Saturday 30 April 2011

چی ماوەتەوە بەرگریی لێبکەین؟

ئاراس فەتاح


یەکێک له‌دەرهاویشتە بنەڕەتییەکانی دیاردەی دیکتاتۆرییەت، بریتییە له‌گۆڕینی وەزیفەی چاودێریی. دیکتاتۆرییەت دەستکاریکردنێکی قووڵی ئەم وەزیفە سیاسییەیە‌و هەڵگێڕانەوەی وەزیفەی چاودێریکردنی کۆمەڵگایە بۆ سیاسەت‌و کردنێتی بە چاودێریکردنی سیاسەت بۆ کۆمەڵگا. واتە چیدی کۆمەڵگا له‌سیاسەت ناپرسێتەوە، بەڵکو تەنها سیاسەت له‌کۆمەڵگا دەپرسێتەوە. ئەمە گەورەترین دەستکاریکردنی وەزیفەی سیاسەتە له‌لایەن دیکتاتۆرەکانەوە، دوائامانجیشیان له‌م کارەدا بریتییە له‌گۆڕینی پەیوەندی نێوان هاونیشتیمانیان‌و دەسەڵات کە یاسا رێکیدەخات بۆ پەیوەندی نێوان سەرباز‌و ژەنەڕاڵ کە تەنها فەرمان‌و گوێڕایەڵیی دیسیپلینی دەکات. دیکتاتۆرییەت بە داڕشتنەوەیەکی هەڕەمییانەی وەزیفەی فەرماندەرکردن‌و فەرمانوەرگرتن دەستپێدەکات. ئەم سیستەمە سەرەتای ونبوونی هەموو رەهەندێکی ئینسانیی پەیوەندی نێوان دەسەڵات‌و ئینسانە، ئاساییبوونی کردەی ئەشکەنجەدان‌و سووتاندن‌و کوشتنە، وەرگرتنی فەرمان‌و جێبەجێکردنە وەکو وەزیفەیەک دوور له‌هەموو بەرپرسیارێتییەک‌و دابڕاو له‌هەموو لێپرسینەوەیەکی ویژدانیی. بیرمان نەچێت فاشیزم‌و بەعسیزم له‌ونبوونی رەهەندی ئەخلاق‌و وێژدانەوە دەستپێدەکات له‌دووتوێی کردە کۆمەڵایەتیی‌و سزادانە سیاسییەکاندا؛ له‌بێدەنگبوونی رۆشنبیران‌و سیاسەتمەدارانەوە دەستپێدەکات بەرامبەر بە سیاسەتی کولتووری سووتاندن‌و توندوتیژیی رووت؛ له‌نەمانی هیچ کێشەیەکی ویژدانیەوە دەستپێدەکات بەرامبەر بە کردەی ئەشکەنجەدان‌و سوکایەتیکردن بە کەرامەتی ئینسان. کاتێک ئەشکەنجەدان دەبێت بە چێژ‌و سوکایەتیپێکردن دەبێت بە کردەیەک کە جەلاد بە بزەوە پیادەیبکات، ئەوسا دەبێت باس له‌سەرهەڵدانی قۆناغی بەتیرۆربوونی سیاسەت بکەین، دەبێت باس له‌لاچوونی دەمامکەکانی فاشیزم بکەین له‌سەر وێنەی سیاسەتمەداران‌و دەبێت باس له‌کۆتایی خودی پڕۆژەی سیاسەت بکەین.
له‌ڕاستیدا هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکان له‌کوشتنی شتی بچووکەوە دەستپێدەکەن، له‌داگیرکردنی بەکاوەخۆی رووبەرە بچووکەکانی ئازادییەکانمانەوە دەستپێدەکەن. ئەم پرۆسەیەش له‌پاشاندا دەبێت بە پرۆسەیەکی ترسناکتر کە له‌کوشتن‌و داگیرکردنی رووبەری ئازادیی کۆی کۆمەڵگا‌و جەستەی تاک‌و گروپەکاندا بەرجەستەدەبێت. دیکتاتۆرەکان له‌پاڵ کولتووری داگیرکردندا کولتووری سووتاندن بەرهەمدەهێنن. ئەم کردەی سووتاندنە، هەندێجار سووتاندنی کتێبەکانە، هەندێجاری تریش له‌سووتاندنی دەزگای راگەیاندنەکانەوە دەستپێدەکات‌و له‌هەموو حاڵەتەکانیشدا بە سووتاندنی ماڵ‌و خودی ئینسانەکان کۆتاییپێدێت. ئەمانە بەتەنها گێڕانەوەی حیکایەت‌و قسە نین، بەڵکو