Thursday 2 June 2011

کاتێک شۆڕش منداڵەکانی خۆی دەخوات

ژمارەی ئەو نووسینانەی لەسەر کوشتنی منداڵ بەدەستی باوک هەیە، گەلێک زۆرە. ئەم بابەتە بووە بە هه‌وێنی گەلێک مشتومڕی سیاسی‌و سایکۆلۆژی‌و ئەنترۆپۆلۆژی‌و بەرهه‌می ھونەریی. ئەوانەی شارەزای بواری ھونەرن‌و بەتایبەت کارەکانی «فرانسیسکۆ دی گۆیا»، لەگەڵ بیستنی بابەتی کوشتنی منداڵ بەدەست باوکدا، ڕاستەوخۆ تابلۆی «ساتورن»یان بیردەکەوێتەوە. لەم تابلۆیەدا «ساتورن» قەپاڵ بە سەری کوڕەکەیدا دەکات‌و بێبەزەییانە خەریکی خواردن‌و لووشدانێتی. بەپێی ئەو باسەی دەربارەی ئەم بابەتە ئەفسانەییە هه‌یە، «ساتورن» خودای کشوکاڵ بووە. یەکێک لە ڕاڤەکردنەکان باس لەوە دەکات کە «ساتورن» کوڕی خودای زەوی دایک «تیلوس»و خودای ئاسمانی باوک «کایلوس» بووە. بەپێی ئەو چیرۆکە «ساتورن» لەڕێگای خەساندنی باوکییەوە دەگاتە دەسەڵات‌و دەبێت بە سیمبۆلی سەدەی زێڕینی سەردەمی خۆی. پاش ئەوەی پێشبینی ئەوە دەکرێت کە خۆشی هه‌مان چارەنووسی باوکی دەبێت‌و بەدەستی یەکێک لە کوڕەکانی لە دەسەڵات لادەبردرێت، هه‌ڵدەستێت بە کوشتنی منداڵەکانی خۆی لەڕێگای خواردنیانەوە. لەو ڕۆژەوە «ساتورن» دەبێت بە سیمبۆڵی ئەو باوکە ئەژدیھایەی کە منداڵەکانی خۆی دەخوات‌و نموونەیەک بۆ بێبەزەیی‌و دڕندەیی دەسەڵاتێکی ستەمگەر.

