Saturday 30 April 2011

چی ماوەتەوە بەرگریی لێبکەین؟

ئاراس فەتاح


یەکێک له‌دەرهاویشتە بنەڕەتییەکانی دیاردەی دیکتاتۆرییەت، بریتییە له‌گۆڕینی وەزیفەی چاودێریی. دیکتاتۆرییەت دەستکاریکردنێکی قووڵی ئەم وەزیفە سیاسییەیە‌و هەڵگێڕانەوەی وەزیفەی چاودێریکردنی کۆمەڵگایە بۆ سیاسەت‌و کردنێتی بە چاودێریکردنی سیاسەت بۆ کۆمەڵگا. واتە چیدی کۆمەڵگا له‌سیاسەت ناپرسێتەوە، بەڵکو تەنها سیاسەت له‌کۆمەڵگا دەپرسێتەوە. ئەمە گەورەترین دەستکاریکردنی وەزیفەی سیاسەتە له‌لایەن دیکتاتۆرەکانەوە، دوائامانجیشیان له‌م کارەدا بریتییە له‌گۆڕینی پەیوەندی نێوان هاونیشتیمانیان‌و دەسەڵات کە یاسا رێکیدەخات بۆ پەیوەندی نێوان سەرباز‌و ژەنەڕاڵ کە تەنها فەرمان‌و گوێڕایەڵیی دیسیپلینی دەکات. دیکتاتۆرییەت بە داڕشتنەوەیەکی هەڕەمییانەی وەزیفەی فەرماندەرکردن‌و فەرمانوەرگرتن دەستپێدەکات. ئەم سیستەمە سەرەتای ونبوونی هەموو رەهەندێکی ئینسانیی پەیوەندی نێوان دەسەڵات‌و ئینسانە، ئاساییبوونی کردەی ئەشکەنجەدان‌و سووتاندن‌و کوشتنە، وەرگرتنی فەرمان‌و جێبەجێکردنە وەکو وەزیفەیەک دوور له‌هەموو بەرپرسیارێتییەک‌و دابڕاو له‌هەموو لێپرسینەوەیەکی ویژدانیی. بیرمان نەچێت فاشیزم‌و بەعسیزم له‌ونبوونی رەهەندی ئەخلاق‌و وێژدانەوە دەستپێدەکات له‌دووتوێی کردە کۆمەڵایەتیی‌و سزادانە سیاسییەکاندا؛ له‌بێدەنگبوونی رۆشنبیران‌و سیاسەتمەدارانەوە دەستپێدەکات بەرامبەر بە سیاسەتی کولتووری سووتاندن‌و توندوتیژیی رووت؛ له‌نەمانی هیچ کێشەیەکی ویژدانیەوە دەستپێدەکات بەرامبەر بە کردەی ئەشکەنجەدان‌و سوکایەتیکردن بە کەرامەتی ئینسان. کاتێک ئەشکەنجەدان دەبێت بە چێژ‌و سوکایەتیپێکردن دەبێت بە کردەیەک کە جەلاد بە بزەوە پیادەیبکات، ئەوسا دەبێت باس له‌سەرهەڵدانی قۆناغی بەتیرۆربوونی سیاسەت بکەین، دەبێت باس له‌لاچوونی دەمامکەکانی فاشیزم بکەین له‌سەر وێنەی سیاسەتمەداران‌و دەبێت باس له‌کۆتایی خودی پڕۆژەی سیاسەت بکەین.
له‌ڕاستیدا هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکان له‌کوشتنی شتی بچووکەوە دەستپێدەکەن، له‌داگیرکردنی بەکاوەخۆی رووبەرە بچووکەکانی ئازادییەکانمانەوە دەستپێدەکەن. ئەم پرۆسەیەش له‌پاشاندا دەبێت بە پرۆسەیەکی ترسناکتر کە له‌کوشتن‌و داگیرکردنی رووبەری ئازادیی کۆی کۆمەڵگا‌و جەستەی تاک‌و گروپەکاندا بەرجەستەدەبێت. دیکتاتۆرەکان له‌پاڵ کولتووری داگیرکردندا کولتووری سووتاندن بەرهەمدەهێنن. ئەم کردەی سووتاندنە، هەندێجار سووتاندنی کتێبەکانە، هەندێجاری تریش له‌سووتاندنی دەزگای راگەیاندنەکانەوە دەستپێدەکات‌و له‌هەموو حاڵەتەکانیشدا بە سووتاندنی ماڵ‌و خودی ئینسانەکان کۆتاییپێدێت. ئەمانە بەتەنها گێڕانەوەی حیکایەت‌و قسە نین، بەڵکو ئەزمونی ئینسانیانەی ئێمەن له‌گەڵ فاشیزمدا. زۆر سەیرە کە ئەزموونی سەرهەڵدانی فاشیزم له‌زۆرینەی وڵاتاندا بە کردەی سووتاندن دەستپێدەکات. هەروەها بڕێکی زۆری ئەزموونی کۆتاییهاتن بە دیکتاتۆرەکانیش هەر بە سووتاندن کۆتاییپێدێت. دیکتاتۆرەکان زۆر کەڕەت سووتاندن دەکەن بە خاڵی وەرچەرخان له‌سیاسەتی خۆیاندا. له‌ئەزموونی(نێرۆ)ی قەیسەری رۆمانییەوە کولتووری سوتاندن دەبێت بە سەرهەڵدانی قۆناغی تیرۆر له‌سیاسەتدا. دیکتاتۆرەکان له‌کاتی هێزدا حەزیان له‌سووتاندنە‌و له‌کاتی بێهێزیشدا رقیان لێیەتی.
سووتاندنی سەکۆی ئازادیی بەر دەرکی سەرا، سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێیە له‌سیاسەتی تیرۆر‌و رۆچوونی سیاسەتمەدارانی ئێمە بۆ ناو کولتووری سووتاندن له‌سیاسەتدا. ئەم قۆناغە قۆناغێکی نوێیە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی سووتاندنی سەکۆی ئازادی، سووتاندنی رەمزییانەی خواستی ئازادیی‌و ئیرادەی گۆڕانە، بەڵکو له‌بەرئەوەی له‌دوای ئەم سووتاندنەوە، کولتووری تیرۆری سیاسیی‌و تیرۆرکردنی ماف‌و بەها رەمزییەکانی ئینسانی ئێمە دەستپێدەکات‌و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسانەکان پێدەنێتە قۆناغێکی ترسناکەوە. ئەم قۆناغەش قۆناغی مردنی سیاسەت‌و جێگرتنەوەیەتی له‌لایەن توندوتیژیی رووتەوە. بۆیە رەهەندێکی گرنگی تری سەرهەڵدانی دیکتاتۆری بریتییە له‌مردنی سیاسەت. مەبەست له‌مردنی سیاسەت بریتییە له‌گۆڕینی وەزیفەی سیاسەت له‌کردەیەکی مەدەنییەوە بۆ کردەیەکی سەربازییانەی رووت. ئەمەی ئێستاش ئێمە له‌کوردستاندا دەیبینین، هەمان پرۆسەی گۆڕینی سیاسەتە له‌پڕۆژەیەکی مەدەنییەوە بۆ پرۆژەیەکی سەربازیی. ئەم کردەیە له‌جەوهەردا چ بۆ ئەو حیزبەی بەم کردەیەی هەڵدەستێت‌و چ بۆ ئەو دەسەڵاتدارێتییەی کە بینایکردووە، خۆکوژییەکی سیاسیی گەورەیە. دیکتاتۆرییەت هەمیشە بە خۆکوژیی حیزبێک له‌دامەزراوەیەکی سیاسییەوە بۆ مەعەسکەرێکی سیاسیی دەستپێدەکات.
کەوتنی سیستەمی فاشیزم، سیاسەتی فێری چەندین پرنسیپی گرنگ کرد‌و وای له‌و کۆمەڵگایانەش کرد دەستوورگەلێک بۆ دەوڵەتەکانیان دابنێن کە رێگریی له‌دووبارە سەرهەڵدانەوەی فاشیزم بکات. کەوتنی فاشیزم فێریکردین کە سیاسەت مانای بێڕێزی نییە بەرامبەر بە ئینسانەکان‌و بڕیاری یەک کەس‌و یەک حیزب نییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەک. بۆ نموونە له‌دەستووری فیدراڵیی ئەڵمانیادا کەرامەتی ئینسان پارێزراوە، چونکه‌ ئەزموونی سیستەمی نازیزم، وەکو ترسناکترین سیستەمی تۆتالیتاری، ئەزموونی بێڕێزییەکی بێهاوتا بوو بەرامبەر بە ئینسانەکان. ئەم بێڕێزییە بەتەنها له‌بەر رای جیاواز‌و ئینتیمای سیاسیی جیاواز نەبوو، بەڵکو درێژیشدەبێتەوە بۆ ناو هەموو جومگەکانی تری ژیان. لێرەوە چەمکی رێز یەکێکە له‌گرنگترین پرنسیپەکانی دیموکراسییەت. چەندە دیکتاتۆرییەت بێڕێزیکردنی بەردەوامی سیاسەتە بەرامبەر بە ئینسانەکان، ئاوهاش دیموکراسیەت پاراستن‌و چاودێریکردنی دەسەڵاتە بۆئەوەی بێڕێزیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان نەکات.
ئێمە دەزانین سیستەمی بەعسیزم سیستەمی بێڕێزییەکی گەورە بوو بەرامبەر بە ئینسانەکان‌و سەندنەوەی هەموو مافێک بوو له‌تاکەکان. بەعسیزم ئەوکاتە توانی دەست بە ئەنفال بکات کە "چەمکی ماف"ی له‌ئینسانی کورد داماڵیی. سیستەمی سیاسی له‌کوردستان دوای کەوتنی بەعسیزم، نەیتوانی هیچ پرنسیپێکی سیاسیی دابنێت تاوەکو ئەم کولتوورەی بەعسیزم تێپەڕێنێت‌و رێگریی له‌دووبارەبوونەوەی بکات. ئەم سیستەمە کوردییە بەهیچ جۆرێک مەبەستی نەبووە ئیش له‌سەر ئەم چەمکی رێزە بکات، نەک له‌بەرئەوەی ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتیان گرتەدەست ئەم راستییەیان له‌بەرچاو نەبووبێت یان سیاسییەکانی کورد خۆیان بێڕێزییان بەرامبەر نەکرابێت، بەڵکو له‌بەرئەوەی له‌جەوهەردا تێگەشتن‌و مامەڵەکردنی سیاسییەکانی ئێمە بۆ چەمکی یاسا درێژکراوەی ئەو کولتوورەیە کە بەعس بۆی بەجێهێشتن. بە مانایەکی تر یاسا له‌جەوهەردا تەنها بۆ شەرعییەتدانە بە کولتووری بێدەنگکردن، ئەشکەنجەدان‌و کوشتن.
دوای سووتاندنی سەرای ئازادی، پرۆژەی سیاسەت له‌کوردستاندا کەوت‌و سەرەتایەکی زۆر ترسناک سەریهەڵدا کە پڕۆژەی تیرۆری سیاسیی‌و داگیرکردنی سەربازییانەی کۆی کۆمەڵگای ئێمەیە. بۆیە ئێمە دەبێت کولتووری بەرگرییکردن گەورەبکەین‌و خەبات بکەین بۆ چەسپاندنی رێز له‌ژیان‌و گێڕانەوەی رێزیش بۆ سیاسەت. ئەمە گرنگە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی سیاسەت بێڕێزیکردن نییە بەرامبەر بە ئینسان، بەڵکو له‌بەرئەوەی هەر ئەم سیاسەتی بێڕێزیکردنەیە بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسان کە سەرەنجام زۆرینەی دیکتاتۆرەکان دەباتە بەردەم دادگاکان‌و له‌کۆتاییشدا بە سزای راستەقینەی یاسایی خۆیان دەگەن. ئەو شتانەی کە دەبێت بەرگرییان لێبکەین زۆرن، بەڵام گرنگترینیان بریتییە له‌گێڕانەی رێز بۆ سیاسەت‌و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
پێش چەند رۆژێک حوسنی موبارەک بە بێڕێزیی سیستەماتیکیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان تاوانبارکرا. له‌کوردستانی ئەمڕۆشدا تیرۆر له‌بری سیاسەت کاردەکات، ئەو خاڵانەی کە دەشێت تاوانباران‌و بەرپرسانی کوردی له‌سەر بدرێن بەدادگا، هەمان ئەو خاڵانەن کە دیکتاتۆرەکانی تری له‌سەر دەدرێن بە دادگا. دەشێت کوردستان له‌میسر نەچێت، بەڵام تاوان‌و چارەنووسی دیکتاتۆرەکان له‌یەکدەچن.