ئەزمونی ئینسانیانەی ئێمەن له‌گەڵ فاشیزمدا. زۆر سەیرە کە ئەزموونی سەرهەڵدانی فاشیزم له‌زۆرینەی وڵاتاندا بە کردەی سووتاندن دەستپێدەکات. هەروەها بڕێکی زۆری ئەزموونی کۆتاییهاتن بە دیکتاتۆرەکانیش هەر بە سووتاندن کۆتاییپێدێت. دیکتاتۆرەکان زۆر کەڕەت سووتاندن دەکەن بە خاڵی وەرچەرخان له‌سیاسەتی خۆیاندا. له‌ئەزموونی(نێرۆ)ی قەیسەری رۆمانییەوە کولتووری سوتاندن دەبێت بە سەرهەڵدانی قۆناغی تیرۆر له‌سیاسەتدا. دیکتاتۆرەکان له‌کاتی هێزدا حەزیان له‌سووتاندنە‌و له‌کاتی بێهێزیشدا رقیان لێیەتی.
سووتاندنی سەکۆی ئازادیی بەر دەرکی سەرا، سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێیە له‌سیاسەتی تیرۆر‌و رۆچوونی سیاسەتمەدارانی ئێمە بۆ ناو کولتووری سووتاندن له‌سیاسەتدا. ئەم قۆناغە قۆناغێکی نوێیە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی سووتاندنی سەکۆی ئازادی، سووتاندنی رەمزییانەی خواستی ئازادیی‌و ئیرادەی گۆڕانە، بەڵکو له‌بەرئەوەی له‌دوای ئەم سووتاندنەوە، کولتووری تیرۆری سیاسیی‌و تیرۆرکردنی ماف‌و بەها رەمزییەکانی ئینسانی ئێمە دەستپێدەکات‌و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسانەکان پێدەنێتە قۆناغێکی ترسناکەوە. ئەم قۆناغەش قۆناغی مردنی سیاسەت‌و جێگرتنەوەیەتی له‌لایەن توندوتیژیی رووتەوە. بۆیە رەهەندێکی گرنگی تری سەرهەڵدانی دیکتاتۆری بریتییە له‌مردنی سیاسەت. مەبەست له‌مردنی سیاسەت بریتییە له‌گۆڕینی وەزیفەی سیاسەت له‌کردەیەکی مەدەنییەوە بۆ کردەیەکی سەربازییانەی رووت. ئەمەی ئێستاش ئێمە له‌کوردستاندا دەیبینین، هەمان پرۆسەی گۆڕینی سیاسەتە له‌پڕۆژەیەکی مەدەنییەوە بۆ پرۆژەیەکی سەربازیی. ئەم کردەیە له‌جەوهەردا چ بۆ ئەو حیزبەی بەم کردەیەی هەڵدەستێت‌و چ بۆ ئەو دەسەڵاتدارێتییەی کە بینایکردووە، خۆکوژییەکی سیاسیی گەورەیە. دیکتاتۆرییەت هەمیشە بە خۆکوژیی حیزبێک له‌دامەزراوەیەکی سیاسییەوە بۆ مەعەسکەرێکی سیاسیی دەستپێدەکات.
کەوتنی سیستەمی فاشیزم، سیاسەتی فێری چەندین پرنسیپی گرنگ کرد‌و وای له‌و کۆمەڵگایانەش کرد دەستوورگەلێک بۆ دەوڵەتەکانیان دابنێن کە رێگریی له‌دووبارە سەرهەڵدانەوەی فاشیزم بکات. کەوتنی فاشیزم فێریکردین کە سیاسەت مانای بێڕێزی نییە بەرامبەر بە ئینسانەکان‌و بڕیاری یەک کەس‌و یەک حیزب نییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەک. بۆ نموونە له‌دەستووری فیدراڵیی ئەڵمانیادا کەرامەتی ئینسان پارێزراوە، چونکه‌ ئەزموونی سیستەمی نازیزم، وەکو ترسناکترین سیستەمی تۆتالیتاری، ئەزموونی بێڕێزییەکی بێهاوتا بوو بەرامبەر بە ئینسانەکان. ئەم بێڕێزییە بەتەنها له‌بەر رای جیاواز‌و ئینتیمای سیاسیی جیاواز نەبوو، بەڵکو درێژیشدەبێتەوە بۆ ناو هەموو جومگەکانی تری ژیان. لێرەوە چەمکی رێز یەکێکە له‌گرنگترین پرنسیپەکانی دیموکراسییەت. چەندە دیکتاتۆرییەت بێڕێزیکردنی بەردەوامی سیاسەتە بەرامبەر بە ئینسانەکان، ئاوهاش دیموکراسیەت پاراستن‌و چاودێریکردنی دەسەڵاتە بۆئەوەی بێڕێزیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان نەکات.
