Thursday 24 February 2011

سەرەتایەک بۆ قسەکردن لەسەر شۆڕش

 بەشی یەکەم

ئاراس فەتاح

شۆڕش بڕیار نییە. شۆڕش نە بڕیارێکی عەقلانییە و نە کردەیەکی ناعەقلانی. تێگەشتنێکی ھەڵەیە گەر ئێمە شۆڕش بە "بڕیار"ی كەسێک یان گروپێک یاخود حیزبێکی پێشرەو(ئەڤانگارد) تێبگەین. دیارە سەرچاوەی سەرھەڵدانی ئەم تێگەشتنەش دەربارەی شۆڕش، ئایدیۆلۆژیای مارکسیزمە. ھاوکات لەگەڵ سەرھەڵدانی خەباتی چەکداریی رزگاریخوازانە بە ڕابەرایەتی حیزبێکی پێشڕەو، مۆدێلی مارکسیزم دەبێت بە نموونەیەک بۆ بەرپاکردنی "شۆڕش". لە مێژوودا نموونەی ئەو کۆبوونەوانە زۆرن کە ھەندێک خەباتگێڕ لەشوێنێکی نھێنی، لە ناوچەی دووردەستی دەسەڵات بێت یان دەرەوەی وڵات، کۆدەبنەوە و بڕیاری ھەڵگیرسانی خەباتی چەکداریی دەدەن. ئەمەش لە مێژووی سەرھەڵدانی شەڕی پارتیزانیدا بەرجەستەدەبێت. ئەم چەشنە بڕیارە لەو تێگەیشتنە سیاسییەوە سەرچاوەدەگرێت کە پێی وایە شۆڕش دروستدەکرێت، چونکە دۆخەکە لەوە زیاتر تەحەمول ناکرێت. ئاشکرایە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمە و میللەتانی تردا ناوی ئەو مۆدێلە نراوە "شۆڕشی ڕزگاریخوازی چەکداریی". ئەم تێگەشتنە بۆ شۆڕش تێگەشتنێکی ناتەواو و پڕ کێشەیە 

من لێردەدا دەمەوێت بە کورتی لەسەر دوو ڕەھەندی شۆڕش بدوێم. یەکەم، شۆڕش داڕشتنی پلانێکی پێشوەخت نییە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دژ بە دەسەڵات. دووەمیش، شۆڕش لەلایەن ئەوانەوە دانامەزرێت کە پیشەیان شۆڕشکردنە. بە مانایەکی تر شۆڕش نە بڕیارە و نە پیشە 

