Thursday 2 June 2011

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەکو بەرگریکەر لە ئازادی ستەمکردن

لە ھەر شوێنێک درۆ بەھەشتی خۆی دۆزییەوە، ئەو وڵاتە دەبێت بە جەھەنەمی ھەقیقەت. کوردستان خەریکە ببێت بە بەھەشتی درۆکردنی سیاسییەکان و ھەڵگێڕانەوەی ھەقیقەتەکان لەلایەن میدیاکانیانەوە. لەم ساتەوەختەدا، پاش ئەو ھەموو تاوانە سیاسی و پێشێلکارییە یاساییانەی دژ بە خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان کرا و دەکرێت، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ھەڵدەستێت بە وەرگرتنی ڕۆڵی پاسەوانی تاوانبارەکان و پاساوکەری تاوانەکانیان

ھەقیقەتەکان ھیچ کاتێک دژایەتی یەکتر ناکەن. راستی و دروستی ئەو ڕاپۆرتەی(ھیومەن رایتس ۆچ) لەسەر بناغەی ھەقیقەتی ستەمی سیاسی و بریندارکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا دارێژراوە. چەندە ھەقیقەتەکان دژایەتی یەکتری ناکەن ئاوھاش دەشێت درۆکان دۆستی یەکتربن. درۆکانی دەسەڵات و ڕاگەیاندەکەی سەندیکاش بەھەمان شێوە تەواوکەری یەکترن. سەندیکایەکی لەم جۆرە نە دەتوانێت چاودێریکەری ھەقیقەتەکانی کۆمەڵگا بێت و نە دەشتوانێت ببێت بە ئاشکراکەری تاوانە سیاسییەکان، ھەر ئەمەشە وادەکات کە نەتوانێت ببێت بە بەرگریکەر لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان

ئەو پرسیارانەی لێرەدا ڕوبەڕومان دەبنەوە ئەمانەن: بۆچی بەیاننامەکەی سەندیکا بەو شێوەیە دژایەتی ئەو ھەقیقەتانە دەکات کە لە راپۆرتەکی (هیومەن رایتس ۆچ) و راپۆرتەکانی پێش ئەوییشدا ھاتوون؟ ئایا ئەو تیرۆرە سیاسی و سایکۆلۆژییەی دژ بە ئەحمەد میرە و ھاوپیشەکانی پیادەدەکرێت، ھەقیقەتێکی ھەڵبەستراوە؟ ئایا بەڕاست ڕفاندنی ئیسماعیلی وتاربێژی سەرای ئازادی و ئەشکەنجەدانی وەحشییانەی ئەو و دەیان چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی تری کۆمەڵگای ئێمە درۆی ھەڵبەستراوی ناو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانن؟ ئایا بەڕاست ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەزانن چ پیشەن و بەرگریی لە چ بەھایەکی گەردوونی و ئێتیکێکی پیشەیی دەکەن؟

دەزگای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وەکو زۆرینەی دەزگا حیزبییەکانی تری ئەم وڵاتەی ئێمە، لەمڕۆدا یەک وەزیفەیان بۆ ماوەتەوە، ئەویش بوونێتی بە پارێزەری ئەخلاقیی ئەم سیستەمە حیزبییەو شاردنەوەی درۆ و ستەمە سیاسییەکانی. دەمێکە ئەو ڕاستییە دەزانین کە کێشەی درۆکردن تەنھا کێشەی سیاسییەکانمان نییە، بەڵکو کێشەی ئەو خوێندەوار و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانەیە کە پایەوپلە و گیرفانیان لە ھەقیقەت پێ گرنگترە. ھەر کەسێک قەڵەمی بەدەستەوەگرت و نەیتوانی بەرگریی لە هەق بکات، نەدەتوانێت نووسەر بێت و نە ڕۆژنامەنووس. لەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو کەسە ناتوانێت ببێت بە بەرگریکەر لە پیشەکەی خۆی. بۆیە کەسانی ناو ئەم سەندیکایە پیشەیان بووە بە پێشێلکردنی ئێتیکی خودی پیشەکانی خۆیان

پشتئەستوور بە قسەکەی بێرناردشۆ دەبێت بڵێم: جەزای ئەم پیاوە درۆزنانە لە وڵاتی ئێمەدا ئەوە نییە کە چیدی کەس باوەڕیان پێناکات، بەڵکو خۆشیان باوەڕیان بە کەس نەماوە. سیاسییەکانمان بۆئەوەی ئەم کێشەی بێباوەڕی و بێمتمانەییە چارەسەربکەن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەزگایانەی کە درۆیان بۆ بەرھەمدەھێنن و درۆکانیان بۆ ڕێکدەخەن و ھەقیقەتەکان دەشارنەوە. کێشە لەوەدایە کە ئەم دەزگایانە و بەتایبەت دەزگای سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ھەموو شتێکیان پێبکرێت یەک شت ھەیە ناتوانن بیکەن، ئەویش ڕاستکردنەوەی درۆکانە، چونکی درۆ ڕاستناکرێتەوە بەڵکو دەشاردرێتەوە. بۆیە دەبێت ئەو ڕاستییەیان بە بیربیھێنینەوە کە بەشێکی سەرەکی پیشەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کوشتنی درۆیە لەڕێگای دۆزینەوە و نیشاندانی ڕاستییەکانەوە و گەیاندنیان بە ڕای گشتی نەتەوەیی و جیھانی

لەڕاستیدا (هیومەن رایتس ۆچ) تاکە دەزگایەک بوو کە هەقیقەتی تاوانە سیاسیەکانی رژێمی بەعسیزمی بەرامبەر بە کورد بەئەرشیف و بەدۆکیونت کرد. گەر چاوەڕوانی دەزگاحیزبییەکانمان بووینایە ئەم کارە بکەن، کە تاوەکو ئەمڕۆ بۆیان نەکراوە، ئەوە گومانم نییە کە بێلایەنانە و زانسییانە ئەو کارەیان نەدەکرد. بۆیە لەئێستاشدا تاوانبارکردنی دەزگایەکی گرنگی لەم جۆرە بە هەڵبەستی ناڕاستی، دەچێتە خانەی تاوانێکی ئەخلاقییەوە.
نەبینینی ھەقیقەتەکان گەمژەییە، بەڵام بینینیان و بێدەنگبوون بەرامبەریان تاوانە. کارەسات لەوەدایە کاتێک ھەقیقەتەکان ئاشکرادەکرێن کەچی لەلایەن دەزگایەکەوە کە دەبێت پارێزەری ڕاستییەکانی ناو کۆمەڵگا بێت بە ناڕاست لەقەڵەمدەدرێت، ئەمەش دەبێت بە تاوانی گەمژەکان

No comments:

Post a Comment