Saturday, 16 April 2011

جەماوەر‌و شۆڕش

ئاراس فەتاح


ئەزموونی دەسەڵات بەتەنها ئەزموون نییە له‌گەڵ هێزدا، بەڵکو ئەزموونیشە له‌گەڵ بێهێزیی. له‌ڕاستیدا دەکرێت دەسەڵات ئەزموونی دوو حاڵەتی مەترسیدار بکات. یەکەمیان بێهێزیی سەربازییە‌و دووەمیشیان بێهێزیی شەرعییەتی سیاسییە. ترسناکترین دۆخ بۆ هەموو دەسەڵاتێک بریتییە له‌بێهێزیی‌و نەمانی شەرعییەتە سیاسییەکەی لای زۆرینەی خەڵک. پرسی شەرعییەت لای هەموو دەسەڵاتێک له‌و کاتەوە دەستپێدەکات کە له‌پرۆسەی ململانێی له‌گەڵ "خەڵک"دا شتێکی تر دروستدەبێت کە رەهەندێکی سیاسی وەردەگرێت، ئەویش "جەماوەر"ە. جەماوەر خەڵکێکی توڕەی ناو رووبەری گشتین‌و کۆمەڵێکی بێئومێد‌و بێئامانن له‌ڕووی سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەوە. جەماوەر پێکهاتێکی نوێی کۆمەڵایەتی‌و سیاسییە کە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە‌و دەیەوێت پێیبگات. کەرەسەی گەیشتن بەم ئامانجەش دەشێت بە رێگای ئاشتییانە بێت یانیش له‌ڕێگای شۆڕشەوە بێت. له‌ئێستای کوردستاندا ئامانجەکان ئەو رێگایەن کە خەڵک پیایدا دەڕۆن، ئەم ئامانجانەش کاتێک بوون بە خواستێکی جەماوەریی، مانا‌و رەهەندێکی سیاسیی وەردەگرن.

هەموو دەسەڵاتێک ئەزموونی جەماوەر دەکات، چ دەسەڵاتی دیکتاتۆری بێت یان دیموکراسی. هەموو ئەزموونێکی دەسەڵاتی دیکتاتۆری له‌گەڵ جەماوەری دژ بە دەسەڵاتدا ئەزموونێکی توندوتیژانەیە. ئەزموونی دەسەڵاتێکە کە جگە له‌خۆی کەسی تر بە نوێنەری جەماوەر نازانێت. له‌ڕاستیدا جەماوەر بۆ ئەو جگە له‌وەی کە خۆی وێنایدەکات، شتێکی تر نییە. ئەو دەتوانێت جەماوەر دروستبکات، چەپڵەی پێلێبدات‌و بیگرێنێت‌و وایلێبکات هەڵپەڕێ‌و پێبکەنێ‌و کەی ویستیشی بینێرێت بۆ جەنگ‌و کەی ترسیشی لێبوو هاوسۆزی له‌گەڵدا نیشانبدات. له‌جەوهەردا جەماوەر پێکهاتێکی بێدەسەڵات نییە بەدەست دەسەڵاتەوە، بەڵکو دەشتوانێت ببێت بە خاوەنی هێز‌و خودی دەسەڵات بێهێز بکات یان له‌هێزی بخات. بۆنموونە له‌کاتی شۆڕشدا، جەماوەر بەهێزترین وێنەی خۆی نماییشدەکات. "جەماوەر"یش وەکو تەنێکی سیاسی‌و وەکو هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تر دەبێت لێیتێبگەین.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین جەماوەر پێکهاتێکی ناستروکتورییە. بەمانایەکی تر پێکهاتێکی ناشێلگیرە، واتە تەنێکە نە فۆڕمێکی چەسپاو‌و نە ناوکێکی بەردەوام‌و دیاریکراوی هەیە. ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە له‌ڕووە فینۆمینۆلۆژییەکەیەوە وەکو شله‌مەنییەکی گەرم وایە، کە دروستدەبێت، نە بە ئاسانی سارد دەکرێتەوە‌و نە بە ئاسانیش کریستاڵیزە دەبێت. جەماوەر کەرەسەیەکی نابلورییە(Amorph)‌و بەئاسانی له‌قاڵبنادرێت‌و بە ئاسانیش رێچکەکەی دیاریناکرێت. هەر کاتێکیش جەماوەر رێچکەیەکی گرت، دەتوانێت هەموو ئەو شتانەی له‌بەردەمیدایە بەلێشاو له‌گەڵ خۆیدا بیبات‌و له‌کۆتاییدا له‌شوێنێکدا کۆبێتەوە‌و وەکو بورکان قوڵپ بدات. هەردوو ماڵی پارتی‌و یەکێتی له‌ناو ئەزموونی دەسەڵاتدارێتییەکەیاندا، شله‌مەنییەکی گەرمیان دروستکرد کە چیدی نە بۆیان له‌قاڵبدەدرێت‌و نەدەشتوانن ساردیبکەنەوە. ئەم جەماوەرە شله‌یەکی گەرمە، نە بە ئاگر کۆنترۆڵ دەکرێت‌و نە بە تەقە سارددەکرێتەوە. ئەم جەماوەرە بۆیە پێکهاتێکی نابلورییە، چونکی گەر گڕی تێبەردەیت کڵپەی زیاتر دەگرێت‌و گەر ئاویشی پێداکەیت دەبێت بە هەڵم. جەماوەر کۆنترۆڵ ناکرێت، نەک له‌بەرئەوەی ئامادەنییە گوێبگرێت، بەڵکو له‌بەرئەوەی ماندووبووە له‌گوێگرتن، ماندووبووە له‌قسەکردن‌و له‌گوێنەبیستی.

ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەی کوردستانیش ماوەی هەشت هەفتەیە، رۆژ له‌دوای رۆژ فۆرمی جەماوەرییبوون له‌خۆیدەگرێت. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە، رادیکاڵە، هەموو ئەگەرەکانی شۆڕشی تێدایە، بەڵام هێشتا نەبووە بە شۆڕش. داواکارییەکانی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە، داواکاریی شۆڕشگێڕانەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دەیەوێت بە فۆڕمێکی ناتوندوتیژانە پێیبگات. له‌ڕاستیدا ئەم بزوتنەوەیە له‌م چرکەساتەدا له‌نێوان بەشۆڕشنەبوون‌و نەڕوخانی دەسەڵاتدا قەتیس ماوە. ئەم بزوتنەوەیە له‌نێوان ململانێی ئاشتییانە‌و داواکاری شۆڕشگێڕانەدا چەقیبەستووە‌و له‌نێوان دژایەتیی دەسەڵاتێکی توندوتیژ‌و لایەنگریی ئۆپۆزیسیۆنێکی ریفۆرمخوازدا هامووشۆدەکات.

ئەم بزوتنەوە نوێیە تا ئەو چرکەساتەی کە بە بزوتنەوەیەکی لۆکاڵیی دەمێنێتەوە، بزوتنەوەیەکی ریفۆرمخوازە. بەم فۆرمە ریفۆرمخوازە رادیکاڵەش دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی له‌ناوچەی سلێمانیدا قەتیسبمێنێت، چونکی هێزی گۆڕانکاریی رادیکالانەی له‌ئاستی کوردستاندا پێنییە‌و ناتوانێت ببێت بە شۆڕشێکی سەرتاسەریی، بەڵام کە ئەم بزوتنەوەیە کەوتە هەولێر‌و ناوچەکانی ترەوە، ئەوکات کاراکتەری شۆڕش وەردەگرێت‌و چیدی له‌ئاستی ریفۆرمدا نامێنێتەوە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی کە هێزی جەماوەریی چەندین جار گەورەتر دەبێت‌و هێزی دەسەڵاتیش چەند قات بچووکتر، بەڵکو له‌بەرئەوەی دەسەڵات خۆی توندوتیژانەتر دەبێت‌و ئاراستەی ئەم بزوتنەوەیە بەو ئاقارەدا دەبات. ئەم بزوتنەوەیە هێشتا شۆڕش نییە، چونکی شۆڕش گۆڕانی لۆکاڵیی نییە له‌ڕووبەری ژیانی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگیماندا، بەڵکو گۆڕانێکە دەچێتە زەمەنی هەموو تاکێک‌و رۆدەچێتە هەموو جێگایەکەوە. شۆڕش دروستکردنی "شوێنکات"ێکی نوێیە بۆ مرۆڤەکان. بەمانایەکی تر گەر باس له‌شۆڕش بکەین، دەبێت باس له‌هەڵگێڕانەوەی کۆی پەیوەندییەکانی زەمەن‌و شوێن‌و پەیوەندییەکانی ناو خودی دەسەڵات بکەین له‌کوردستاندا. ئەم دەسەڵاتدارێتییەش فاشیله‌، بەڵام جورئەتی داننانی بەو فەشاله‌تە پێنییە، فەشاله‌ت بەمانای کۆکردنەوەی جانتاکانیان‌و ماڵئاواییکردنیان له‌و ماڵانەی کە بەناوی گەله‌وە قسەی لێوە دەکەن. بۆیە من وایدەبینم کە ئەم بزوتنەوەیە له‌ئێستادا لۆکاڵییە، بەڵام ئامانجی لۆکاڵییانەی نییە. ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت ببێت بە بزوتنەوەیەکی جەماوەری له‌ئاستی هەموو کوردستاندا، بەڵام هێزی ئەوەی پێنییە. بۆیە گرنگترین کردەی رادیکاڵانە کە تاوەکو ئەم چرکەساتە له‌وڵاتی ئێمەدا پیادەکراوە، بریتییە له‌و فشارە مەدەنییانەیەی کە دەخرێتە سەر دەسەڵات، فشارێک تا ئەو کاتەی ئەم دەسەڵاتە هێزی تەقەکردنی نامێنێت ئامادەبکرێت بۆ ماڵئاواییکردن. چەندە ئەمە شایستەی پیادەکردنە، روون نییە، بەڵام ئەوەش دەزانین کە له‌مێژوودا هیچ نەشیاوێک نییە. وەک پێشتر وتوومە جەوهەری ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانگەرایە، بەڵام سوڵتان چیدەکات کاتێک بەرامبەر بە جەماوەر بە رووتی وەستابێت‌و هەموو هەقیقەتەکانی له‌بەرچاوی میلله‌تدا بێت. من له‌و بڕوایەدا نیم کە سوڵتانەکانی وڵاتی ئێمە بتوانن جارێکی تر خۆیان پەردەپۆشکەنەوە.
ئەوەی راستییە، هەقیقەتەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بەڕووتی له‌بەردەم جەماوەردا وەستاون‌و دەسەڵاتیش خۆی بە رووتیی نابینێت. شۆڕش دۆخێکە کە جەماوەر چیدی توانای بینینی ئەو هەموو هەقیقەتە ناشیرینانەی دەسەڵاتی نامێنێت، له‌کاتێکدا دەسەڵات هەمیشە باس له‌شەرعییەتی شۆڕشگێڕێتی‌و دەستووری‌و پەرله‌مانیی خۆی دەکات.

شۆڕشی توندوتیژ له‌جەوهەردا گەیشتنی سیاسەتە بە بنبەستیی‌و تێنەگشتنی دەسەڵاتە له‌کۆمەڵگا، نەک بە پێچەوانەوە. کاتێک لێکتێگەشتن نەبێت‌و کەناڵێک نەبێت بۆ گفتوگۆکردن له‌گەڵ هێزەکانی ناو کۆمەڵگا، گرژی‌و توندوتیژیی‌و نائارامیی دەبن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ سیاسەت. من وایدەبینم کە پاش تێپەڕبوونی ٥٠ رۆژ بەسەر ململانێی خۆپیشاندەران له‌گەڵ دەسەڵاتدا، هێدی هێدی هیچ زمانێک نامێنێتەوە بۆ گفتوگۆ؛ کاتێکیش زمان نەمێنێت پراکسیس جێگای دەگرێتەوە. ج. ف. کێنەدی سەبارەت بە ململانێ له‌گەڵ دەسەڵاتدا دەڵێت: "ئەوانەی رێگا له‌شۆڕشی ئاشتیخوازانە دەگرن، دەبنە مایەی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی توندوتیژ." ئەم رستەیەی کێنەدی دەشێت له‌هەموو کاتێک زیاتر تەعبیر له‌واقیعی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان بکات. پارتی‌و یەکێتی شۆڕشیان ناوێت دژ بە دەسەڵاتدارێتییەکەیان، بەڵام ئەوەی کە بەم سیاسەتەیان بەرهەمیدەهێنن گۆڕینی ئەم بزوتنەوە ریفۆرمخوازە رادیکاڵه‌یە بۆ شۆڕشێکی توندوتیژ.

No comments:

Post a Comment