دیارە کاری ھونەریی لەسەر ئەم ئەفسانەیە زۆرە، بۆ نموونە «پیتەر پاولۆس رۆبینس» لە سەردەمی بارۆکدا تابلۆی «ساتورن»مان بۆ دەکێشێت کە چۆن قەپ لە سنگی منداڵەکەی خۆی دەدات‌و خەرکی خواردنێتی؛ بەڵام بەناوبانگترین کار لە مێژووی ھونەردا تابلۆکەی «گۆیا»یە کە وێنەیەکی ترسناکی ئەو ڕووداوەمان بۆدەکێشێت. لە تابلۆکەی گۆیادا «ساتورن» جەستەی مرۆڤێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەحشێکەو پەلەماری جەستەیەکی مرۆیی دەدات، چاوەکانی پڕن لە ڕق‌و بیبیلە دەرپۆقیوەکانیشی ھێمان بۆ هه‌ڵپەیەکی شێتانەی لووشدان‌و شێوازی بزاوتەکەشی وێنای حەزێکی قووڵە بۆ لەناوبردن. تابلۆکە پانۆرۆمای ترسە، وێنەی «ساتورن»مان نیشاندەدات لەکاتێکدا لەشی منداڵەکەی بەچنگیەوەیەتی‌و کەللەسەرە خوێناوییەکەیشی لەناو دەمە گەورەکەیدا نقومبووەو خەریکە لەجەستەی جودادەبێتەوە. ئەم چیرۆکە وەحشەتناکە سیناریۆی جەنگێکە لەنێوان کەسێک کە شەڕانگیزەو کەسێکی تر کە ھیچ بەرگرییەک بەرامبەر بە چارەنووسی خۆی نیشاننادات. هه‌موو بینەرێک هەستدەکات کە دوای قوربانییەکەی دەستی «ساتورن» نۆبەتی خۆشی دێت، هەستدەکات کە ئەم کردەیە پرۆسەیەکی تەواونەبووەو ھێشتاش کۆتایی پێنەھاتووە.
لە مێژووی میللەتاندا نموونەی گەلێک شۆڕش هه‌یە کە بەیانی ئەم ئەفسانەیەمان بۆ دەکات‌و پێماندەڵێت ئەم حیکایەتە کۆتایی پێنەھاتووەو ھێشتا زیندووە. گەلێک شۆڕشی سەرکەوتوو هه‌یە کە پاشان دەبێت بە نەفرەت بۆ منداڵەکانی نیشتیمان. نموونەی باوکە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ زۆرن کە دەکەونە گیانی منداڵەکانی ئەمڕۆی خۆیان. ئەم ئەزموونانە چیرۆکی ئەو ترسەمان بۆ دەگێڕنەوە کە ستەمکاران بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆیان هه‌یانە. ئەفسانەی ترس لە لەدەستدانی دەسەڵات لای ستەمگەران ناکۆتایە. ئەو ترسە، ترسی ئەبەدیی باوکە سیاسییەکانە لە منداڵەکانیان کە ڕۆژێک دابێت جێگایان بگرنەوە. جەنگی نێوان باوکان‌و منداڵەکانیان بەردەوامە، ئەم شەڕە تاوەکو ئەمڕۆش کۆتایی نەهاتووە. جیاوازییەکە لەگەڵ سەردەمی کۆندا ئەوەیە کە لەمڕۆدا مەرج نییە دەسەڵاتداران ترسیان لە خودی منداڵەکانی خۆیان هه‌بێت، بەڵام ترسێکی گەورەیان لەو منداڵانەی کۆمەڵگا هه‌یە کە خەونی تر دەبینن، ئەو منداڵانەی کە لە گۆشت‌و ئێسکی ئەوان نین، بەڵام بە زمانی ئەوان قسەدەکەن‌و لە سەر یەک خاک دەژین، هه‌مان ئاو دەخۆنەوەو هه‌مان هه‌واش هه‌ڵدەمژن. ئەم باوکە سیاسییانەی سەردەمی مۆدێرنەو قۆناغی «پاش شۆڕشگێڕێتی» لە منداڵەکانی خۆیان ناترسن، بەپێچەوانەوە، ئەوان کوڕو کچەکانی خۆیان لەهه‌موو ڕۆڵەکانی میللەتەکەیان خۆشتردەوێت. ئەوان منداڵەکانیان دەخەنە ناو بازنەی تەسکی دەسەڵاتەوە، هه‌موو دەسەڵاتێکی مادی‌و مەعنەوییان پێدەبەخشن‌و دەیانکەن بە تاکە پشتوپەناو پارێزەری خۆیان؛ هه‌موو هه‌وڵێک دەدەن تاوەکو کۆمەڵگا منداڵی وا بەرهەمنەهێنێت کە ترسی ئەوەیان هەبێت دەسەڵاتی خۆیان‌و خێزانەکانیان بخەنە مەترسییەوە. ئەم شۆڕشگێڕە دێرینانە «ساتورن»ی مۆدێرنی ئەم سەردەمەمانن، ئەو باوکە «پۆست شۆڕشگێڕانەن» کە منداڵەکانی کۆمەڵگای خۆیان دەخۆن، چونکی هه‌مان ئەو ترسە ئەبەدییەی «ساتورن»ی ناو ئەفسانەکەیان هه‌یە بەرامبەر بە لەدەستدانی دەسەڵات.
