Sunday, 13 March 2011

نامه‌یه‌كی سه‌ر ئاوه‌ڵا بۆ سکرتێری گشتی یەکێتی

بەڕێز مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

پاش ڕێز‌و سڵاو

وەک بەڕێزت دەزانیت کوردستان بە دۆخێکی ھێجگار ناسکدا تێدەپەڕێت، بەھەزاران ھەزار کوڕ‌و کچی گەنجی توڕەی ئەم وڵاتە‌و بە ھەزاران ھەزار کەسانی سەر بە ھێز‌و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کوردستان، لەسەر شەقامی زیاد لە شار‌و شارۆچکەیەکی نیشتیمانن. ھەمووان یەک خەم‌و یەک ئاوات‌و یەک ویست کۆیکردونەتەوە: خەم‌و ئاوات‌و ویستی چاکسازیی ڕاستەقینەی ئەو مۆدێلی حوکمڕانییەی حیزبەکەی ئێوە‌و حیزبە ھاوکارەکەتان، پارتی دیموکراتی کوردستان، دروستانکردوە. بەشی زۆری ئەو گەنجانە لەژێر سێبەری دەسەڵاتدارێتیی حیزبەکەی ئێوە‌و پارتیدا لەدایک‌و گەورەبوون. ئەزمونی ژیانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ئێوەدا دەستپێدەکات، وشیاری سیاسی‌و ئینسانیان لە ساتەوەختی جەنگە ناوخۆییە خوێناوییەکانی ئێوەدا دروستدەبێت‌و ئەو کەسایەتییە سیاسی‌و سەربازی‌و ئیدارییانەی کە دەیانناسن، ئەزموونە سیاسییەکەی ئێوە دروستیکردون. بێگومان ئەو ملیۆنێرانەش دەناسن کە بەخێراییەکی پێوانەیی لەناو ئەزموونە سیاسییەکەی ئێوەوە ھاتنەدەر.
پەنجەرەی ئەم نەوەیە بەڕووی دونیادا ئەو پەنجەرەیەیە کە ئێوە‌و ھاوپەیمانەکەتان لە کوردستاندا دروستتانکرد.

ئەوەی ئەم نەوەیەی بردۆتە سەر شەقامەکان نە حەز‌و ویستی موغامەرەیە، نە ئیرادەی تێکدان‌و گێرەشێوێنییە، نە دەستی دەرەکییە‌و نە دوژمانیەتییەکی پێشوەخت. وەک سیاسەتمەدارێکی دێرین دەبوایە ئێوە لەھەموو کەس باشتر بتانزانیبایە ئەوەی ئەم خەڵکە توڕەیە دەجوڵێنێت، زیاد لە ھۆکارێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی گەورەیە. بێگومان ھۆکارەکانی ئەم ناڕازیبوونانە نەزانراو نین، بەشێکی زۆری مەرەکەبی نووسەران‌و ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینەی کوردستان لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا لە باسکردن‌و شیکردنەوەی ئەو ھۆکارانەدا سەرفبوون. بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە نە ئێوە گوێتانگرت‌و نە ھاوپەیمانەکەتان لە ھەولێر. ئێمە لێرەدا نامەنەوێت جارێکی تر حیکایەتی ئەم تووڕەبوونە بگێڕینەوە، بەڵام بە پێویستی دەزانین لەیەک خاڵ ئاگادارتان بکەینەوە کە ڕۆژانە گوڕ‌و تینی نوێ بە ناڕەزایەتییەکان دەدات‌و وزەی تازەیان پێدەبەخشێت، ئەوەیش تێکەڵبوونی توڕەبوونی ئەم نەوەیەیە بە نائومێدییەکی گەورە‌و قووڵ. گوێنەگرتن‌و بێباکی نواندن بەرامبەر بەم دۆخە، هەم نەوەی نوێ‌و هەم بەشێکی زۆری کۆمەڵگای ئێمەی سەرسام‌و نائومێد کردوە. هەمووش دەزانین کە ئێوە تاکە کەسێکن دەتوانن راستەوخۆ کاریگەریتان لەسەر سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی‌و پارتی دیموکرات کوردستانیش هەبێت، لێرەوە هەست بە مەترسی ئەو دەنگۆیانە دەکەین کە لەسەر ئێوە بڵاودەبێتەوە‌و بەپێویستی دەزانین بە ئەرکی خۆمان هەستین‌و ئاگادارتانبکەینەوە کە تەنیا ڕێگای راست‌و دروست گوێگرتنە لە خۆپیشاندەران‌و سەیرکردنیانە وەک هێزی هەرە زیندووی ئەم ساتە، کە لە هەناوی هیچ هێز‌و تاقمێکی سیاسییەوە نەهاتوونەتە دەرەوە، بەڵکو لە هەناوی کۆمەڵگای کوردی خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووە.

بە کورتی ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە کە ئەم ناڕەزاییانە کاتی‌و تێپەڕ‌و ناکاو نین‌و تەنیا ویستی لاساییکردنەوەی شوێنەکانی تر دروستینەکردون. ئەم ناڕەزاییانە کاردانەوەی سروشتی کۆمەڵگایەکی ناڕازییە بەڕووی ئەو دونیایەدا کە ئێوە بە کۆمەڵێک قەیرانی گەورەوە دروستانکردوە. بۆیە چارەسەر ئەوە نییە  قوڵایی کێشەکان نەبینن‌و واتێبگەن کە توندوتیژی کێشەکە چارەدەکات، ئەوەنییە بیر لە پەلاماردان‌و ڕاونان‌و گرتن‌و تۆقاندنی خۆپیشاندەران بکەنەوە. ھاوکات لەوە دڵنیابن ھەموو پەنابردنێک بۆ بەکارھێنانی توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردن ئەزموونەکە نەک تەنھا ناشیرینتر دەکات، بەڵکو پەتی پەیوەندیی لەنێوان ئێوە‌و کۆمەڵگای کوردیشدا دەپچڕێنێت. لە دۆخێکی لەوجۆرەشدا ئێوە تەنھا ھەموو متمانەیەک نادۆڕێنن، بەڵکو دەبنە دوژمنی بەشێکی گەورەی ئەم کۆمەڵگایە.