Tuesday 19 April 2011

ئازادی بۆ رێبین ھەردی

وەک لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەزانین ئەم بەیانییە، ڕێکەوتی ١٩ی ئەپریلی ٢٠١١، ڕێبین ھەردی نووسەر، کە یەکێکە لە ڕۆشنبیرە گەورە و بەھەڵوێستەکانی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی، لەلایەن ھێزێکی چەکداری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە لە شاری سلێمانی ڕفێنرا. بێسەروشوێنکردنی ئەم نووسەرە، بەبێ ھیچ پاساو و داوایەکی یاسایی، سەلماندنی ئەو دڕندەیی و وێنە ناشیرینەیە کە لەمڕۆدا دەسەڵاتدارێتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا بە ڕای گشتی جیھانی نیشاندەدات.
سەرنگونکردنی ڕێبین ھەردی ناچارمان دەکات ھەموو دەزگا نێودەوڵەتی و ناوەندکانی مافی مرۆڤ و نووسەران و ھونەرمەندان لە جیھاندا بەرامبەر بەم بەربەرییەتەی دەسەڵاتدارانی کوردستان، ئاگاداربکەینەوە. ئێمە سەلامەتی ژیان و تەندروستی جەستەیی و دەروونیی ڕێبین ھەردی ھاوڕێمان، ڕاستەوخۆ دەخەینە سەر شانی جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆک کۆماری عێراق و پیاوی یەکەمی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم و بەرھەم ساڵح وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێم. لەم ڕێگایەشەوە داوای ئازادکردنی بێ قەید و شەرتی ڕێبین ھەردی دەکەین.

ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع
بەختیار عەلی

زیندانەکانتان پڕکەن لە ئاشتی

پاش سووتاندنی سەکۆی ئازادی لە سەرا و دوای داگیرکردنی سەربازییانەی شاری سلێمانی و شارۆچکەکانی دەوروبەری و پاش ڕەشبگیرکردن و بریندارکردنی دەیان کەسی تری مەدەنی و لەکۆتاییشدا دوای گرتنی ڕێبین ھەردی ھاوڕێمان و دەیان خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی تر، دەبێت بڵێین: ھەر کاتێک ناھەقیی جێگای ھەقی گرتەوە، ئەوکاتە بەرگریکردن لە ئازادی دەبێت بە وەزیفەی ئینسانیی ھەموومان، ھەر کاتێکیش توندوتیژیی جێگای بە ئاشتی چۆڵکرد، بەرگریکردن لە ژیان دەبێت بە ئەرکی ئەخلاقیی ھەموومان. کاکە ڕێبین و ھاوڕێکانی، کە ڕۆژانێک بە شانازییەوە لە سەرای ئازادی ھاوخەباتیان بووم، زمانی ئاشتییان فێری دەسەڵات دەکرد، زمانی دیالۆگیان فێری سیاسەت دەکرد و بەرگرییان لە پلورالیزمی سیاسیی کۆمەڵگاکەی ئێمە دەکرد. ئەمڕۆ ئەم دەنگانە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، خنکێنران، ئەوەشی خنکاندنی ئەو سیاسییە گەمژانە بوون کە یەکەمجار ئەو دەنگانەیان فەرامۆش کرد، پاشان بوختانیان بۆکردن، دواجاریش تەخوینیان کردن. دوێنێ و ئەمڕۆش لەوە زیاتر خۆیان بۆ نەگیراو جڵەویان لەدەستدا و کەوتنە سوتاندن و ڕاونانیان و ئەشکەنجەدان و گرتنیان

سەرەڕای ھەموو ئەم دڕندەییانە، ئێمە دەبێت وەکو ئەوان نەبین. ئێمە نابێت لەوان بچین. نەک تەنھا لەبەرئەوەی پەیامی رێبین و ھاوڕێکانی، پەیامی ئاشتی و ئازادییە بۆ کۆمەڵگاکەمان، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان لە ئاشتی دەترسن، بە ئازادی ھەراسان دەبن، بۆیە دەیانەوێت بەزۆر کولتوورەکەی خۆیان بکەن بە ھی ئێمە و ھەموو کۆمەڵگا. بەڵێ، ئەوان ئاشتییەکیان دەوێت کە بازرگانیی نەوتفرۆشییان لێتێکنەدات و پاسەوان و چەکدارەکانیان لێنەسەنێتەوە و ئاھەنگەکانیان نەشێوێنێت و ژمارەی گۆرانیبێژ و ڕۆشنبیرە درۆزن و ترسنۆکەکانیان بۆ زیادبکات. ئەوان ئاشتییەکیان بۆ کۆمەڵگای ئێمە دەوێت کە ھاوتابێت بە ئاشتی گوڕستان، ھاونیشتیمانییەکیان دەوێت کە ھەموو ئیرادەیەکی گۆڕانی تێدا بکوژن و بیکەن بە کۆیلە، ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرێکیشیان دەوێت گەر پاساوی کوشتارەکانیان بۆ نەکات، ئەوا ھیچ نەبێت بەرامبەر بە دڕەندایەتی و ناھەقییەکانیان بێدەنگبێت

ئێمە ئامادەنەبووین قسەیان لەگەڵدا بکەین، نەک لەبەرئەوەی بڕوامان بە دیالۆگ نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان گەر جاران درۆزان بووبن، ئەوا لە ئێستادا درۆزنن. ئەوان کاڵفامترین و گەمژەترین سیاسەتمەدارن کە دونیای سیاسەت بەرھەمیھێنابن. ئێمە ئامادەنەبووین بچین بۆ لایان، نەک لەبەرئەوەی ئەوان میواندۆست نیین، بەڵکو لەبەرئەوەی بەڕای ئێمە ئەوان میوانن و میللەتیش خاوەن ماڵ. ئێمە نەمانویست کەمینەیەک ببینین کە چاوی بە زۆرینە ھەڵنایەت. ئێمە بە نووسین و پەیامەکانمان پێمان گوتن لەوە زیاتر خۆتان ناشیرین مەکەن، لەوە زیاتر کۆمەڵگاکەمان تووشی پشێوی مەکەن، لەوەش زیاتر بۆگەن مەبن، بەڵام ئەوان تەنھا چەند ڕۆژێک گوێیانگرت و چەند ھەفتەیەکیش خۆیانگرت. لەمڕۆشەوە پێتان دەڵێم: ئێمە چیدی ئێوەمان ناوێت، نەک لەبەرئەوەی قینمان لێتانە و بۆھەمیشە لەبەرچاومان کەوتوون، بەڵکو لەبەرئەوەی ئێوە شایستەی ئەوە نین ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرن. ئێوە شایستەی ئەوە نین سەرکردایەتی ئەم نەوە پڕخەون و زیندوە بکەن و لەدوای ئەم دڕندەییەشتانەوە چیدی شایستەی دەسەڵات نین. لەڕاستیدا دەسەڵات شتێکی نێگەتیڤ نییە بەڵکو پۆزەتیڤە. بۆیە من بڕوام بەوەیە کە ئەم نوخبەیەی ئەمڕۆ لە کوردستانە خاوەن دەسەڵات نین، بەڵکو چەند گەمژەیەکی خاوەن چەکدار و بەرژەوەندی ئابوورین. ئەمانە خودی چەمکی دەسەڵات ناشیریندەکەن، چونکی دەسەڵات زەبروزەنگ و توندوتیژیی نییە، بەڵکو بیناکردن و بەرھەمھێنانە. ئەمانە دونیایەکیان دەوێت پڕ لە فەوزا و توندوتیژیی و سیستەمێکیان دەوێت کە تەنھا خۆیان سەری لێدەربکەن و تەنھا خۆیان بتوانن بەڕێوەیبەرن، سیستەمێک کە جگە لە خۆیان یەک ھاونیشتیمانی تری بۆ ناپارێزرێت

