Thursday, 14 April 2011

دەقی وتارەکەی ئاراس فەتاح لە سەرای ئازادی

3/4/2011

ئێمە لە بەعسەوە زۆر شت فێربووین، ئەو شتانەشی کە فێری بووین، نامانەوێت بیرمانبچێتەوە
ئێمە لە دەسەڵاتدارێتی کوردیشەوە زۆر شت فێربووین، ئەو شتانەشی کە فێری بووین، نامانەوێت بیرمانچێتەوە

بەعس فێریکردین کە سیاسەت دەتوانێت لە جیاتی ئەوەی ژیان دروستبکات، مردن بەرھەمبھێنێت. بەعس فێریکردین لەکوێدا سیاسەتی ترساندن و کوشتن ھەبێت، لەوێدا ژیان ووندەبێت

بەعس فێریکردین کە ژیان دەکرێت بێمانابکرێت، کاتێک لەسەر شەقام و زانکۆ و قوتابخانە و کتێبخانە و کارگەکاندا لەبری ڕێزی ژیان بدۆزینەوە، بریندارکردنی بەردەوامی کەڕامەتی ئینسانەکانمان دەبینی

بەعس فێریکردین کە یاساش دەکرێت بێمانابکرێت، لەبری یاسا سەروەر بێت، بێڕێزی سەروەر بێت.
ئێمە لە بەعسەوە دوو شتی سەرەکی فێربووین: یەکەم کردنی کوشتن بە سیاسەت، دووەمیش بێماناکردنی ژیان لەڕێگای بێماناکردنی یاسا

پاش تێپەڕبوونی بیست ساڵ بەسەر ئەم ئەزموونە دەسەڵاتدارێتییە کوردییشەوە، زۆر بەڕوونی دەبینین کە سیاسەتی کوردییش ڕۆژ بەڕۆژ لە ھاوڕێتیی ئەو سیاسەتەی بەعس نزیکدەبێتەوە و دەبینین کە چۆن دۆستایەتییەک لە نێوان سیاسەت لە دوێنێ و سیاسەت لەمڕۆدا دروستبووە

بەڵێ، ئەم نەوە نوێیەش لە دەسەڵاتدارێتی کوردییەوە زۆر شت فێربوو، ئەو شتانەشی کە فێری بوو، بەعسمان بیردەھێنێتەوە

بەڕێزان، ئێمە خەونمان بە وڵاتێکەوە دەبینی کە تیایدا چیدی کوشتن نەبێت بە کولتووری سیاسەتکردن، گرتنی بێیاسایی نەبێت بە پیشەی حیزب و دەمامکبەسەرەکان، ژیان نەبێت بە جێگایەک بۆ تاقیکردنەوەی ناشرینییەکانی حکومەت و حیزبیش نەبێت بە موختەبەری وەلائەت و کۆیلایەتی بۆ سەرۆکەکان

ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمەدا چالاکوانانی مەدەنی، بە عیلمانی و دینییەوە دەستگیردەکرێن بێئەوەی بزانرێت بۆچی؟ ڕۆژنامەنووسانمان ڕۆژانە ھەڕەشەیانلێدەکرێت و بێسەروشوێندەکرێن، بێئەوەی بزانرێت تاوانیان چییە؟ یاسا لەم وڵاتەی ئێمەدا وەکو بینەرێکی کوێر لە پەنجەرەی دادگاکانەوە تەماشای ڕووداوەکانی سەر شەقامەکانی وڵات دەکات. تەماشای بریندارکردنی ڕۆژانەی مافەکانمان و ئازادییەکانمان و کەرامەتمان دەکات.
سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە جەنگێک دژ بە ژیان نەک بە شەڕکردن بۆ ژیان. ئەمڕۆ سیاسەتی حیزبی بووە بە سیناریۆیەکی ناشیرین بۆ شێواندنی وێنەی ئەوانەی کە دەیانەوێت سیاسەت بۆ مانا ڕاستەقینەکانی بگەڕێننەوە، ئەوانەی دەیانەوێت سیاسەت لە بەرھەمھێنانی کوشتنەوە بکەن بە بەرھەمھێنەری ژیان. ئێمە لە کوردستاندا سیاسەتێک دەبینین کە ناتوانێت تەماشای ئێمە بکات وەکو ھاونیشتیمانیانێک کە دەیانەوێت ژیان بەرھەمبھێنن، چونکی ئەوان جگە لە کوشتن و گرتن و بێڕێزیکردن و بێماناکردنی ژیان ھیچی تر نازانن