پەیوەندی نێوان ئەفسانەو دەسەڵات لە زۆر شوێن‌و زەمەندا ھاوشێوەن. چەندە ئەفسانەکان لە وێنەی حیکایەتێکی دێرین‌و ناواقیعی لێمانەوە دوورن، ھێندەش دەسەڵاتی ئەفسانەیی لە وێنەی توندوتیژیی‌و جەنگ لێمانەوە نزیکە. بەشێوەیەکی گشتی دەسەڵاتداران وێنایەکی ئەفسانەییان لەسەر دەسەڵاتی خۆیان هه‌یە، کەمن ئەو دەسەڵاتدارانەی کە واقیعییانە تەماشای دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. دەسەڵات کاتێک دەبێت بە مەترسیی کە خۆی بکات بە ئەفسانەو دۆخێکی پیرۆز‌و ئەبەدیی. ئەوەی دەسەڵاتدارانی ستەمگەر دەیبینن واقیع نییە، بەڵکو ئەو ئەفسانەیەیە کە لەسەر خۆیان دروستیدەکەن. بۆیە سیستەمی ستەمگەر هه‌میشە لە دۆخێکی بەدمەستیی ناو کایەی دەسەڵاتدا دەژی. بەدمەستیی دەسەڵات گەیشتنی دەسەڵاتە بە دۆخێکی ئەفسانەیی‌و حاڵەتێکی ناواقیعیی.
تابلۆکەی گۆیای ھونەرمەند بەدیوێکدا گێڕانەوەی حیکایەتی شۆڕشی کوردیشە لەگەڵ نەوەکانی خۆیدا. بێگومان لە یادەوەریی نەتەوەییماندا ئەفسانەی زوحاکمان هه‌یە کە دەشێت ھێمایەکی کوردییانە بێت بۆ پەیوەندی نێوان ستەمگەر‌و خواردنی منداڵ. بەڵام مێژووی ئەمڕۆی ئەم شۆڕشە نوێیەمان گێڕانەوەی حیکایەتی تەمێکردن‌و کوشتنی منداڵەکانی کوردە بەدەست باوکە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ؛ چیرۆکی بەئەفسانەییبوونی دەسەڵاتی کوردییە، ئەو دەسەڵاتەی کە لە دوای حەڤدەی مانگەوە دەستی کرد بە خواردنی منداڵەکانی خۆی. خواردنی منداڵەکانی کۆمەڵگا کاتێک دەستپێدەکات کە دەسەڵات ترسی کوشتنی باوکی تێدا دروستدەبێتەوە. ئەم ترسەی سوڵتانە کوردییەکانیش بەبەرجەستەکراوی لەکاتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی دوای حەڤدەی مانگەوە، مێژووی خۆی، وەکو مێژووی کوشتنی «ساتورن» لەگەڵ منداڵەکانی، دەنووسێتەوە. ئەمە دووبارەبوونەوەیەکی دراماتیکیی پەیوەندی نێوان باوک‌و منداڵە، دووبارەنووسینەوەی حیکایەتی دەسەڵات‌و ترسە‌و گەڕانەوەی ئەژدیھایە بۆ ناو سیاسەت.
لە جەوهه‌ردا پەیامی ئەمجارەی منداڵە ناڕەزاکانی کۆمەڵگای کوردستان بۆ باوکە سیاسییەکانیان بریتیبوو لەوەی کە ئەوان چیدی بەکەڵکی باوکایەتی نایەن، نەک لەبەرئەوەی پیرن‌و کەڵکی سەرکردایەتییان نەماوە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لەبەرئەوەی دادپەروەر نین‌و ستەمگەرن. ئەم باوکانە وەکو هه‌موو باوکە بەئەفسانەبووەکانی دەسەڵات هه‌ڵپەو پەلەیان بوو لە خواردنی مناڵەکانیاندا، ترسی ئەوەیان هه‌بوو پێشبینییەکانیان وەکو «ساتورن» ببێت بە واقیع‌و زارۆکەکانیان گەورەببن‌و مردنی خۆیان لەسەردەستیان ببینن. تایبەتمەندێتیی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردی ئەوەیە کە باوکە سیاسییەکانی کورد نە کوڕەکانی خۆیان دەکوژن‌و نە کچەکانی خۆشیان دەخۆن، بەڵکو منداڵانی کۆمەڵگا بێویژدانانە دەکوژن‌و دەخۆن. لەڕاستیدا منداڵەکانی کۆمەڵگای کوردستان نەگەشتبوونە ئەو قۆناغەی داوای کوشتنی باوکە ستەمگەرەکانیان بکەن، بەڵکو داوای دادپەروەری‌و وازھێنان لە زەبروزەنگ‌و کۆتاییھێنان بە کولتووری کوشتنیان دەکرد. بۆیە پێدەچێت کوشتن‌و دەسەڵات لە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردیشدا درێژکراوەی ئەفسانەی ترسی ساتوریینانەی دەسەڵاتداران بێت لە لەدەستدانی دەسەڵات. ستەمی زوحاک ئەفسانە بوو، بەڵام نەورۆزی ئەمساڵ هه‌قیقەتی ستەمگەرایی دەسەڵاتدارێتی بەئەفسانەبووی حیزبی کوردیی نیشانداین. هه‌قیقەتی ئەو شۆڕشەی کە مناڵەکانی خۆی دەخوات.

No comments:

Post a Comment