Friday 13 May 2011

زمان و سیاسەت

زمان لە سیاسەتدا دەسەڵاتە. بۆئەوەی لەم دەسەڵاتەش تێبگەین، دەبێت لە ڕێزمانی ئەو زمانە بگەین کە دەسەڵاتداران قسەی پێدەکەن. مەبەستم لە ڕێزمان تەنھا ئەو ڕێسایانە نییە کە ھەر زمانێک ھەڵگرێتی و دەبێت قسەکەر ڕەچاوی بکات بۆئەوەی مەبەستەکانی بە گوێگر بگات، بەڵکو مەبەستم لە لایەنە ئێتیکییەکانی زمانی سیاسیشە. لێرەدا قسەم لەوە نییە کە زۆر دەگمەنن ئەو سیاسییە کوردانەی دەتوانن بە کوردییەکی باش قسەبکەن. ئەو زمانەی بڕێکی زۆری سیاسەتمەدارانی کورد پێیدەدوێن تەنھا لەڕووی گراماتیکەوە شەرمێکی گەورە نییە بۆ زمانی کوردی، بەڵکو نەنگییەکی بێھاوتایە بۆ زمانی سیاسی و بێحورمەتییەکی گەورەشە بەرامبەر بە خودی کردەی سیاسەت. سیاسەت بوارێک نییە خاڵی بێت لە ئەخلاق، بەڵکو کایەیەکە پڕ لە مشومڕ و گفتوگۆ لەسەر ئێتیک و ئەخلاق. زمانیش ئەو ڕووبەرەیە کە سیاسەتمەداران تیایدا بە خەڵک دەگەن و خەڵکیش پێیان دەگات.

لە ماوەی ڕابردوودا زمان بوو بەو ڕووبەرەی کە تیایدا خەڵک و سیاسەتمەدارەکانمان بە فۆرم و ناوەڕۆکێکی ترەوە بەیەکگەشتن. لەم بەیەکگەیشتنەدا بەریەککەوتنێکی ترسناک دروستبوو، کە سیاسەت چ لە زمان و چ لە پراکسیسدا جڵەوی خۆی لەدەستدا و ڕۆچووە ناو زەلکاوێک لە بێڕێزی و زەبروزەنگ. لەم شەڕەدا ھیچ مەسافەیەک لەنێوان جەلاد و سیاسەتمەداردا نەما، چونکی زمانی سیاسەت بوو بە زمانی جەلاد و ئەو ڕووبەرەی کە پاساو بۆ ھەموو تاوانێک دەھێنێتەوە. زمانی ئاخاوتنی سیاسیمان بوو بەبارمتە لەنێوان خوێن و تەخویندا. ھاوڵاتیان لەم زمانی ڕاگەیاندنی سیاسیەدا تەنھا ھەڵاوێردی ھەڵبژاردنیان لەنێوان درۆ و توندوتیژیدا پێدرابوو. زمانی کوردی لەژێر ئەم دەسەڵاتدارێتییەدا وەکو کاڵایەکی ھرزانفرۆش لە ئابووری ڕاگەیاندندا ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا کرا. چەندە نەوتی کوردی لە بازاڕی ناوچەییدا ھەرزانفرۆشدەکرێت، ئاوھاش سیاسەتمەدارانی ئەم دوو حیزبە زمانی سیاسییان لە بازاڕی نەتەوەییدا ھەرزانگۆ کرد. وەزیر و بەرپرسە حیزبییەکان تەنھا ڕووە دزێوەکانی خۆیان لە سیاسەتکردندا دەرنەخست، بەڵکو لەگەڵ ئەویشدا زمانێکیان داھێنا کە لە مێژووی زمانی کوردیدا کەموێنەیە و لە مێژووی زمانی سیاسیشدا دانسقەیە. ئەم دەسەڵاتدارێتییە تەنھا نەبووەتە ئەزموونکردنی زمانێکی بازاڕییانە، بەڵکو ئەوەی ترسناکە وونبوونی ھەموو ڕەھەندە ئێتیکییەکانی خودی سیاسەتە لە زمانی ئەم سیاسەتمەدارانە و گەیشتنێتی بە داوەشانێکی ئەخلاقیی سیاسیی گەورە. 