ئەوەی سیاسەتمەدارانی ئێمە خەریکە دروستی بکەن، بریتییە لە دروستکردنی ڕقێکی قووڵ لە خودی سیاسەت. ئەمەش بۆ داھاتووی کۆمەڵگاکەمان زۆر ترسناکە، بۆ تێگەشتنی نەوەی نوێ و مناڵەکانمان زۆر کارەساتئامێزە، چونکی ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو بێماناکردنی سیاسەتە، ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو توندوتیژییە، ئەمە سیاسەت نییە بەڵکو گەمەیەکی ناشیرینە بە ژیان و مافەکانمان.

دەسەڵاتی کوردی بەرپرسیاری یەکەمی ئەم کولتووری توندوتیژییەیە کە خەریکە ببێت بە تاکە کەرەسەیەک بۆ دیالۆگ و قسەکردن لە وڵاتی ئێمەدا. ئەوە گەنجەکان نین کە توندوتیژن بەڵکو سیاسەتە کە جگە لە توندوتیژی زمانێکی تری پێنییە لەگەڵ ئەو گەنجانەی وڵاتی ئێمەدا بدوێت. دەسەڵاتی کوردی بەرپرسیاری سەرەکییە لە خوڵقاندنی فەزای گرژیی و نائارامیی و نەبوونی ھیچ پلانێکی ڕوون بۆ چارەسەری ئەم دۆخە پشێوەی وڵاتی ئێمە. دەسەڵاتدارانی کوردی بەرپرسیاری یەکەم و ئاخیری ئەم ئابڵوقە حیزبیەن بەسەر زانکۆکان و ئەو گەمارۆدانە سەربازییانەن کە بەسەر شارەکانی کوردستانەوە دروستیانکردووە. دەسەڵاتداران بەرپرسیاری ئەو بنبەستییە سیاسییەن کە نیشتیمانی ئێمە چەقی تێدا بەستووە. ئەوان بەرپرسیاری سیاسی و ئەخلاقی ئەم دۆخەن کە دروستبووە

ئێمە ھەموو دەزانین، گەر ئەم مەنگییە سیاسییە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بۆگەن دەکات. ھەموو بۆگەنکردنێکیش مانای مردنی ھەموو ئەوانەیە کە تیای دەژین

ئێمە پێیاندەڵێین

گەر ئێوە دەتانەوێت ئێمەش لەم زەلکاوە مەلەبکەین، ئێمە نامانەوێت مەلەبکەین

گەر ئێوە دەتانەوێت ئاوی ئەم زەلکاوە بخۆینەوە، ئێمە نامانەوێت بیخۆینەوە

گەر ئێوە وامان پیشانبدەن کە جگە لەم گۆمەمەنگەی ئێوە شوێنێکی تر نییە بۆ ژیان، ئەوا ئێمەش پێتان دەڵێین ئەمە درۆیەکی گەورەیە

ئێمە دەمانەوێت وڵاتەکەمان ببێت بە دەریایەک جێگای ھەموومانی تێدابێتەوە، جێگای ھەموو جۆرە بیروبۆچون و جیاوازییەکی تیادابێتەوە، جێگای ھەموو دەنگوڕەنگێکی تیادابێتەوە

ئێوە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە جەنگاوەرترین کەس بۆ ژیان ئەوانەن کە نرخی ئاشتیی دەزانن، نەک شەڕ. شەڕی ئێمە بۆ ئاشتییەکی بەردەوامە لەم کۆمەڵگایەدا، ئاشتییەک کە ھیچ ھێزێکی سیاسی نەتوانێت بەتەنھا بۆمان ئیملابکات. ئێمە دەزانین کە ئێوە چەندە ئاشتی ترسناکتان دروستکرد، چەندە پەیمانتان داینێ کە جارێکی تر شەڕناکەنەوە. بەڵێ ئێوە چیدی شەڕ ناکەنەوە، لەگەڵ یەکتر شەڕ ناکەنەوە، چونکی ھیچ شتێک نەماوە شەڕی لەسەر بکەن، ھەموو شتێکتان لەنێوان خۆتاندا دابەشکرد، بەڵام ئەمڕۆ شەڕێکی ناشیرین و ناھاوتاتان دژ بە گەنجانی ئەم کۆمەڵگایە بەرپاکردووە، جەنگێکی ئاشکرانەکراوتان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ھەڵگیرساندووە

