە، دەبوایە پەرلەمانتاران، لانیكەم بۆ یەك جاریش بێت، بایكۆتی هۆڵی پەرلەمانیان بكردبایەو ناڕەزایی خۆیان بە شێوەیەكی رەمزییانە دەرببڕایە...، تاكە شتێك كە حكومەت كردوویەتی، بریتییە لە داوای لێبووردن، ئەمەش پاش زیاتر لە "٢٥" رۆژ بەسەر خۆپیشاندانی رۆژانەی هەزاران كەس لەم هەرێمەدا

ئەم دەسەڵاتدارێتییە، پێماندەڵێت: كورد شایستەی ئەم حكومەتە دیموكراسییەیە، چونكە خۆی هەڵیبژاردووە، بۆیە لەوە باشتری پێنابڕدرێت. راستە 17 خاڵی پەرلەمانمان هەیە، راستە نامەی تاڵەبانیمان هەیە، راستە نوێنەری پەرلەمان نێردرا بۆ سەراو دەنگۆی ئەوەش هەیە سەرۆكی هەرێمیش نوێنەری خۆی ناردبێت، بەڵام ئەمانە هەمووی ناتوانن دەنگی یەك خۆپیشاندەر هێمن بكەنەوە، كە تا ئەمڕۆ لە شەقامەكانی كوردستان داوای كردار دەكەن. لەمڕۆشدا پاش هەوڵدانی حیزب بۆ پشتگیریكردنی خۆپیشاندەران، ستراتیژی دەسەڵات روونە، دەسەڵات دەیەوێت گوتاری خۆپیشاندەران بكات بە هی خۆیو بەو شێوەیە ئۆپۆزسیۆن لە هاوكێشەكە دەرهێنێتە دەرەوە. ئەم ستراتیژە پێماندەڵێت، كە خۆپیشاندەران هیچ پەیوەندییان بە ئۆپۆزسیۆنەوە نییە، لەكاتێكدا تا دوێنێ هەموو هەوڵەكان لەوەدا چڕببووەوە كە ئەم خۆپشاندانانە بە موئامەرەی ئۆپۆزسیۆنو هێزە دەرەكییەكان لەقەڵەم بدات. ئەمە پارادۆكسێكی سیاسیی گەورەیەو هەر ئەمەش بوو وای لە ئۆپۆزسیۆن كرد كە سەرەتا خۆی لە خۆپیشاندەران دوورەپەرێز بگرێتو نەوێرێت راستەوخۆ پشتیوانییان بكات. ئەم پەیوەندییە ناتەندروستەی نێوان حكومەتو ئۆپۆزسیۆن لەلایەكو حكومەتو كۆمەڵگە لەلایەكی تر، مانای نەبوونی هیچ متمانەیەكە لەنێوان كایە سیاسییو كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەی ئێمە، مانای ئەنارشیزمو فەوزایە لە سیستمی حوكمڕانیی ئەم دەڤەرە

یەكێك لە خەسڵەتە گرنگەكانی ئەم بزووتنەوە نوێیە، بریتییە لە سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان. ئەم ئۆپۆزسیۆنە وەڵامی ئەو بنبەستییە سیاسییەیە كە حكومەتو پەرلەمان لە وڵاتی ئێمەدا تێی چەقیوە. ئەم ئۆپۆزسیۆنەی دەرەوەی پەرلەمان كە ئەمڕۆ لەسەر شەقامەكانە، دەیەوێت بە دەسەڵاتداران بڵێت، دیموكراسی موڵكی ئێوە نییە، بەڵكو هی ئێمەیە. دیموكراسی دەسەڵاتی گەلەو ئەم دەسەڵاتەش ئەمڕۆ لە حكومەتو پەرلەمانە مردووەكەتان نییە، بەڵكو لەسەر شەقامەكانە

Monday 21 March 2011

خەونبینین بە ئازادی

تایبەت بە ڕۆژنامەی ئاوێنە

بەڕێزان، سڵاوتان لێبێت

خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ له‌گەڵتانام، له‌ناوتانام، خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ دەتوانم له‌گەڵتانا خەون بە دامەزراندنی ئازادی‌و کۆمەڵگایەکی فرەدەنگ‌و رەنگەوە ببینم

ئەمڕۆ ئەو چرکەساتەیە کە هەموومان خەون دەبینین، خەون بە دروستکردنی سبەینێیەکی جوانتر، دوور له‌مێژووە ناشیرینەکانی دوێنێ‌و دابڕاو له‌زمانی چەک‌و دۆست له‌گەڵ ئاشتی. ئێمە هەموومان خەون بە پەیمانێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی نوێ‌و راستەقینەوە دەبینین کە تیایدا بەها‌و نرخە بەرزەکانی مرۆڤ دووبارە ماناکانی خۆیان وەربگرنەوە، رێز‌و کەرامەتی ئینسانەکانمان ببن بە چەقی سیاسەتکردن له‌م وڵاتە

ئازیزان... هەموو دەبێت ئەو راستییە بزانن کە ئەم خەونەی ئێمە، خەونێکی خۆکوردییە‌و خۆکردییە.
خەونی گۆڕینی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و کولتووری له‌کوردستاندا بڕیاری ئەم گروپ یان ئەو گروپ دروستینەکردوە، ئەم خەونە خەمی حەماسییانەی گەنجە خوێنگەرمەکانی ئەمڕۆ نییە کە دوای چەند رۆژێک دامرکێتەوە، ئەم خەونە شتێک نییە له‌سلێمانی هەبێت‌و له‌هەولێر نەبێت، له‌کۆیە‌و رانیە‌و کەلار‌و دەربەندیخان دەستکەوێت‌و له‌ئاکرێ‌و دهۆک‌و زاخۆ نەمابێت.
ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی لاوان له‌ناوچەکەدا بەگشتی‌و له‌کوردستانیشدا بەتایبەت، مانای گەڕانەوەیە بۆ چەمکی ئازادیی‌و پلورالیزم له‌سیاسەت‌. مانای خەونبینینە بە دونیایەک پڕ له‌یەکسانیی‌و عەداله‌ت