لە دوێنێوە ئێوە دەستمان لێناپارێزن! ئێمەش لەمڕۆوە دەستتان لێناپارێزین. ئێوە دەتوانن تەقەبکەن، بمانسووتێنن، ماڵی ھاوڵاتییان وێرانکەن و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی مەدەنی ڕەشبگیر و زیندانی بکەن، ئێمەش دەتوانین ڕادەستی مێژووتان بکەین، چونکی دیکتاتۆرەکان ماڵئاوایی لەکەس ناکەن. دیکتاتۆرەکانیش ئەدرەسی ھەمیشەییان نادیارە، وەکو ئەو زیندانییانەی کە دەیانڕفێنن، وەکو ئەو زیندانە نھێنییانەی دروستی دەکەن. دیکتاتۆرەکان فریای ماڵئاوایی ناکەون، دیکتاتۆرەکان یان ھەڵدێن، یان دەکوژرێن. بەڵێ، تاوەکو دوێنێ شتێک ھەبوو، ھیوایەکی بچووک مابوو بۆئەوەی کۆمەڵگا قسەتان لەگەڵدا بکات، ئەمڕۆ ئەو پەتەشتان پچڕاند. تاوەکو دوێنێ ھەندێ دەنگ لەناو حیزبەکانتاندا بوو کە ھەستی بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مێژوو دەکرد و ڕێگەی موغامەرەی سەربازیی پێدەگرتن، ئەمڕۆ ئەوانیش بڕوای خۆیان لەدەستدا. تاوەکو دوێنێ دۆخی سیاسیی لە وڵاتی ئێمەدا نە جەنگ بوو و نە ئاشتی، ئەمڕۆش جەنگی ئێوە دژ بە کۆمەڵگا دەستی پێکرد، جەنگێکی دزێو و ناتەبا. ئێوە دەتانەوێت کۆمەڵگای ئێمە بکەن بە زیندانێکی گەورە و نیشتیمانمان بکەن بە گۆڕەپانێک بۆ جەنگەکانی داھاتووتان. ئێوە بەرپرسی یەکەم و کۆتایین لە ھەموو دەرئەنجامە چاوەروانکرا و چاوەرواننەکراوەکانی ئەم جەنگەی کە بەسەر کۆمەڵگاکەی ئێمەدا سەپاندووتانە. مێژوو ماڵئاوایی لە زۆر کەسی لە ئێوە دڕندەتر کردوە. ئەو تێڕوانینە عەسکەرتارییەی ئێوە کە بۆ چارەسەریی ململانێکان ھەتانە، ئاکامەکانی تەنھا خۆتان لێی بەرپرسیارن، چونکی بە سووتاندنی سەرای ئازادی خواستی ھاونیشتیمانیانتان بۆ ئازادیی زیاتر گڕدا. ھەموو ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ پاسیڤانە بەشداربوون لەم ناڕەزاییەدا لە سبەینێوە دەبن بە کەسانی چالاک و دەیان سەرای ترتان بۆ دروستدەکەن و دەیان ڕێبین و دەیان دلێر و دەیان چنوری ترتان بۆ بەرھەمدێت. ئەم جەنگەی ئێوە جەنگێکی دۆڕاوە. گەرچی ئەم شەڕەی ئێوە وەکو گەمەی مناڵان دێتە پێشچاو، ئاساییشەکانتان بە دارلاستیکەوە ئاساییشی وڵات دەپارێزن و ڕۆژنامەنووسەکانتان بە بەردھاویشتن ڕوماڵی ڕووداوەکان دەکەن، بەڵام لەدوێنێوە ئەم جەنگەتان کرد بە ڕاستیی و لەدوای خۆشتان ڕاستییەکان بۆ مێژوو بەجێدەھێڵن. ئەوەی ئێمە لەم شەڕەدا تێیناگەن، ئەوەیە کە چۆن ئەم نوخبە بچووکە توندوتیژخواز و بەدفیزەی ئەم دوو حیزبە ھەموو ھێز و جەبەرووتی سەربازیی خۆی خستۆتە ناو شارێکەوە کە نە پێش ئەوان و نە دوای ئەوانیش کەس نەیتوانیوە و ناتوانێت بێدەنگی بکات

پاش ئەو ھەموو پەیامانەی کە لە رابردوودا ئاراستەمان کردن بۆئەوەی نەبن بە کەسانێک دوای مردنتان کەس پرسەتان بۆ دانەنێت، حەزدەکەم دوا پەیاممتان بۆ بنێرم، بەڵام ئەم پەیامەم ڕووی لە ئێوە نییە، بەڵکو ڕووی لە ھاوڕێ و دۆستەکانمە، کە لەگەڵیاندا بەرگریی لە ئازادی و ئاشتی ڕاستەقینە دەکەین: ئازیزانم ئەم دۆخەی کوردستان ھیچ نەسەلمێنێت، ڕاستێتی ئەو بۆچوونەی گاندی دەسەلمێنێت لەسەر دەسەڵاتدارانی توندوتیژ و دژ بە کەسانی مەدەنی، کاتێک دەڵێت: "سەرەتا فەرامۆشت دەکەن، دوایی گاڵتەجاڕیت پێدەکەن، پاشان دژایەتیت دەکەن، لە کۆتاییشدا تۆ دەیبەیتەوە

Saturday 16 April 2011

جەماوەر‌و شۆڕش

ئاراس فەتاح


ئەزموونی دەسەڵات بەتەنها ئەزموون نییە له‌گەڵ هێزدا، بەڵکو ئەزموونیشە له‌گەڵ بێهێزیی. له‌ڕاستیدا دەکرێت دەسەڵات ئەزموونی دوو حاڵەتی مەترسیدار بکات. یەکەمیان بێهێزیی سەربازییە‌و دووەمیشیان بێهێزیی شەرعییەتی سیاسییە. ترسناکترین دۆخ بۆ هەموو دەسەڵاتێک بریتییە له‌بێهێزیی‌و نەمانی شەرعییەتە سیاسییەکەی لای زۆرینەی خەڵک. پرسی شەرعییەت لای هەموو دەسەڵاتێک له‌و کاتەوە دەستپێدەکات کە له‌پرۆسەی ململانێی له‌گەڵ "خەڵک"دا شتێکی تر دروستدەبێت کە رەهەندێکی سیاسی وەردەگرێت، ئەویش "جەماوەر"ە. جەماوەر خەڵکێکی توڕەی ناو رووبەری گشتین‌و کۆمەڵێکی بێئومێد‌و بێئامانن له‌ڕووی سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەوە. جەماوەر پێکهاتێکی نوێی کۆمەڵایەتی‌و سیاسییە کە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە‌و دەیەوێت پێیبگات. کەرەسەی گەیشتن بەم ئامانجەش دەشێت بە رێگای ئاشتییانە بێت یانیش له‌ڕێگای شۆڕشەوە بێت. له‌ئێستای کوردستاندا ئامانجەکان ئەو رێگایەن کە خەڵک پیایدا دەڕۆن، ئەم ئامانجانەش کاتێک بوون بە خواستێکی جەماوەریی، مانا‌و رەهەندێکی سیاسیی وەردەگرن.

هەموو دەسەڵاتێک ئەزموونی جەماوەر دەکات، چ دەسەڵاتی دیکتاتۆری بێت یان دیموکراسی. هەموو ئەزموونێکی دەسەڵاتی دیکتاتۆری له‌گەڵ جەماوەری دژ بە دەسەڵاتدا ئەزموونێکی توندوتیژانەیە. ئەزموونی دەسەڵاتێکە کە جگە له‌خۆی کەسی تر بە نوێنەری جەماوەر نازانێت. له‌ڕاستیدا جەماوەر بۆ ئەو جگە له‌وەی کە خۆی وێنایدەکات، شتێکی تر نییە. ئەو دەتوانێت جەماوەر دروستبکات، چەپڵەی پێلێبدات‌و بیگرێنێت‌و وایلێبکات هەڵپەڕێ‌و پێبکەنێ‌و کەی ویستیشی بینێرێت بۆ جەنگ‌و کەی ترسیشی لێبوو هاوسۆزی له‌گەڵدا نیشانبدات. له‌جەوهەردا جەماوەر پێکهاتێکی بێدەسەڵات نییە بەدەست دەسەڵاتەوە، بەڵکو دەشتوانێت ببێت بە خاوەنی هێز‌و خودی دەسەڵات بێهێز بکات یان له‌هێزی بخات. بۆنموونە له‌کاتی شۆڕشدا، جەماوەر بەهێزترین وێنەی خۆی نماییشدەکات. "جەماوەر"یش وەکو تەنێکی سیاسی‌و وەکو هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تر دەبێت لێیتێبگەین.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین جەماوەر پێکهاتێکی ناستروکتورییە. بەمانایەکی تر پێکهاتێکی ناشێلگیرە، واتە تەنێکە نە فۆڕمێکی چەسپاو‌و نە ناوکێکی بەردەوام‌و دیاریکراوی هەیە. ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە له‌ڕووە فینۆمینۆلۆژییەکەیەوە وەکو شله‌مەنییەکی گەرم وایە، کە دروستدەبێت، نە بە ئاسانی سارد دەکرێتەوە‌و نە بە ئاسانیش کریستاڵیزە دەبێت. جەماوەر کەرەسەیەکی نابلورییە(Amorph)‌و بەئاسانی له‌قاڵبنادرێت‌و بە ئاسانیش رێچکەکەی دیاریناکرێت. هەر کاتێکیش جەماوەر رێچکەیەکی گرت، دەتوانێت هەموو ئەو شتانەی له‌بەردەمیدایە بەلێشاو له‌گەڵ خۆیدا بیبات‌و له‌کۆتاییدا له‌شوێنێکدا کۆبێتەوە‌و وەکو بورکان قوڵپ بدات. هەردوو ماڵی پارتی‌و یەکێتی له‌ناو ئەزموونی دەسەڵاتدارێتییەکەیاندا، شله‌مەنییەکی گەرمیان دروستکرد کە چیدی نە بۆیان له‌قاڵبدەدرێت‌و نەدەشتوانن ساردیبکەنەوە. ئەم جەماوەرە شله‌یەکی گەرمە، نە بە ئاگر کۆنترۆڵ دەکرێت‌و نە بە تەقە سارددەکرێتەوە. ئەم جەماوەرە بۆیە پێکهاتێکی نابلورییە، چونکی گەر گڕی تێبەردەیت کڵپەی زیاتر دەگرێت‌و گەر ئاویشی پێداکەیت دەبێت بە هەڵم. جەماوەر کۆنترۆڵ ناکرێت، نەک له‌بەرئەوەی ئامادەنییە گوێبگرێت، بەڵکو له‌بەرئەوەی ماندووبووە له‌گوێگرتن، ماندووبووە له‌قسەکردن‌و له‌گوێنەبیستی.

ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەی کوردستانیش ماوەی هەشت هەفتەیە، رۆژ له‌دوای رۆژ فۆرمی جەماوەرییبوون له‌خۆیدەگرێت. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە، رادیکاڵە، هەموو ئەگەرەکانی شۆڕشی تێدایە، بەڵام هێشتا نەبووە بە شۆڕش. داواکارییەکانی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە، داواکاریی شۆڕشگێڕانەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دەیەوێت بە فۆڕمێکی ناتوندوتیژانە پێیبگات. له‌ڕاستیدا ئەم بزوتنەوەیە له‌م چرکەساتەدا له‌نێوان بەشۆڕشنەبوون‌و نەڕوخانی دەسەڵاتدا قەتیس ماوە. ئەم بزوتنەوەیە له‌نێوان ململانێی ئاشتییانە‌و داواکاری شۆڕشگێڕانەدا چەقیبەستووە‌و له‌نێوان دژایەتیی دەسەڵاتێکی توندوتیژ‌و لایەنگریی ئۆپۆزیسیۆنێکی ریفۆرمخوازدا هامووشۆدەکات.

