Wednesday, 9 March 2011

‎‫وتاری ئاراس فەتاح لە زانکۆی سلێمانی لە ڕۆژی ۹ - ۳ - ۲٠۱۱ ‬


خوێندکارانی ئازیز

‎‫کۆمەڵگای کوردستان ڕووبەرووی کۆمەڵێک کێشە ترسناک بووەتەوە کە ناکرێت چارەسەرکردنیان لە ژێر ھیچ بەھانەیەکدا دوابخرێت و بە ھیچ پاساوێکیش بێدەنگییان بەرامبەر بکرێت. کۆمەڵگای ئێمە لە دوڕیانێکی سیاسیی گەورەدا گیریخواردووە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕیشەیی ھەیە بۆ دەربازبوون لە کێشەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین و زەمەنی دوای ڕێککەوتنە ستراتیژییەکان و تەنانەت سەردەمی دوای سەرھەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنیش

‎‫ھەموو کەمترخەمیی و لاموبالاتێکی سیاسیی و ئەخلاقیش لەم چرکەساتەدا مانای ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگای ئێمەیە بۆ بەردەم ھەڕەشە و مەترسیی چاوەرواننەکراو

‎‫بەڕێزان، ئێمە ھیچ کاتێک لەچرکەساتە گرنگەکانی مێژووی کۆمەڵگاکەمان بێدەنگ نەبووین و ھەمیشەش بە نووسینەکانمان باسمان لە خەم و ترسەکانمان کردووە کە دەشێت حیزب و سیاسەت بۆ ئینسانی ئێمەی بەرھەمبھێنێت. ئێمە ھەمیشە گوتوومانە کە کێشە کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵگای ئێمە، ئەو ناشیرینی و بێدادی و بێباکیی و بێڕێزی و نەزانییە ترسناکەی لە دونیای ئێمەدا ھەیە، بەتەنھا ئەم یان ئەو گروپی سیاسی لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو زیاد لە گروپ و زیاد لە ھێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێی بەرپرسیارە. لەمڕۆشدا ئەم قەیرانە کەڵەکەبووانە بوونە بە کێشە لە ھۆشمەندی ئینسانی ئێمەدا و بە تاک و گروپ دەیانەوێت لەڕێگای خۆپیشاندانەوە زمانێک بدۆزنەوە بۆئەوەی تەعبیر لەخۆیان بکەن و ڕێگاچارەکان بۆ دەسەڵاتدارێتی کوردی دەستنیشانبکەن

‎‫ئێمە خۆشحاڵین کە لە تەنیشت نووسینەکانی ئێمەوە نەوەیەک لەدایکبووە کە ھۆشمەندییەکی رەخنەیی بەرامبەر بە مێژووی خۆی بەرھەمھێناوە. بۆیە نە ئێمە ھەست بەتەنھایی دەکەین و نەئێوەش تەنھان. ئێمە نە سیاسین و نە دەمانەوێت ئەو ڕۆڵەش بگێڕین، نەھاتووین پێشڕەویتان بکەین و نە خواستی ئەوەشمان ھەیە سەرکردایەتیتان بکەین. ئەو سەردەمە بەسەر چوو کە چەند ڕۆشنبیرێکی شۆڕشگێڕ بڕیاری شۆڕش دەربکەن، ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ مێژوو بۆ ئێوە بنووسنەوە. ئێوە دەتوانن دابڕانێکی مێژووی دروستبکەن، ئەم دابڕانە، دابڕانە نەک لە دەموچاوەکان، بەڵکو لە عەقڵییەت و کاراکتەر و کولتوور و ستایلی ژیان. ئێوە دەبێت کولتووری تایبەت بە خۆتان دروستبکەن. ئێوە دەبێت ئەو ڕاستییەتان لەبەر چاو وون نەبێت، کە ھیچ بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بێ چەمکی ئازادی ناتوانێت گۆڕان دروستبکات و ھیچ بزوتنەوەیەکیش ناتوانێت بە بێ بوونی پلورالیزم باس لە ئازادی بکات

‎‫لەڕاستیدا ئێمە بڕوامان وایە کە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستاندا خۆی لە بنبەستێکی سیاسی و ئەخلاقیدا دەبینێتەوە. ئەم بنبەستە نە بە درێژکردنەوەی دوانەفەسی حکومەتێکی فاشیل چارەسەردەکرێت و نە بە خۆدزینەوە لە کێشەکان لەڕێگای دانپێدانانی زارەکیی بەو کێشانەی کۆمەڵگای ئێمە. سیاسەت کۆمەڵگای ئێمە بە تونێلێکی تاریکدا دەبات و ھەڵە و نەزانی و نابینیی سیاسییەکانیشمان ھیچ ڕووناکییەکمان لەودیو تونێلەکەوە پیشاننادەن. مێژوو ھەمیشە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێتەوە کە ھەڵەی سیاسییەکانە کارەسات بۆ کۆمەڵگاکان دروستدەکەن و مێژووی نەتەوەیەک دەسووتێنن

‎‫ئێوە دەتوانن ڕێگری لەم کارەساتانە بکەن، ڕێگری لەوە بکەن کۆمەڵگای کوردستان بکرێت بە مەڵبەندی ئەم حیزب یان لقی ئەو حیزب، ئێوە دەتوانن کوردستان بکەن بە کۆمەڵگایەک کە ھەمیشە ھوشیاربێت بەرامبەر بە ئەگەرە ترسناکەکانی سیاسەت، ئێوە دەتوانن کۆمەڵگای ئێمە بکەن بە کۆمەڵگایەک کە مرۆڤ بکەوێتە نێوەندی ھەموو بەھاکان و ئازادی و پلورالیزمیش ببێت بە تاکە پارێزەری سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان‬

No comments:

Post a Comment