خوشکان‌و برایانی ئازیز، پرسی سەرەکی له‌وڵاتی ئێمەشدا، وەکو هەموو وڵاتەکانی تری ناوچەکە، پرسی ئازادی‌و دادپەروەری‌و رێز‌و یەکسانییە. ئەم پرسانە پرسی دروستکراوی ئەم گروپی سیاسی یان ئەوی تر نین. ئەم پرسانە هەناردەی وڵاتانی دراوسێ‌و فیتنەی رۆشنبیرەکانی دوورە وڵات نین، بەڵکو پرسگەلێکی گەردونین کە نە سنووری نەتەوەیی دەناسن‌و نە سنووری ناوچەیی، نە بە زمانی نەتەوەیەکی دیاریکراو قسەدەکەن‌و نە بە دیالێکتێکی ناوچەییش دەدوێن.
بۆیە جارێکیتر دەیڵێمەوە، نەبا دەسەڵاتداران بیریانچێتەوە: خەونبینین بە ئازادی موڵکی کەس نییە، ئەم خەونەی ئێمەش، خەونێکی خۆکوردییە‌و خۆکردییە

بەڕێزان: هەموومان دەزانین کە له‌سلێمانی خۆپیشاندان هەیە‌و له‌هەولێر نییە، هەموومان دەزانین ئەمە مانای ئەوە نییە سلێمانی شۆڕشگێڕە‌و هەولێریش ناشۆڕشگێڕ، یان هەولێر شارێکی بێکێشەیە‌و سەرۆک‌و حیزب‌و دەسەڵاتدارانی خۆشدەوێت‌و سلێمانیش شارێکی سەرکێش‌و توندڕەو‌و ناڕەزای ئەبەدییە له‌دەسەڵاتداران. ئەم وێنە هەڵانەیە کە سیاسییەکان دەیبینن‌و ئەو تێڕوانینە ترسناکانەشە کە رۆشنبیرە نابەرپرسیار‌و حیزبییەکان له‌میدیاکاندا نیشانی دەسەڵاتدارانی دەدەن‌و راوێژی بتە سیاسییەکانی پێدەکەن. من وەکو کوردێک کە له‌کەرکووک له‌دایکبووم‌و له‌سلێمانی گەورەبووم‌و له‌هەولێر خوێندکاری زانکۆ بووم‌و له‌خۆپیشاندانەکانی دژ بە رژێمی بەعس بەشدار بووم، بەم برادەرانە دەڵێم: جیاوازی نێوان ئێستای سلێمانی‌و ئێستای هەولێر، جیاوازی نێوان شارێکە کە توانیویەتی بڕێکی زۆری ئیرادەی خۆی له‌دەستی خۆیدابێت‌و بەرامبەر بە شارێکی دی کە بە پۆلیس‌و دەزگا ئەمنییەکانی حیزب گەمارۆدراوە‌و رۆژانەش ترسێکی بێشومار دەرخواردی دانیشتوانەکەی دەدرێت. دیارە مێژوو هەمیشە ئەو راستییەی نیشانداوین کە: چەندە هاتنەدەنگ مانای گێرەشێوێنی نییە، ئەوەندەش بێدەنگیی مانای رازییبوون نییە

ئەوە رۆشنبیرە سەربەخۆکان نین کولتووری توندوتیژیی بەرهەمدەهێنن، بەڵکو ئەوە بتە سیاسی‌و خوێندەوارەکانی حیزبن کە نابینا‌و بێگوێ‌و بێدەنگن له‌ئاست کوشتن‌و گرتن‌و ترساندنی خەڵکی مەدەنی ئەم وڵاتە. بەڕێزان، له‌دوای ١٧ی شوباتەوە نابێت رێگەبدەین چیدی سیاسەت وەکو کەرەسەیەک بۆ کوشتن‌و ترساندن‌بەکاربهێنرێت، بەڵکو دەبێت مانا راستەقینەکانی سیاسەت بۆ سیاسەت بگەڕێنینەوە، سیاسەت پەرستنی بتە سیاسییەکان‌و تەحنیتکردنی کۆمەڵگا نییە، سیاسەت مانای ئازادییە‌و ئازادییش بێ پلورالیزم‌و ئاشتی مانایەکی نییە

بەڕێزان: من لێرەوە رووی دەمم دەکەمە دەسەڵاتدارانی کوردستان‌و پێیاندەڵێم: بەسە چیدی ترس مەکەن بە کولتووری حوکمکردنتان‌و توندوتیژیش مەکەن بە کەرەسەی مانەوەتان له‌دەسەڵات. ئێوە دەبێت بزانن کە هیچ دەسەڵاتدارێتییەک، هیچ حوکمڕانێتییەک، بەوەی ئێوەشەوە، ناتوانێت تا ئەبەد بەم رێگایانە تەمەنی خۆی درێژکاتەوە. ئێوە دەبێت بزانن، هیچ دەسەڵاتدارێک نەیتوانیوە خەونبینین بە ئازادی‌و دادپەروەرییەوە بکوژێت یان بە خواستی گروپێکی بچووک له‌قەڵەمیبدات‌و له‌ناوچەیەکی دیاریکراویش سنوورداریبکات