ئەم بزوتنەوە نوێیە تا ئەو چرکەساتەی کە بە بزوتنەوەیەکی لۆکاڵیی دەمێنێتەوە، بزوتنەوەیەکی ریفۆرمخوازە. بەم فۆرمە ریفۆرمخوازە رادیکاڵەش دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی له‌ناوچەی سلێمانیدا قەتیسبمێنێت، چونکی هێزی گۆڕانکاریی رادیکالانەی له‌ئاستی کوردستاندا پێنییە‌و ناتوانێت ببێت بە شۆڕشێکی سەرتاسەریی، بەڵام کە ئەم بزوتنەوەیە کەوتە هەولێر‌و ناوچەکانی ترەوە، ئەوکات کاراکتەری شۆڕش وەردەگرێت‌و چیدی له‌ئاستی ریفۆرمدا نامێنێتەوە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی کە هێزی جەماوەریی چەندین جار گەورەتر دەبێت‌و هێزی دەسەڵاتیش چەند قات بچووکتر، بەڵکو له‌بەرئەوەی دەسەڵات خۆی توندوتیژانەتر دەبێت‌و ئاراستەی ئەم بزوتنەوەیە بەو ئاقارەدا دەبات. ئەم بزوتنەوەیە هێشتا شۆڕش نییە، چونکی شۆڕش گۆڕانی لۆکاڵیی نییە له‌ڕووبەری ژیانی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگیماندا، بەڵکو گۆڕانێکە دەچێتە زەمەنی هەموو تاکێک‌و رۆدەچێتە هەموو جێگایەکەوە. شۆڕش دروستکردنی "شوێنکات"ێکی نوێیە بۆ مرۆڤەکان. بەمانایەکی تر گەر باس له‌شۆڕش بکەین، دەبێت باس له‌هەڵگێڕانەوەی کۆی پەیوەندییەکانی زەمەن‌و شوێن‌و پەیوەندییەکانی ناو خودی دەسەڵات بکەین له‌کوردستاندا. ئەم دەسەڵاتدارێتییەش فاشیله‌، بەڵام جورئەتی داننانی بەو فەشاله‌تە پێنییە، فەشاله‌ت بەمانای کۆکردنەوەی جانتاکانیان‌و ماڵئاواییکردنیان له‌و ماڵانەی کە بەناوی گەله‌وە قسەی لێوە دەکەن. بۆیە من وایدەبینم کە ئەم بزوتنەوەیە له‌ئێستادا لۆکاڵییە، بەڵام ئامانجی لۆکاڵییانەی نییە. ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت ببێت بە بزوتنەوەیەکی جەماوەری له‌ئاستی هەموو کوردستاندا، بەڵام هێزی ئەوەی پێنییە. بۆیە گرنگترین کردەی رادیکاڵانە کە تاوەکو ئەم چرکەساتە له‌وڵاتی ئێمەدا پیادەکراوە، بریتییە له‌و فشارە مەدەنییانەیەی کە دەخرێتە سەر دەسەڵات، فشارێک تا ئەو کاتەی ئەم دەسەڵاتە هێزی تەقەکردنی نامێنێت ئامادەبکرێت بۆ ماڵئاواییکردن. چەندە ئەمە شایستەی پیادەکردنە، روون نییە، بەڵام ئەوەش دەزانین کە له‌مێژوودا هیچ نەشیاوێک نییە. وەک پێشتر وتوومە جەوهەری ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانگەرایە، بەڵام سوڵتان چیدەکات کاتێک بەرامبەر بە جەماوەر بە رووتی وەستابێت‌و هەموو هەقیقەتەکانی له‌بەرچاوی میلله‌تدا بێت. من له‌و بڕوایەدا نیم کە سوڵتانەکانی وڵاتی ئێمە بتوانن جارێکی تر خۆیان پەردەپۆشکەنەوە.
ئەوەی راستییە، هەقیقەتەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بەڕووتی له‌بەردەم جەماوەردا وەستاون‌و دەسەڵاتیش خۆی بە رووتیی نابینێت. شۆڕش دۆخێکە کە جەماوەر چیدی توانای بینینی ئەو هەموو هەقیقەتە ناشیرینانەی دەسەڵاتی نامێنێت، له‌کاتێکدا دەسەڵات هەمیشە باس له‌شەرعییەتی شۆڕشگێڕێتی‌و دەستووری‌و پەرله‌مانیی خۆی دەکات.

شۆڕشی توندوتیژ له‌جەوهەردا گەیشتنی سیاسەتە بە بنبەستیی‌و تێنەگشتنی دەسەڵاتە له‌کۆمەڵگا، نەک بە پێچەوانەوە. کاتێک لێکتێگەشتن نەبێت‌و کەناڵێک نەبێت بۆ گفتوگۆکردن له‌گەڵ هێزەکانی ناو کۆمەڵگا، گرژی‌و توندوتیژیی‌و نائارامیی دەبن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ سیاسەت. من وایدەبینم کە پاش تێپەڕبوونی ٥٠ رۆژ بەسەر ململانێی خۆپیشاندەران له‌گەڵ دەسەڵاتدا، هێدی هێدی هیچ زمانێک نامێنێتەوە بۆ گفتوگۆ؛ کاتێکیش زمان نەمێنێت پراکسیس جێگای دەگرێتەوە. ج. ف. کێنەدی سەبارەت بە ململانێ له‌گەڵ دەسەڵاتدا دەڵێت: "ئەوانەی رێگا له‌شۆڕشی ئاشتیخوازانە دەگرن، دەبنە مایەی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی توندوتیژ." ئەم رستەیەی کێنەدی دەشێت له‌هەموو کاتێک زیاتر تەعبیر له‌واقیعی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان بکات. پارتی‌و یەکێتی شۆڕشیان ناوێت دژ بە دەسەڵاتدارێتییەکەیان، بەڵام ئەوەی کە بەم سیاسەتەیان بەرهەمیدەهێنن گۆڕینی ئەم بزوتنەوە ریفۆرمخوازە رادیکاڵه‌یە بۆ شۆڕشێکی توندوتیژ.

Thursday 14 April 2011

ئاراس فه‌تاح خه‌ون به‌ده‌ستكاریكردنی‌ ژیانی‌ گه‌نجانه‌وه‌ ده‌بینێت

ئایا بێ‌ توندوتیژی‌ گۆڕانكاری‌ ده‌كرێت؟
ئا: سات

ره‌نگه‌ تا ساڵانێكی‌ دوور "ئاراس فه‌تاح" وێنه‌ی‌ ئه‌و چركه‌ساته‌ پڕ له‌ئازاره‌ی‌ له‌هزردا كاڵ‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ منداڵێكی‌ بلووس سووری‌ بریندار‌و له‌پێ‌ كه‌وتووی‌ به‌ته‌نیا به‌جێماو، له‌سه‌ر شۆسته‌كه‌ی‌ به‌رده‌م لقی‌ 4‌و له‌نێو ته‌ق‌و تۆقی‌ ئه‌و ئێواره‌ دڵته‌نگه‌ی‌ 17ی‌ شوباتدا پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌كات. هاواری‌ ئه‌م منداڵه‌، ئاراسی‌ له‌پایته‌خته‌ دڵڕفێنه‌كه‌ی‌ باڤاریاوه‌ هێنایه‌وه‌ بۆ سه‌رای‌ ئازادی‌.
"بینینی‌ ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌، ساته‌وه‌ختێكی‌ قورسی‌ ویژدانی‌ له‌لام دروستكرد، كه‌ ئه‌و وێنانه‌م بینی‌، راسته‌وخۆ به‌چۆمانی‌ هاوسه‌رم وت: من ده‌مه‌وێ‌ بڕۆمه‌وه‌و به‌شداری‌ ئه‌م خۆپشاندانه‌ بكه‌م".
به‌لای‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ ته‌مه‌ن 48 ساڵه‌وه‌، كه‌ له‌كه‌ركوك له‌دایكبووه‌و له‌سلێمانی‌ ژیاوه‌و خوێندنی‌ زانكۆشی‌ له‌هه‌ولێر بووه‌، "هه‌رچی‌ ئێش‌و ئازاری‌ شه‌خسی‌‌و نه‌ته‌وه‌یمانه‌ له‌و چركه‌ساته‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ منداڵێك هاوارده‌كاو ده‌ڵێت یارمه‌تیم بده‌ن، كه‌چی‌ كه‌سێك ناچێت به‌هانایه‌وه‌و رزگاری‌ بكات".
7ی‌ ئازار، ئاراس فه‌تاح له‌گه‌ڵ‌ به‌ختیار عه‌لی‌ هاوڕێی‌ له‌ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌ره‌و سلێمانی‌ دێنه‌وه‌‌و بۆ رۆژی‌ دواتریش راسته‌وخۆ به‌شداری‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ ده‌كه‌ن، "بیركردنه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ جۆرێك له‌ڕادیكالیه‌تی‌ تیایه‌، ئه‌م له‌حزه‌یه‌ له‌حزه‌یه‌كی‌ گرنگه‌ كه‌ دروستبووه‌، گه‌ڕانه‌وه‌مان ئیلتیزامێكی‌ ئه‌خلاقی‌ بوو به‌رامبه‌ر به‌نوسینه‌كانمان، یشتیوانییه‌كی‌ ئه‌خلاقیش بوو بۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌".
ئه‌م نووسه‌ره‌ هێمن‌و رووخۆشه‌ كه‌ هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساتی‌ بینینه‌وه‌ قژه‌ ره‌شه‌كه‌ی‌ سه‌رنجی‌ به‌رامبه‌ر راده‌كێشێت، پێداگری‌ له‌سه‌ر گرنگیی‌ ئاماده‌بوونی‌ گه‌نجان‌و بایه‌خدان به‌داخوازییه‌كانیان له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا ده‌كات، ئه‌و پێیوایه‌ "یه‌كه‌مجار ئه‌وه‌ی‌ ده‌ماندی‌ ته‌نها گه‌نج بوو، ئه‌گه‌رچی‌ دواتر به‌گه‌وره‌بوون‌و به‌هاتنی‌ گروپی‌ جیاواز جیاوازتری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بۆ ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، جه‌سته‌ی گه‌نجه‌كان بچوكتر نه‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام داخوازییه‌كانی‌ ئه‌وان له‌ناو كۆی‌ پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌دا ون كرا".
ئاراس كه‌ له‌ڕۆژانی‌ ئاماده‌بوونیدا له‌سه‌رای‌ ئازادی‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن گه‌نجانی‌ شاره‌وه‌ ده‌وره‌ ده‌درا به‌مه‌به‌ستی‌ گفتوگۆ‌و وێنه‌گرتن، جه‌غت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی‌ رۆشنبیرانه‌ ئیش له‌سه‌ر چه‌مكی‌ گه‌نجبوونی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بكه‌ن‌و رێگه‌نه‌ده‌ن هه‌موو هه‌وڵی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ته‌نها له‌گۆڕانكاریی‌ سیاسیدا چڕ بكرێته‌وه‌، "ده‌بێت جارێكیتر تووشی‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ نه‌بینه‌وه‌ كه‌ به‌چاككردنی‌ دونیای‌ سیاسه‌تمان، هه‌موو دونیای‌ ئێمه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام كه‌ ئێمه‌ باس له‌گۆڕان ده‌كه‌ین، داڵغه‌مان بۆ سیاسه‌ت ده‌چێت، ئه‌مه‌ راست نییه‌، چونكه‌ له‌سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا گه‌نجه‌كانمان ته‌نها مه‌به‌ستیان ده‌ستكاریكردنی‌ دنیای سیاسه‌ت نه‌بوو له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌دا، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان ده‌ستكاریكردنی‌ ژیان بوو به‌هه‌موو ئاڕاسته‌كانیه‌وه‌".
ئاراس فه‌تاح كه‌ پێشتر به‌شداریی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ 1982‌و 1984ی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ دژ به‌ڕژێمی‌ به‌عس ئه‌زمون كردووه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ هاتنه‌وه‌یه‌وه‌ بۆ كوردستان، كۆمه‌ڵێك پرسیار سه‌باره‌ت به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌هزرو مێشكیدا ده‌ورژێت: "ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ چه‌ند گرنگه‌؟ چه‌ند گرنگه‌ ئێمه‌ وه‌ك رۆشنبیران پشتیوانی لێبكه‌ین؟ چه‌ند گرنگه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ توندوتیژ نه‌بێ؟ چه‌ند گرنگه‌ كلتوری تازه‌ی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ له‌وڵاتی‌ ئێمه‌دا دروستبكات؟ ئه‌و پرسیاره‌ش كه‌ هه‌میشه‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌: دونیای‌ ئێمه‌ چۆن چاك بكرێت؟ دونیای‌ ئێمه‌ چۆن ده‌ستكاری بكرێت؟ بۆچی‌ خه‌ڵكی‌ ئێمه‌ خواستێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ رایدیكاڵی‌ هه‌یه‌ كه‌ دونیای‌ ئێمه‌ به‌شۆڕش بگۆڕێت؟ ئایا ده‌شێت بێ‌ توندوتیژی‌ گۆڕانكاری‌ بكرێت؟ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئاشتی‌ له‌دونیای‌ پیاوه‌تی‌‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی‌ ئێمه‌دا زۆر ترسنۆكانه‌ دێته‌ پێشچاو، له‌به‌رئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ مانا راسته‌قینه‌كه‌ی‌ ئاشتی‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ژیان. یه‌كێك له‌گرفته‌كانی‌ ئێمه‌ نه‌بوونی‌ ئاشتییه‌، ده‌بێت ئیش له‌سه‌ر دروستكردنی‌ ئاشتی‌ بكه‌ین، چونكه‌ وا هه‌ستده‌كه‌م ده‌سه‌ڵات خۆی‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ توندوتیژ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌زووترین كات تێكیبشكێنێ‌".
ئاراس وتیشی‌ "ئێمه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ماندا بۆ كوردستان هه‌ندێك پرسیارمان ورژاند كه‌ به‌بڕوای‌ من بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ ئاڕاسته‌ فكرییه‌كانی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ گرنگی‌ خۆی‌ هه‌بوو".
كارێكی‌ گرنگی‌ دیكه‌ به‌لای‌ ئه‌م نووسه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 1985ه‌وه‌ په‌نای‌ بردووه‌ته‌ به‌ر ئه‌ڵمانیاو بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ری‌ له‌زانسته‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له‌وێ‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، كاركردنه‌ له‌سه‌ر به‌دیموكراسی‌ كردنی‌ فكریی‌ رۆشنبیران، "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌مه‌ نه‌كه‌ین ئه‌بین به‌بت، زۆر گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ چه‌ند كارمان له‌سه‌ر شكاندنی‌ بتێتی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانمان كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ش كار له‌سه‌ر شكاندنی‌ بتێتی‌ رۆشنبیره‌كانمان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌كرێن به‌بت‌و ئایكۆن، گه‌ر وا نه‌كه‌ین، دیسان ده‌كه‌وینه‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌وا ئێمه‌ به‌بێ‌ باوك هیچمان بۆ ناكرێ. من له‌یه‌كه‌م وتارمدا له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێموتن ئێمه‌ نه‌هاتووین بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیتان بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌مه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی خۆڕسكه‌، هی‌ كه‌سانێك نییه‌ كه‌ بڕیاریان دابێت هه‌ڵیبگیرسێنن، به‌ڵكو وه‌ك هه‌موو بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ دیكه‌، ئه‌میش سه‌ركرده‌ی‌ خۆی‌ دروستده‌كات كه‌ پێشتر ئێمه‌ نه‌مانناسیوه‌".
به‌ر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌سلێمانییه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا، ئاراس ئه‌وه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ كوردستان‌و له‌و زنجیره‌ كۆڕه‌ی‌ له‌هه‌فته‌كانی‌ پێشوودا سازیان كرد، ئه‌وو هاوڕێكانی‌ وه‌ك گروپ كاریان كردبێت، ئه‌و ئاماژه‌ به‌و راستیه‌ ده‌كات كه‌ تا ئه‌وان نه‌هاتنه‌وه‌ یه‌ك كۆڕ له‌سلێمانی‌ بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان ساز نه‌كرابوو، "خه‌تای‌ ئێمه‌ چییه‌ كه‌ پێش ئێمه‌و دوای‌ ئێمه‌ش رۆشنبیران ئه‌مه‌یان نه‌كردووه‌ به‌نه‌ریت؟ ئێمه‌ به‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو ره‌هه‌نده‌وه‌ هاتووین، به‌رده‌وام وه‌كو گروپ ته‌ماشا ده‌كرێین، به‌ڵام هه‌موو خوێنه‌رێكی‌ جدی‌‌و هه‌موو رۆشنبیرێكی‌ عه‌قڵانی‌ ده‌توانێ جیاكارییه‌كانی‌ فكریی‌ ئێمه‌‌و ته‌نانه‌ت ململانێكانیشمان بخوێنێته‌وه‌".
ئاماده‌بوون‌و به‌شداربوونی‌ ئاراس فه‌تاح له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ سه‌رای‌ ئازادیدا، كه‌ ده‌نگێكی‌ ره‌خنه‌گرو زیندووی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌یه‌، ئومێدێكی‌ زیاتری‌ به‌و گه‌نجه‌ خۆپیشانده‌رانه‌ به‌خشی‌ كه‌ خه‌ون به‌ده‌ستكاریكردنی‌ ژیان‌و به‌چاككردنی‌ دونیای‌ ئێمه‌وه‌ ده‌بیننن.

