Tuesday 1 March 2011

مردنی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانییەتی کوردی

ستوونی ھەفتەنامەی ئاوێنە

سەرەتا دەمەوێت جارێکی تر بەو تێزە دەسپێبکەمەوە کە ساڵی ٢٠٠٠ لە نووسینێکدا دەڵێم: دەسەڵاتدارێتی کوردی یەکێکە لە نموونەی ئەو دەسەڵاتدارێتییانەی کە حکومەت ناکات، بەڵکو حوکمدەکات. ئەم مۆدێلە تاوەکو ئەمڕۆش بەردوامە و ھیچ شتێک لە کاراکتەر و میتودی ئیشکردنی نەگۆڕاوە. دیارە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان حکومەتکردن و حوکمکردندا ھەیە. حکومەتکردن ھونەری ئیدارەی دەوڵەت و فۆرمبەخشینە بە نەتەوە. حوکمکردنیش مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەکی سوڵتانییە کە لەسەر بناغەی پیادەکردنی سیاسەتی دووفاقەیی "سزا" و "پاداشت" کاردەکات و بەردەوامیی بەخۆی دەدات. کۆمەڵگای ئێمە پتر لە نۆزدە ساڵە لەنێو ئەم دووفاقەییەدا ھاموشۆدەکات کە کردەی سیاسەتی لە کوردستاندا پێڕەنگڕێژکراوە. ئەم فۆرمە لە دەسەڵاتدارێتی لە بناغەدا فۆرمێکی پێش مۆدێرنەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست کە ماکس ڤێبەر ناوی ناوە "دەسەڵاتدارێتی سوڵتانی"ی. ئەم فۆرمە دەسەڵاتدارێتییە لەسەردەمی ئێستاماندا بەدامودەزگاییکراوە و خاوەنی دەزگای سەربازی و ئەمنی و ڕاگەیاندن و ئابووریی خۆیەتی. لەڕێگای ھەڵبژاردنی تەزویرکراویشەوە بەردەوام شەرعییەتی سیاسی بەخۆی دەبەخشێتەوە. بۆیە دەشێت بە سوڵتانیزمی نوێ ناودێڕی بکەین

 کە دەڵێم ئەم فۆرمی دەسەڵاتدارێتییەی ئێمە سوڵتانییەتێکی نوێی سیاسییە، مەبەستم ئەوەیە کە دەسەڵاتدار تیایدا پەیوەندی نێوان خۆی و کۆمەڵگا لەسەر بناغەی پەیوەندی دەسەڵاتی(پاستۆرالی)، واتە پەیوەندی نێوان شوان و مێگەل، دادەمەزرێنێت. لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتدارێتی کوردی ھەموو ڕەگەزە گرنگەکانی حکومڕانیی، وەک حکومەت و پەرلەمان و وەزارەتەکان، دامەزراندوە بەڵام کۆی ئەم دەزگایانە لە ئفلیجێتییەکی گشتگیردا دەژین. ئەمەش وایکردووە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا چەندین بۆتەی(بوئرە) دەسەڵاتدارێتی ھەبێت، نەک شێوازێکی دەسەڵاتدارێتی بە مانا دەوڵەتیی و دەزگاییەکەی. لەلایەکی ترەوە ھەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سەربازی و ئابووری و کولتووری ئیشدەکەن بێ پابەندبوونیان بە بنەمایەکی دەستوورییەوە. واتە سەنترالیزمێکی دەسەڵاتدارێتی داڕێژراوە کە لەژێر پرنسپی سەرۆکایەتیدا بەڕێوەدەچێت. ئەمە ئەو ڕەھەندە ترسناکەی سوڵتانییەتی سیاسییە کە پیاوانی سیاسەت ساڵانێکە لە کوردستاندا بەبێ بوونی دەستوور حومکدەکەن. بە واتایەکی تر ھێندەی پەیڕەووپرۆگرامی ھەرەمیی حیزب لە سیستەمی حوکمکردندا بڕیاردەدات، ھێندە یاسا و دامەزراوە یاساییەکان ئەو ڕۆڵە نابینن