ئەم حوکڕانییەی ئێوە دروستانکردووە حوکمکردنێکی خۆخۆییە، خۆویستییە، ئەمەش خووبەدییەکی سیاسییە. ئەم حکومەتەی له‌م وڵاتەدایە دەمێکە له‌ڕووی سیاسییەوە بووراوەتەوە‌و هیچ کارامەیی‌و بێلایەنی‌و پسپۆڕییەکی نییە. له‌مڕۆشدا ئەم حکومەتە مردووەیەکی بێکێله‌، مردوویەکە، بتەکانی حیزب نایانەوێت بینێژن‌و له‌سەر کێله‌کانی بنووسن: ئەم بوونەوەرە سیاسییە له‌مڕۆژەدا بوو بە قوربانی دەستی حیزب‌و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات له‌م وڵاتەدا

ئازیزان: ئەم سەرایە مۆزەخانەی وتار نییە، وەک هەندێک دەیانەوێت وێنای بکەن. ئەم سەرایە زیندووترین بەشی کۆمەڵگای ئێمەی تێدا کۆبۆتەوە‌و گفتوگۆ راستەقینەکانی کۆمەڵگای ئێمەی تێدا دەکرێت. چەندە ئەم سەرایە سەرای ئێمەیە، ئەوەندەش سەراکانی تر سەرای ئێمەن، چونکە سەرای ئازادی، سەرای ئەو کەسانەیە کە خەون بە ئازادییەوە دەبینن. چەندە ئەم شارە شاری ئێمەیە، هێندەش شارەکانی تری ئەم وڵاتە شاری ئێمەن. هەروەکو چۆن هەموو شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانی بەم بەردەرکی سەرایەوە گرێدراون، ئاوهاش هەموو شارەکانی کوردستان بە خەونی دامەزراندنی ئازادی‌و یەکسانیی‌و دادپەروەرییەوە بەیەکتر بەستراونەتەوە

بەڕێزان هەر ئەمەشە وام لێدەکات بڵێم: بەڵێ ئێمە هاتینەوە بۆ لاتان، بۆئەوەی هەموو پێکڕا خەون بە ئازادییەوە ببینین.

تێبینی: ئەم وتارە لە رۆژی 10/3/2011 لەبەر سەرای ئازادی لەسلەمانی خوێندرایەوە

ئه‌مه‌ی ئێستا له‌كوردستاندا ده‌یبینین سیاسه‌ت نییه ‌ئه‌مه‌ زه‌بروزه‌نگه‌ به‌مانا رووته‌كه‌

تایبەت بە ڕۆژنامەی هاوڵاتی

سازدانی: سوركێو محه‌مه‌د

ئاراس فه‌تاح نو‌وسه‌رو روناكبیر، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌دوای رووداوه‌كانی 17ی شوباته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا ده‌بینرێت سیاسه‌ت نییه‌، به‌ڵكو توندوتیژییه‌كی جڵه‌و له‌ده‌ستچووه‌ كه‌ كه‌م‌و زۆر په‌یوه‌ندی به‌سیاسه‌ته‌وه‌ نه‌ماوه‌. هه‌روه‌ك ده‌ڵێت "هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسییه‌كان له‌وڵاتی ئێمه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ وه‌كو هه‌ڵسوكه‌وتی عه‌سكه‌رییه‌ك وایه‌ له‌كاتی جه‌نگدا". له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا، ناوبراو پێیوایه‌ خه‌می ئازادی له‌سلێمانی‌و هه‌ولێر یه‌ك خه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌‌و له‌یه‌كتر دانابڕێن. به‌ بڕوای‌ ئاراس فه‌تاح، لۆژیكی پارتی پێمانده‌ڵێت "كه‌س له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی مندا پارێزراو نییه‌، گه‌ر دژی من بێت، به‌مانایه‌كی تر هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵ مندا نه‌بێت یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی من بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و توانایه‌ی لێبسێنینه‌وه‌ كه‌ هه‌ست به‌ئاسایش بكات، ئه‌م په‌یامه‌ش گه‌یشتووه‌ته‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر".

هاوڵاتی: تائێستا لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌دا كه‌ ته‌قه‌یان له‌خۆپیشانده‌ران كردووه‌‌و خه‌ڵكیان كوشتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ فه‌رمانی ته‌قه‌كردنیان ده‌ركردووه‌، پێتوایه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بتوانێت ئه‌و كاره‌ بكات؟