لە سایتی ئاوێنەوە
۱٤/٤/۲٠۱۱

ووتاری ئاراس فەتاح بۆ سەرای ئازادی ۲٠۱۱/٤/۳


ڤیدیۆ : سان سارەڤان 

دەقی وتارەکەی ئاراس فەتاح لە سەرای ئازادی

3/4/2011

ئێمە لە بەعسەوە زۆر شت فێربووین، ئەو شتانەشی کە فێری بووین، نامانەوێت بیرمانبچێتەوە
ئێمە لە دەسەڵاتدارێتی کوردیشەوە زۆر شت فێربووین، ئەو شتانەشی کە فێری بووین، نامانەوێت بیرمانچێتەوە

بەعس فێریکردین کە سیاسەت دەتوانێت لە جیاتی ئەوەی ژیان دروستبکات، مردن بەرھەمبھێنێت. بەعس فێریکردین لەکوێدا سیاسەتی ترساندن و کوشتن ھەبێت، لەوێدا ژیان ووندەبێت

بەعس فێریکردین کە ژیان دەکرێت بێمانابکرێت، کاتێک لەسەر شەقام و زانکۆ و قوتابخانە و کتێبخانە و کارگەکاندا لەبری ڕێزی ژیان بدۆزینەوە، بریندارکردنی بەردەوامی کەڕامەتی ئینسانەکانمان دەبینی

بەعس فێریکردین کە یاساش دەکرێت بێمانابکرێت، لەبری یاسا سەروەر بێت، بێڕێزی سەروەر بێت.
ئێمە لە بەعسەوە دوو شتی سەرەکی فێربووین: یەکەم کردنی کوشتن بە سیاسەت، دووەمیش بێماناکردنی ژیان لەڕێگای بێماناکردنی یاسا

پاش تێپەڕبوونی بیست ساڵ بەسەر ئەم ئەزموونە دەسەڵاتدارێتییە کوردییشەوە، زۆر بەڕوونی دەبینین کە سیاسەتی کوردییش ڕۆژ بەڕۆژ لە ھاوڕێتیی ئەو سیاسەتەی بەعس نزیکدەبێتەوە و دەبینین کە چۆن دۆستایەتییەک لە نێوان سیاسەت لە دوێنێ و سیاسەت لەمڕۆدا دروستبووە

بەڵێ، ئەم نەوە نوێیەش لە دەسەڵاتدارێتی کوردییەوە زۆر شت فێربوو، ئەو شتانەشی کە فێری بوو، بەعسمان بیردەھێنێتەوە

بەڕێزان، ئێمە خەونمان بە وڵاتێکەوە دەبینی کە تیایدا چیدی کوشتن نەبێت بە کولتووری سیاسەتکردن، گرتنی بێیاسایی نەبێت بە پیشەی حیزب و دەمامکبەسەرەکان، ژیان نەبێت بە جێگایەک بۆ تاقیکردنەوەی ناشرینییەکانی حکومەت و حیزبیش نەبێت بە موختەبەری وەلائەت و کۆیلایەتی بۆ سەرۆکەکان

ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمەدا چالاکوانانی مەدەنی، بە عیلمانی و دینییەوە دەستگیردەکرێن بێئەوەی بزانرێت بۆچی؟ ڕۆژنامەنووسانمان ڕۆژانە ھەڕەشەیانلێدەکرێت و بێسەروشوێندەکرێن، بێئەوەی بزانرێت تاوانیان چییە؟ یاسا لەم وڵاتەی ئێمەدا وەکو بینەرێکی کوێر لە پەنجەرەی دادگاکانەوە تەماشای ڕووداوەکانی سەر شەقامەکانی وڵات دەکات. تەماشای بریندارکردنی ڕۆژانەی مافەکانمان و ئازادییەکانمان و کەرامەتمان دەکات.
سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە جەنگێک دژ بە ژیان نەک بە شەڕکردن بۆ ژیان. ئەمڕۆ سیاسەتی حیزبی بووە بە سیناریۆیەکی ناشیرین بۆ شێواندنی وێنەی ئەوانەی کە دەیانەوێت سیاسەت بۆ مانا ڕاستەقینەکانی بگەڕێننەوە، ئەوانەی دەیانەوێت سیاسەت لە بەرھەمھێنانی کوشتنەوە بکەن بە بەرھەمھێنەری ژیان. ئێمە لە کوردستاندا سیاسەتێک دەبینین کە ناتوانێت تەماشای ئێمە بکات وەکو ھاونیشتیمانیانێک کە دەیانەوێت ژیان بەرھەمبھێنن، چونکی ئەوان جگە لە کوشتن و گرتن و بێڕێزیکردن و بێماناکردنی ژیان ھیچی تر نازانن

ئەوەی سیاسەتمەدارانی ئێمە خەریکە دروستی بکەن، بریتییە لە دروستکردنی ڕقێکی قووڵ لە خودی سیاسەت. ئەمەش بۆ داھاتووی کۆمەڵگاکەمان زۆر ترسناکە، بۆ تێگەشتنی نەوەی نوێ و مناڵەکانمان زۆر کارەساتئامێزە، چونکی ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو بێماناکردنی سیاسەتە، ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو توندوتیژییە، ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو گەمەیەکی ناشیرینە بە ژیان و مافەکانمان.

