Sunday, 6 March 2011

چەند سەرنجێک لەسەر کولتووری ترساندن

تەنھا شتێک کە بۆ سەرکەوتی ھێزی شەڕ پێویستە ئەوەیە کە مرۆڤە خێردۆستەکان ھیچ نەکەن   ئێدمۆند بێرک

لە دوای سوتاندنی دەزگای(تەلەفزیۆنی نالیا) و خێمەی خۆپیشاندەرانی بەردەرکی سەرا و کاولکردنی(ڕادیۆی دەنگ) و ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی ناڕەزایان و ڕەخنەگرانی دەسەڵات لە سڵێمانی و ھەولێر، چیدی ناتوانین لە وڵاتی ئێمەدا باس لە ئازادی بکەین، بەڵکو دەبێت باس لە پلەی جیاجیای ترس و نا ـ ئازادیی بکەین، دەبێت باس لە سیاسەتی سووتاندن بکەین کە دەیەوێت گڕ لە ھەموو چالاکییەک بەربدات بۆنی مەدەنییەتی لێبێت و گوللەش بە ھەموو وشەیەکەوە بنێت کە تامی ئاشتی بدات. ئەم سیاسەتە نوێیە پێماندەڵێت: کە من دەرکەوتم ھیچ ھێزێک نییە بتانپارێزێت. لە دوای ئەم ڕووداوە ترسناکانەی ماوەی ڕابردوو چیدی ناتوانین پەنا بۆ ھیچ شوێنێک بەرین بمانپارێزێت، چونکی "سیاسەتی بەرھەمھێنانی ترس" پێیناوەتە قۆناغێکی دێجوورترەوە. لە قۆناغی ئێستادا چیتر ترسەکانمان ترس نییە لە لەدەستچوونی ئازادییەکان، بەڵکو ترسە لە وونبوون و نادیاریی چارەنوس. ئەم فۆرمە نوێیە لە "سیاسەتکردن" تەنھا بردنی بڕیارەکان نییە بۆناو ڕووبەرە تاریکەکان، بەڵکو گۆڕینی کردەی سیاسەتە بۆ تیڕۆر. ئەم فۆرمە نوێیە جگە لە ڕۆچوون بۆ ناو قۆناغێک لە جڵەولەدەستدانی عەقڵ لە سیاسەتدا ھیچ مانایەکی تری نییە

کاتێک دەسەڵاتدارێتییەک دەگات بە قۆناغێک لە تیڕۆری سیاسی کە تیایدا بە نھێنی خەڵک بڕفێنێت و بە نھێنیش بەڕەڵایان بکات، بە نھێنی پەلاماربدات و بە نھێنیش خۆی بکشێنێتەوە، دەیەوێت بە ئاشکرا پێمانبڵێت: کەس لە سنووری دەسەڵاتی مندا پارێزراو نییە. بەمانایەکی تر ھەر کەسێک لەگەڵ مندا نەبێت یان بەرژەوەندییەکانی من بخاتە مەترسییەوە، دەبێت ئەو توانایەی لێبسێنینەوە کە ھەست بە ئاساییش بکات

ئەمەی ئێستا لە کوردستاندا دەیبینین سیاسەت نییە، ئەمە زەبروزەنگە بەمانا ڕووتەکەی. ئەمە سیاسەت نییە، بەڵکو توندوتیژییەکی جڵەولەدەسەتچووە کە کەموزۆر پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەماوە. ھەموو دەزانین کە سیاسەت بێ بەکارھێنانی شەرعییانەی زەبروزەنگ سیاسەت نییە، بەڵکو توندوتیژییەکی کوێرانەیە. دوای ئەم ڕووداوانە، کە بەداخەوە پێدەچێت دواڕووداو نەبن، کاتی ئەوە ھاتووە ئەو ھێزە ناشیریننەبووەی ناو حیزبەکان، کە ھێشتا نووزەی بەرپرسیارێتی و ئێتیکیی سیاسییان تێدا ماوە، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ کۆی ھێزە مەدەنییەکانی کۆمەڵگای ئێمە تاوەکو سنوورێک بۆ ئەم خەمساردییە سیاسی و ئینفیلاتە ئەمنییە دابنێین بۆئەوەی ئاساییشی کۆمەڵایەتیش بەدەردی سیستەمی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا نەبرێت و چارەنووسی داوەشان و لەبەریەک ھەڵوەشانەوە نەبێت

لەدوای ١٧ی شوباتەوە و بەتایبەت دوای ئەم ڕووداوانەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی مانگی نەورۆز، کۆتایی بە ئەفسانەی ئارامیی و ئاساییشی ماڵی کورد دێت. چیدی ئەوە خۆپیشاندەران نین کە بەڕۆژی ڕووناک وێنەی کورد لە جیھاندا ناشرین دەکەن، بەڵکو ئەوە ئەو ھێزە دەمامکبەسەرانەن کە بەشەوان ئاگری ڕق و کینە لە کۆمەڵگای ئێمە بەردەدەن و بە ڕۆژیش باسی سەروەریی یاسا دەکەن و ھاوسۆزیی لەگەڵ گەنجە ناڕازییەکاندا نیشاندەدەن. کۆمەڵگای ئێمە لەبەر لێواری بەجەنگەڵبووندایە. ئەو کاتە یاسای جەنگەڵ لە کۆمەڵگادا سەروەردەبێت کە دەمامکبەسەرەکان لەبری داوەرەکان قسە بکەن و تفەنگیش لەبری قەڵەم ئیمزا بکات

لەدوای ئەم ڕووداوانەوە دەبێت جارێکی تر بڵێین: با ڕێگە نەدەین "ھێزی شەڕ" دونیای ئێمە بکات بە شوێنێک کە یاسای جەنگەڵ تیایدا سەروەر بێت و ئاساییشی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان داوەشێنێت. بەرپرسیاربوون بەتەنھا مانای ئەوە نییە کە شتێک بکەیت و بەرپرسیارێتییەکەی ھەڵگریت، بەڵکو مانای ئەوەشە کە ھیچ نەکەیت و تەماشاکەرێکی بێ ویژدان بیت

No comments:

Post a Comment