ئاراس فه‌تاح: له‌ڕاستیدا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌م كاره‌ هه‌ڵنه‌ساوه‌؟ بۆچی تاوه‌كو ئه‌مڕۆ یاسا ناتوانێت به‌بچوكترین كاری خۆی هه‌ڵسێت‌و ئه‌م تاوانبارانه‌‌و به‌رپرسه‌كانی راده‌ستی دادگا بكات تاوه‌كو به‌سزای یاسایی خۆیان بگه‌یه‌نێت، ئه‌م بێباكییه‌ سیاسییه‌ له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟ له‌دوای كوشتن‌و برینداركردنی ده‌یان كه‌س له‌شاری سلێمانی‌و شاره‌كانی تر، سو‌وتاندنی ده‌زگای ته‌له‌فزیۆنی نالیا‌و خێمه‌ی خۆپیشانده‌رانی به‌رده‌ركی سه‌را، كاولكردنی رادیۆی ده‌نگ‌و گرتن‌و رفاندن‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ناڕه‌زایان‌و ره‌خنه‌گرانی ده‌سه‌ڵات له‌سلێمانی‌و هه‌ولێر، چیتر ناتوانین باس له‌ئازادی بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت باس له‌پله‌ی جیاجیای "نا ئازادی"ی بكه‌ین، ده‌بێت باس له‌كه‌لتووری سیاسیی ترساندن بكه‌ین، ده‌بێت باس له‌سیاسه‌تی خنكاندنی هه‌موو ده‌نگێك بكه‌ین كه‌ بڵێت نا بۆ ئه‌م سیسته‌مه‌ حیزبییه‌، ده‌بێت باس له‌سیاسه‌تی سووتاندن بكه‌ین كه‌ ده‌یه‌وێت گڕ له‌هه‌موو چالاكییه‌ك به‌ربدات كه‌ بۆنی مه‌ده‌نیه‌تی لێبێت‌و گولله‌ش به‌هه‌موو وشه‌یه‌كه‌وه‌ بنێت كه‌ تامی ئاشتی بدات، ئه‌م سیاسه‌ته‌ نوێیه‌ پێمانده‌ڵێت: كاتێك حیزب ده‌ركه‌وت ئێوه‌ ده‌بێت خۆتان بشارنه‌وه‌، كاتێك ئه‌ندامانی حیزب ته‌قه‌یانكرد‌و خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان كوشت هیچ هێزێك نییه‌ بتانپارێزێت، كاتێك حیزب خه‌ڵكی رفاند‌و ئه‌شكه‌نجه‌یدا هیچ هێزێكی یاسایی نییه‌ بتوانێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات

ئه‌م ستراتیژه‌ش گه‌لێك روونه‌: ئه‌م ستراتیژه‌ پێمانده‌ڵێت حیزبی چه‌كدار له‌كوردستان واقیعێكی سیاسییه‌‌و تاكه‌ پارێزه‌رێكی ئه‌م حیزبه‌ش چه‌كداره‌كانێتی نه‌ك حكومه‌ت‌و پۆلیس، پاراستنی ژیان‌و ماڵی هاوڵاتیان‌و ده‌زگا حیزبی‌و مه‌ده‌نییه‌كان له‌دونیای مه‌ده‌نیدا نه‌ كاری حیزبه‌‌و نه‌ئیشی ئه‌ندامانی حیزب، به‌ڵكو كاری حكومه‌ت‌و ده‌زگا ته‌نفیزییه‌كانێتی، له‌ڕاستیدا گرتن‌و سزادانی ئه‌م تاوانبارانه‌ مانای گرتن‌و سزادانی خودی حیزبه‌ وه‌كو ده‌زگایه‌كی چه‌كدار له‌وڵاتی ئێمه‌، مانای سزادانی ئه‌م كه‌لتووره‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ حیزب له‌كوردستاندا دروستیكردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر سزا‌و پاداشت بنیاتنراوه‌، سزای ئه‌وانه‌ی دژین‌و پاداشتی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدان

ئه‌م داوه‌رییه‌ بێلایه‌نانه‌ش حكومه‌ت ناتوانێت بیكات، چونكه‌ له‌جه‌وهه‌ردا ئه‌و ده‌بێت كۆی ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ حیزب دروستی كردووه‌ سزای بدات، نه‌ك ته‌نیا ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ی كه‌ تاوانیان كردووه‌، سزانه‌دانی تاوانباران ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ حیزب له‌وڵاتی ئێمه‌دا ترس به‌رهه‌مده‌هێنێت‌و تیرۆر ده‌كات به‌كه‌ره‌سه‌ی به‌رگریكردن له‌خۆی، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ستراتیژێكی تریشه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر حیزب رێگه‌یدا ئه‌ندامه‌ بچووك‌و باڵاكانی سزابدرێن، ئه‌وا سبه‌ینێ كه‌سێكی نامێنێت له‌هه‌ولێر یان دهۆك یاخود هه‌ر شوێنێكی تر ته‌قه‌ی بۆ بكات‌و خه‌ڵكی ناڕازی بۆ بكوژێت، چونكه‌ ئه‌وكات ئه‌و كه‌سه‌ ترسی له‌سزای یاسایی ده‌بێت، له‌دوای ئه‌م هه‌موو كاره‌ساتانه‌ واقیعی سیاسی له‌كوردستان شتێكمان پێده‌ڵێت: پێمانده‌ڵێت ئه‌و ده‌مامكانه‌ له‌سه‌ر ده‌موچاوی ده‌زگای حیزبی چه‌كدار هه‌یه‌ داده‌ماڵرا‌و به‌م شێوه‌یه‌ش كۆتایی به‌ئه‌فسانه‌ی حكومه‌تی مه‌ده‌نی‌و سه‌روه‌ریی یاسا دێت له‌وڵاتی ئێمه‌دا، ئه‌مه‌ی ئێستا له‌كوردستاندا ده‌یبینین سیاسه‌ت نییه‌، ئه‌مه‌ زه‌بروزه‌نگه‌ به‌مانا رووته‌كه‌ی، ئه‌مه‌ سیاسه‌ت نییه‌، به‌ڵكو توندوتیژییه‌كی جڵه‌و له‌ده‌سه‌ت چووه‌ كه‌ كه‌م‌و زۆر په‌یوه‌ندی به‌سیاسه‌ته‌وه‌ نه‌ماوه‌، هه‌موو ده‌زانین كه‌ سیاسه‌ت به‌به‌كارهێنانی شه‌رعییانه‌ی زه‌بروزه‌نگ سیاسه‌ت نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌توندوتیژییه‌كی كوێرانه‌