دەسەڵاتی کوردی بەرپرسیاری یەکەمی ئەم کولتووری توندوتیژییەیە کە خەریکە ببێت بە تاکە کەرەسەیەک بۆ دیالۆگ و قسەکردن لە وڵاتی ئێمەدا. ئەوە گەنجەکان نین کە توندوتیژن بەڵکو سیاسەتە کە جگە لە توندوتیژی زمانێکی تری پێنییە لەگەڵ ئەو گەنجانەی وڵاتی ئێمەدا بدوێت. دەسەڵاتی کوردی بەرپرسیاری سەرەکییە لە خوڵقاندنی فەزای گرژیی و نائارامیی و نەبوونی ھیچ پلانێکی ڕوون بۆ چارەسەری ئەم دۆخە پشێوەی وڵاتی ئێمە. دەسەڵاتدارانی کوردی بەرپرسیاری یەکەم و ئاخیری ئەم ئابڵوقە حیزبیەن بەسەر زانکۆکان و ئەو گەمارۆدانە سەربازییانەن کە بەسەر شارەکانی کوردستانەوە دروستیانکردووە. دەسەڵاتداران بەرپرسیاری ئەو بنبەستییە سیاسییەن کە نیشتیمانی ئێمە چەقی تێدا بەستووە. ئەوان بەرپرسیاری سیاسی و ئەخلاقی ئەم دۆخەن کە دروستبووە

ئێمە ھەموو دەزانین، گەر ئەم مەنگییە سیاسییە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بۆگەن دەکات. ھەموو بۆگەنکردنێکیش مانای مردنی ھەموو ئەوانەیە کە تیای دەژین

ئێمە پێیاندەڵێین

گەر ئێوە دەتانەوێت ئێمەش لەم زەلکاوە مەلەبکەین، ئێمە نامانەوێت مەلەبکەین

گەر ئێوە دەتانەوێت ئاوی ئەم زەلکاوە بخۆینەوە، ئێمە نامانەوێت بیخۆینەوە

گەر ئێوە وامان پیشانبدەن کە جگە لەم گۆمەمەنگەی ئێوە شوێنێکی تر نییە بۆ ژیان، ئەوا ئێمەش پێتان دەڵێین ئەمە درۆیەکی گەورەیە

ئێمە دەمانەوێت وڵاتەکەمان ببێت بە دەریایەک جێگای ھەموومانی تێدابێتەوە، جێگای ھەموو جۆرە بیروبۆچون و جیاوازییەکی تیادابێتەوە، جێگای ھەموو دەنگوڕەنگێکی تیادابێتەوە

ئێوە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە جەنگاوەرترین کەس بۆ ژیان ئەوانەن کە نرخی ئاشتیی دەزانن، نەک شەڕ. شەڕی ئێمە بۆ ئاشتییەکی بەردەوامە لەم کۆمەڵگایەدا، ئاشتییەک کە ھیچ ھێزێکی سیاسی نەتوانێت بەتەنھا بۆمان ئیملابکات. ئێمە دەزانین کە ئێوە چەندە ئاشتی ترسناکتان دروستکرد، چەندە پەیمانتان داینێ کە جارێکی تر شەڕناکەنەوە. بەڵێ ئێوە چیدی شەڕ ناکەنەوە، لەگەڵ یەکتر شەڕ ناکەنەوە، چونکی ھیچ شتێک نەماوە شەڕی لەسەر بکەن، ھەموو شتێکتان لەنێوان خۆتاندا دابەشکرد، بەڵام ئەمڕۆ شەڕێکی ناشیرین و ناھاوتاتان دژ بە گەنجانی ئەم کۆمەڵگایە بەرپاکردووە، جەنگێکی ئاشکرانەکراوتان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ھەڵگیرساندووە

ئێوە شەڕمان پێدەفرۆشن و ئێمەش لێتان ناکڕین، چونکی ھەر ھاونیشتیمانییەکی ھوشیار بە تەنگ دواڕۆژی ئەم وڵاتەوە بێت، بیر لە جەنگ ناکاتەوە. ئەوە ئێوەن جەنگتان دەوێت، چونکی نە ئینسانەکانی ئەم وڵاتەتان خۆشدەوێت و نە لەخەمی دواڕۆژیشیدان

بەڕێزان، ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی کوردستان، ھیچی دروستنەکردبێت، کولتوورێکی نوێی ململانێی سیاسی و مەدەنی لە وڵاتی ئێمەدا دروستکردووە کە جێگای ستاییشە، چونکی تاوەکو ئەمڕۆ ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت بەڕێگای ناتوندوتیژیی گۆڕانکاریی لە سیستەمی فەرمانڕەوایی لە کوردستاندا دروستبکات، ئەمەش مافی شەرعی ھەموو تاکێکی ئەم نیشتیمانەیە کە خوازیاری دروستکردنی جیھانێکە دوور لە چەک و دوور لە زەبروزەنگ و کوشتن و ترساندن

ئێمە لە سەرای ئازادی ئەو مرۆڤە ئازادانەین کە دەمانەوێت کۆتایی بێت بەم کولتوورەی سیاسەت کە بەعس دروستیکرد و ئێوەش درێژەتان پێدا، دەمانەوێت ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ ماڵی یەک بە یەکەی ھاونیشتیمانیانی ئەم وڵاتە و مانا ڕاستەقینەکانی سیاسەت بگەڕێنینەوە بۆ فەرمانڕەوایەتی، کە بە پلەی یەکەم بریتییە لە بوونی ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و پلورالیزمێکی سیاسی ڕاستەقینە لە وڵاتی ئێمەدا. نەک ئەو جەنگە شاراوە و ئاشکرایانەی ئێوە کە ساڵانێکە وەکو ئاشتی بە خەڵکی دەفرۆشنەوە و نەک ئەو پلورالیزمە دووقۆڵییەی ئێوە کە لە دوو کەس زیاتر جێگای کەسی تری تێدا نابێتەوە

ئێمە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانین. ئەم ئۆپۆزیسیۆنەش ماڵی ھەموومانە، زمانحاڵی ھەموومانە و تەعبیرکەری ڕاستەقینەی خواستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی ھەموومانە. ھی گەنجان و ھی ژنان و مناڵ و پیر و کەمئەدامان. ھی ڕۆشنبیرانی عەلمانی و مامۆستایانی ئایینییە و ھی کۆمۆنیست و کوردپەروەرەکانە، ھی پێشمەرگەدێرینەکانتانە، ھی ھەموو ئەوانەیە کە لە سیاسەتی ئێوە ناڕازین

ئێمە لەم سەرای ئازادییەدا خۆمان بە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان دەزانین، چونکی چیدی نە پەرلەمانە کارتۆنییەکەتان بە دەسەڵاتی گەل دەزانین و نە حکومەتە حیزبییەکەشتان بە حکومەتی نیشتیمانی دەزانین و نە دیموکراسییەکەشتان بە دیموکراسیی لێدەکڕین و نە شەڕەکانیشتان بۆ مانەوە لە دەسەڵات وەکو ئاشتی تەماشادەکەین

ئەم سەرایەش ماڵی ھەموو ئەوانەیە کە دەیانەوێت سبەینێ ئەم وڵاتەی ئێمە لەلایەن پەرلەمانێکی ڕاستەقینە و حکومەتێکی ڕاستەقینەوە بەڕێوەببرێت

ئێمە لە ئێوە ناڕازین، دەشزانین کە ئێوەش لە ئێمە ناڕازین، بەڵام جیاوازییەکی جەوھەری لەنێوانماندا ھەیە، ئەویش ئەوەیە: ئێمە ئاشتیمان بۆ نیشتیمانەکەمان دەوێت، ئێوەش جەنگ. ئێمە ژیانمان خۆشدەوێت، ئێوەش مردن

Monday 4 April 2011

سادەکردنەوەی چەمکی تاوان‌و ماف

سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتی ههرێم، فوئاد حوسێن، ڕایگەیاند کە سهرۆكی ههرێمی كوردستان، مهسعود بارزانی، بەنیازە چهند بڕیارێك سهبارهت بهو ڕهوشهناجێگیرهی ههرێمی كوردستان دهربکات‌و تێیدا حكومهتی ههرێم رابسپێرێ، لهچوارچێوهی یاسادا، دهستوبرد بكات بۆ گرتنهبهری رێگهی یاسایی پێویست دژ بهههر كهسێك تاوانی بهسهردا ساغبێته‌وه. ئەوەی لەم بیرکردنەوە‌و ڕاسپاردەیەدا بەپلەی یەکەم جێگای دڵخۆشییە خاڵی دەستگیرکردنی تەقەکەران‌و ڕاپێچکردنیانە بۆ دادگا. ئەوەی جێگای نیگەرانییەکی گەورەشە، ئەو خاڵەیە، کە خوازیاری سزادانی ئەو کەسانەشە بهبێ مۆڵهتوهرگرتن خۆپێشاندانیان رێكخستووە  یان لەداھاتوودا رێكیدەخەن. من ئەم خاڵە بە ترسناکییەکی گەورە دەبینم، چونکی لە ھەناوی خۆیدا کۆتکردنی ئازادی‌و بەدادگاییکردنی مافەکانمانی ھەڵگرتووە؛ ئەو مافانەی کە نە شایستەی پاداشت‌و نە شایستەی سزان، بەڵکو مافی گەردوونین‌و بەشێکی دانەبڕاوی پرنسیپەکانی دیموکراسیین

ئەوەی من لەکۆی ئەم ڕاسپاردەیەدا دەیبینم، بوونی تەمومژییەکی گەورە‌و نەبوونی جیاکارییەکی ئەخلاقی ڕوونە لە نێوان ھەردووکایەی "تاوان"‌و "قوربانی" لەلایەک‌و لەنێوان ھەردووڕەھەندی "ماف"‌و "سزا"ش لەلایەکی تر. ئەو ڕەھەندە ئەخلاقییەی من لەو ڕاسپاردانەدا دەیخوێنمەوە، ھاوتاییکردنی تاوانی تەقەکەرانی حیزبە بە "تاوان"ی خۆپیشاندەران‌و تەماشاکردنی ھەردووکیانە وەکو تاوانکەر‌و لەیاسالادەر. لەڕاستیدا نەبوونی ھیچ جیاکارییەک لەنێوان تاوانەکانی حیزب‌و حکومەت لەلایەک‌و تاوانەکانی خۆپیشاندەرانی مەدەنی لەلایەکی تر، بێماناکردنی خودی کردەی تاوانە بە مانا یاسایی‌و بە مانا ئەخلاقییەکەی. ئەم بڕیارە کاتێک دێت کە زیاتر لە مانگێکە تاوانبارانی حیزب‌و حکومەت لەژێر ڕەحمەتی حیزبدا دەپارێزرێن، نە سەرۆک‌و نە حیزب‌و نە حکومەت بچووکترین ئامادەییان نیشاننەداوە کە ئەم پیاوانە وەکو تاوانبار تەماشابکرێن‌و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. کارەسات لەوەدایە کە تۆ مافی خۆپیشاندان‌و ڕادەربڕین، کە مافی ھەموو ھاونیشتیمانییەکە مومارەسەی بکات، بە ھەمان پێوەری "مافی کوشتن" تەماشایبکەیت‌و مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت، کە ماف نییە، بەڵکو تاوان. بە چ یاسایەک‌و لە چ وڵاتێکی دیموکراسیدا مافی کوژەران لەگەڵ مافی خۆپیشاندەران ھاوتادەکرێت‌و دەخرێتە ناو یەک ڕاسپاردەوە. ئەمەی ئێستا سیاسەتی کوردی دەیەوێت پیادەیبکات، لە جەوھەردا کردنی جەریمەیە بە ماف‌و تەماشاکردنی مافیشە وەکو جەریمە. نەبوونی جیاکارییەکی ڕوونە بۆ ھەردوو چەمکی ماف‌و سزا‌و نەبوونی جیاکارییەکی ئێتیکیی ڕوونە بۆ مافی قوربانیان‌و ھاونیشتیمانیانی مەدەنی لەلایەک‌و سزای تاوانباران‌و تەقەکەرانی حیزب لەلایەکی ترەوە. ئەوە چ لۆژیکێکە کە تاوانی بکەرانی حیزب‌و ھەڵەی کوشندەی حکومەت لەگەڵ ھەڵەی خۆپیشاندەرێکی مەدەنی ھاوتادەکات؟