کە دەشڵێم ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەتێکی مۆدێرنە، مەبەستم ئەوەیە دەسەڵاتدار لەم سیستەمەدا لە "میر"ەوە دەبێت بە "سەرۆک" بەمانا مۆدێرنەکەی. واتە چیدی دەسەڵاتدار موڵکداری ھەرێمێکی دیاریکراو نییە کە خاوەنی چەند جوتیارێک یان رەعییەتێک بێت، بەڵکو خاوەنی دەزگاگەلێکی ئاڵۆزی ئیداری و بیرۆکراتییە و لەژێر ئاڵایەکی نیشتیمانیدا حوکمدەکات. ئەم فۆرمە دەسەڵاتدارێتییە بۆیە مۆدێرنە چونکە لەلایەکەوە نوێنەرایەتی نیشتیمانێکی سیاسی دەکات کە پێیدەڵێین دەوڵەت یان حکومەتێکی ھەرێمیی، لەلایەکی تریشەوە نوێنەرایەتی جەستەیەکی سیاسی دەکات کە بەمانا مۆدێرنەکەی پێیدەڵێین نەتەوە. بۆئەم مەبەستەش خاوەنی ڕەشنووسی دەستوورێکە کە سەرۆک دەسەڵاتێکی گەورە و ترسناکی لەدەستدا کۆکراوەتەوە. بەھەمان شێوەش خاوەنی پەرلەمانێکی کاریکاتۆری و ئابوورییەکی کۆماندۆئاسا و ڕاگەیاندنێکی ئاڕاستەکراو و دەزگای پۆلیس و ھەواڵگری نھێنی و سەدان ئەندامە کە ئامادەن ببن بە سەربازی حیزب

گەر ئەم فۆرمە لە پەیوەندیی دەسەڵاتدارێتی لەسەر دۆخی ئێستای کوردستاندا پیادەبکەین، ئەوە دەتوانین خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییە لە چەند خاڵێکدا کۆبکەینەوە. یەکەم، ئەم حوکمکرنە مانای چڕکردنەوەیەکی ترسناکی دەسەڵاتەکانە لەنێو دەستی سەرۆکدا. دووھەم، مانای وەلائەتێکی تۆخی نوخبەی سیاسییە بەرامبەر بە دەسەڵاتدار. سێھەم، ئەم فۆرمە لە سیستەم لەسەر دوو کۆڵەکەی ئەخلاقی وەستاوە، ئەوانەش "سزا" و "پاداشت"ن. واتە سزادانی ئەوانەی سەرپێچی و لاساریی دەکەن و پاداشتکردنی ئەوانەش کە دەبن بە پارێزەری نرخ و بەھاکانی سیستەمەکە و گەرەنتییەک بۆ بەردەوامبوونی. چوارەم، ئەم چەشنە ڕێکخستنەی دەسەڵاتیش دەبێتە ھۆکاری سەرھەڵدانی سیستەمێکی چنراو لە گەندەڵیی سیاسیی و ئیداریی و یاسایی و ئەخلاقیی، کە ھەریەکێکیان ئەوی تر دەپارێزێت، چونکی ھەموو تاک و گروپەکان ئەو ڕاستییە دەزانن کە بەبێ وەلائەتی کوێرانە و ملکەچێتیی ڕەھا کەس پشکی وەرگرتنی پۆستی لە دەزگا ئیدارییەکان و فرسەتی بەشداربوونی سیاسیی نابێت. لەلایەکی تریشەوە بەبێ ستاییش و بەرگریکردن لە سەرۆک و پێوەندەکەی ھیچ کەسێک شانسی ئەوەی نییە لە سامان و ئابووریی نەتەوەییدا بەشی ھەبێت. لەکۆتاییدا نەبوونی متمانە بە ھیچ ھێزێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی وا لە دەسەڵاتدار دەکات کە شەخسی خۆی تەدەخول لە ھەموو شتێکدا بکات و خودی خۆی ھەموو دوابڕیارەکانی لەدەستدابێت. بەشێوەیەکی گشتی تەنھا سەرۆک دیاریدەکات کێ دەچێتە ناو بازنەی تەسکی دەسەڵات و کێ لادەبرێت. ئەمە ئەو سیستەمی سزاو پاداشتەیە کە سەرۆک ھەمیشە دەسەڵاتی خۆی لەسەر بینادەکاتەوە. ئەمە ئەو فۆرمە سوڵتانییە نوێیەی دەسەڵاتدارێتییە کە لە کوردستاندا کاری ووردی بۆدەکرێت و ساڵ لەدوای ساڵیش بنەماکانی سەقامگیردەکرێت