هاوڵاتی: ڕۆڵی حكومه‌ت له‌م قه‌یرانانه‌دا چۆن ده‌بینیت؟ درێژه‌كێشانی خۆپیشاندانه‌كان‌و كات له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێدایه‌؟

ئاراس فه‌تاح: له‌ڕاستیدا هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسییه‌كان له‌وڵاتی ئێمه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ وه‌كو هه‌ڵسوكه‌وتی عه‌سكه‌رییه‌ك وایه‌ له‌كاتی جه‌نگدا، ئێمه‌ له‌جه‌نگدا ده‌توانین باس له‌هێزی كات بكه‌ین بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان، نه‌ك له‌شه‌ڕی مه‌ده‌نیدا، كاتێك ده‌زگاكانی حكومه‌ت هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ن یان هه‌ر كه‌سێك تاوانێك ده‌كات پێویستیت به‌كات نییه‌ تاوه‌كو بزانیت چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌یت. له‌دونیای دیموكراسیدا دۆخه‌كه‌ روونه‌، تاوانباران ده‌ستگیرده‌كرێن‌و به‌سزای یاسایی خۆیان ده‌گه‌یه‌نرێن‌و یاساش به‌مشێوه‌یه‌ رێڕه‌وی خۆی وه‌رده‌گرێت‌و كۆتایی به‌قه‌یرانه‌كه‌ ده‌هێنرێت. له‌م دۆخانه‌دا تۆ پێویستیت به‌كات نییه‌ تاوه‌كو بزانیت كێ تاوانباره‌‌و كێ بێتاوان، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ته‌قه‌كه‌ران له‌هه‌موو دونیادا بڵاوبووه‌وه‌، حكومه‌ت بۆیه‌ مه‌ده‌نییه‌، چونكه‌ مه‌ده‌نییه‌تی ژیان ده‌پارێزێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ سه‌د ده‌ر سه‌د له‌كوردستاندا به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، له‌جه‌وهه‌ردا ئه‌وه‌ كاری حكومه‌تی مه‌ده‌نییه‌ ببێت به‌فیلته‌ر بۆ قه‌یران‌و ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و كوژانه‌وه‌ی گڕی گرژی‌و ساردكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌، به‌ڵام له‌وڵاتی ئێمه‌دا كاری حكومه‌ت بووه‌ به‌فیلته‌ر بۆ تاوانه‌كانی حیزب. حكومه‌ت‌و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران بووه‌ به‌یانه‌یه‌كی لاڵ به‌رانبه‌ر به‌هه‌ڵه‌ ستراتیژی‌و گه‌وره‌كانی حیزب، هه‌ندێكجار حكومه‌تی كوردستان وه‌كو ته‌ماشاكه‌ری یارییه‌كی تۆپتۆپێنم دێته‌ پێشچاو كه‌ بلیتی قاچاخی بڕیووه‌ بۆئه‌وه‌ی ته‌ماشای شه‌ڕی نێوان كۆمه‌ڵگاو حیزب بكات، سه‌یرم لێدێت كاتێك هۆكاری كات بكرێت به‌كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م ململانێیه‌، ئه‌م ململانێیه‌ ریشه‌ی قووڵی له‌هه‌ناوی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه‌، كێشه‌یه‌كی تێپه‌ڕ نییه‌ تاوه‌كو به‌زوویی كۆتایی پێبێت، ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ ناكات گه‌مه‌كردنه‌ به‌كات، چونكه‌ كات له‌خزمه‌تی كه‌سدا نییه‌، هه‌موو درێژبوونه‌وه‌یه‌كی كات قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت‌و هه‌موو قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی قه‌یرانه‌كانیش داواكاری تر به‌دوای خۆیدا راده‌كێشێت، هه‌موو داواكاری تریش ده‌سه‌ڵات تووشی شۆكی تر ده‌كات‌و خۆپیشانده‌رانیش نائومێدتر

هاوڵاتی: ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌زموونی كوردستان هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ش خۆپیشاندانه‌كان له‌ئێستادا به‌گونجاو نازانن؟