گەر ئەم ڕاسپاردەیە تاوانی خۆپیشاندانی بێئجازە بە ھەمان پێوەر بپێوێت کە بکوژێک بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەیکات، ئەوە دەبێت لە چەمکی یاسا بترسین. ھەر کەسێکی بەویژدان، گەر لەنێوان "بێیاسایی خۆپیشاندان"ێکی مەدەنی‌و "بێگوێیی‌و لاموبالاتیی یاسا" لە کوردستاندا بەرامبەر بە تاوانبارانی حیزب، توانای ھەڵاوێردی ھەبێت، ئەوە بێچەندوچون خۆپیشاندانی بێمۆڵەت ھەڵدەبژێرێت. لەڕاستیدا ئەم خۆپیشاندانە مەدەنییانەی لە کوردستاندا، کە پتر لە مانگێکە دوور لە توندوتیژی بەردەوامە، یاسایەکی ناوێت چاکەو خراپەی دیاریبکات، بەڵام یاسا دەبێت بزانێت تەقەکردن چاکە نییە‌و کوشتنیش خراپەکارییە. یاسا دەبێت بزانێت کە خۆپیشاندانی مەدەنیی خراپەکاریی نییە، ئەوەی خراپەکارییە تەشویھکردنی مافی خۆپیشاندانە‌و خراپبەکارھێنانی ھێزە دژیان‌و بەئاساییکردنەوەی بەکارھێنانی توندوتیژییە بەرامبەریان. لە فەرھەنگی سیاسیی مۆدێرندا ناشیرینترین دەسەڵات ئەو دەسەڵاتەیە کە ھێز لە سنووری خۆیدا بەکارنەھێنێت‌و شەرعییەتی یاسایی‌و ئەخلاقیشی بۆ "بەکارھێنانی ناھاوتای ھێز"ی پێنەبێت. پیادەکردنی ھێز‌و زەبروزەنگی لەسنووربەدەر دژ بە خۆپیشاندەرانی مەدەنی مانای کوێربوونی دەسەڵاتێکە بەرامبەر بە ھێزێکی کۆمەڵایەتی ناتوندوتیژ کە جگە لە زمان ھیچ چەکێکی تری پێ نییە

لە دوای ١٧ی شوباتەوە نابەرپرسیارێتی لە سیاسەتی کوردیدا بەتەنھا بریتی نەبوو لەوەی کە کردویەتی، بەڵکو پتر ئەوەیە کە نەیکردووە. ئێستاش دەیەوێت مانایەکی تر‌و ڕاڤەکردنێکی تر بۆ بەرپرسیارێتی سیاسی‌و ئەخلاقی دابێھێنێت کە دووبارە دوورە لە ھەموو بەرپرسیارێتییەکی ئێتیکی بەرامبەر بەو ڕووداوە تراژیدییانەی ناو سیاسەت‌و کۆمەڵگای ئێمە، کە ئەویش بریتییە لە تێکەڵاوکردنی رەھەندی تاوان‌و بەرپرسیارێتی لەم کەیسەدا. ئەم پێناسە نوێیەی بەرپرسیارێتی مانای ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەرپرس تەنھا ئەوانە نین کە تاوان دەکەن، بەڵکو ئەوانەشن کە تاوانیان بەرامبەر کراوە. بەم پێناسەیەش بێت، دەبێت ڕێژوان‌و سورکێو‌و ھاوڕێکانیشی لە غیابدا دادگاییبکەین‌و تاوانی ئەوەیان بخەینە پاڵ کە بۆچی لە کاتێکی ناکاتدا لە شوێنێک بوون کە نەدەبایە لەوێ بوونایە، ھەڵەیەکیان کرد کە نەدەبایە بیانکردبایە. بەم پێوەرە نوێیە ئەوانیش بڕێک تاوانیان بەردەکەوێت، نەک تەنھا لەبەرئەوەی ھەندێکیان وەکو چۆن تەقەکەران تەقەیانکردووە، ئاوھاش ئەمان بەردیان ھاویشتووە، بەڵکو لەبەرئەوەی ھەڵەیەکی کوشندەیان کردووە‌و بۆیە باجەکەیان داوە، ھەڵەی ئەوەی لە خۆپیشاندانێکی بێمۆڵەتدا دژ بە دەسەڵات بەشدارییانکرد، ھەڵەی ئەوەی لە "شوێنکات"ێکدا بوون کە نەدەبایە لێی بن، داوایەکیان ھەبوو کە نەدەبایە ھەیانبێت

کێ ھەڵە بەرامبەر بە حیزب بکات سزادەدرێت، کێش ھەڵە نەکات پاداشتدەکرێت. ئەمە ھەمان ئەو پرنسیپەیە کە سیاسەتی کوردی ساڵانێکە بەرامبەر بە نەیارانی خۆی پیادەیدەکات. بەرجەستەترینیان ھەڵەی دەنگدان بوو بە ئۆپۆزیسیۆن، ھەڵەیەک کە نەدەبایە کەس بیکات. ساڵانێکیش سزادانی ئەو خوێندکارانەی کە لەزانکۆکاندا نووسین‌و لێکۆڵینەوەی نووسەرگەلێکی ڕەخنەگریان بەکاردەھێنا کە نەدەبایە بەکاریبھێنن، چونکی زانستی حیزبییانەی زانکۆ ڕێگای بە زانستی سەربەخۆی دەرەوەی زانکۆ نەدەدا... ھتد. ئەمە ھەمان ئەو پرنسیپەیە کە لە زۆر شوێنی تریشدا بە سیاسەتی سوڵتانگەرا ناودێڕمکردووە، سیاسەتێک کە لەسەر پرنسیپی سزا‌و پاداشت بەندە. سیاسەتی کوردی بەم بیرکردنەوە نوێیەش دووبارە سەلماندییەوە کە خوازیاری سزادانی ھەموو ئەوانەیە کە ھەڵەیان کردووە، پاداشتی ئەوانەش دەدات کە لە داھاتوودا ھەڵە بەرامبەر بە دەسەڵات ناکەن. ئەم فۆرمە نوێیەی ئەمڕۆش لە پراکسیسی سزادان‌و پاداشت وەک لە ڕاسپاردەکاندا دەیبینین، سزادانێکی سیاسیی نوێیە کە درێژکراوەی کولتووری سزایە لە وڵاتی ئێمەدا‌و پەیامێکی پاداشتھەڵگریشە بۆ ئەوانەی کە لە داھاتوودا بێدەگدەبن‌و بە دۆخی باو ڕازی دەبن

پاش ١٧ی شوبات ھەموو ئەو ڕاستییە دەزانین کە یاسا لە وڵاتی ئێمەدا سەروەر نییە، ھەر کاتێکیش یاسا ویستی سەروەر بێت، ئەوا دووبارە بەو یاسایانە کاردەکات کە سەروەرێتی دەسەڵات دەپارێزێت. ئەگینا چ مانایەکی ھەیە، کاتێک پەرلەمان بە داخوازی خۆپیشاندەران ڕازی بووە کە یاسای خۆپیشاندان ھەمواربکرێتەوە، کەچی ئێستا پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو تاوانانەی لە وڵاتی ئێمەدا لەڕێگای حیزب‌و حکومەتەوە کراوە، دەسەڵات دووبارە بە ھەمان یاسا دەیەوێت سزای ئەوانە بدات کە بێ مۆڵەت خۆپیشاندانیان کردووە‌و خۆپیشاندان ڕێکدەخەن. ئەم ڕاسپاردانە دەچێتە ھەمان خانەی ستراتیژی سزادانێکی دەستەجەمعی نوێیەوە، لە فۆرمی ئەو سکاڵایاساییانەی بەرامبەر بە نووسەران‌و ڕۆژنامەنووسان بینیمان.
ئەوەی جێگای پرسە ئەوەیە: ئەرێ ئەم ماوە دوورودرێژە یاساکانی سزادانی تاوانی تەقەکردن‌و کوشتن لەکوێ بوون، بۆچی کاریانپێنەکرا تا ئەو کاتەی کە سزای خۆپیشاندەرانیشی نەگرتەوە. ئەم ڕاستییە دووبارە یەک شتمان بۆ دەسەلمێنێت، ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی کوردستان دەبێت چاوەڕێی کۆبوونەوەو بڕیارەکانی حیزب‌و سەرۆکەکان بێت تاوەکو ئەکتیڤ بێت لە دابەشکردنی سزا‌و پاداشت بەسەر ئەندامانی حیزب‌و خۆپیشاندەراندا، لە دیاریکردنی مانای خەتا بەسەر تاوانباران‌و بێتاواناندا‌و لە بەخشینی چەمکی ئەخلاقیش بەسەر تەقەکەران‌و قوربانیاندا. کەی لە کوردستاندا ئەم کولتووری سزا‌و پاداشتە حیزبییە کۆتاییھات، ئەوکات دەتوانین باس لە سەروەریی یاسا بکەین

لە جەوھەردا من وایدەبینم کە لە پشت ئەم ڕاسپاردەوە، تێڕوانین‌و خواستێکی ترسناک خۆی شاردۆتەوە کە نایەوێت دەموچاوی خۆیمان پیشانبدات، دووبارە بە دەمامکەوە خۆی بەیاندەکات، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانێکی شیرین‌و پڕ لە تەھەکوم پێماندەڵێت، بەڵێ ئێمە تەقەکەرانی تفەنگتان بۆدەستگیردەکەین، بەڵام ھەرکەسێکیش "تەقەی زمان"ی لە ئێمە کرد‌و خۆپیشاندانی بێمۆڵەتی ڕێکخست، ئەویش دەستگیردەکەین. پێمانناڵێت تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی مەدەنی حەرامە، دژ بە ھەموو پرنسیپە ئینسانی‌و یاساییەکانە، بەڵکو پێماندەڵێت تەقەکردن‌و بەردھاویشتن‌و خۆپیشاندانی بێموڵەت ھاوتای یەکترن لە قوڵایی تاوانکردن. لە کۆتاییشدا پێماندەڵێت: ئێمەی دەسەڵاتدار تەسلیم بووین، بەڵام دەبێت ئێوەش تەسلیم بن‌و کۆتایی بەو گلەیی‌و گازندانەتان لە دەسەڵات بھێنن‌و با ھەرکەسە بڕواتەوە بۆ ماڵی خۆی. پێماندەڵێت، چەندە ئێمە زەرەری مادی‌و مەعنەویمان کرد ھێندەش ئێوە زەرەری گیانیتان دا، چەندە ئێمە باجمان دا ھێندەش ئێوە، با لەوەش زیاتر کەس زەرەر نەکات! بۆیە باشتر وایە واز لە داواکارییەکانی ترتان بھێنن، با چیدی مەینەتی زیاتر دروستنەبێت‌و ماڵی کەسی تر وێران نەبێت، چ ماڵی تەقەکەرانی ئێمە‌و چ ماڵی قوربانییانی ئێوە!