ئەم وڵاتەی ئێمە بازاڕێکی گەورەی بێسەروبەرە کە نە گراماتیکی ئیداری ھەیە و نە سیاسی و نە ئەخلاقیش. ئەم وڵاتە لەڕووی زمانیشەوە بووە بە بازاڕێکی گەورەی شکاندن و جنێوفرۆشتن کە تیایدا جێگای سەرەتاییترین ئەخلاقی زمانی سیاسیی نەماوەتەوە. لە زمانی سیاسیی کوردیدا کاتێک سیاسەتمەدارەکان دەڵێن "ئەمەمان قبوڵ نییە"، لە جەوھەردا پێماندەڵێن: ئەوەی بە چەشنێکی تر بیردەکاتەوە "ھینی خوارد". یان کاتێک سیاسەتمەدارێک پێماندەڵێت "دەستی ئەوانە دەبڕینەوە کە پەلامارماندەدەن"، مەبەستی ئەوەیە پێمان بڵێت: ئەم وڵاتە جگە لە ئێمە "پیاو"ی تری تێدا نییە، ھەر کەسێکیش جورئەرتی نیشاندا، "حەسیرمەیدانێکی باشی دەکەین"، کاتێکیش ھاوڵاتیان ئەشکەنجەدران، پێیان وتین "ئەمانە کێشەی شەخسین". ھەر کە سیاسەتمەدارێکی بیانییش دەبینن، دەبن بە دیموکراتترین ئەکتەری سیاسی و حیزبەکەشیان دەکەن بە فریشتەی شەرعیی ناو ڕووبەری سیاسەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئاشکرایە کە زمانی سیستەمە دیکتاتۆرەکان بەرامبەر بە نەیارە سیاسییەکان یەک ڕێزمانی ھەیە، ئەویش بەپیرۆزکردنی زەبروزەنگ و پیادەکردنی بێچەندوچوونی فرمانە. عەلی حەسەن مەجید لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٧دا فرمانێکی بۆ ھێزەکانی ئەمن و ئیستیخبارات دەرکرد، تیایدا ھاتبوو ھەر کەسێکیان لەناوچە قەدەغەکراوەکاندا دەستگیرکرد، "دەستی لێنەپارێزن" و "تەقەی لێبکەن". لە مانگی ١٢ی ١٩٨٧دا ھەندێ لایەن لەسەر ئەم فرمانە پرسیاریان لێکردبوو، ئەویش لەوەڵامدا جەغتیکردبووەوە کە "پێویست ناکات سەرمان بەم پرسیارانەوە قاڵبکەن... وشەکان خۆیان ئاشکران و پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوەی دەسەڵاتێکی باڵاتر نییە". ٢٢ ساڵ پاش ئەنفال لە گراماتیکی سیاسی کوردیشدا ھەمان لۆژیک دەبینیەوەو "وەزیری پێشمەرگە" بەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە پێماندەڵێت کە ئەو بە ھێزە چەکدارەکانی ووتووە دەسەڵاتی تەقەکردن و کوشتنی ھەر کەسێکیان ھەیە سەرپێچیبکات. ئەوەشی لەم لەشکرکێشی و گەمارۆ سەربازییەش دەترسێت "دەک زراوی چێت"! دێواندنی دوژمن یەکێکە لە ھونەرەکانی تری درۆ و توندوتیژی لە زماندا، بۆیە ناونانی ھێزێکی سیاسی بە "تێکدەر و ناشارستانی" سەرەتای پرۆژەی لەناوبردنە. لەڕاستیدا من ھیچ چاوەروانییەکم لە سیاسییەکانی ئەم سیستەمە حیزبییە نییە، چونکە ساڵۆنەکەیان پڕێتی لەم شێوە سیاسەتمەدارانە کە زمانیان بۆنی بێباکی و جەنگی لێدێت، بەڵکو دڵم بەو مناڵە خۆش بوو کە پاش درۆگەورەکەی وەزیر لەسەر مەسەلەی دەبابەکان لەسەر کاغەزێک دروشمێکی لە سەرا بەرزکردبووە: "وەڵلا دەبابە بوو، وەڵلا دەبابە بوو!"