ئاراس فه‌تاح: ئه‌مه‌ بێبه‌هاترین پاساوه‌ كه‌ من چه‌ندین ساڵه‌ گوێم لێده‌بێت، ئاشكرایه‌ موماره‌سه‌كردنی مافه‌كان كاتی تایبه‌تیان نییه‌ تاوه‌كو پێمانبڵێن كه‌ی گونجاوه‌ من قسه‌بكه‌م‌و كه‌ی نه‌گونجاوه‌ من خۆپیشاندان بكه‌م. مافی خۆپیشاندان‌و راده‌ربإین شتێك نییه‌ هاونیشتیمانیان به‌مۆڵه‌تی حیزب‌و حكومه‌ت پێی‌ هه‌ڵسن، به‌ڵكو مافێكی هاوڵاتییانه‌ی هه‌موو تاكێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ ساڵانێك خه‌باتی له‌پێناو ئازادیدا كردووه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و پاساوه‌یه‌ كه‌ خراپترین فۆرمی ده‌سه‌ڵاتدارێتی سیاسیی ده‌یكات به‌كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بمانترسێنێت‌و بڵێت ئێوه‌ تێناگه‌ن وڵات له‌چ دۆخێكی مه‌ترسیداری سیاسییه‌‌و ئێوه‌ش چی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن ته‌نیا خزمه‌ت به‌نه‌یاره‌كانمان ده‌كات. لكاندنی ناڕه‌زایی خه‌ڵك به‌مه‌رامه‌كانی دوژمنانی كوردستان یان وه‌كو ده‌ستێك تۆمه‌تباری بكه‌یت كه‌ له‌پشتییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، ستراتیژێكه‌ ته‌نیا كوشتنی ئازادی له‌پشت خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌‌و ده‌مكوتكردنی له‌به‌رده‌م خۆیدا داناوه‌. ئه‌م ستراتیژه‌ مانای كوشتنی ئازادییه‌ له‌ناوه‌وه‌ به‌ناوی پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ره‌وه‌. سه‌ربه‌خۆیی هیچ مانایه‌كی نییه‌ گه‌ر ئازادی نه‌بێت به‌یه‌كێك له‌پره‌نسیپه‌كانی، ئه‌وه‌ ئازادیی تاكه‌كانه‌ كه‌ ده‌توانێت ببێت به‌گه‌ره‌نتی پاراستنی ئه‌م ئه‌زموونه‌، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌موو ده‌ستكاریكردنێكی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ مانای كورتكردنه‌وه‌‌و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كانمان‌و مانای شێواندنی خودی چه‌مكی ئازادییه‌. له‌پشت گوتاری پاراستنی ئه‌زموونی كوردستان ستراتیژێك خۆی مه‌ڵاسداوه‌ كه‌ كوردایه‌تی ده‌كات به‌حیزبایه‌تی‌و چه‌مكی نیشتیمانیش بچووك ده‌كاته‌وه‌ بۆ مه‌قه‌ر‌و مه‌ڵبه‌ندی حیزب، له‌راستیدا ئه‌م خۆپیشاندانه‌ وه‌ڵامێكی زۆر دروستی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌یه‌، ئه‌وه‌ خۆپیشانده‌رانن كه‌ ئاڵای كوردستان هه‌ڵده‌گرن‌و نیشتیمانپه‌روه‌رێتییان به‌ئازادییه‌وه‌ گرێداوه‌، ئه‌وه‌ خۆپیشانده‌رانن به‌دوای نیشتیمانێكدا ده‌گه‌ڕێن كه‌ تیایدا ئازادبن‌و به‌رگریی لێبكه‌ن، له‌ئێستادا سه‌رای ئازادی‌و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی تره‌ كه‌ كردوویانه‌ به‌سه‌كۆی ئازادی خۆیان، ئه‌وه‌ش بۆنه‌كانی حیزبه‌ كه‌ ته‌نیا ئاڵای حیزبه‌كانی تێدا ده‌شه‌كێته‌وه‌‌و ئه‌وه‌ش ستراتیژی حیزبه‌ كه‌ هیچی تر نییه‌ له‌پلاندانان بۆ گه‌مارۆدانی ئه‌م نیشتیمانه‌، بیرمان نه‌چێت یه‌كێك له‌په‌یامه‌كانی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌مكی هاوڵاتیبوونه‌ بۆ نیشتیمان‌و دابڕانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مكه‌ی حیزب بۆ هاونیشتیمانیبوونی به‌رهه‌مهێناوه‌. هاونیشتیمانیبوون مانای بوون به‌ئه‌ندام نییه‌ له‌یه‌كێك له‌یانه‌كانی حیزب، به‌ڵكو مانای بوون به‌ئه‌ندامه‌ له‌كۆمه‌ڵگایه‌ك مافه‌كان تیایدا پارێزراوبن‌و رێز له‌ئینسان بگیرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئینسانه‌ نه‌ك ئه‌ندامی حیزب یان خزمی ئه‌و سیاسی

هاوڵاتی: خواستی خۆپیشانده‌ران ته‌نیا هی خه‌ڵكی سلێمانییه‌ یاخود ته‌واوی كوردستان، له‌كاتێكدا ته‌نیا له‌سنوری ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی خۆپیشاندان ده‌كرێت، بۆچی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌؟ ئایا ده‌توانن به‌هێزو فشار خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی پارتی سه‌ركوت‌و بێده‌نگ بكه‌ن؟