رووداو‌و کۆمەڵگا


هیچ کۆمەڵگایەک نییە بێ رووداو بێت. له‌کوێدا مێژوو هەبێت، له‌وێدا رووداو هەیە. رووداو کاتێک دەبێت بە رووداوك کە ببێت بە بەشێک له‌مێژوو. هەموو کۆمەڵگایەک بە رووداوەکانییەوە مێژوو دروستدەکات. کۆمەڵگا هەیە پاش رووداوێک دەمرێت، هەشە له‌دوای رووداوێک زیندوو دەبێتەوە. کۆمەڵگا هەیە له‌گەڵ رووداوێکدا مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە، وەکو له‌نموونەی شۆڕشدا دەیبینین. جاری واش هەیە بەهۆی رووداوێکەوە کۆتایی بە مێژووی گروپێکی کۆمەڵایەتی له‌وڵاتێکدا دێت، وەکو له‌نموونەی جینۆسایدی جوو ‌و ئەرمەندا بینیمان. مەرج نییە هەموو رووداوێک له‌مێژوودا، رووداوی مرۆیی بێت. هەندێ رووداو هەیە دەشێت پێشهاتێکی سروشتیی بێت‌و کاریگەریی گەورە بەسەر پێکهاتی کۆمەڵگایەک بەجێبهێڵێت‌و کارەساتی مرۆیی گەورە له‌مێژوویاندا دروستبکات، وەکو بومەله‌رزە‌و زونامی‌و بورکان‌و هتد.

کاتێک له‌چەمکە فەلسەفییەکەیەوە رووداو تاووتوێدەکەین، مەبەست له‌دابڕانی گەورەی مێژووییە له‌پێکهاتی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فۆرمی پێکەوەژیانی ئینسانەکان‌و چەشنی بیرکردنەوەیان. واتە رووداو کاتێک دەبێت بە رووداو، کە دەستکاری کیمیای کۆمەڵگا بکات، چ له‌ئاستی سیاسی‌و چ له‌ئاستی ئابووری‌و کولتووری‌و کۆمەڵایەتی.

دیارە گەر له‌م دیدگایەوە تەماشای مێژووی کورد بکەین، دەبێت بڵێین کە گەورەترین رووداو له‌مێژووی کورددا سەرهەڵدانی مۆدێرنەیە. واتە هاتنی پرۆژەی مۆدێرنەیە بۆ ناو دونیای کورد. بەڕای من یەکەم رووداوی گەورە له‌مێژووی نوێماندا له‌سەردەمی "تەنزیمات"ـەوە دەستپێدەکات. تەنزیمات پرۆژەی هێنانی ریفۆرمی مۆدێرنیزەکردنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو. هەوڵی سەرەتایی هێنانی پرۆژەی مۆدێرنە بوو بۆ ناو جەستەی ئەم ئیمپراتۆرییەتە‌و له‌وێشەوە دەستکاریکردنی پێکهاتە لۆکاڵییە جیاجیاکانی ئەم جیهانە سیاسییە. یەکێک له‌قوربانییەکانی ئەم پرۆسەیەش، ئیمارەتە کوردییەکان بوو. بە مانایەکی تر، له‌گەڵ سەرەتاکانی پیادەکردنی ئەم پرۆژەیە، سەرەتای کۆتاییپێهێنانی دەسەڵاتدارێتییە لۆکاڵییەکانی کورد دەستپێدەکات. ئەم دەسەڵاتدارێتییانە وەکو چەند دورگەیەکی دەسەڵاتی لۆکاڵی له‌مێژووی ئێمەدا بوونیان هەبوو، بەڵام له‌گەڵ هاتنی پرۆژەی مۆدێرنە، کۆتایی بە بوونیان دێت.

رووداوی دووەم له‌مێژووی کوردستاندا بریتیبوو له‌هاتنی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیز‌و فەڕەنسی‌و کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی‌و دروستکردنی چەندین دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ ئەو گەلانەی کە درواسێی کورد بوون. پرۆژەی دووەمی مۆدێرنە، پرۆژەی دابڕانی کورد بوو له‌یەکتر‌و لکاندنی پارچەکانی بوو بە چەندین دەوڵەتی نەتەوەیی کە تیایدا کورد بوو بە کەمینە. له‌م چرکەساتەوە پرۆسەی مۆدێرنە کاریگەریی خۆی له‌سەر کۆمەڵگای ئێمەدا بەجێدەهێڵێت. دروستبوونی رۆژنامە‌و گۆڤار، قوتابخانە‌و زانکۆ، تەجنیدی ئیجباری‌و رۆچوونی توێژێکی کۆمەڵایەتی بۆ ناو سیستەمی له‌شکری نەتەوەیی، سەرهەڵدانی رێکخراوی مەدەنی‌و حیزبی سیاسی...هتد. ئەمانە‌و تادەگاتە سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی، هەمووی پێکڕا رووداوی گەورەن له‌مێژووی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و فەرهەنگی ئێمەدا.

کاتێک باس له‌مێژووی کورد له‌سەدەی بیستەم دەکەین، بە شێوەیەکی گشتیی رووداوەکان خۆکرد نەبوون. بە مانایەکی تر ئەو رووداوە گرنگە سیاسییانەی کە روویانداوە‌و کاریگەریی گەورەیان بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە بەجێهێشتووە، رووداوگەلێک بوون کە کورد تیایدا خۆی بکەری سەرەکیی نەبووە. زۆرینەی ئەو رووداوانەی کە مێژوویان دروستکردووە، کورد تیایدا بکەر نەبووە‌و خۆی بەرهەمینەهێناون، بەڵکو هۆکارە دەرەکییەکان بوونە بە بزاوتی راستەقینەیان‌و پاشان کورد هەڵسوکەوتی له‌گەڵدا کردوون. ئەو رووداوە دەرەکییانەی له‌مێژوودا کە کورد بکەری دروستکردنیان نەبووە‌و بوونە بە هۆکاری دروستبوونی مێژووی نوێ له‌کوردستاندا، دەکرێت له‌م چەند خاڵەی خوارەوە چڕیانبکەیەنەوە.

یەکەم رووداو بریتییە له‌جەنگی جیهانی یەکەم‌و ئەو پاشهاتانەی کە لێیکەوتەوە؛ بۆنموونە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەسەڵاتدارێتییەکی سیاسی له‌کوردستانی باشوور‌و پاشان لکاندنی ئەم هەرێمە بە عێراقەوەو دابەشکردنی تەواوەتی کوردستان.

دووەم: بریتییە له‌جەنگی جیهانی دووەم‌و دروستکردنی کۆماری کوردستان له‌ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و پاشان تێکشکانی.

سێهەم: روخانی سیستەمی پادشایی له‌عێراق‌و فەراهەمبوونی چالاکیی سیاسی ئاشکرای پارتی دیموکراتی کوردستان‌و پاشان سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی.

چوارەم: هەر سێ جەنگی بەناو جەنگی کەنداوی یەکەم‌و دووهەم‌و سێهەم‌و کاریگەریی جۆراوجۆریان بەسەر پێکهاتی کۆمەڵایەتی‌و پرۆسەی سیاسیی له‌کوردستاندا بەجێهێشتووە. له‌ئەنفاله‌وە تا دەگاتە راپەڕین‌و دانانی ناوچەی دژەفڕین بۆ بەشێکی جوگرافیای کوردستان، هەر هەموویان بەشێکی ئەو پرۆسانە بوون کە له‌سیاقی ململانێ دەرەکییەکانەوە له‌کوردستاندا، پیادەکران.

بەشێوەیەکی گشتی، ئەم رووداوانە کە کورد تیایدا بکەر نەبووە، کاریگەریی گەورەیان بەسەر کۆمەڵگای کوردستان‌و پێکهاتە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و کولتوورییەکەیدا بەجێهێشتووە. بێگومان من لێرەدا تەنها باس له‌و چرکەساتە گرنگانە دەکەم کە هۆکارە دەرەکییەکان بوونەتە مۆتۆڕی گۆڕانکاریی له‌پرۆسەی سیاسیی له‌کوردستاندا. دیارە بابەتی ئەنفال سەربەخۆیی خۆی هەیە‌و مەرج نییە تەنها له‌دووتوێی جەنگی عێراق‌و ئێراندا بەرهەمبهاتبایە، چونکه‌ پرۆژەی جینۆسایدی کورد له‌عێراق پابەندنەبوو بە جەنگەوە، بەڵکو پابەندبوو به‌ستراتیژی بەعسەوە بەرامبەر بە کورد، بەڵام جەنگ ئەو چرکەساتە بوو کە بەعس له‌ڕێگایەوە شەرعییەتی بەم کردەیە دا.
بێگومان تاکە رووداوێکی سیاسیی گرنگ له‌دوای راپەڕین، کە کورد خۆی تیایدا بکەری سەرەکی بوو، بریتی بوو له‌سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن. ئەم رووداوەش له‌پەرله‌مان‌و حکومەتی کوردستاندا کرا بە "نا-رووداو"، چونکه‌ نەیتوانی ببێت بە هێزێک کە دەستکاریی سیستەمی سیاسیمان بکات، چونکه‌ دەسەڵاتدارێتی هەردوو حیزبەکە رێگریی له‌هەموو پڕۆژەیەکی دەستکاریکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەکرد. دیارە ئەم وتارە شوێنی باسکردنی ئەو هۆکارانە نییە، بەڵام له‌مڕۆدا‌و بەتایبەت دوای ١٧ی شوبات، بۆ یەکەمینجار له‌مێژووی نوێماندا رووداوێک دروستدەبێت، بزوتنەوەیەک سەرهەڵدەدات کە دەیەوێت ببێت بە بکەری مێژوو. ئەم بزوتنەوەیە دەشێت وەکو تاکە رووداوێک تەماشای بکەین کە هەڵگری ئەگەری دابڕانی مێژووییە، چونکه‌ نەوەیەکی گەنج رابەڕایەتی دەکات‌و دەیەوێت خۆی ببێت بە بکەر له‌مێژووی خۆیدا. ئەم بە بکەربوونە مانای دروستکردنی مێژووە، مانای رووداوە بەمانا راستەقینەکەی، چونکه‌ له‌لایەکەوە مانای دابڕانی مێژووییە له‌گەڵ مێژووی دوێنێ‌و له‌لایەکی ترەوە مانای سەرەتایەکە بۆ دەسپێکێکی مێژوویی نوێ بۆ سبەینێ.

یەکەمجارە له‌مێژووی ئێمەدا هێزێک دروستدەبێت کە رووداو بەرهەمدەهێنێت، نەوەیەک کە ژیاندۆست بێت، هێزێک کە پرۆژەی دروستکردنی دوژمنی پێنییە‌و تا ئەمڕۆش ناتوندوتیژی کردووە بە هێزی دامەزراندنی ئازادی‌و کەرەسەیەک بۆ گۆڕانکاری له‌پەیوەندییەکانی دەسەڵات. ئەم نەوە نوێیە هیچی دروستنەکردبێت یەک رووداوی گەورەی دروستکردووە، ئەویش ئەوەیە کە دەیەوێت کۆتایی بە کولتووری دروستکردنی دوژمن بهێنێت‌و مێژوویەکی نوێ دروستبکات، کە تیایدا کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە زیادکردنی دوژمن نەبێت، بەڵکو بە زۆرکردنی دۆست. بۆیە هەموو تەماشاکردنێکی ئەم بزوتنەوە نوێیە وەکو دوژمنکارێک، دوژمنایەتی گەورەتر له‌ناو کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەکات، کە دەشێت ببێت بە کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە چەمکی دوفاقەیی دوژمن‌و دۆست لای دەسەڵات، کە کۆتایی خۆی دەگەیەنێت.