سەرەتا دەمەوێت بڵێم شۆڕش بڕیارێکی عەقلانی یان ناعەقلانی نییە، بەڵکو کردەیەکی عەفەوی و خۆبەخۆیە و لە چرکەساتێکدا لەدایکدەبێت کە نە کات و نە شوێنێکی دیاریکراوی ھەیە. رۆزا لوکسمبورگ دەشێت یەکێک بێت لە یەکەمین ئەو بیریارە گرنگانەی کە پێناسەی دیاردەی شۆڕشی بەشێوەیەکی زانستییانە کردبێت. لوکسمبورگ دابڕاو لە مارکسییەکانی تری سەردەمی خۆی، شۆڕش بە ئەرکی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا(ئەڤانگارد) نابینێت کە پلانێک لەسەرەوەرا بۆ شۆڕش دادەڕێژن، بەڵکو وای دەبینێت کە شۆڕش کردەیەکە لە خوارەوەوە سەرھەڵدەدات و بە شێوەیەکی عەفەوییانەش لەدایکدەبێت. بکەرەکانی شۆڕشیش کەسانێک نین کە پیشەیان ئەم کارە بێت. واتە شۆڕشگێڕبوون پیشە نییە، بەڵکو کردەیەکە کە لە دووتوێی شۆڕشەوە فێری دەبن. لوکسمبورگ دەڵێت: "ھەر وەکو چۆن مەلەکردن لەناو ئاودا فێردەبین، ئاوھاش شۆڕشگێڕێتیی لە ناو شۆڕشدا فێردەبین". شۆڕش قسەکەر و چالاکوان و ھونەرمەندی خۆی بەرھەمدەھێنێت. بڕێکی زۆر لەو کەسایەتییانەی کە لەکاتی شۆڕشدا سەرھەڵدەدەن، کەسانێکن کە پێشر ناویان نەبووە و نەناسراون. زۆرینەی کاتەکان شۆڕش لەلایەن کەسە نەنەناسراوانەوەکانەوە دروستدەکرێت و پاشان ناسراوەکان دێنە پێشێ. شۆڕش تاکە ڕووبەرێکە کە تیایدا کەسە نەناسراوەکان کەسایەتییە ناسراوەکان بەجەماوەر نماییشدەکەن. ئەوە شۆڕشە کە ڕۆشنبیرە ڕیتۆرییەکانی یان خەتیبەکانی جارێکی تر لە ڕووبەری گشتی بە کۆمەڵگا دەناسێنێتەوە. سەیر نییە ھەموو کەسە کەمھەڵوێست و بێھەڵوێست و تەنانەت ئینتیھازییەکانیش دوای ڕووداوە سەرەکییەکانی شۆڕش و ڕەوینەوەی ترسەکان ھەڵپەی ئەوەیانە زۆرترین بڕی شۆڕشگێڕێتیی بە ڕووبەری گشتی نیشانبدەن و زۆرترین ڕادیکالییەت و توندترین ھەڵوێست بەرامبەر بە دەسەڵات نیشانبدەن 

کاتێک دەڵێین شۆڕش خۆڕسکە، مەبەست لەوەیە کە کەس ناتوانێت بۆمان ڕوونبکاتەوە بۆچی لە ساڵی ١٧٨٩ دا لە فەڕەنسا شۆڕش ڕوویدا و لە شوێن و کاتێکی تردا، کە ھەمان بارودۆخی ھەبوو، ڕوینەدا. یانیش بۆچی شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕوویدا و لە ساڵ و شوێنێکی تردا بەرپا نەبوو. بەھەمان شێوە ئەم خەسڵەتەی شۆڕش لە زۆرینەی شۆڕشەکانی تردا بەرجەستە دەبێت، وەکو لە ئەزموونی ھەردوو شۆڕشی تونسیی و میسریشدا بینیمان، کە دیارە دوا شۆڕش نابن ھەڵگری ئەم ڕەگەزە جەوھەرییانەن 

بەکورتی، کاتێک دەڵێم شۆڕش بێکات و بێشوێنە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە شۆڕش لەناو "بێزەمەنی"ی و "ناشوێنی"دا لەدایکدەبێت. شۆڕش بەمانا مۆدێرنەکەی، وەک لە شۆڕشی ئەمریکی و فەرەنسیدا دەیبینین، ھەڵگری چەند خەسڵەتێکە کە لە ھەموو شۆڕشەکانی دوای ئەم دوو شۆڕشەدا دەبینرێتەوە. گرنگترین خەسڵەتی شۆڕش "پێداویستیی مێژوویی" نییە، بەڵکو "دامەزراندنی ئازادی"یە. "دامەزراندنی ئازادی" ئەو تێزەیە کە ھانا ئارێنت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا، "دەربارەی شۆڕش"، تاووتوێیدەکات و دژ بە چەمکی مارکسیانەی "پێداویستی مێژوویی" دایدەنێت. ئەوە مارکسیزم بوو وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی ڕادیکاڵ ویستی کات و شوێن بۆ شۆڕش دیاریبکات و بیکات بە حەتمییەتێکی مێژوویی. مارکسیزم یەکەم ئایدیای شۆڕشگێڕیی بوو کە ستراتیژی ئەوە بوو شۆڕش زووتر لەکاتی خۆی بەرھەمینھێنێت و ئەو شوێنەش دیاریبکات کە دەیەوێت تیایدا بەرپایبکات. واتە بەشێوەیەک ھەڵسوکەوت لەگەڵ شۆڕشدا بکات وەک ئەوەی شتێکە کە دەکرێت دروستبکرێت. ڕەھەندێکی تری ئەم تێگەشتنە بۆ شۆڕش بریتییە لە چەمکی ھەناردەکردنی(Export) شۆڕش. واتە تەماشاکردن و ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ شۆڕشدا وەکو کەرەسەیەک کە شایانی ھەناردە بێت بۆ ھەر شوێنێک بویسترێت