ئێوە شەڕمان پێدەفرۆشن و ئێمەش لێتان ناکڕین، چونکی ھەر ھاونیشتیمانییەکی ھوشیار بە تەنگ دواڕۆژی ئەم وڵاتەوە بێت، بیر لە جەنگ ناکاتەوە. ئەوە ئێوەن جەنگتان دەوێت، چونکی نە ئینسانەکانی ئەم وڵاتەتان خۆشدەوێت و نە لەخەمی دواڕۆژیشیدان

بەڕێزان، ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی کوردستان، ھیچی دروستنەکردبێت، کولتوورێکی نوێی ململانێی سیاسی و مەدەنی لە وڵاتی ئێمەدا دروستکردووە کە جێگای ستاییشە، چونکی تاوەکو ئەمڕۆ ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت بەڕێگای ناتوندوتیژیی گۆڕانکاریی لە سیستەمی فەرمانڕەوایی لە کوردستاندا دروستبکات، ئەمەش مافی شەرعی ھەموو تاکێکی ئەم نیشتیمانەیە کە خوازیاری دروستکردنی جیھانێکە دوور لە چەک و دوور لە زەبروزەنگ و کوشتن و ترساندن

ئێمە لە سەرای ئازادی ئەو مرۆڤە ئازادانەین کە دەمانەوێت کۆتایی بێت بەم کولتوورەی سیاسەت کە بەعس دروستیکرد و ئێوەش درێژەتان پێدا، دەمانەوێت ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ ماڵی یەک بە یەکەی ھاونیشتیمانیانی ئەم وڵاتە و مانا ڕاستەقینەکانی سیاسەت بگەڕێنینەوە بۆ فەرمانڕەوایەتی، کە بە پلەی یەکەم بریتییە لە بوونی ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و پلورالیزمێکی سیاسی ڕاستەقینە لە وڵاتی ئێمەدا. نەک ئەو جەنگە شاراوە و ئاشکرایانەی ئێوە کە ساڵانێکە وەکو ئاشتی بە خەڵکی دەفرۆشنەوە و نەک ئەو پلورالیزمە دووقۆڵییەی ئێوە کە لە دوو کەس زیاتر جێگای کەسی تری تێدا نابێتەوە

ئێمە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانین. ئەم ئۆپۆزیسیۆنەش ماڵی ھەموومانە، زمانحاڵی ھەموومانە و تەعبیرکەری ڕاستەقینەی خواستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی ھەموومانە. ھی گەنجان و ھی ژنان و مناڵ و پیر و کەمئەدامان. ھی ڕۆشنبیرانی عەلمانی و مامۆستایانی ئایینییە و ھی کۆمۆنیست و کوردپەروەرەکانە، ھی پێشمەرگەدێرینەکانتانە، ھی ھەموو ئەوانەیە کە لە سیاسەتی ئێوە ناڕازین

ئێمە لەم سەرای ئازادییەدا خۆمان بە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان دەزانین، چونکی چیدی نە پەرلەمانە کارتۆنییەکەتان بە دەسەڵاتی گەل دەزانین و نە حکومەتە حیزبییەکەشتان بە حکومەتی نیشتیمانی دەزانین و نە دیموکراسییەکەشتان بە دیموکراسیی لێدەکڕین و نە شەڕەکانیشتان بۆ مانەوە لە دەسەڵات وەکو ئاشتی تەماشادەکەین

ئەم سەرایەش ماڵی ھەموو ئەوانەیە کە دەیانەوێت سبەینێ ئەم وڵاتەی ئێمە لەلایەن پەرلەمانێکی ڕاستەقینە و حکومەتێکی ڕاستەقینەوە بەڕێوەببرێت

ئێمە لە ئێوە ناڕازین، دەشزانین کە ئێوەش لە ئێمە ناڕازین، بەڵام جیاوازییەکی جەوھەری لەنێوانماندا ھەیە، ئەویش ئەوەیە: ئێمە ئاشتیمان بۆ نیشتیمانەکەمان دەوێت، ئێوەش جەنگ. ئێمە ژیانمان خۆشدەوێت، ئێوەش مردن

No comments:

Post a Comment