ئێمە دەزانین سیستەمی بەعسیزم سیستەمی بێڕێزییەکی گەورە بوو بەرامبەر بە ئینسانەکان‌و سەندنەوەی هەموو مافێک بوو له‌تاکەکان. بەعسیزم ئەوکاتە توانی دەست بە ئەنفال بکات کە "چەمکی ماف"ی له‌ئینسانی کورد داماڵیی. سیستەمی سیاسی له‌کوردستان دوای کەوتنی بەعسیزم، نەیتوانی هیچ پرنسیپێکی سیاسیی دابنێت تاوەکو ئەم کولتوورەی بەعسیزم تێپەڕێنێت‌و رێگریی له‌دووبارەبوونەوەی بکات. ئەم سیستەمە کوردییە بەهیچ جۆرێک مەبەستی نەبووە ئیش له‌سەر ئەم چەمکی رێزە بکات، نەک له‌بەرئەوەی ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتیان گرتەدەست ئەم راستییەیان له‌بەرچاو نەبووبێت یان سیاسییەکانی کورد خۆیان بێڕێزییان بەرامبەر نەکرابێت، بەڵکو له‌بەرئەوەی له‌جەوهەردا تێگەشتن‌و مامەڵەکردنی سیاسییەکانی ئێمە بۆ چەمکی یاسا درێژکراوەی ئەو کولتوورەیە کە بەعس بۆی بەجێهێشتن. بە مانایەکی تر یاسا له‌جەوهەردا تەنها بۆ شەرعییەتدانە بە کولتووری بێدەنگکردن، ئەشکەنجەدان‌و کوشتن.
دوای سووتاندنی سەرای ئازادی، پرۆژەی سیاسەت له‌کوردستاندا کەوت‌و سەرەتایەکی زۆر ترسناک سەریهەڵدا کە پڕۆژەی تیرۆری سیاسیی‌و داگیرکردنی سەربازییانەی کۆی کۆمەڵگای ئێمەیە. بۆیە ئێمە دەبێت کولتووری بەرگرییکردن گەورەبکەین‌و خەبات بکەین بۆ چەسپاندنی رێز له‌ژیان‌و گێڕانەوەی رێزیش بۆ سیاسەت. ئەمە گرنگە، نەک تەنها له‌بەرئەوەی سیاسەت بێڕێزیکردن نییە بەرامبەر بە ئینسان، بەڵکو له‌بەرئەوەی هەر ئەم سیاسەتی بێڕێزیکردنەیە بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسان کە سەرەنجام زۆرینەی دیکتاتۆرەکان دەباتە بەردەم دادگاکان‌و له‌کۆتاییشدا بە سزای راستەقینەی یاسایی خۆیان دەگەن. ئەو شتانەی کە دەبێت بەرگرییان لێبکەین زۆرن، بەڵام گرنگترینیان بریتییە له‌گێڕانەی رێز بۆ سیاسەت‌و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
پێش چەند رۆژێک حوسنی موبارەک بە بێڕێزیی سیستەماتیکیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان تاوانبارکرا. له‌کوردستانی ئەمڕۆشدا تیرۆر له‌بری سیاسەت کاردەکات، ئەو خاڵانەی کە دەشێت تاوانباران‌و بەرپرسانی کوردی له‌سەر بدرێن بەدادگا، هەمان ئەو خاڵانەن کە دیکتاتۆرەکانی تری له‌سەر دەدرێن بە دادگا. دەشێت کوردستان له‌میسر نەچێت، بەڵام تاوان‌و چارەنووسی دیکتاتۆرەکان له‌یەکدەچن.

No comments:

Post a Comment