زەمەنی شۆڕشی پرۆلیتاریی بۆ مارکسیزم بریتی بوو لە کاتی سەرھەڵدانی بۆرژوازی و شوێنەکەشی بریتی بوو لە وڵاتانی سەرمایەداریی. ئەم تێگەشتنە میکانیکییە دەربارەی شۆڕش بووە ھۆکاری سەرھەڵدانی بەرھەمھێنانی قەیسەرییانەی "ولادة قيصرية" شۆڕش و دروستکردنی گۆڕانکاریی لە سیستەمە سیاسییەکاندا. یەکێک لەو میتۆدانەش بۆ بەرھەمھێنانی ئەم مێژووە خوازراوە بریتی بوو لە خەمڵاندنی شۆڕش. واتە داھێنانی حیزبی پێشڕەو و دەستپێکردنی خەباتی پارتیزانیی لە گوندەکانەوە بۆ دروستکردنی دۆخی بابەتیی و مەوزوعیی لە شارەکاندا. بەم چەشنە ھەموو گروپێکی یاخیی یان ناڕازیی دەیتوانی چەک پەیدابکات و دەستبکات بە شەڕی پارتیزانی و ناوی خۆی بنێت "پێشڕەو" و "شۆڕشگێڕی ڕابەر" و لەدوادەرئەنجامدا بانگەشەی"شۆڕشی جەماوەری"یش بکات بێئەوەی جەماوەری لە پشتبێت 

بەڕای من مارکسیزم چەندە ئایدیایەکی شۆڕشگێڕییە، ھێندەش چەمکی "شۆڕش"ی لە مانا ڕاستەقینەکانی خۆی وەدەرھێنا، کاتێک شۆڕشی کرد بە کردەیەک کە دروستدەکرێت و شۆڕشگێڕێتیشی کرد بە پیشەیەک کە مومارەسەدەکرێت. پاشان ھەر ئەم تێگەیشتنە بوو بۆ شۆڕش کە لە ھەندێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی لە جیھانی سێدا ئەزموونکرا. ئەم ئەزموونە لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات دەیان کادیری حیزبیی ناکارامەی کرد بە فەرمانبەر و ئیداریی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا و چەندین سەرۆکی دیکتاتۆریشی بەرھەمھێنا، کە جگە لە ڕابردووە شۆڕشگێڕێتییەکەیان شتێکی تریان نەبوو پێشکەشی داھاتووی کۆمەڵگای بکەن. ئەم ڕابردوودوێتییە تەنھا پاپەندی ئەزموونەکان نەبوو، بەڵکو پتر لە ئاستی عەقڵ و زمان و کولتووردا بەرجەستەدەبوو. ھەر ئەم دوو ڕەھەندەی شۆڕش بوو، واتە کردنی شۆڕش بەشتێک کە دروستدەکرێت و بە کارێکیش کە مومارەسەدەکرێت، بەڵای گەورەیان لەو وڵاتانەدا بەرھەمھێنا کە دەسەڵاتدارێتی شۆڕشگێڕێتی تێدا بنیاتنرا. ئەم خودە شۆڕشگێڕانە کە دەسەڵات دەگرنە دەست، وێنایەکی ترسناکیان لەسەر خۆ بۆ دروستدەبێت و دەیان دەزگاش دروستدەکەن بۆئەوەی ئەم وێنایانە بکەن بە ڕاستیی مێژوویی و سیاسیی. ئەم شۆڕشگێڕانەی دوێنێ کولتووری لاساییکردنەوەی یەکتر دادەھێنن، بەچەشنێک زمان و عەقڵییەت و ستایلی جلوبەرگ و قسەکردنەکانیشیان ھاوچوونی یەک دەبێت، یان باشتر بڵێم ماشێنێکی کۆپیکردنی کەسایەتی دەخرێتەگەڕ کە بەچەشنێکی ترسناک ئیستنساخی سەرۆکەکان بۆخوارەوە بەرجەستەدەکات. زۆرینەی سەرکردە شۆڕشگێڕەکان لەبەرئەوەی ھێشتا توانای ئەم کۆپیکردنەی خۆیانیان نییە، منداڵ و خێزان و عەشرەت دەکەن بە کۆپییەکی شەرعیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی سیاسییان و تاپۆکردنی لەسەر خێزان و بنەماڵەکەیان 