ھەموو ئەو هێما‌و دەنگۆیانەی لە دوای گەڕاندنەوەی بەڕێزتانەوە بۆ کوردستان دروستبوون، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە ئێوە ڕابەری ئەو خەتە توندەن کە خواستی کۆتاییهێنانی بە خۆپیشندانەکان هەیە لە ڕێی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە. ئەمانە پێکڕا دەنگۆی مەترسیدارن‌و ھیوادارین بەھیچ جۆرێک ڕاست نەبن‌و داواکارین راستەوخۆ هەم بەقسە‌و هەم بە کردار لای ئێوەوە بەدرۆبخرێنەوە.

ئێمە پێمانوایە بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەبەردەم شەخسی ئێوەدایە، بۆ ڕێگرتن لەم پێشھاتە خراپانە. ئەرکێکی مێژوویی ھێجگار گەورە‌و ترسناک کەوتۆتە سەرشانتان بۆ چارەسەرکردنی ھێمنی ئەم دۆخە‌و وازھێنان لە ھەموو پلان‌و ھەوڵدانێک کە بیەوێت لەڕێگای بەکارھێنانی ھێز‌و ھەڕەشە‌و تۆقاندنەوە کۆتایی بەم خۆپیشاندانانە بھێنن. بەڕای ئێمە باشترین هەنگاو گوێگرتنە لەداواکاری خۆپیشاندەران‌و جێبەجێکردنی خواستەکانیانە، کە داوای رەوان‌و لەلایەن بەشی زۆری ئەم کۆمەڵگایەوە پشتگیری لێدەکرێت‌و لە هەموومانەوە هاوسۆزیی وەرگرتووە. ئەم خۆپیشاندانانە خۆپیشاندانی بەشە زیندووەکەی کۆمەڵگای کوردییە، کارەسات‌و تراژیدیایەکی گەورەیە کە زمانی هەمیشەیی قسەکردن لەگەڵ ئەو هێزەدا ببێتە زمانی تۆمەتبارکردن‌و توندوتیژی، پێویستە ئەو راستییە ببینرێت کە ئەمە نەوەیەکی نوێیە‌و سیاسەتێکی نوێی دەوێت‌و دەبێت وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی نوێ‌و راستەقینە مامەڵەی لەگەڵدابکرێت، نەوەک وەک دەستی دەرەکی‌و گێرەشێوێن‌و تیرۆریست. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە دونیای کورددا نەوەکانی پاشەڕۆژ قسەی خۆیان هەبێت‌و تەنیا گوێگری دەنگەکانی ڕابوردوو نەبن‌و دەبێت هەمووش پێشوازی لە دەنگیان بکەین، چونکە ڕۆژانی ڕابوردوو سەلماندی کە نەوەیەکن دەتوانن زۆر مەدەنی‌و شارستانی‌و هێمنانە خەبات بۆ داهاتووی خۆیان بکەن‌و هیچ هێزێکیش ناتوانێت بیانوەستێنێت. ئەمڕۆ گەر بە هێز لە مەیدانێکیش دەریانبکەن ناتوانن بەهێز لە هەناوی کۆمەڵگای ئێمە‌و لەسەر نەخشەی سیاسی دەریانبکەن، لێرەوە خواستی توندوتیژی جگە لە پەرچەکرداری توندوتیژ هیچی تر دروست ناکات.

دوورکەوتنەوە لە لۆژیکی زەبروزەنگ‌و بەکارهێنانی توندوتیژیی ھەم نیشتیمان‌و هەم کۆمەڵگای ئێمە لە کارەساتی گەورە دەپارێزێت

بەبڕوای ئێمە تاکە شتێک کە دەتوانێت بمانخاتە سەر ڕێی چارەسەرێکی عاقڵانە، بریتییە لە دووبارە ڕێکخستنەوەی فەزای سیاسی‌و دۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش لە نێوان دەسەڵات‌و کۆمەڵگادا کە ئێستا بە قۆناغی پچڕان‌و لێکترازانی تەواوەتیدا دەڕوات.

بەبڕوای ئێمە هەموو هەنگاوێک‌و بڕیارێکی سیاسی لەم قۆناغەدا، دەبێت لە ڕووی مێژووییەوە زۆر بەرپرسانە بێت‌و دوور بێت لە لۆژیکی غرور‌و ململانێی شەخسی، چونکە ئەم کێشانە کێشەی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی قۆناغی دوای ڕاپەڕینن، دەستکردی هێزێک یان کەسێک نین‌و هیچ هێزێک‌و هیچ کەسێک بەتەنیا نوێنەرایەتیان ناکات.
جارێکی تر سڵاو‌و ڕێزمان.

بەختیار عەلی
شێرکۆ بێکەس
مەریوان وریا قانیع
ئاراس فەتاح
شێرزاد حەسەن
رەووف بێگەرد
رێبین هەردی
شوان عەتوف
کامەران مەنتک
رێبین رەسووڵ
هۆرێن غەریب
هیوا قادر
ئاسۆس هەردی
ئارام کاکەی فەلاح

No comments:

Post a Comment