ھەر دەسەڵاتدارێتییەک خوازیاری ئەوە بوو کە گەل دەوڵەت بپارێزێت، دەبێت سەرەتا دەوڵەت بکات بە شتێک کە شایانی بەرگریلێکردن بێت. ھیچ گەلێک ئامادەنییە خۆی بۆ دەوڵەتێک بەکوشت بدات یان لەژێر فەرمانڕەوایەتییەکدا بژی، کە بزانێ شەرعییەتی دەسەڵاتدارێتییەکی لەژێر پرسیاردایە
 
دەوڵەت دەبێت ڕێگەمان بدات بیربکەینەوە، نەک ھەمیشە بیری لێبکەینەوە. لەوەتەی دەسەڵاتدارێتی کوردی ھەیە، ئێمە بیر لە گرفتەکانی دەکەینەوە. پاش نۆزدەساڵ ئەزموونکردنی ئەم دەسەڵاتدارێتییە کاتی ئەوە ھاتووە کە چیدی بیر لە چاککردنی قەیرانەکانی نەکەینەوە، بەڵکو بیر لەوەبکەینەوە چۆن لەدەست ئەوانە ڕزگاریبکەین کە ناتوانن لەکاتی حوکمڕانیدا بیربکەنەوە.
دەسەڵاتدارێتی سوڵتانییانەی کوردی مۆدێلێکە لە دەسەڵات کە ڕۆڵی دەرمان دەگێڕێت. دەرمان بە مانا یۆنانییەکەی(فارماکۆن) کە ھەردوو مانای ژەھر و مانای چارەسەریش دەبەخشێت. دیارە لەو سەردەمانەدا بڕێکی زۆر لە دەرمانەکان لە ژەھر دروستدەکران و وێنەی "مار"یش کە بووە بە ڕەمزی دەرمان، ئەو مانا دووفاقەیییە دەگێڕێت کە دەرمان ھەڵگرێتی. کە دەڵێم ئەم دەسەڵاتدارێتییە ڕۆڵی دەرمان دەگێڕێت، مەبەستم لەو وەزیفە دووفاقەییەیە کە دەرمان ھەیەتی، واتە ھەم کوژەرە و ھەم ژیانوەبەرھێنەرە. ئەم دەسەڵاتدارێتییە ساڵانێکە بووە بە دەرمان بۆ قەڵەوکردنی نوخبەیەکی سیاسی بچووک و نەھامەتی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا، ساڵانێکە بووە بە ژەھر بۆ ئازادی، نەشیتوانیەوە کەمترین ئازاری ئەم خەڵکە ساڕێژ بکات. ئەم مۆدێلە کوردییە مۆدێلێکی ترسناکە چونکی ئامادە نییە بۆ ئەو بێوەژنانەی کە بیماری کیمیاویین، پارەی دەرمانی مانگانەیان بۆ سەربکات، بەڵام ملیۆنەھا دۆلاری بوجەی میللەت لە پرۆژە ئاشکرا و نێھێنییەکانیدا بەھەدەر دەدات، بێئەوەی کەسێک توانای لێپرسینەوەی لێیان ھەبێت
 
لە ئێستاشدا، دوای ڕاپەڕینی گەنجان ھیچ دەرمانێک نەماوە چارەسەری نەخۆشییەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییە بکات. ئەم مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییە چوار ڕێگای لەبەردەمدایە. یان ئەوەتا دەرمانەکە وەکو ژەھر قبوڵدەکات و خۆی بەدەستی خۆی دەیخواتەوە، یان ئەوەتا ئێستاش بڕوای بەوە ھەیە کە ئەوەندە ژەھری لەبەردەستدایە تا ھەموومان دەرمانخوارد بکات، یان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتدارێتییەکی خۆیدا دۆخی ناوکاو ڕادەگەینێت و بەتەنھا لەجێگادادەکەوێت. ڕێگای چوارەمیش ئەوەیە کە جەماوەر دەرمانەکە بە گەروویدا بکات و کۆتایی بە ھەموو ئازارەکان بھێنێت

ڕاستی ئەوەیە کە ئەم سیستەمە دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییە دەبێت بە ئاشکرا مردنی خۆی ڕابگەیەنێت. ئەم مردنە، فۆرمی مردنەکەی ھەر چۆنێک بێت، مردنی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتیی کوردییە بەمانا حیزبییەکەی و کۆتاییھاتنە بەو سیستەمەی کە لەسەر پرنسیپی سزا و پاداشت بینایکردووە

No comments:

Post a Comment