وەکو گوتم شۆڕش لە جیھاندا "بێزەمەن" و "بێشوێن"ـە، بەڵام کە لەدایکدەبێت دەچێتە ناو زەمەن و شوێنی ئینسانەکانەوە و جارێکی تر مێژوو دەنووسێتەوە. ھەر کاتێک شۆڕش وەکو کردەیەکی عەفەویی دەستپێدەکات، شوێن و کاتی تایبەتیش بە خۆی بەرھەمدەھێنێت. بۆنموونە لە ھەموو وڵاتێکدا پایتەختەکان شوێنی کۆبوونەوە و چڕبوونەوە و بەرجەستەبوونی دەسەڵاتەکانن. لەناو ھەموو پایتەخت و شارێکیشدا شوێنە گشتییەکان، جێگا پڕ سیمبۆلەکان، زانکۆکان و مزگەوتەکان و شەقامە گەورەکان، بەگشتی ئەو شوێنانەی کە مانای گەورەیان لە ژیانی ڕۆژانە و سیاسی و کولتووری مرۆڤەکاندا ھەیە، دەکرێن بە شوێنی کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی جەماوەر. لە شۆڕشدا ھەندێ شوێنگە دەبن بە خاڵی یەکلاکەرەوەی ململانێ لەسەر دەسەڵات. بۆ نموونە ئیستگەکانی تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ، ھێڵی ئینتەرنێت و تەلەفۆن و کارەبا و فرۆکەخانە دەبن بە ئامانجی شۆڕش، لە ھەندێ کاتیشدا بە ئامانجی دەسەڵات. بۆ نموونە بڕینی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە ئەزموونی میسریدا یەکێک بوو لەو میتۆدانەی کە دەوڵەت بەکاریھێنا بۆ نەھێشتنی پەیوەندی. دواتریش نێوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە وێنەی کۆشکی سەرۆکایەتی، مەڵبەند و بارەگا حیزبییەکان و ھتد... دەبن بە خاڵی وەرچەرخان لە یەکلابوونەوەی ململانێکاندا 