کەم نین ژمارەی ئەو سیاسییانەی کە دیبلۆماسییەت بە درۆزانیی تێگەشتوون. بەڵام کێشەی سیاسەتکردن لە وڵاتی ئێمەدا بەوە نەماوەتەوە کە سیاسەت بووە بە درۆزانیی، بەڵکو لەڕاستیدا کێشەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ سیاسەت بووە بە درۆکردنێکی ڕووت و گۆڕینی بۆ ڕاستی. دەشێت یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرنەکەوتنی پڕۆژەی دروسکردنی حکومەتی یەکگرتووی کوردی بریتی بێت لە درۆ، چونکی ئەم دووحیزبە باڵادەستە لە شەڕی سیاسی و چەکداریی ساڵانەی دژ بەیەکتر، ھێندە درۆیان لەگەڵ یەکدی کرد تا بڕوایان بەیەکتر نەما. ئەمڕۆش لەم شەڕەیاندا دژ بە کۆمەڵگا کەس بڕوا و متمانەی پێیان نەماوە. درۆ جگە لە ھەڵگێڕانەوەی ڕاستییەکان شتێکی تر نییە. بێگومان ئینسان بۆئەوەی ڕاستییەکانی لێ ووننەبێت، پێویستی بە دەستنیشانکردنی درۆ ھەیە، بەڵام درۆ لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا بۆ ئەوە نییە ڕاستییەکان وونبکات، بەڵکو بۆئەوەیە لەبری ھەقیقەت ئیشبکات. درۆھەڵبەستنی نازییەکان لەسەر جوولەکە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان نەبوو، بەڵکو بۆ بەیانکردنی ھەقیقەتی سیاسەتی لەناوبردنی جووەکان بوو

ھونەری سیاسەتکردن لە وڵاتی ئێمەدا چیدی درۆزانیی دیپلوماسیی نییە، بەڵکو درۆزنیی و زمانپیسییە. کوردستان لەڕووی سیاسییەوە یەکێکە لە وڵاتە ناشرینەکانی ئەم دونیایە، چونکی درۆکردن وەکو بابەتی گەندەڵیی بووە بە دۆخێکی ئاسایی و ھیچ یاسایەک لێیانناپرسێتەوە و ھیچ سیاسەتمەدارێکیش لەسەریان دادگاییناکرێت

ئەم جەنگەی کۆمەڵگای ئێمە، جەنگی نێوان ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و درۆ سیاسییەکانە. جەنگی نوخبەیەکە کە سیستەمێکی سیاسیی لەسەر بناغەی درۆ و ساختە دروستکردووە و بە زەبری ھێز و توندوتیژیی دەیەوێت ئەو ھەقیقەتە ناشیرینانەی خۆی بشارێتەوە. ئەم شەڕە، شەڕی نوخبەی دوو حیزبە دژ بەو ھێزە کۆمەڵایەتییانەی کوردستان کە کۆمەڵگایەکی سیاسیی مەدەنییان دەوێت. لە ڕاستیدا ئەم شەڕەی ئەمڕۆ، شەڕێکی ناوخۆیی بەخستنەبرییە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری ئەوەی لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا ڕووبدات، لەسەر پشتی خەڵکە مەدەنییە ناڕازییەکەی کوردستاندا پیادەدەکرێت. لەم جەنگەدا دەسەڵات بەکۆی ھێزە سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆنەکان دەڵێت: ئێوە زمان و شەقامتان ھەیە، ئێمەش شەق و چەک و جنێو، گەر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێوەش ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان نیشاندەدەن ئەوا ئێمە درۆ سیاسییەکان دەکەین بە ھەقیقەت.

No comments:

Post a Comment