ئاراس فه‌تاح: من وایده‌بینم كه‌ خواست بۆ ئازادی بێشوناس‌و بێجوگرافیا‌و بێكاته‌. ئه‌م خواسته‌ شتێك نییه‌ له‌سلێمانی هه‌بێت‌و له‌هه‌ولێر ده‌ستنه‌كه‌وێت، ئه‌م خواسته‌ وه‌كو چۆن له‌سلێمانی ئاماده‌یه‌، ئاوهاش له‌هه‌ولێر بوونی هه‌یه‌، گومانی تێدانییه‌ هه‌ولێر پایته‌ختی كوردستانی عێراقه‌‌و شاری ده‌زگا حكومی‌و نێوده‌ڵه‌تییه‌كانه‌، وه‌ك دیاره‌ ئه‌م شاره‌ له‌رووی ئیدارییه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدایه‌، ئه‌م حیزبه‌ش ترسێكی گه‌وره‌ی له‌ئازادی هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌م ترسه‌شه‌ واده‌كات له‌م حیزبه‌ شارێك گه‌مارۆبدات‌و له‌دونیای ده‌ره‌وه‌ی داببڕێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانی تێدا نه‌كرێت. ئه‌و وێنه‌یه‌ی حیزب له‌هه‌ولێر ده‌یه‌وێت به‌دونیای ده‌ره‌وه‌ی پیشانبدات وێنه‌یه‌كی دووفاقه‌ییه‌: له‌لایه‌ك وێنه‌یه‌كی وێناكراوی بۆ ده‌ره‌وه‌ دروستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێمانبڵێت له‌كوردستاندا پشێوی نییه‌‌و بۆ ناوه‌وه‌ش پێمانده‌ڵێت ئه‌م ململانێیه‌ موئامه‌ره‌یه‌‌و له‌ناوچه‌ی سلێمانیدا له‌پارتی ده‌كرێت، ئه‌مه‌ شێواندن‌و ساكاركردنه‌وه‌یه‌كی بێمانای چه‌مكی ململانێیه‌ له‌وڵاتی ئێمه‌دا‌و گۆڕینێتی بۆ تیۆری موئامه‌ره‌، لۆژیكی موئامه‌ره‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆش لۆژیكی سیاسی هه‌ردوو حیزبه‌كه‌یه‌ له‌هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ گرو‌وپه‌ ناڕه‌زاكانی كۆمه‌ڵگای كوردستان.
ئه‌م لۆژیكه‌ پێمانده‌ڵێت: كه‌س له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی مندا پارێزراو نییه‌، گه‌ر دژی من بێت، به‌مانایه‌كی تر هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵ مندا نه‌بێت یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی من بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و توانایه‌ی لێبسێنینه‌وه‌ كه‌ هه‌ست به‌ئاساییش بكات. ئه‌م په‌یامه‌ش گه‌یشتووه‌ته‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر. به‌م ستراتیژه‌ش گه‌مه‌ی دابه‌شكردنه‌وه‌ی كوردستان له‌سه‌ر خوانی پارتی جارێكی تر ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دابه‌شكردنی كوردستانه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی نائارامن‌و ئه‌و ناوچانه‌ی ئارامن، به‌مانایه‌كی تر بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵ‌و دیسپلینی پارتیدان‌و ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر دیسپلینی ئه‌ودا نین‌و تووشی ئینفیلاتی ئه‌منی بوونه‌، پارتی شانازی به‌ئارامییه‌كه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رهه‌می ترسه‌‌و شانازی به‌رۆشنبیره‌ بێده‌نگه‌كانییه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ململانێی ناوچه‌ی سلێمانی وا بۆ تیۆریزه‌ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ موئامه‌ره‌ی گۆڕان‌و بز‌ووتنه‌وه‌‌و كۆمه‌ڵه‌ له‌پارتی، ئه‌م ترسه‌ش وایكرد كه‌ پارتی زانكۆ دابخات‌و خوێندكاران بنێرێته‌ ماڵه‌وه‌‌و گه‌مارۆی شاره‌كانی بدات به‌ڕووی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌‌و كه‌سانی ناپارتی، چونكی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه‌ له‌لایه‌ك به‌ئابڵوقه‌دانی ئه‌منیی شاره‌كه‌‌و به‌داخستنی به‌رانبه‌ر به‌ده‌ره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌دوورخستنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌گه‌رێكی هه‌نارده‌كردنی نائارامی له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر بۆ خستنه‌وه‌ی نائارامی له‌ناوه‌وه‌ كۆتاییدێت. سوودبینین له‌ئه‌زموونی به‌عس‌و دووباره‌نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی به‌عس له‌ساڵانی هه‌شتاكاندا كه‌ خوێندكاران تیایدا هه‌ڵسان به‌خۆپیشاندان، وای له‌به‌رپرسانی پارتی كردووه‌ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ بنه‌بڕ بكه‌ن، گه‌رچی بۆ ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نییش بێت. ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ خانه‌ی كڕینه‌وه‌ی كات له‌شه‌ڕی حیزب له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا، پارتی به‌عه‌مه‌لی كوردستانی بۆ دابه‌شكردین بۆ ناوچه‌ی ئارامی ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی‌و ناوچه‌ی نائارامی ناوچه‌كانی تر. سه‌یرم لێده‌ێت كاتێك پارتی‌و رۆشنبیره‌كانی، سلێمانی به‌وه‌ تاوانبارده‌كه‌ن كه‌ پلانی دابڕانی سلێمانییان هه‌یه‌ له‌هه‌رێمه‌كانی تری كوردستان، له‌كاتێكدا خۆی جێبه‌جێكه‌ری ئه‌م پلانه‌یه‌

له‌نێوان ئازادی‌و ئاساییشدا من ئازادی هه‌ڵده‌بژێرم، ئه‌وه‌ی به‌ڕێگای زه‌بر ئاساییش‌و ئارامی سیاسیی دابینبكات، به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئازادی ده‌كوژێت. ئێمه‌ ساڵانێكه‌ قوربانیی ئه‌م چه‌مكه‌ سه‌قه‌ته‌ی حیزبین، ئه‌مه‌ی پارتیش له‌مڕۆدا ده‌یكات، كوشتنی ئازادییه‌ بۆ زامنكردنی ئاساییش، خه‌می ئازادی له‌كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش یه‌ك خه‌مه‌‌و دابه‌شناكرێت، خه‌می ئازادی له‌سلێمانی‌و هه‌ولێر یه‌ك خه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌‌و له‌یه‌كتر دانابإێن، دیاره‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ پارتی له‌م ستراتیژه‌ی سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌ڵام پرس ئه‌وه‌یه‌ تاكه‌ی پارتی خۆی له‌ئازادی ده‌شارێته‌وه‌؟ من وایده‌بینم پرسی ئازادی به‌ڕێگای خۆشاردنه‌وه‌ له‌ئازادی چاره‌سه‌ر ناكرێت. ترس له‌ئازادی به‌داخستنی شاره‌كان به‌ڕووی خه‌ڵكی سلێمانی‌و ناوچه‌كانی تر چاره‌سه‌ر ناكرێت‌و به‌شاربه‌ده‌ركردنی خوێندكاران‌و گرتنی چالاكوانان‌و رێگانه‌دان به‌خۆپیشاندان چاره‌سه‌رناكرێت، به‌ڵكو به‌ڕوبه‌رڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌ چاره‌سه‌رده‌كرێت كه‌ ئێستا سیسته‌می سیاسی له‌كوردستاندا تێی چه‌قیووه‌‌و دۆزینه‌وه‌ی رێچاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و بنبه‌ستییه‌ سیاسییه‌، چاره‌سه‌رێك كه‌ نه‌كوردستانمان به‌فۆرمێكی تر بۆ دابه‌شبكاته‌وه‌‌و نه‌كۆمه‌ڵگاش بخاته‌ ناو مه‌ترسیی پشێوی زیاتر‌و دابه‌شبوون‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌وره‌تر. ئه‌م سیسته‌مه‌ ناتوانێت جڵه‌وله‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێگای ته‌حنیتكردنی كۆمه‌ڵگا چاره‌سه‌ربكات، به‌ڵكو به‌كرانه‌وه‌‌و ئازادكردنی وزه‌كانی‌و به‌گوێگرتن له‌خه‌ڵك‌و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی

هاوڵاتی: له‌ئێستادا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووس‌و رۆشنبیر‌و چالاكوانان هه‌یه‌، به‌جۆرێك ترسێكی زۆر بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و كۆمه‌ڵ؟

ئاراس فه‌تاح: راستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌قۆناغی ئێستادا ترسی چالاكوانان‌و رۆژنامه‌نووسان‌و رۆشنبیران ترس نییه‌ له‌ له‌ده‌ستچوونی ئازادییه‌كان، به‌ڵكو ترسه‌ له‌بوون، ترسه‌ له‌وونكردن‌و تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی‌و نادیاریی چاره‌نووس.
ئه‌م فۆڕمه‌ نوێیه‌ له‌ "سیاسه‌تكردن" ته‌نیا بردنی بڕیاره‌كان نییه‌ بۆ ناو رووبه‌ره‌ تاریكه‌كان وه‌كو له‌جاراندا بینیمان، به‌ڵكو گۆڕینی كرده‌ی سیاسه‌ته‌ بۆ تیرۆر. ئه‌م فۆڕمه‌ نوێیه‌ جگه‌ له‌رۆچوون بۆ ناو قۆناغێك كه‌ من به‌جڵه‌وله‌ده‌ستدانی عه‌قڵ له‌سیاسه‌تدا ناودێری ده‌كه‌م، هیچ مانایه‌كی تری نییه‌

له‌دوای ١٧ی شوباته‌وه‌ كۆتایی به‌ئه‌فسانه‌ی ئارامیی‌و ئاساییشی ماڵی كورد دێت، چیدی ئه‌وه‌ رۆژنامه‌نووس‌و رۆشنبیر‌و خۆپیشانده‌ران نین كه‌ به‌ڕۆژی رووناك وێنه‌ی كورد له‌جیهاندا ناشیرین ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ ده‌مامك به‌سه‌رانه‌ن كه‌ به‌شه‌وان ئاگری رق‌و كینه‌ له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌رده‌ده‌ن‌و به‌رۆژیش باسی سه‌روه‌ریی یاسا ده‌كه‌ن‌و هاوسۆزیی له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌ ناڕازییه‌كاندا نیشانده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ ئه‌و ته‌له‌فیزیۆن‌و رادیۆ‌و ته‌له‌فۆن‌و هه‌ڕه‌شانه‌ن كه‌ وێنه‌ی دووبه‌ره‌كی به‌رهه‌مده‌هێنن‌و ترس له‌دڵی ناڕه‌زایان به‌رهه‌مده‌هێنن‌و كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌ره‌و لێواری به‌جه‌نگه‌ڵبوون ده‌بن، بۆیه‌ ئومێدموایه‌ یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بریتی بێت له‌داخستنی هه‌موو ئه‌و ده‌زگا ئیعلامییانه‌ی به‌پاره‌ی خه‌ڵك بۆ حیزب كارده‌كه‌ن‌و كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ پڕده‌كه‌ن له‌وێنه‌ی ناشرین‌و كینه‌ی پێبه‌رهه‌مده‌هێنن. ئه‌و كاته‌ یاسا سه‌روه‌ر ده‌بێت كه‌ رۆژنامه‌‌و كامێرا‌و مایكه‌كانی حیزب دابخرێن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك دونیا وه‌كو خۆی ببینێت‌و وه‌كو خۆی گوێی لێبێت‌و وه‌كو خۆشی بیخوێنێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ش یاسای جه‌نگه‌ڵ له‌كۆمه‌ڵگادا سه‌روه‌رده‌بێت كه‌ ده‌مامك به‌سه‌ره‌كان له‌بری داوه‌ره‌كان قسه‌ بكه‌ن‌و تفه‌نگیش له‌بری قه‌ڵه‌م ئیمزا بكات‌و له‌بری ته‌له‌فۆنی مه‌حامی ته‌له‌فۆنی ژماره‌نه‌ناسراوه‌كان رۆژنامه‌نووسان بترسێنێت

له‌دوای ئه‌م رووداوانه‌وه‌ نابێت رێگه‌بده‌ین "هێزی شه‌ڕ" دونیای ئێمه‌ بكات به‌شوێنێك كه‌ یاسای جه‌نگه‌ڵ تیایدا سه‌روه‌ر بێت‌و ئاسایشی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیمان داوه‌شێنێت. به‌رپرسیاربوون به‌ته‌نیا مانای ئه‌وه‌ نییه‌ شتێك بكه‌یت‌و به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی هه‌ڵگریت، به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌شه‌ هیچ نه‌كه‌یت‌و ته‌ماشاكه‌رێكی بێویژدان بیت