بە ھەمان شێوەی رەھەندی "شوێن"، شۆڕش "کات"ی خۆشی بەرھەمدەھێنێت. لەڕاستیدا لەم سەردەمەی ئێستاماندا تەکنەلۆژیای نوێ لە وێنەی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی مۆبایل دوو کەسەرەی سەرەکیی کۆمۆنیکاسیۆنی ئینسانەکانن لەگەڵ یەکتر. دۆزینەوەی یەکتر و ڕێکخستنی کات و شوێنەکانی کۆبوونەوە لەڕێگای ئەم ئامێرە تازانەی پەیوەندیگرتنەوە بووەتە ھۆکاری خێراکردن و ئاسانکردن و مۆبیلکردنی پەیوەندییەکان و ڕێککەوتنی ئینسانەکان. سەرەتا مرۆڤەکان لەناو فەزای گشتی ڤیرتوئێللیدا کۆدەبنەوە و لەوێدا گفتوگۆدەکەن و لەسەر کات و شوێن و ئامانجەکان ڕێکدەکەون. پاشان ئەم ڕووبەرە ڤیرتوئێللییە دەگوازرێتەوە ناو ڕووبەری واقیعی کۆمەڵگا کە خۆی لە ڕووبەری گشتیدا بەرجەستە دەکات. بەھەمان شێوە، شۆڕش دەشێت ئەو کاتانەی کە مانای سیمبۆلییان ھەیە بیانکات بە بەشێک لە مێژووی خۆی بۆ گەیشتن بە کۆکردنەوەی زۆرترین کەس. بۆ نموونە ڕۆژانی پشوو یان یادە نیشتیمانییەکان یاخود میژووییەکان دەشێت چرکەساتی گونجاو بن بۆ کۆبوونەوەی جەماوەریی گەورە. ھەندێ جاریش چالاکینواندن لە کاتی شەواندا رەنگە کاریگەریی گەورەی ھەبێت تا خۆپیشاندەران بەئاسانی لەلایەن دەزگاکانی ئاساییشەوە دەستگیرنەکرێن... ھتد. بەشێوەیەکی گشتی شۆڕش کەشفکردنەوەیەکی نوێی ھەردوو کایەی(شوێن و زەمەنی) ئینسانەکانی کۆمەڵگایە 

شۆڕش دووبارە یەکتردۆزینەوە و بەیەکترگەشتنەوەیەکی تری کەسەکانە لە زەمەن و شوێنێکی نوێدا. شۆڕش لەدایکبوونەوەیەکی تری زەمەن و شوێنی مرۆڤەکانە. ھەموو ئەو شوێنانەی کە دەبنە گۆڕەپانی شۆڕش جارێکی تر بە فۆرمێکی نوێ لەدایکدەبنەوە و مێژووی خۆیان دووبارە دەنووسنەوە. بە مانایەکی تر شۆڕش داھێنانی "شوێنکات"ێکە بۆ دووبارە ناسینەوەی کۆمەڵگا بۆ خۆی. شۆڕش بەیەکگەشتنی ئینسانەکانە لە شوێنکاتێکی تردا. ئەم بەیەکگەشتنەی خەڵک تەنھا کەرنەڤاڵێکی دەستەجەمعیی ڕادەربڕینی یەک چەشن لە ناڕەزایی نییە لەناو ڕووبەری ڕای گشتیدا، بەڵکو لە جەوھەردا نمایشکردنی جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵگایە. مومارەسەکردنی ئازادییە لە ڕێگای گفتوگۆی ئازادانەی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکانەوە. لە کاتی شۆڕشدا کۆی ئەو جیاوازییانەی ناو کۆمەڵگا کە ڕژێمەکان سڕیبویانەوە و ئەو شوناسانەی کە لە تاک و گروپەکان سەنرابووەوە، دوبارە کەشفدەکرێنەوە و گروپەکان شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان وەردەگرنەوە. شۆڕش دروستکردنی شوێنکاتە بۆ کردەی ئازادی 

گرنگترین "شوێن" و "زەمەن"ی شۆڕش خودی ڕووبەری گشتییە. بێ ڕووبەری گشتیی ناتوانین وێنای شۆڕش بکەین. شۆڕش لە جەوھەردا ڕۆچوونە بۆناو ڕووبەری گشتیی و قسەکردن و ڕاگۆڕینەوە و مومارەسەکردنی ئازادییە، لە دواییشدا دەبێت بە دروستکردنی فشار بەشێوەی جەماوەریی. ئەم جەماوەرە چەندە لەدەرەوەڕا یەکدەنگ و یەکڕەنگ دەبینرێت، ھێندە لەناوەوەڕا جیاواز و ناتەبایە. شۆڕش کۆکردنەوەی کۆی ئەو دەنگە جیاوازانەی ناو کۆمەڵگایە، بۆئەوەی ڕووبەرێک بدۆزنەوە تیایدا تەعبیر لە خۆیان بکەن. شۆڕش بەدەنگھاتنی ئەو دەنگانەیە، کە تا پێش ڕوودانی شۆڕش، ھیچ شوێن و زەمەنێکیان نەبوو قسەی تیابکەن و تیایدا چالاک بن و تەعبیر لە خۆیان بکەن. بەگشتی، شۆڕش گەڕانەوەی کردەی گفتوگۆی کۆییە بۆ ناو ڕووبەری گشتی و ئامادەبوونی ڕای گشتییە لەناو کردەی سیاسەتدا. بە مانایەکی تر شۆڕش دامەزراندنەوەی پلورالیزم و جیاوازییە لە ناو ڕووبەری گشتیدا. گەر رەھەندی یەکەم و سەرەکیی شۆڕش دامەزراندنی ئازادی بێت، ڕەھەندی دووەمی بریتییە لە دۆزینەوەی پلورالیزمی کۆمەڵگا. لە شۆڕشدا ئازادی بەمانا پلورالییەکەی دووبارە بەرھەمدەھێنرێتەوە، کۆمەڵگا خەسڵەتە جەوھەرییەکانی خۆی کە فرەدەنگیی و فرەڕەنگییە دووبارە دەدۆزێتەوە و ڕێزی لێدەگیرێت. شۆڕش دووبارە گەڕانەوەی ڕێزە بۆ ئەو تاک و گروپانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێڕێزییان بەرامبەر کراوە 

شۆڕش کردەیەکە کە خۆی پاساوی خۆی دەکات و پێویستی بە پاساوی کەس نییە و داوای مۆڵەت لە ھیچ کەس و دەزگایەک ناکات و پێویستی بە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆش نییە بۆئەوەی دەستپێبکات. شۆڕش خۆڕسکە، ھەر خەسڵەتی خۆڕسکییەکەشێتی کە نایەڵێت کەس بە ئاسانی سواری سەری بێت. بۆیە کاتێک شۆڕش بوو بە شۆڕش لەناو ڕای گشتیدا، ئەوا دەتوانین دڵمان بە سەرەتا گرنگەکانی دیموکراسی خۆش بێت، ئەویش گفتوگۆکردن و گوێگرتنە لەیەکتر و دوزینەوەی چارەسەرێکی بەکۆمەڵە بۆ کێشە بونیادییەکانی کۆمەڵگا. فۆرمی ئەم چارەسەرانەش فرەچەشنە، چونکی ھەر گروپ و ڕێکخراوێک تەعبیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکات. بۆیە شۆڕش لەدوادەرئەنجامدا بردنەوەی ئازادیی و پلورالیزمە، نەک دروستکردنەوەی ھێزێکی تر کە پرۆژەی کوشتنی ئەوی تری پێ بێت. شۆڕش ھێنانی پەرلەمانە بۆ ناو ڕووبەری گشتی، واتە پێکەوەژیان و قبووڵکردنی کۆی ئەو ڕاو بۆچوون و بەرژەوەندییە جیاوازانەیە کە کۆمەڵگایەک لەخۆی دەگرێت و دەسەڵات ڕێگرە لێی. کە دەڵێم شۆڕش ھێنانی پەرلەمانە بۆ ناو ڕووبەری گشتی مەبەستم لە کۆتاییھێنانە بە بڕیاری تاکڕەویی، ماڵئاواییکردنە لە تاریکیی و دروستکردنی شەفافییەتە لە کردەی سیاسیدا. بە مانایەکی تر بڕیاردانە بە شێوەیەکی کۆیی و لەسەر بناغەی قەناعەتپێھێنان و ڕێککەوتن، نەک تەنھا زۆرینەو و کەمینە. بەم چەشنە یەکەم پیادەکردنی دیموکراسییەت لە شۆڕشدا لەناو ڕووبەری گشتیدا بەرجەستەدەبێت. ھەر ئەمەشە وا لە یەکێکی ھانا ئارێنت بکات کە بڵێت: هەر کاتێک "دەسەڵات کەوتە دەست شەقامەکان" دەتوانین باس لە شۆڕش بکەین. بەمانایەکی تر هەر کاتێک شەقام دەسەڵاتی گرتە دەست، دەتوانین باس لە شۆڕش بکەین، چونکی لەکاتی شۆڕشدا نە پۆلیس و نە ئاساییش دەسەڵاتیان بەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکاندا نامێنێت. لەکاتی شۆڕشدا دەسەڵات ئاڕاستەکەر نییە، بەڵکو ئاراستەکراوە. لەکاتی شۆڕشدا دەسەڵات لەوەدەکەوێت کۆنترۆڵی شەقامبکات، بەڵکو شەقام دەسەڵات ئاراستەدەکات 

خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەموو مۆدێلەکانی دەسەڵاتدارێتی پێش مۆدێرنە و مۆدێرنەی تاقیکردەوە، تەنھا شتێک کە مابوو ئەزموونی بکات، مۆدێلی ھەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنیان بوو لە فۆرمی شۆڕشی جەماوەرییدا. گەرچی ئەم مۆدێلەش، مۆدێلی سەدەی ھەژدەھەمە لە ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێمە دواکەوتووین یان درەنگکەوتووین، بەڵکو مانای ئەوەیە کە گەڕان بەدوای ئازادیدا قەد کۆن نابێت، گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئازادیی ھیچ کاتێک درەنگ نییە. شۆڕش بە چەمکە مۆدێرنەکەی مانای گەڕانەوەی چەمکی ئازادییە بۆ ناو سیاسەت و دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و دەستاودەست پێکردنیانە لەڕێگای ھەڵبژاردنی ئازادەوە و بنیاتنانی عەدالەت و یەکسانیی کۆمەڵایەتیی و کردنی نرخی ئینسانە بە نێوەندی ھەموو پێوەرەکان. لەدوادەرئەنجامدا شۆڕش گێڕانەوەی ڕێز و پاراستنی مافەکانی ئینسانە لەڕێگای دامەزراندنی ئازادییەوە.
لە ڕاستیدا قسەکردن لەسەر شۆڕش بێ قسەکردن لە ئازادی وەکو قسەکردن لە گۆڕان وایە بێ گۆڕانخوازان.

بەشی دووھەم تایبەت دەبێت بە کورد و شۆڕش

3 comments:

  1. بڕوا عه‌لادین24 February 2011 at 22:40

    ته‌وه‌رێکی زۆر هه‌ستیارو گرنگت وروژاندوه‌ کاک ئاراس، من چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌شه‌م که‌ له‌سه‌ر کورده‌، ده‌ستخۆشیت لێده‌که‌م

    ReplyDelete
  2. La pash rezm!
    La khopishandanakanda zor dyara ka zyatr kury gangu pyau zyatr 99% mangrakan pek dahenet. Pem waya agar afraty kurdish sauty khoy lanau khalkda nabistret awa abet bash bzanret ka am shorshash abet ba shprshy pyau wa afrat abet batamy pyau hkumatek bet ka pyau bareway abatu awanish wak mrovu ka basheky gauray am millata pek dahenn la hamu suchu panayaky komalda abet har awa bas kan ka peshtru esta basy akan. Pem waya abet hawary kchy gang zor zyatr abet bbistret chunka zor pem waya dawakary kcha gangakan zor zyatra la kura gangakan.

    Zor supas

    ReplyDelete
  3. گەڕان بەدوای ئازادیدا قەد کۆن نابێت، گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئازادیی ھیچ کاتێک درەنگ نییە. dastakant xoshbe kak Aras!! zor kareki jwana!!

    ReplyDelete